لە زانستی فیزیۆلۆژیو دەروونناسیدا پێکهاتەی گشتیی دەروونیو جیسمیی ژنو پیاوو رەشو سپی یەکسانەو هەموویان مرۆڤن کە بە دڵنیایییەوە مافی وەک یەکیان هەیە، دیارە هەموو مرۆڤەکان لە باری لێهاتوویییەوە بە بێ جیاوازیی رەگەزو رەنگ، لەسەدا سەد یەکسان نینو ئەمەش نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە باری مافی مرۆڤەوە یەکسان نەبن.
لە ماددەی ١٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە:
١ ــ هەر پیاوو ژنێکی پێگەیشتوو بە بێ هیچ بەربەستو چوارچێوەیەک لە باری نەتەوە، رەگەزو ئایینەوە دەبێ بتوانن پێوەندیی جینسییان هەبێو بنەماڵە پێک بهێنن. لە تێکڕای ماوەی ژیانی هاوبەشیشیاندا ژنو پیاو لە کاروبارە پێوەندیدارەکانیاندا مافی وەک یەکو یەکسانیان هەیە.
٢ ــ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەبێ بە رەزامەندیی تەواوو ئازادانەی ژنو مێرد بـێتە ئاراوە.
رەگەزی ژن وەکوو بەشێکی زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگا لە ئایینەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆرو هەرکامەیان لە روانگەی خۆیانەوە پێگەیەکیان بۆ دیاریو باسیان لەسەر کردووە، یەکێک لەو ئایینانە، ئایینی ئیسلامە کە بەشێک لە کۆمەڵگای ئێمە شوێنکەوتووی ئەو ئایینەنو منیش وەکوو نووسەری ئەم بابەتە دەمهەوێ بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری هاووڵاتییان کۆمەڵێک لەو فاکتانە بهێنمەوە کە کەمتر لەلایەن شارەزایانی ئایینی ئیسلام لەو بوارەدا گرینگیی پێدراوەو باسیان لەسەر کراوە.
قورئانو حەدیس وەکوو سەرەکیترین سەرچاوەی ئایینی ئیسلام بۆ هەموو مەزهەبو فیرقەکانییان، قابیلی قەبووڵەو ناکۆکییەکی ئەوتۆیان لەسەری نییە. قورئان لە سوورەتی بەقەرە بەشێک لە ئایەتی ٢٢٨ سەبارەت بە پێگەی ژن دەڵێ: پلەی پیاوان لە ژنان بەرزو بڵیندترە (وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ)، یان لە سوورەتی نیساء ئایەتی ٣٤دا هاتووە: الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ. یانێ: ''پیاوان (مێرد) خاوەن ئیختیاری ژنەکانیانن'' هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خوا پلەی هەندێک کەسی بەسەر کەسانێکی دیکەدا بەرزو بڵیند کردووە. هۆکارێکی دیکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ژنان لە ماڵو دارایی ژنەکان خەرج دەکەن.
لەم ئایەتەدا دوو هۆکار بۆ پایەبەرزیی پیاو بەسەر ژندا باس کراوە (١ ــ ئیرادەی خوا ٢ ــ نەفەقەکێشانی ژن لەلایەن پیاوەوە). سەرەتا ئەوەی کە کەسێک کە نانی کەسێک، یان نەفەقەی کەسێک بدات نیشانەی پایە بەرزی نییە، پاشان ژنان دەتوانن بۆ خۆیان کار بکەنو بژیویی ژیانی خۆیانو بنەماڵەکەشیان دابین بکەن. ژنان نە ''کۆیلە''نو نە ''دیل''و نە ''سواڵکەر'' کە پێگەیان بە هۆی پارووە نانێک لە ئاست پیاواندا نزم بکرێتەوە. لانیکەم لە جیهانی ئەمڕۆدا ژنان سەلماندوویانە کە توانای پاراستنو دەرهێنانی بژیویی ژیانی خۆیانو بنەماڵەکەیانیان هەیە.
لە شوێنێکی دیکەی قورئاندا هاتووە: نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّى شِئْتُمْ (البقره ٢٢٣) ژنەکانتان کێڵگەی ئێوەن (پیاوەکان) هەر کات ویستتان بچنە نێو کێڵگەکەتان. لەم ئایەتەدا ژنان هەتا ئاستی کێڵگەیەک زەلیل کراونو ئیزن بە پیاوان دراوە چەشنی کێڵگەیەکی مەڕو ماڵات، یان پەزو بزن بۆ بەرهەمهێنانی منداڵان کەڵکیان لێ وەرگرن.
قورئان تەنانەت بە پیاوانی راسپاردووە کە ژنەکانیان بە ''لێدان''و ''دوورکەوتنەوە لێیان لە کاتی خەوو کاژێردا'' تەمێ بکەن، لەم ئایەتەدا: فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلَا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا. واتە: ژنانی چاک ئەو ژنانەن گوێڕایەڵی پیاوەکانیان بنو لە پێناوە ئەوەی کە خوا پاراستوویەتی، ئەوان پارێزەری نهێنیی مێردەکانیان دەبنو ئەو ژنانەی کەلە گوێڕایەڵ بوونیان گومانتان هەیە، ئامۆژگارییان بکەنو لە خەوتن لەگەڵیان خۆتان ببوێرنو لێیان بدەنو ... .
بە سەرنجدان بەم ئایەتە، پیاو تەنانەت لە ئەگەری گومانی لەوەی کە ژنەکەی نافەرمانیی دەکات، بەپێی دەقی قورئان دەتوانێ ئەو تەمێیە بەکار بهێنێت.
ئەگەر ژنو پیاو هەردوو مرۆڤ بن دەبێ ژیانیان بە راوێژو بیرۆکەی هاوبەش بەڕێوە بەرن، هیچ هۆکارێک بۆ گوێڕایەڵبوونی هاوسەران لە یەکتری نییە، مەگەر ئەوەی کە بڵێین یەکێکیان (پیاو یان ژن) مرۆڤ نەبێت، یان شتێکی وەکوو بەردەو کۆیلە بێت. (لە روانگەی ئیسلامەوە کۆیلە دەبێ گوێڕایەڵی خاوەنەکەی بێت).
قورئان دەڵێت ''ژنان نابێ بناسرێنەوە'' ئەمەش لە کاتێک دایە کە ژن لە ماڵدا بمێنێتەوەو نەچێتە نێو کۆمەڵگاو لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری نەکات. وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ . واتە (ئەی ژنانی پێغەمبەر) لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە. (الأحزاب ٣٣). بە سەرنجدان بەوەی کە ژنانی محەممەد نموونەی ژنانی موسڵمانانن، ژنانیش دەبێ لە ماڵەکانیان بمێننەوە هەتا نەناسرێنەوە.
ژن لە قورئانو ئیسلامدا وەکوو کاڵایەک چاو لێ دەکرێ بۆ دامرکاندنی چێژی سێکسیی پیاوان:
١ ــ وَأُحِلَّ لَكُمْ مَا وَرَاءَ ذَٰلِكُمْ أَنْ تَبْتَغُوا بِأَمْوَالِكُمْ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَاضَيْتُمْ بِهِ مِنْ بَعْدِ الْفَرِيضَةِ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا. واتە: وە جیا لەوە، بۆ ئێوە حەڵاڵە کە ژنانی دیکەش بە ماڵو دارایی خۆتان بخوازنو ئەگەر داوێن پاکو زیناکار نەبن، حەقدەستی ئەو ژنانە بدەن کە چێژی سێکسییان لێ وەردەگرن، ئەمە لەسەر ئێوە فەرزەو تووشی هیچ گوناحێک نەبوون کە لەسەر بڕە پارەیەک رێک بکەون. بە دڵنیایییەوە خوا زانای حەکیمە.
زانایانی مەزهەبی شیعەش پشتیان بەم ئایەتە بەستووە کە سیغە واتە (مارەبڕینی کاتی)یان لە ئێراندا ئازاد کردووە.
سەبارەت بە میرات کوڕ دوو هێندەی کچ وەر دەگرێت: خوا لە ئایەتی ١١ی سوورەتی نیساء رایسپاردووە پشکی کوڕێک لە میراتدا دوو هێندەی کچێک بێت. هەروەها لە ئایەتی دواتردا باس لەوە دەکات، ئەو میراتەی کە پشکی ژنە بە مەرجێک منداڵی نەبێت نیوەی میراتەکەی وەبەر مێردەکەی واتە پیاو دەکەوێتو ئەگەر منداڵیشی هەبـێت ئەوە یەک لەسەر چواری بەر دەکەوێت. لە ئایەتی ١٩ی هەمان سوورەتدا دەڵێ، دەتوانن میراتی ژنەکان بەزۆر لێیان بستێنن بە مەرجێک ئەو ژنانە تووشی گوناح بووبێتن. واتە ژن ئەگەر تووشی گوناحێک بێت میراتی بەر ناکەوێت.
کڕینی ژن لەلایەن پیاوانەوە بۆ چێژی جینسی، لێدانو کوتانی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، مانەوە لە ماڵو زیندانی کرانی ژن، وەبەرکەوتنی نیوەی میراتی ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان (لە هەندێ شوێندا یەک لەسەر چوارو یەک لەسەر هەشتو لە هەندێ شوێنیشدا یەک لەسەر شانزەیە)، زاڵییەتی پیاو بەسەر ژندا، پایە بەرزی پیاوان لە ئاستی ژناندا، گوێڕایەڵیی ژنان لە پیاوان، فەرمانبەرداریی ژنان لە پیاوان، ژنان گێڵگەی پیاواننو چەندین حاڵەتی دیکە تەنیا بەشێک لە فەرموودەکانی قورئانن بە نیسبەت پێگەی ژنان لە ئایینی ئیسلامدا.
بەڵام لە حەدیسدا، کە فەرموودەی پێغەمبەری خوانو هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ قورئاندا نییە:
پێغەمبەری خوا دەفەرمێ:
ــ ژن هیچکات نابێ لە دابینکردنی چێژی پیاو سەرپێچی بکات، تەنانەت ئەگەر لەسەر کۆپانی وشتیریشدا بێت.
ــ عەقڵو ئاوەزی ژنانو هەروەها دینەکەشیان ناقیسو ناتەواوە. ژنێک لێرەدا لە پێغەمبەر دەپرسێ بۆ وایە؟ پێغەمبەری ئیسلام لە وەڵامدا دەفەرمێ: ناتەواوی عەقڵ لەبەر ئەوەی شایەتیی دو ژن لەگەڵ پیاوێک یەکسانەو ناتەواوی دینەکەش لەبەر ئەوە کە ژنان هەندێ جار نوێژ ناکەنو رۆژوو ناگرن [لەبەر عادەتی مانگانە]. ('صحیح مسلم' بەرگی ١ لاپەڕەی ٨٦)
ــ پێغەمبەر دەڵێ: بینیومە کە زۆرینەی دۆزەخیان، ژنن. ('صحیح بخاری' بەرگی ١ لاپەڕەی ١٩)
ــ پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: من پاش مەرگم هیچ فیتنەیەک زیانبارتر لە فیتنەی ژن بۆ پیاوان بەجێ ناهێڵم ('صحیح ابن حیان' بەرگی١٣ لاپەڕەی ٣٠٦)
ــ پێغەمبەری خوا دەفەرمێ: سێ شت وەیشوومەو نگریسە، خانووبەرە، ئەسپو ژن ('سنن نسائی' بەرگی ٥ لاپەڕەی ٤٠٢)
ــ پێغەمبەری خوا دەفەرمێ: هوشدار! لە ''دونیا''و ''ژن'' دوورەپەرێز بن ('سنن ابن ماجه' بەرگی ٢ لاپەڕەی ١٣٢٥)
ــ پێغەمبەری خوا دەفەرمێ: لەگەڵ ژنەکانتان باش بن، چونکە ئەوان لە دەستی ئێوەدا دیلو ئەسیرن ('سنن ابن ماجه' بەرگی ١ لاپەڕەی ٥٩٤)
ــ پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: نوێژی دوو کەس لە ئاستی سەریان بەرزتر ناچێت، (قەبووڵ ناکرێ) یەکەم کۆیلەیەک کە هەڵدێت هەتا دەگەڕێتەوەو دووهەمیش ژنێک کە فەرمانی مێردەکەی جێبەجێ ناکات.
ــ ئیمام سادق لە زاری پێغەمبەرەوە وتوویەتی: خوێندنو نووسین فێری ژنەکانتان مەکەن، رستنی خوریو سوورەتی ''نوور''یان فێر بکەن (''وسائل شیعه' بەرگی ٢٠ لاپەڕەی ١٧٦)
ــ پێغەمبەری خوا دەفەرمێ: ئەگەر پیاوان پێڕەوی (فەرمانبەرداری) لە ژنان بکەن، تەفروتوونا دەبن ('المستدرک علی صحیحین' بەرگی ٤ لاپەڕەی ٣٢٣)
ــ پێغەمبەری خوا دەفەرمێ: هیچ کات رزگار نابێ قەومێک کە ژنێک بکەنە سەرۆکی خۆیان ('صحیح بخاری' بەرگی ٣ لاپەڕەی ٩٠)
دەیان حەدیسو ئایەتی دیکە کە یان تیکرارین یان هاوشێوەن، لە ئایینی ئیسلامدا ژن نابێ راوێژی لەگەڵ بکرێ، ژن نابێ بە بێ ئیزنی مێردەکەی خێرێک بکات، ژن نابێ لەماڵ بێتە دەر، ژن نابێ دژایەتی پیاو بکات، ژن نابێ هێچ داواکارییەک پێشکەش بکات، ژن نابێ فێر ببێ، ژن نابێ لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەشداری بکات، ژن مافی تەڵاقی بە دەست نییە، شایەتی دوو ژن وەکو یەک شایەت بە هەژمار دێت، خوێن بایی ژنان نیوەی پیاوانە، میراتی ژنان نیوەی پیاوانە. ئەمەیە پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا.
ژن لە ئایینی ئیسلامدا مافی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتدا نییە چ بە شێوەی دەنگدەر یان بە کاندیدا. ئەمەش لەوەڕا هاتووە کە بەپێی دەقەکان، ژن مافی بەشداریی لە چالاکییەکانی کۆمەڵگادا نییە، هەر دەبێ لە ماڵدا بمێنێتەوە. موسڵمانان لە هەڵبژاردنی ژنان بۆ سەرۆکایەتیو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وڵات لۆمە کراون.
فرەژنی بابەتێکی دیکەی دەقەکانی ئایینی ئیسلامەو هەنووکە گرفتێکی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە لەحاڵی پێشکەوتن دان. ئایەتی ٣ی سوورەتی نیساء لەو پێوەندییەدا نووسیویە: چەندەتان پێ باش بوو، دو، سێ، یان چوار ژن بۆ خۆتان مارە بکەن، بەڵام ئەگەر ترسی ئەوەتان هەیە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، ئەوە بە ژنێک یان ئەوەندەی کە بوونەتە خاوەنیان (کەنیزو غوڵام)، قەناعەت بکەن، هەتا تووشی ستەمکاری نەبن.
هەر چەندە ئیسلام ئیزنی فرە ژنیی بە پیاوان داوە، بەڵام ئەویش دیسان کۆمەڵێک مەرجی دیکەی بە دژی ژنان داناوە. بۆ نموونە، پیاو مافی ئەوەی هەیە بە بێ پرسو ئاگاداریی ژنەکانی پێشووتری ژنی دیکە بۆ خۆی مارە بکاتو ئەو ژنانەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانن ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن، چونکە گوناهبار دەبن.
پارادۆکسێک کە لێرەدا دەبینرێ ئەوەیە کە قورئان لە شوێنێکی دیکە لە سوورەتی نساء ئایەتی ١٢٩ دەڵێ: ''ئێوە هەرگیز ناتوان عەداڵەت لە نێوان ژنەکانتاندا بەڕێوەبەرن ...''. ئەم ئایەتە مەرجی بەڕێوەبردنی عەداڵەت بە مەحاڵ دەزانێ کە ئەمەش لەگەڵ ئایەتەکەی پێشوو ناتەبایە.
ئایینی ئیسلام لە پێشێلکارییەکی دیکە مافی ئەوەی بە پیاوان داوە کە کچان لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لە خۆیان مارە بکەن کە ئەمەش پێشلکردنی ئاشکرای مافی منداڵانە، منداڵێک کە نازانێ ژیانی هاوسەریو ژنو مێردایەتی چۆنە. وەکوو نموونە دەتوانین محەممەد پێغەمبەری ئیسلام بهێنینەوە کە بە منداڵی ٩ ساڵە قەناعەتی نەکردووەو ''عایشە''ی لە تەمەنی ٦ ساڵیدا لە خۆی مارە کردو لە تەمەنی ٧ ساڵی گواستییەوە، لە کاتێکدا خۆی لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا بوو.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدرێتە دەقەکانی ئایینی ئیسلامو ئەحکامە شەرعییەکان، دەتوانین سەدان حاڵەتی دیکەی زەلیل کردنی پێگەی ژن باس بکەین کە چیدیکە لە تاقەتی ئەم بابەتەدا نییەو بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری هۆگرانی ئەم بوارە ئەم کۆمەڵە راستییانەم کۆکردووەتەوە. هیوادارم بە کەڵکو بەسوود بن.

