دەرگا كراوەیە
ژوورە هەژارەكەی پەل
بێ دەنگ و بە تاسەیە
جەعفەر ،رەحیم
داریووش،
فەردین و خوراسانی
چاوەڕوانی هاتنەوەتن
ئێوارەیە و
بۆدەبێت ئیتر بڕوا بكەین نەهاتنت
ئیمان بێنین بە نەمانت
دەرگاكەی پەل كراوەیە
قوڵتەی كتریەكی رەش
چەن ئیسكانێكی زووخ لێ نیشتوو
و كۆڕی پێشمەرگە و
هاوڕێیەك
كە دەبێت ئیتر بڕاو بكەین بۆ هەمیشە سەردانمان ناكات
"لوقمانی قازی "
گیرفانەكانی هەمیشە پڕ لە شادی
لێوی هەتاوێكی پڕ لە خەندە
رۆحی مەزن وەك كێلە شین
دڵی گوڵە سوورەی شاخ
جەستەی پەپوولەیەك رۆح سووك و
بوونی زەریایەك خۆشەویستی
ئاوابوونت
چ نەهات و
لە كۆڕی دۆستان
پێكەنین ئۆجاغ كوێر.
دەرگای پەلمان كراوەیە
كۆڕی پێشمەرگە بێ دەنگ و
چەن هاوڕێیەك
كە تا هەتایە
چاوەڕوانی
سەردانێكی دووبارەتن
نەهاتنت
راستیەك و
ئێمە بڕیارمان دا
بڕوا نەكەین
خەندەكانت بۆ هەمیشە هاوڕێمانن
خۆشەویستیت تاهەتایە لە گەڵمانە
هەر سرەوەیەك دڵە خەمبارەكان ببزۆێنێ و شادیان بكات
تۆش لەوێ هەیت
هەر هەتاوێك زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی گوڵێك
تۆش لەوێ هەیت
هەر بارانێك لێوی تینووی مەزاریەك ئاودێر بكات
تۆش لەوێ هەیت
تۆ لوقمان گیان
تا هەتایە دڵی پڕ لە برینی ئێمە میوانداریت لێ دەكات و
دڵنیا بە
بۆ هەمیشە لە گەڵمانی و
وانەی هیوامان بۆ دەڵێت
بۆ هەمیشە لە گەڵمانی
بۆ هەمیشە ...

