حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران بە درێژایی خەباتو تێكۆشانی بێوچانی خۆی لە راستای گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەیی - دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان ، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی گەلی كوردی لە سەرجەم پارچەكانی كوردستان لە سەرووی هەرچەشنە بەرژەوەندییەكی تایبەتیو حیزبی خۆی داناوەو لەو رێگایەش دا ئامادەی هەرچەشنە گیانفیداییو قوربانیدانێك بووە.
ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجو تێرامانەو لەم كورتە باسەدا ئاماژەی پێدەكەین یادێكە لە 7 تێكوشەری مانددوی نەناسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە لە 10ی خەزەلوەری 1375ی هەتاوی دا بە شێوەیەكی زۆر نابەرپرسانەو دژ بە هەموو چەشنە بنەمایەكی مرۆڤ تەوەرانەو نەتەوەییانە لە لایەن بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستانەوە تەحوێلی كۆماری ئیسلامی ئێران درانەوە.
هەورامان، لە هەردوو پارچەی نیشتمان (باشوورو رۆژهەڵات) مەكۆی خەباتو تێكۆشانو قوربانیدان بووە، خەڵكی ئەو ناوچە دلرفێنە لە كوردستانی ئێران پشتیوانو پەناگەی تێكۆشەرانی دیموكرات بووەو لە هەردەرفەتێك بۆیان رەخسابێ بە شكۆیەكی چیاییەوە قەڵغانی بەرگری لە مانو مەوجودییەتی نەتەوەكەمان بوون.
لە پاش شۆرشی گەلانی ئێرانەوە ، ناوچەی هەورامان بە درێژایی چەندین ساڵ شوێنی حەوانەوەی كادروپێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات بووەو زۆر جاریش شۆرشگێرانی باشووری كوردستان لەو دەڤەرەدا بە بێ هیچ چەشنە گیرو گرفتێك پێكەوە ژیاونو تەنانەت زۆر جار بە كردووە لە هەستیارترین هەلوومەرجەكاندا خەڵكی ئەو ناوچە وتێكۆشەرانی حیزب هاوكاری تێكۆشەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیان كردووەو چاوەروانی هیچ جۆرە دەست خۆشیو پاداشتێك نەبوونو لە سەر حیسابی خوشكو براكانمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان هەوڵی بەرەوپێشچوونی خەباتی كوردستانی ئێرانیان نەداوەو هیچ كات ئیستراتیژییان فیدایی بەرژەوەندییەكی تەسكو تاكتیكی رۆژانە نەكردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تا ساڵانێكی زۆر دەڤەری هەورامان لەژێر هێژموونیو خەباتی بێوەچانی هێزی بە هێزی شاهۆی دیموكرات بووو زۆر جار هێزو لایەنەسیاسیەكانی كوردستانی عێراقیش روویان لەو ناوچەیە دەكرد دەرفەتێك لە لایەن تێكۆشەرانی دیموكرات بۆ سەرجەم پارچەكانی كوردستان رەخسا كە هەموو لایەك زۆر دۆستانەو خۆماڵی هەلسووكەوت لە گەڵ یەكتری بكەن.
هەستی پاكو نیشتمانی دۆستی تێكۆشەرانی دیموكراتو بە پشت بەستن بە رابردووی كارو تێكۆشانی هێزو لایەنەكان لە 10ی خەزەلوەری 1375ی هەتاوی پاش گەرانەوە لە هەورامان لە هەلەبجە (گوندی عەنەب) روولە بنكەیەكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەكەنو ئەندامانی بزوتنەوەش بە سەرپەرستی ئەنوەر عەنەبی لەو نییەتە پاكەی تێكۆشەرانی دیموكرات كەڵك وەردەگرن بە بیانووی ئەوەی لەو رێگایەدا ماندووو شەكەت بوونو دەبێ لای ئەوان بۆحەسانەوە پشووو پاش حەسەوانەوە دەتوانن بەرەوو بارەگاگانی خۆیان بەرێ بكەونەوە. تێكوشەرانی دیموكراتیش قەبوولی دەكەنو غافل لەوەی قوربانی دەستی ساتو سەودای دەستی بزوتنەوەو كۆماری ئیسلامی دەبن، لەلایەن پشوو دەدەن.
بزوتنەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی پاش دارشتنی ئەم پیلانی نگریسەو دژە نەتەوەییە بە ئامادەكردنی هەموو رێگاو ئیماكاناتی ئەم خەیانەتە مێژووییە پاش چەند ساعەتێك ئەو حەوت تێكۆشەری دیموكرات ، هاورێیان ئەرشەد رەزایی ، محمد عزیز قادری ، داریوش ئیسلامدوست، یونس محمد پوور، موزەفەر كازمی ، عەدنان ئیسمائیلیو مەعرووف سوهرابی رادەستی سوپای پاسداران لە شاری پاوە كران.
بەم چەشنە بزوتنەوەی ئیسلامی دەرهەق بە نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێرانو حیزبی دیموكرات گەورەترین تاوانی ئەنجامی دا كە قەد لە بیر ناكرێت.
لەو كاتەدا دەفتەری سیاسیی حیزب بە دەركردنی بەیاننامەیەك وێرای ئاگاداركردنەوەی بیرو رای گشتیو كۆرو كۆمەڵە مرۆڤ دۆستە كانو هۆشداری دان بە بزوتنەوەو كۆماری ئیسلامی خوازیاری پاراستنی گیانی ئەو هاوریێانە بوو. بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوكات حاشای لەو كرد كە دەستی لەوەها كردوەیەكی قێزەونو دژە نەتەوەیی دا بووبێت. سەرەنجام لە بەرنامەیەكی تۆكمە دا حیزبی دیموكرات توانی یەكێك لەو هاورییانە ( كاك داریوش ئیسلامدوست) لە بەندیخانەی كۆماری ئیسلامی دەرباز بكاو پاش ئەم هاوریێەمان بە ئاشكرا كردنی پیلانەكە ئەنجامدەرانی ئەم كردووەی دژە مروڤانییەی بە تایبەت بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ بیرورای گشتی ئاشكرا كرد.
ئەوەی لێرەدا بۆ هەموو لایەك روونو ئاشكرایە لە لایەك دەبینین سیاسەتی دروستو واقێع بینانەی حیزبی دیموكرات لە هەموو قۆناغەكاندایە كە بۆ چركە ساتێكیش رێگای نەداوە لە سەر حیسابی كوردی هیچ پارچەیەكی كوردستان لەگەڵ ریژیمەكانی ناوچە ساتو سەودای هەبێو لەلایەكی دیكەوە بزتنەوەی ئیسلامی كوردستان كەسێكی وەك ئەنەوەر عەنەبی كاندیدی پارلمانی كوردستان دەكا؟ كەواتە دەبێ دادپەروەریو عەدالەت لە كۆیێ بێ ؟!
جێگای خۆیەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئوسوڵو یاسا نێونەتەوەەكان لایەنكانی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ ئەم كەیسە بكەنو ئەنجامدەرانی لە دادگایەكی دادپەروەرانەدا بە سزای خۆییان بگەێنن.

