بە بیانووی 26ی سەرماوەز
ئاخێزگەی پێشمەرگە، رۆژهەڵاتی كوردستانە. رۆژهەڵاتی كوردستان مەكۆی بە مودێڕن كردنی خەباتی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان بوو. پێشمەرگەی كوردستان بوو بە هێزی لەبڕان نەهاتووی گۆڕەپانی خەبات دژی داگیركاریو سەرەڕای هەموو كۆندو كۆسپەكانی بەردەمی، پێشمەرگە هەر مایەوە.
لە زەینو یادگەی گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتدا، سروودی "هۆی كاكی پێشمەرگە" خەریكە دەبێتە مێژوو، مێژوویەك كە دتوانێت تا خوا حەز بكات تاڵ بێت. نزیكەی 25 ساڵە ئێمە بووینەتە تێچووی دەسكەوتێك كە هەرچی بانو خواری دەكەیتو لە بێژنگی دەدەی، هیچی بەری ئێمە ناكەوێت، ئێمە واتا رۆژهەڵاتی كوردستان، باكوورو رۆژئاواو برا عەرەبە سوننەو شێعەكانو فارسەكانی تاران، جێی رێزو حورمەتنو توركیش كە خۆی خاوەن ماڵە، ئەوە كێشەی ئەوانەو ئێمە خۆمانمان ساڵانێكە پێ خافڵاندووە، ئەو رووناكیەی ئێمە بە دوای دا هاتین لەم رەشستانەی باشوور دەستمان ناكەوێت. باشوورو گیرسانەوەی پێشمەرگە لەم هەرێمە، پێگەی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی بۆ ئاستێك دابەزاند كە دەبوو وا نەبێت. دابڕان لە خەڵكو لێكدابڕان لە نێو خۆماندا، كردمانی بە ئەوەی وا هەین، ئێمە كە دەبوو هیواو هۆمێدی خەڵك بین، بووین بە دڵساردیو خاڵی ناهۆمێدی خەڵك، ئێمە كە دەبوو ببین بە وەدیهێنەری ئاواتی گەلو دڵخۆشی ئەوان، بووین بە بێزاری ئەوان لە هەرچی كە خۆشیان دەویستو خۆشیان دەوێت.
گەلی ئێمە پێشمەرگە پەروەرە، پاڵپشتی پێشمەرگەیە، هەروەها كەسانێكیشی لێیە كە كەرامەتو شەرافەتی خۆیان هەرزانفرۆشی داگیركەر كردووە، هەموو كۆمەڵگایەك ئەو كەسانەی بووەو دەبێتیش، بەڵام ئێمە چۆن لەگەڵ خواستو داخوازی خەڵك جوولاینەوە؟
پێشمەگەر لە خەڵكەو بۆ خەڵكە، بۆ دەبێت گوێ لە خەڵك نەگرێت، پێشمەرگە دەبێت دیسانەوە لە دایك ببێتەوە، دەبێت ببێتەوە بە هیوای راستەقینەی خەڵك. پرسیارێك كە رەنگە خستنە بەرباسی زۆر پڕ ئێشو ئازار بێتو زۆریش پڕ تێچوو، ئەمەیە كە كۆماری ئیسلامی چی دەوێتو ئێمە چی دەكەین؟
راستی ئەوەیە كە نەك كۆماری ئیسلامیو نەك هیچ دەسەڵاتێكی دیكە توانای لە ناوبردنی ئێمەی نیە، ئێمە تەنیا جەستەو چەند مەقەڕ نین، ئێمە بیرۆكەو گوتارو خواستی دڵی میللەتێكین، جەستەی ئێمە لە ژێر بەرد بە بەردو دار بە داری شاخەكانی كوردستاندا نێژراوەو لە نێو دڵی هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵگایەدا وەچی كردووە، هەر بۆیە ئێمە هەین تا گەل هەبێت.
كەوابوو ستراتژی كۆماری ئیسلامی بە نیسبەت ئێمە لە هەنووكەدا لە سەر بنەمای دوو فاكتەر شكڵ دەگرێت: دوور بوونی ئێمە لە خەڵكو كۆمەڵگاو نەبوونی حزوور، دووهەمیش، لێكترازانو ناتەباییو دابڕانی خۆمان لە خۆمان كە زۆر كەسو لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا ئاگرەكەی گەش دەكەنەوە.
فرە حیزبی بۆ ئێمەی لە حاڵی شۆڕشدا گەورەترین نەخۆشیەو فڕی بە سەر پلۆرالیزمی سیاسیەوە نیە، چونكە 80 لە سەدی حیزبەكانی رۆژهەڵات، لە بەرنامەو ستراتژیو داواكارییەكاندا، تەنیا قسەی یەكتر دووپات دەكەنەوەو لە ناوەڕۆكدا هیچ جیاوازییەكیان نیە.
گرفتی نەبوونی یەكگرتوویی لە نێو حیزبە لەتكراوەكان، بێ گومان یەخەی ئەو كەسانەی كە ئەندامی حیزبەكاننو خوازیاری یەكبوونی بەرەی كوردن دەگەڕێتەوە، هەمیشە دەنگەكان كاتێك بەرز دەبنەوە كە ئیدی نابیسترێن، واتا كاتێك كە پێشمەرگایەتی بە جێدەهێڵن.
ئەمڕۆ لە بەرە بەرەی 26ی سەرماوەزدا، ئەركی ئێمەیە كە گشتمان پێكەوە، دەنگ بخەینە پاڵ دەنگی یەكترو بە قبووڵكردنی گشت تێچووەكانی بۆ خۆمانو لە پێناو بەرژوەندی گەلەكەماندا هاواری یەكگرتنەوە بەرز بكەینەوە. هەزاران كەس گیانی خۆیان فیدا كرد بۆ گەلو نیشتمانو بوون بە قوربانی. ئەمڕۆ قۆناغی ئێمەش ئەم لە خۆبردووییەی دەوێت، ئەم بێ دەنگیە سامناكەی كە گشتمانی تووشی داڕمان كردووە دەبێت بشكێتو ئەستێرەكەی هیوا لە ئاسمانی ئەو گەلەدا هەڵ بكەین.
بژی 26ی سەرماوەز
سڵاو لە پێشمەرگە

