ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 26ی دێسامبری 2014ی زایینی به‌رامبه‌ر به 5ی بەفرانباری 1393ی هەتاوی، عەلی لاریجانی، سه‌رۆكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی كۆماری ئیسلامیی ئێران به هاوڕێیه‌تيی چه‌ندین كه‌س، له چواره‌مین رۆژی سه‌ردانیدا بۆ عێراق، به فڕۆكه گه‌یشته سلێمانی‌و لەلایەن بەرهەم ساڵح‌و ژمارەیەك سەركردەی حیزبەكانى باشووری كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا. هه‌بوونی دیپلۆماسی له‌نێوان حیزبه‌كانی باشوور‌و رێژیمی ئێران شتێكی نوێ یان جێی سه‌رسووڕمان نيه به‌ڵام بێگومان ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ له باشووری كوردستان قه‌وما واته پێشوازی به‌ڕێز مام جه‌لال له عەلی لاریجانیو قاتڵی دوكتور قاسملوو دیمه‌نێكه كه له‌به‌رچاوانی 14 میلیۆن كوردی رۆژهه‌ڵات دیمه‌نێكی ناشیرین‌و قێزه‌ونه. به‌ڕێز مام جه‌لال له‌و رۆژه‌وه‌ی كه نه‌خۆش كه‌وتووه ئاماده نه‌بووه ته‌نانه‌ت یه‌ك وشه بۆ خه‌ڵكی كوردستان قسه بكات‌و هیچ لێدوانێكی بۆ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕو نه‌هامه‌تییه‌ی كه به‌رۆكی باشووری كوردستانی گرتووه، نه‌بووه، به‌ڵام په‌یتا په‌یتا پێشوازی له عهرهبو تورك‌و فارس دهكاو به زاریانه‌وه پێده‌كه‌نێ.
محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی (محه‌ممه‌د جه‌واد جه‌عفه‌ری) ئه‌مڕۆ یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه مام جه‌لال پێشوازی لێ كرد. ناوبراو له فه‌رمانده‌كانی پێشووی سپای پاسدارانی رژێمی ئێران بووه‌و ئێستاش به‌رپرسی ده‌فته‌ری عه‌لی لاریجانییه له ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران. ئه‌م كه‌سه یه‌كێك له‌و كه‌سانه بووه كه 22ی پووشپه‌ڕی 1368 واته 13ی ژووئیه‌ی 1989ی زایینی له ڤییه‌نی پێته‌ختی ئوتریش (نه‌مسا) ته‌قه‌ی له دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری ئه‌وكاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد.
ته‌نانه‌ت سه‌حراروودی له‌و تیرۆره‌دا به‌هۆی ته‌قه‌ی هه‌ڵه‌ی هاوڕێیه‌كی دیكهشیهوه گووللـه‌یه‌ك وه‌به‌ر شانی چه‌پی کەوتو بریندار بوو. ناوبراو به‌رپرسی تیمی تیرۆر كردنی سكرتێری حیزبی دێموكرات بوو، به‌ڵام به‌هۆی پێوه‌ندیی ئابووری نێوان ئێران‌و ئوتریش هه‌ر زۆر زوو ئوتریش ئه‌م تیرۆریسته ده‌نێرێته‌وه ئێران‌و له‌وێ له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سپای پاسداری رێژیمی ئێران 2 مانگ له‌ژێر چاوه‌دێری وردی پزیشكی ده‌بێ. رێژیمی ئێران دوای ماوه‌یه‌ك به ده‌ره‌جه‌ی ژنڕاڵی ناوبراو ده‌ینێرنه‌وه رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆ دژایهتیو تیرۆری ئه‌ندامانی ئاشكرا‌و نهێنیی حیزبی دێموكرات‌و له سه‌ره‌تاكانی 1990ـه‌وه به‌رده‌وام له هاتووچۆی باشووری كوردستاندا بووه. هه‌روه‌ها ئه‌م تیرۆریسته نێونه‌ته‌وه‌ییه به‌رپرسی تۆپبارانكردنی بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات بوو له رێكه‌وتی 27و 28ی مانگی 7ی 1996ى زایینی. ناوبراو له‌گه‌ڵ سه‌دان چه‌كداری دیكه‌ی رێژیم‌و ده‌یان ماشینی نیزامی‌و چه‌كی قورس به ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستاندا به شه‌ودا تێپهڕینو به هه‌ركوێدا تێده‌په‌ڕین ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه برق (كاره‌با)ی ئه‌و ناوچه‌یان ده‌كوژانده‌وه تا نه‌توانرێن ببینڕینو نه‌كا حیزبی دێموكرات خه‌به‌ردار بێ! بێخهبهر له‌وه‌ی كه حیزبی دێموكرات ئه‌و كاته ئاگادار بوو كه ته‌نانه‌ت رێژیمی ئێران هێشتا جل‌و به‌رگه خاكییه‌كانی بۆ چه‌كدارانی له بهرگدووریهكانی شاری مه‌ریواندا نه‌دابوو به دوورین. ئه‌وان ته‌نانه‌ت قه‌فه‌سیان له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه بردبووو به خه‌یاڵی خۆیان ده‌یانویست ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حیزبی دێموكرات كه زیندوو ده‌مێنن بیانخه‌نه قهفهسهوهو هه‌ر به رێگای دۆسته‌كانیان بیانبهرنهوه ئێران به‌ڵام به خۆشییه‌وه نه ئهوانو نه دۆسته‌كانیان هیچیان پێ نه‌كرا.
سه‌حراروودی به‌رده‌وام له هاتوچۆی باشووری كوردستان دهبێو له له 2007دا له هێرشێكی ئامریكاش رزگاری ده‌بێ. ئا‌مریكا له 11مانگی یه‌كی 2007دا‌و به شه‌ودا، به هێلیكۆپتهرو هێزی سه‌ربازی هێرش ده‌كاته سه‌ر ماڵێك له هه‌ولێر به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م تیرۆریسته نێونه‌ته‌وه‌ییه واته محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی. هێزه‌كانی ئا‌مریكا 5 كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌و كاته‌دا محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی له ماڵێكی دیكه‌دا بوو كه ته‌نیا چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌وێ دوور بوو‌و نه‌توانرا ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێ‌و ناوبراو دوابه‌دوای ئه‌و هێرشه ده‌گه‌رێته‌وه ئێران.
هه‌ركاتێ كورده‌كانی باشووری كوردستان لێیان قه‌وماوه كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌ده‌م ئه‌وانه بوون‌و سه‌دان هه‌زار كوردی باشوور ئێستاش زیندوون‌و شایه‌دی ئه‌وه‌ن كه له كاتی كۆڕهوو ئاواره‌بوونیان چ پێشوازییه‌كیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا لێ كراوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر دا سه‌دان ئه‌ندامی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌ت دێموكرات‌و چه‌ندین سه‌ركرده‌یان له خاكی باشووری كوردستان به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستاندا تیرۆر كران.
زۆر درێژه به‌م بابه‌ته نادهمو شۆفیریی ئه‌مڕۆی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی باشووری كوردستان بۆ عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌نێو شاری هه‌ولێريش دا ده‌نێم بۆ كه‌سێكی دیكه....
له ئاخردا پێویسته ئه‌وه بڵێم كه هێندێك كه‌س به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له‌وانه‌یه بڵێن كه ئێستا كات كاتی یهكگرتوویهو ئه‌م باسانه دانێن بۆ دوایی. بێگومان یه‌كگرتوویی ئاواتی هه‌موو كوردێكی شۆڕشگێڕ‌و نیشتمانپه‌روه‌ره‌و ته‌نیا دوژمنانی كوردن كه حه‌ز به یه‌كگرتوویی كورد ناكه‌ن، به‌ڵام كوردی رۆژهه‌ڵات كه به‌رده‌وام بۆ باشووری كوردستان سووتاوه‌و به‌ده‌م خهمو ئازار‌و ته‌نانه‌ت خۆشییه‌كانی ئه‌وانیشه‌وه بووه، چیتر ناتوانێ بێده‌نگ بێت‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو بێڕێزیو سووكایه‌تییه واته پێشوازی له محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حراروودی هیچ نه‌ڵێ.
كوردی رۆژهه‌ڵات قه‌ت كوردێكی باشووری نه‌فرۆشتووه به دوژمن‌و قه‌تیش نایكا، به‌ڵام ئه‌و حیزب‌و لایه‌نانه‌ی باشووری كوردستان نابێ لهبیريان چێ كه كوردی رۆژهه‌ڵات هه‌تا هه‌تایه ئه‌م پێشوازیه‌و پێشوازییه‌كانی پێشووو هه‌روه‌ها تیرۆرهكانیان له‌بیر ناچێته‌وه‌و هیوادارين رۆژێ بێ كه چیتر هێندێك لایه‌نی باشووری كوردستان بۆ دژایه‌تی كردنی یه‌كتر په‌نا نه‌به‌نه به‌ر دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد.

