٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ رۆژێكی مێژوویی بە گشتی بۆ گەلی كورد و رۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی مەهاباد بوو. لەم رۆژەدا ئاخرین پاشماوەی پۆلیسی رێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهاباد تێكەوە پێچرا.
خەڵكی مەهاباد بە شێوەیەكی خۆبەخشانە چۆنیەتیی پارێزگاری كردن لە سەرو ماڵی خۆیانیان بە دەستەوە گرت، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازی محەممەد بە پێڕەوو پرۆگرامێكی سەردەمیانەی ئەو كات جێگای متمانەی خەڵكی كوردستان بە گشتیو مەهاباد بە تایبەتی بوو.
هەر بۆیە لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد لەسەر پێشنیاری پێشمەرگەیەك، ناوی پڕ لە نێوەرۆكو هێزی رزگاریخوازو پارێزەری كوردو كوردستان، بە "پێشمەرگەی كوردستان" دیاری كراو لەو كاتەوە تا هەنووكە پێشمەرگە وەك سەمبولی ئازادی، رەمزی رزگاریی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان وەك ئاوێنەیەكی بێگەرد ماوەتەوەو ریشەیەكی وەهای داكوتاوە كە پاش ٦٩ ساڵ لە نێو كۆڕو كۆبوونەوە نێونەتەوەییەكانی وەك پارێزەری كەرامەتی مرۆڤو هێزی دژە تیرۆر دەناسرێتو لە هەمان كاتدا رێژیمی سەدە ناوەڕاستی كۆماری دژی گەلی ئیسلامیی ئێرانیش بە ناو بۆتە پاڵپشتی پێشمەرگەو هاوشان لەگەڵ ئەوان بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەجەنگێ، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو ناوە پرشنگدارە هەنووكەش وەك ئاوڕێك بۆ جەستەی كۆماری ئیسلامیو دوژمنانی گەلی كورد جێگای مەترسییەو هێمای راستەقینەی پارێزەرانی كوردستانە.
پاش ٦٩ ساڵ بە داخەوە دۆخی پێشمەرگە لەو شوێنە كەلە دایك بووە لاوازە، هۆكاری ئەوش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەكیەتی لە ناو ریزەكانی كورد لە رۆژهەڵات بە گشتیو بە تایبەت حیزبی دێموكراتو دوژمنانی دێموكرات هەموو كاتێك لە جیابوونەوەكان بە قازانجی ئامانجەكانی خۆیان كەڵكیان وەرگرتووە. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە لە بەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێرانو رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆنگرەی ١٥ی خۆیدا بڕیاری داوە هەوڵ بدرێ بۆ ئەوە هاوڕێیانی پێشوو كە لە كۆنگرەی ١٣دا جیابوونەوە جارێكی دیكە لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێكەوە درێژە بە خەبات بدەن.
هەر بۆیە بۆ هەرچی پتەوتر كردنی ریزەكانی پێشمەرگەو گەڕانەوەی شوناسی راستەقینەی شوێنی لە دایكبوونی پێشمەرگە، یەكیەتی ریزەكانی ئوپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وەك داهێنەری ناوی پێشمەرگەو دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگەو دیاریكەری رۆژی پێشمەرگە، قەت ئامادە نەبووە بەرژەوەندی نەتەوەیی، فیدای بەرژەوەندیی حیزبی بكات.
بانگەوازی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئێرانیو هەروەها كوردستانی بەردەوام بووە. تەنانەت لە زۆر بواردا سینگ فراوانی لە خۆی نیشان داوە. هەنووكەش ئاڵا هەڵگری یەكیەتیو پێكەوە بوونی هێزە كوردستانیەكانە.
دۆستایەتیی ئەم حیزبە لەگەڵ دەروجیران هیچ كاتێك لەسەر زەربە لێدانو كەم كردنەوەی بەهای پارچەكانی دیكەی كوردستان نەبووە. بە داخەوە هەندێك حیزبو لایەن لە سۆنگەی كۆماری ئیسلامییەوە چاو لە حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكەن. ئەو بایەخەی كە لەلایەن حیزبەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ پارچەكانی دیكەو بە تایبەتی هەرێمی كوردستان دانراوە بە حیسابی لاوازییو بێ ئیرادەیی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی سەیری دەكەن. سیاسەتڤانانی كورد دەبێ لە هەلومەرجی هەنووكەییدا بە چاوێكی ئاواڵا سەیری گۆڕانكارییەكان بكەنو نەكەونە ژێر كاریگەریو مودیریەتی كۆماری ئیسلامی كە بۆ پەرە پێدانی سیاسەتەكانی خۆی لە ناوچە لە هەموو تەرفەندەكان بۆ لاوازكردنی كورد كەڵك وەردەگرێ.
لە وەها هەلومەرجێكدا بەرچاو گرتنی هاوسۆزیو هەستی نەتەوایەتیی رۆژهەڵات بە حیسابی كۆماری ئیسلامیو دڵسۆزی ئەوان نیشاندەرە.
خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات لە بۆنەو موناسیبەتەكان، یان پشتگیری لە پارچەكانی دیكە لە كاتی بەرزكردنەوەی دروشمەكان پێویستە بە چاوێكی كراوە سەیری هەر چەشنە گۆڕانكاریەك بكەن زۆر جار دەستو پێوەندیەكانی كۆماری ئیسلامی بە ئامانجی تایبەتیی خۆیان لە نێو خۆپیشاندانەكان دروشمی دیاریكراو ئەدەن، بەرز دەكەنەوە رێگەدان بۆ وتنەوەی ئەو دروشمانە دژی هەر لایەنێك لەلایەن كۆماری ئیسلامیەوە مەبەستی تایبەتیی خۆی هەیە، كاتێك بۆ پشتگیری لە كۆبانێ رێگا بە خۆپیشاندان دەداو داوا دەكەن دژی توركیە دروشم بەرز بكرێتەوە، دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە بەشار ئەسەد بە درێژایی چەندین ساڵ كوردی لە رۆژئاوا ژینۆساید كردووەو هەنووكەش دەست لە دەسەڵات هەڵناگرێ. دەبێ لە خۆمان پرسیار بكەین بۆ لەو خۆپیشاندانە هیچ ئاماژەیەك بە بەشار ئەسەد نەكرا؟ پێویستە بیر لەوە بكەینەوە كە ئایا لەو هەلو دەرفەتانە كە دەستمان دەكەون، بێ دەنگ بین، یان دەبێ دروشمی ئێمە بە گشتی دژی داگیركەرانی كوردستان بێ.
با هەموومان پێكەوە ساڵڕۆژی لە دایك بوونی پێشمەرگە لە كوردستان بكەین بە دروشمی پراكتیكی بۆ یەكریزیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هەتا هاوسەنگی هێز لەم دەڤەرەی كورستان كاریگەریی لە سەر گۆڕانكارییەكان، كاریگەرتر بێ. رێژیمی كۆماری ئیسلامی چیدیكە ژێستی كاراكتەرێكی ئاشتیخواز، كورددۆست نەگرێو ئێرانیش وەك وڵاتێكی بێ كێشەو ئارامو سەقامگیر لە بیروڕای گشتی پیشان نەدا.

