ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە کۆمەڵاگای کوردی سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینێت، کە ڕۆژی هەڵوەشانەوەی سنوورەکانو دووبارە داڕێشتنەوەی سنووری نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ڕابردوودا بەهۆی کێشانی ئەم سنوورانەوە گەورەترین زووڵمی مێژووی لە نەتەوەی کورد کراوەو پێویستە کۆتایی بەم داگیرکاریە بهێنرێت.
لە ساڵی ١٥١٤ بەهۆی ڕوودانی شەڕی چاڵدران لە نێوان سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانیو شاه عیسمایلی یەکەمی سەفەویو سەرکەوتنی بەرچاوی عوسمانیەکان بە سەر سەفەویەکانەوە، کوردستان بوو بە دوو لەتەوە لە نێوان سەفەویو عوسمانیەکانو هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیست کوردستان یەکی نەگرتەوە.
لە سەرەتای سەدەی ٢٠داو بەهۆی پەیمانی سایکس بیکۆو هەڵوەشانەوەو دووبارە داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ناوچەکە، کورد نەک نەیتوانی کوردستان یەک بخاتەوە، بەڵکوو دووبارە کوردستان دابەش کرایەوە بەسەر چەند وڵاتی ترداو کوردستان بوو بە ٥ پارچەوە.
یەکەم دابەشبوونی کوردستان لە شەڕی چاڵدرانو دووەم دابەشبوونی کوردستان لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا، بێگومان هیندە داگیرکەرانو زلهێزەکان تاوانباربوون، هیندەش کورد خۆی تاوانبار بووە کە بەهۆی دووبەرەکی ناوخۆیو لاوازیەوە نەیتوانیوە وەک نەتەوەکانی تر دەوڵەت نەتەوەی خۆی بنیات بنێت.
گۆڕانکاریەکانی سەرەتای سەدەی ٢١ی ناوچەکە هاوشێوەی گۆڕانکاریەکانی سەرەتای سەدەی ٢٠بیستە،و مێژوو دووبارە دەبێتەوەو سەرلەنوێ هەڵوەشانەوەو داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێدەکەوێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەو سنوورانە لە سەر خاکی داگیرکراوی کوردستانە،و پێویستە کورد هەوڵی پاکردنەوەی ئەو سنوورانە بداو سنووری کوردستان دیاری بکاتو هەلەکە بقۆزێتەوە، کە ڕەنگە ئەم هەلە زێڕینەی سەدەی ٢١، دواین هەل بێت بۆ یەکگرتنەوەی خاکی دابەشکراوی کوردستان کە سەدان ساڵە بووە بە مەیدانی ڕمبازێنی داگیرکەران.
کورد نابێت ئەم هەلە زێڕینە بۆ بنیاتنانی (دەوڵەت ـ نەتەوە) لەدەست خۆی بدات، چوون ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا کە کورد هەلی وای بۆ بڕەخسێت ، ئەگینا ئەگەری هەیە بۆ هەتا هەتایە کورد نەتوانێت وڵاتی خۆی هەبێتو وەک قەرەجەکان بێ وڵاتو لانە بمێنێتەوە.
کاتێک دەڵێین ئێستا کاتی هەڵوەشانەوەو داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەو کورد دەبێ هەلەکە بقۆزێتەوە، بۆ تەیدی قسەکانمان دەتوانین وەک نموونە ئیشارە بکەین بە نەمانی سنووری نێوان سوریەو عێراقو دابەشبوونی ئەو دوو وڵاتە بە سەر چەند ناوچەیەکی ئتنیکیو نەتەوەیدا کە هەدوو وڵات لە سەدەی ٢٠،و لە ئاکامی پەیمانی سایکس بیکۆدا لە دایک بوون.
لێرەدا تاکو کۆمەڵگای کوردستان دەبێ لە خۆی بپرسێت: ئایا ئاستی هوشیاری سیاسیو نەتەوەی تاکو کۆمەڵگای کوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت بە سەر کۆسپەکاندا زاڵبێتو دەوڵەت-نەتەوەی خۆی بنیات بنێت!؟ یان نا کورد دەرفەت دەدات تا سایکس بیکۆیەکی تر دووبارە ببێتەوەو کوردستان بوونی نەمێنێت!؟

