ئەگەر ئاوڕێکی کورت بە چۆنیەتیی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی پاش ٣٥ ساڵ بدەینەوە، بۆمان دەر دەکەوێ لە هیچ بوارێکدا سەرکەوتوو نەبووە. لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیو ئابووریەوە نەتەنیا بەرەپێش نەچووە، بەڵکوو بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە. دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی لە یەک بواردا سەرکەوتوو بووە کە ئەویش بریتییە لە زەبرو زەنگ، ئیعدام، حەزفو بەهێزکردنی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی وەک بەسیج، سوپای پاسدارانو ئیتلاعات بە هەموو بەشەکانیانەوە. لە واقیعدا لەو بوارەدا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.
رێژیمی ئیسلامی هەموو کەموکۆڕییەکانی دواکەوتنەکانی خۆی بە هێزە سیخوڕو ئیتلاعاتییەکانو سپای پاسداران پڕ کرددووەتەوە. بە ئاماژەیەکی کورت بە هێندێک لە حاڵەتەکانی سەرکوت پاش هاتنە سەرکاری ''دەوڵەتی ئۆمیدو ئەسید'' کە زۆر حیزبو لایەنو کەسایەتی دڵیان پێ خۆش کردبوو، دەرکەوت کە هاتنە سەر کاری سەرکۆمارەکان هیچ بوارێک بۆ گۆڕانکاریی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا ناڕەخسێنێت.
بە سەرنجدان بە هاتنە سەرکاری رۆحانی بزانین چ گۆڕانکارییەکی سەیرو سەمەرە لە ''دەوڵەتی ئۆمیدو ئەسید''دا رووی داوە؟ چ بەرەو پێش چوونێکی بە خۆیەوە بینیوە؟ بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە یەک ساڵی رابردوودا، واتە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی رۆحانی تا هەنووکە زیاتر لە ٨٠٠ کەس ئێعدام کراون. گرتنو زیندانی درێژخایەنو ئەشکەنجەو بێڕێزی کردن بە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکان رووی لە زیادبوون کردووە. سەرکوتی کۆمەڵایەتی، پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسیو رۆژنامەنووسانو چوونە ناو ماڵی خەڵک بە ناوی دەستبەسەرداگرتنی ماهوارەو کۆمەڵێکی دیکە لەم پێشێلکاریانە، لە دیاردەکانی ئەم حکوومەتە بە تەدبیرەن کە درێژەی کاری دەوڵەتەکانی پێشوویە بۆ بەقاو مانەوەی ئەم رێژیمە.
ئەسید پرژاندن بە دەموچاوی ژنان لە شەقامو کۆڵانەکاندا، هەوڵدانە بۆ سیاسەتی دوو جنسیەتی، واتە: جیاکردنەوەی ژنو پیاوو تەریک خستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت، کاری ئیداری، چالاکییە کۆمەڵایەتیو فەرهەنگییەکاندا. یەکێکی دیکە لە بەرنامە پێشکەوتووەکانی کارگوزارانی سازەندگییە کەلە چەند رۆژی رابردوو شاهیدی داخستنی شوێنی فەرهەنگیی هەرمان لە شاری پاوەدا بووین.
پەرەپێدانی ماددە هۆشبەرەکانو ئیعدام کردنی زیندانییانی سیاسی لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە شاکارەکان داهێنانی نوێی ئەم ''دەوڵەتە دێموکراتەیە!'' کە نوێنەریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێ: ئەوانە کە ئیعدام کراون، تۆمەتی ٩٥% یان ماددەی هۆشبەر بووە.
لە بواری سیاسەتی دەرەکییەوە شکاندنی سنوور لە دەوڵەتانی دەرو جیرانو دەستێوەردان لە کاروباریان بۆخۆی بە رەوا دەزانێو لە راستای سیاسەتی پەرەپێدانی شۆڕشی ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرێ. واتە بوونی خۆی وەک بەشێک لە هێزی نیزامیی عێراق لە کوردستانو ناوچە عەرەبنشینەکان رەوایەو شەرعیەتی هەیەو هەروەها لە شەڕ دژی داعش بۆی هەیە لە عێراقو هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی نیزامی لە رێگای سپای پاسدارانەوە رێک بخات.
لە کاتێکدا خۆی رێژیمێکی تێرۆریستو تێرۆریست پەروەرەو وا وێدەچێ ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ دژایەتیی داعشو تێرۆریزمە، لە کاتێکدا بۆمان دەر دەکەوێ کە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسیو سنوورەکانی خۆی، سنووری بەزاندووەو لە دڵسۆزی هەرێمی کوردستان نییە. لە لایەکی دیکەوە یارمەتیی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شەڕی دژی داعش لە کوردستان بەربەست دروست دەکا. هەروەها کاتێک پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتیی داعش لەمەڕ پاڵپشتیی براکانی خۆی دەچێتە کۆبانی، کۆماری ئیسلامی ئەم کارە مەحکووم دەکاو بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی دەزانێ. بە کورتی هەموو کارو کردەوەیەکی تێرۆریستی دژی مرۆڤ چ لە ئێران، یان لە دەرەوەی ئێران بۆ سەرکەوتنی پیلانەکانی خۆی شەرعیو بە رەوای دەزانێو لە غەیری ئەمەدا دژایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکا.
ئەم رێژیمە بۆ خۆی ئامادە بوو لە بەرەی دژی تێرۆر بە هاوکاری وڵاتانی ئەمریکاو ئورووپا بەشداری لەو شەڕە بکا، بەڵام کاتێک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەشداری لە هاوپەیمانیەتی شەڕی دژی داعش رێگەیان پێ نەدا ئەو کارەی هاوپەیمانانی بە دەستێوەردان لە قەڵەم دا. ناردنی هێزێکی نیزامی بۆ هەرێمی کوردستانو سازماندانی میلیشیای شێعە لەم هەرێمە، ئایا بۆ پارێزگاری لە هەرێمی کوردستانە؟ ئەم بەشە لە کارەکەی بۆ ئایندەنگەری بۆ هێنانەوەی سپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دێتە بەر چاو.
ئەمەو دەیان بواری دیکە بە دەستێوەردانو سنوور بەزاندن نازانێو بۆخۆی بە رەوای دەزانێ. درێژدادڕی بۆ کوشتنی کات لە بواری دۆزی ئەتۆمی کێشەی ئورانیوم لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ تەنیاو تەنیا بۆ گەیشتنی چەکی ناوکییە. ئەمەو دەیان کردەوەی دیکە وەک: دەستێوەردان لە یەمەن، ئەفغانستانو میسر و... . هەموو ئەمانە فاکتەرێکن بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات. هەر بۆیە گەلانی ئێران ئەگەر چاوەڕوانی ئوپۆزیسیۆنی دەرەکی بکەنو پێیان وابێ وەک فاکتەرێک بۆ گۆڕانکاری لە ئێران کاریگەرە، چاوەڕوانییەکی بەجێ نییە.
لە بارودۆخی هەنووکەیی ئەم ئوپۆزیسیۆنەدا ئەگەر گۆڕانکارییەک لە شێوەی تاکتیکیان پێک نەهێنن، باندۆرێکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕانکارییەکان نابێ، ئوپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ( داخلی ) دەتوانێ فاکتەرێکی سەرەکیی گۆڕانکاری لە ئێران بێت، بە مەرجێک کاتێک لە شوێنێکی ئەم وڵاتە هەڵوێستێک دژی رێژیم دەست پێ دەکا، چینو توێژەکانی دیکە تەماشاگەر نەبن. بۆ نموونە: کاتێک لە کوردستان راپەڕینێک سەر هەڵدەدا باقی شارەکانی دیکەی ئێران بێ دەنگ نەبن، کاتێک دژی ژنان ئەسید پاشی دەکرێ، پیاوانو چینو توێژەکانی دیکە بێ لایەنو تەماشاچی نەبن.
ئەمەو کۆمەڵێکی دیکەی فاکتەری دەرەکی، وەکوو هەڵوێستی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ پشتگیری لە کۆبانیو شنگالو هەرێم، بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ داعش، باقی گەلانی ئێران بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئەمە بۆخۆی نیشانەی نەبوونی هاوئاهەنگیو هاوسۆزیی گەلانی ئێرانە.
بوونی حەرەکەتێکی چەکداری وەک پاڵپشتیی کردن لە حەرەکەتی مەدەنی هاوئاهەنگە لەگەڵ ئەم دوو لایەنەو دەتوانێ کاریگەری لەسەر رێژیمو دەستو پێوەندییەکانی دابنێ.
با پێکەوە بە یەک دروشم بۆ رووخانی رێژیمی تێرۆرو وەحشەت هەنگاوی بە کردەوە هەڵَگرینو ئەوەندەی کە ساڵانە رێژیم بە ئێعدامی ئاشکراو نهێنیو گرتن، خەڵک بێ سەرو شوێن دەکات. ئەگەر هەزینەی راپەڕینێکی هەمەلا یەنە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە دەست پێ بکا ، رووخان بۆ رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری سێدارەی بە دواوە دەبێ کە رزگاریی گەلانی ئێرانە.
سەرکەوتن بۆ هێزی شۆڕشگێڕو ماندوویی نەناس

