لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکاندا بەگشتی چەمکی یەک قەبوڵ نەکردنو جیابوونەوە وەکوو کێشەیەکی هەرە گەورەو چارەسەر نەکراو سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا جیابوونەوەو بوونی بیرو رای جیاوازو قەبووڵ کردنیان کرۆکی دێموکراسیو پێکەوە ژیانەو بوونی کۆمەڵە حیزبێک هیچ کێشەیەکو گوناحێکی تێدا نیە.
بە داخەوە بەشێک لە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات رەخنە لەو حیزبە دەگرن کە گوایە نەدەبوو جیابوونەوە تێیدا روویدابا، یان حیزب نەدەبوو بووبا بە دووو کۆمەڵێک لەم جۆرە قسانە کە رۆژانە لە گۆشەو کەنارەکانەوە گوێبیست دەبینو زۆربەشیان تەنیا رێگا چارە بۆ جوبران کردنەوەی کێشەکە بە یەکگرتنەوە دەزانن.
یەکگرتنەوە بەواتای چی؟ حیزبی دێموکراتو کۆمەڵگاش دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەن کە برادەرانێک لەو حیزبە دابڕاونو ئێستا حیزبێکی دیکەیان بە ناوێکی تا رادەیەک جیاواز دامەزراندوەو وەکوو باقی حیزبە نوێکان خاوەن داری لە کۆماری کوردستانو بە قسەی خۆیان ''حیزبی دێموکراتی پێش جیابوونەوە'' دەکەن.
حیزبی دێموکرات ئێستا دوو حیزب نیە یان بە وتەی هەندێک لە باشوورییەکان دوو بەرە نیە، حیزبی دێموکرات لە کۆماری کوردستانەوەو لە رێبەرایەتی نەمران قاسملووو شەرەفکەندییەوە هەتا ئێستا بە دەیان هەزار کەس هاتوونەتە ریزەکانییەوەو بە دیان هەزاری دیکەش ریزەکانی ئەو حیزبەیان بە جێ هێشتووە، پێویستە خەڵک لەوە تێبگات کە ئێستا حیزبێکی دیکە بە ناوی دێموکرات بوونی هەیەو پێویستە قبووڵ بکرێتو رێز لە بیرو بۆچوونەکانیان بگیردرێت، بەڵام حیزبێک کە خاوەنی مێژووی پڕسەروەریو میراتگری راستەقینەی قازیو قاسملووو شەرەفکەندی بێت ئەوا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
لە مێژووی ئەو حیزبەدا زۆر دابڕانو بە وتەی هەندێ لە برادەران جیابوونەوە رووی داوە، گەورەترین هەڵەش کە رێبەرایەتی ئەو کاتی حیزب دوای شەهید بوونی د. شەرەفکەندی کردیان، هاتنەوەی بەشێک لەو برادەرانەی کە لەسەردەمی د. قاسملوو دا لە حیزب لایان دابووو ناوزەد کردنی بە یەکگرتنەوە کە دەکرا هەر وەرنەگیردرێنەوە یان دوای گەڕانەوەشیان بە ناوگەلێکی وەکوو پەیوەست بوونەوە یان گەڕانەوە ناودێر بکرابایە بوو، ئەگەر ئەو یەکگرتنەوە رووینەدابا لەوانە بوو کە چی دیکە کەس ئەو مافەی بە خۆی نەدابا کە ناوی جیابوونەوە یان رەسمیەت دان بە بوونی دوو حیزب بە هەمان بیرو باوەڕ بهێنێت.
بە داخەوە ئەنجامی ئەو هەڵەیە کە بە یەکگرتنەوە ناو زەدکرا لە دەیەیەکدا بە دیار کەوتو یەکێک لە هەرە مۆرە ئەسڵییەکانی یەکگرتنەوە بووە ماتۆڕی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی ١٣و ئەو برادەرانەی کە نیاز پاکی خۆیان راگەیاندبووو گەڕابوونەوە نێو حیزبی دێموکرات جارێکی دیکەو بە بەهانەی جیاواز ریزەکانی ئەو حیزبەیان جێ هێشتەوە.
ئەکرێتو ئەتوانین بڵێین کە شتێک بە ناوی جیابوونەوە رووی نەداوە هەتا یەکگرتنەوە بێتە کایەوە، تەنها بەشێک لە هاوڕێیان، کە خۆیان بە پەیڕەوی کۆنگرەی ١٢ دەزانی بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٣یان پێ پەسەند نەکرا کە پەسەندیشیان کردبوو، ریزەکانی ئەو حیزبەیان وەکوو هەزاران کەسی دیکە جێ هێشتو حیزبێکی نوێیان بە ناوێکی تا رادەیەک جیاواز پێکهێنا، تەنها هەڵەیەکیش کە کردیانو بە رای من مەبەستیان لەو کارەشیان ئەوە بوو کە وەکوو کارتێکی فشار یان لە ئەگەری سەرنەکەوتنیان بۆ یەکگرتنەوە بە کاری بهێنن، موزایەدە کردن بە مێژووی حیزبەوەو خاوەنداریکردنی ئەو مێژووە بوو، دەنا دەیان توانی وەکوو باقی جیابوونەوەکانی دیکە ''جیابوونەوەی یەکیەتیی لە پارتیو گۆران لە یەکیەتیی'' بە ناوو بیرێکی جیاوزەوە قورساییو سەنگی خۆیان بسەلمێنن، بە داخەوە لاسایی کردنەوە بە تایبەتی لە فەرهەنگی رۆژهەڵاتی شتێکی زۆر باوەو چلۆن برادەران لاسایی تاقمی حەوت کەسیان کردەوە لە جیابوونەوەو باقی حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیش لاسایی دێموکراتییان کردەوەو یەکترییان قەبووڵ نەکردو لەسەر رەگی هەمان حیزبی پێشوو حیزبێکی نوێیان دامەزراند، کە ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆکاری یەک نەگرتن.
تەنها چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتەی ئێستا دەبێ حیزبەکان وەکوو حیزب رەفتار بکەن نەک دوو بەرەی جیاوازو تەنیا لە فکری پێکهێنانی ئیتلاف بن نەک یەکگرتنەوە، چوونکە هیچکات دوو فکری جیاواز لە یەک ماڵدا کۆنابێتەوە بەڵام لە گەڕەکێکدا بە سەدان فکرو بۆچوون هەیە، پێویستە ئیتلافێک لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێکبێتو حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات گرینگترین هۆکاری دامەزرانی خۆیان لە بیر نەچێتەوە کە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیەکە، نەک لە فکری جیابوونەوەو پاشان یەکگرتنەوە بن، قسەیەکی کۆنی کوردی هەیە کە دەڵی جام کە شکا چاک نابێتەوە یان ئاو کە رژا کۆنابێتەوە.
_________________________________________
تێبینی:
ماڵپهڕی "ههڵۆی كوردستان"
ـ له بهرامبهر نێوهڕۆكی ئهم بابهته بهرپرسیار نیهو نووسهری بابهت بهرپرسه لهبهرامبهر بابهتی خۆیدا
ــ كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان لهسهر ئیزنی نوسهر ئازاده

