١ـ پێنتاگۆن له ڕاپۆرتێکدا که‌له‌م دواییانه‌دا ڕاده‌ستی کۆنگره‌ی ئامریکای کردووه باسی ئه‌وه‌ی کردووه گوایه هه‌ڵسوکه‌وتی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له چاو ساڵانی ڕابردوو ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه‌و ئێران لهڕهچاو کردنی سیاسه‌تی هێرشکارانه‌وه ڕووی کردووه‌ته سیاسه‌تی به‌رگریکارانه. دیاره ئێمه ئاگاداری ئه‌وه‌نین ئاخۆ ئه‌و نۆرم‌و ستانداردانه‌ی نووسه‌رانی ڕاپۆرته‌که بۆ چۆنیه‌تی دیاری کردنی سیاسه‌تی هێرشکارانهو سیاسه‌تی به‌رگریکارانه‌و لێک هه‌ڵاواردنی ئه‌م سیاسه‌تانه له‌به‌ر چاویان گرتووهکامانهن. ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ئه‌م راپۆرتانه ده‌توانن ببن به‌بنه‌مای بڕیاردانی سیاسی‌و دیاری کردنی چۆنیه‌تی پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. که‌واته با سووکه سه‌رنجێک بده‌ینه سیاسه‌ته‌کانی ئێران بۆ چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی ـ نیزامی‌و چۆنیه‌تی دابه‌شینه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ناوچه‌دا.
١-١. ئێران تاقه حکوومه‌تێکه له ناوچه‌دا ـو ته‌نانه‌ت به ئیحتمالێکی زۆر به‌هێز له‌گشت جیهاندا ـ که‌له ناو قه‌واره‌یه‌کی واحیدی سیاسی‌دا دوو هێزی نیزامیی ڕه‌سمی هه‌یه. یه‌کیان ئه‌رته‌شی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و ئه‌وی تریان سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
ئه‌وه‌ش ده‌زانین ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌و ئۆرگانه نیزامییانه‌ی ڕێژیم به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه پێناسه‌یان بۆ کراوه:
ئه‌رته‌شی کۆماری ئیسلامیی ئێران: پارێزگاری کردن له سنووره‌کانی ئێران له‌به‌رانبه‌ر هێرشی ده‌ره‌کیدا
سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامیی ئێران:
یه‌که‌م. سه‌رکوتی بزووتنه‌وه ئیعترازییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ناوخۆی ئێران‌دا
دووه‌م. مسۆگه‌ر کردنی حوزووری سیاسی‌و نیزامیی ئێران له‌وڵاتانی ناوچه‌و وڵاتانی ده‌رو جیراندا، یا به‌شێوه‌ی عه‌مه‌لیاتی ڕاسته‌وخۆی نیزامی ـ وه‌ک نموونه‌ی سووریه‌و عێراق ـ یا به‌شێوه‌ی یارمەتی پێدان‌و هه‌ڵسووڕاندنی رێکخراوه‌کانی به‌ستراوه به‌کۆماری ئیسلامیی ئێران ـ وه‌ک نموونه‌ی حیزبوڵڵا له لوبنان‌و حه‌ماس له غهززهـ یا به‌شێوه‌ی ده‌ستتێوه‌ردان‌و کۆنترۆل کردنی ناڕاسته‌وخۆی سیاسی له‌ڕێگای گه‌یاندنی یارمه‌تی ماڵی‌و ئیتتلاعاتیو هه‌روه‌ها هاندان‌و هه‌ڵخڕاندنی هه‌ستی خهڵکو ڕێکخراوه سیاسییه‌کان به‌دژی حکوومه‌تێکی تایبه‌ت ـ وه‌ک نموونه‌ی بهحرهینو یه‌مه‌ن.
سێیه‌م. به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکێکی هاوشێوه‌و هاوته‌ریبی ئه‌رکی ئه‌رته‌ش، هه‌ر کاتێکی ئه‌رته‌ش به‌قه‌ده‌ر پێویست له‌گه‌ڵ سیاسهسهتهکانی ڕێژیم هاوئاهه‌نگ نهبووو به‌قه‌ده‌ر پێویست گوێ رایه‌لی ئه‌م سیاسه‌تانه نه‌بوو.
ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت چاومان له‌حاست ئه‌رکی یه‌که‌می سوپا که‌بریتییه له‌سه‌رکوت کردنی حه‌ره‌که‌ته ئیعترازییه‌کانی خه‌ڵکی مهدهنیو بێ‌دیفاع بچووقێنێن ـ که به‌هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌ک سیاسه‌تێکی په‌لامارده‌رانه یه‌نه‌ک سیاسه‌تێکی بهرگریکارانهـ وه‌ک ئه‌و نموونه به‌رچاوه‌ی له‌ساڵی ٨٨دا به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو ڕێکخراوو به‌ربڵاو شاهیدی بووین، ئه‌رکی دووه‌می سوپا که‌به‌شی هه‌ره‌زۆری کات‌و وزه‌و تێچووی سوپای پاسدارانی بۆ ته‌رخان ده‌کرێ ناخرێتهخانهی سیاسه‌تی به‌رگریکارانه‌و به‌هه‌موو پێوانه‌و کێشانهیهک کۆی کار‌و هه‌ڵسووڕانی سوپا له‌م به‌شه‌دا له‌پێناوی سیاسه‌تی هێرشکارانه دایه.
١-٢. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابین کردنی ئه‌و شته‌ی بۆخۆی ناوی ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی "امنیت ملی" له‌سه‌ر داده‌نێ ـو له‌ڕاستیدا بریتییه له ته‌ناهیی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ ـ دوو بنه‌ما ڕه‌چاو ده‌کاو ئه‌و بنه‌مایانه به‌شێوه‌یه‌کی جیددی پراکتیزه ده‌کا. به‌ڵام خاڵی سه‌رنج راکێش ئه‌وه‌یه که ئه‌و بنه‌مایانه هه‌ردووکیان له پێناوو له ئاراسته‌ی سیاسه‌تی هێرشکارانهن نه‌ک سیاسه‌تی به‌رگریکارانه. ده‌توانین ئه‌م بنه‌مایانه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه گه‌ڵاڵه بکه‌ین:
ئهلف. کۆماری ئیسلامی دوای کۆتایی پێهاتنی شه‌ڕی ئێران‌و عێراق هه‌تا ئێستا، له سنوورێکی یه‌کجار به‌ربڵاوتر له سنووری وڵاتی ئێران بۆ مسۆگه‌ر کردنی ته‌ناهیی سیستمی خۆی هه‌وڵ ده‌دا. به‌ده‌ربڕینێکی دیکه به‌ره یا جەبهەی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هێزه ڕکه‌به‌ره‌کانی، له سنووره‌کانی ئێران‌دا نین بگره یه‌کجار واوه‌تر له سنووره‌کانی ئێرانن. ئێران شه‌ڕی مانه‌وه‌ی خۆی له سووریه‌و عێراق‌و لوبنان‌و غه‌ززه ده‌کا، نه‌ک له سنوورەکانی خۆی. هه‌تا ئاستێک ده‌توانین بڵێین هه‌موو حکوومه‌تێک له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی هه‌وڵ ده‌داو ئه‌وه‌ش شتێکی نائاسایی نییه‌و هه‌ر تایبه‌ت به ئێرانیش نییه. به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێ هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی پاراستنی بەرژەوەندییەوە تێیپەڕاندووەو گەیشتووەتە ئاستی دەست درێژییەکی ئاشکرا. کاتێک ئێران له‌شه‌ڕی حکوومه‌تێکی وه‌ک به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ سوپای خۆی دهنێرێو چۆن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی خۆی به‌شه‌ڕ دێ ئاواش به‌ره‌نگاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریهدهبێتهوه، کاتێک ڕێکخراوێکی سیاسی ـ نیزامی سه‌ر به ئێران وه‌ک حیزبوڵڵا ده‌وڵه‌تێکی شاردراوه‌و نایاسایی له‌ناو ده‌وڵه‌تی یاسایی لوبناندا ساز ده‌کا، کاتێک تاران وا ده‌کا له‌به‌غدا ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی کابینه‌ش به‌بێ پرس‌و رای ئه‌و هه‌ڵنه‌بژێردرێن، کاتێک ئێران جگه‌له‌وه‌ی حوزووری به‌ناو دیپلۆماتیکی له ناوچه‌دا هه‌یه، له خۆی ڕاده‌بینێ هه‌ر چه‌شنه عه‌مه‌لیاتێکی تیرۆریستیش له هه‌ر ئاست‌و قه‌باره‌یه‌کی بۆخۆی پێی باشه به‌ڕێوه ببا، ئیتر نه‌ختێک ساویلکانه‌یه سیاسه‌ته‌کانی رێژیم به‌سیاسه‌تی بهرگریکارانهـو نه‌ک سیاسه‌تی هێرشکارانهـ پێناسه‌بکه‌ین.
ب. ڕێژیم له گشتایه‌تی خۆیدا له‌مێژه له‌سه‌ر ئه‌وه ساغ بووه‌ته‌وه که باشترین به‌رگری کردن، هێرش کردنه. لێمان تێک نه‌چی هه‌تا ئێستا کۆماری ئیسلامی له‌به‌رانبه‌ر ڕۆژئاوادا "به‌رگری" له‌خۆی نه‌کردووه، به‌ڵکوو هه‌ر له‌جێدا ئه‌وه رۆژئاوایه که‌له به‌رانبه‌ر "هێرشه‌کانی" هه‌مه جۆری ئێران‌دا هه‌وڵی داوه گوشار بخاته سه‌ر ئێران‌و نه‌ختێک له‌ناوچه‌دا پاشه‌کشه‌ی پێبکاو ئه‌وه‌ی ئێران ناوی "به‌رگری کردن"ی له‌سه‌ر داده‌نێ له‌ڕاستیدا بریتییه لهملنهدان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پاشه‌کشه پێکردنهداو داکۆکی کردن له‌سه‌ر په‌لامار دان‌و هاتنهپێشو خۆ سه‌پاندن.
ئه‌وا پێنتاگۆن‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا‌و به‌گشتی حکوومه‌تی ئامریکا هه‌تا ئه‌وڕۆ سیاسه‌تی خۆیان له‌سه‌ر سنووربه‌زێن بوون‌و هێرشکار بوونی کۆماری ئیسلامی دامه‌زراندووه ئاکامه‌که وای لێ هاتووه که ده‌یبینین، گه‌لۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئامریکا‌و ڕۆژئاوا رۆژێک له ڕۆژان سیاسه‌تی خۆیان له‌سه‌ر بێ‌ئازار بوون‌و به‌سته‌زمان بوون‌و به‌رگریکار بوونی ئێران دابمه‌زرێنن، دۆخی ناوچه‌و جیهان چی لێ به‌سه‌ر دێ؟
٢ـ بابه‌تێکیتر که‌هه‌ر پێوه‌ندی به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانهوهههیه، به‌بڕوای ئێمه بابه‌تێکه که تێگهیشتنو شی کردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه یه‌کجار زۆر گرینگ‌و چاره‌نووسسازه. زۆریه‌ک له لایه‌نه سیاسییه‌کانی ناوچه، له هه‌ندێک بواردا له‌گه‌ڵ "سیاسه‌تی هاوکاریو هاوکاریی سیاسی"ی کۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه‌و بە رواڵه‌ت ههوڵو ماندووبوونی ده‌زگای دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی‌یان بۆ چاکتر کردنی دۆخی ناوچه چاو پێکه‌وتووه. بۆ نموونهکۆماری ئیسلامی له کێشه‌ی ناوخۆیى یەکانی هێندێک لە هێزەکانی باشووری کوردستان ده‌وری داوه‌ر ده‌گێڕێ. له نێوان به‌غداو هه‌رێمی کوردستاندا ناوبژیوانی ده‌کاو هه‌وڵ ده‌دا گرژیی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه چاره‌سه‌ر بکا. له‌کێشه‌ی داعشدا وه‌ک بەڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستاندهڵێ "یه‌که‌م لایه‌ن بووهوا یارمه‌تیی ماڵی‌و سه‌ربازی ناردووه بۆ حکوومه‌تی ههرێمو ...
با به به‌ڵگه‌وه راستییه‌ک بخهینهڕووو به‌وردی لێکی بده‌ینه‌وه. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی کۆماری ئیسلامی له‌م بواره‌دا ره‌چاوی ده‌کا له فۆرمووله کردنێکی ورد دا بریتییه له "هه‌نگاوێک بۆ چاک کردن، چه‌ند هه‌نگاو بۆ تێکدان". له بیرمان نه‌چێ گورگ دهستو مشتاخی گورگانه له‌گه‌ڵ به‌رخه‌کانی دایک ناکا به‌ڵکوو دهستو مشتاخی دایکانه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کا. زۆر ساویلکانه‌یه پێمان وابێ کۆماری ئیسلامی له‌هه‌ر بهڵێنو بڕیارێکیدا ده‌یهه‌وێ خاڵی کۆتایی سیاسه‌ته‌کانی خۆی ئاشکرا بکا. کۆماری ئیسلامی بۆ هه‌ڵسووڕانی چالاکانه‌ی خۆی پێویستی به‌سیمایه‌کی خیرخوازو یارمه‌تیده‌رو ناوبژیوان هه‌یه‌و بێگومان له پێناو دروستکردن‌و نیشاندانی ئه‌و سیمایهکار ده‌کاو باجی بۆ ده‌داو خۆشی ماندوو ده‌کا. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ کاتێک که‌سێک بۆ مسۆگه‌ر کردنی ئامانجه‌کانی چه‌ند هه‌نگاو دهچێتهپێشو له‌کاتی پێویست هه‌نگاوێکیش بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئاڕاسته‌ی گشتی جووڵه‌ی ئه‌و که‌سه بۆ پێشهوهیهنهک بۆ دواوه. شتێکی سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی لە درێژایی ئه‌م سی‌و پێنج ساڵه‌دا، ڕواڵه‌ته‌کانی عورفی دیپلۆماتیکو هه‌ڵسوکه‌وتی ماقووڵی سیاسی فێر بووبێ. که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وته بۆ کۆماری ئیسلامی ـ هه‌ر کاتێک پێویستی پێی هه‌بێ ـکارێکی یه‌کجار زۆر هاسانه. به‌ڵام سیاسه‌توان ده‌بێ چاوی له‌دیوی ناوه‌وه‌ی ههوڵهکانو ئاراسته‌ی گشتیی ههڵسووڕانهکان بێ. با سیاسه‌توانانی کوردی باشوور ئه‌وه‌بزانن یه‌که‌م که‌سایه‌تی عێراقی که‌هه‌ستی به‌سیاسه‌تی "هه‌نگاوێک بۆ چاککردن، چه‌ند هه‌نگاو بۆ تێکدان"ی کۆماری ئیسلامی له‌عێڕاق کرد، موقته‌دا سه‌دری شیعه‌ی هاوپه‌یمانی کۆماری ئیسلامی بوو. سه‌در که له‌سه‌ره‌تادا بڕوای پته‌وی به‌وه‌هه‌بوو که کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خێرخوازی هیچ لایه‌نێکی عهراقیش نه‌بێ، دڵسۆز‌و مشوور خۆری لایه‌نی شیعه‌ی عێراقه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئێرانی له‌ناو ئه‌و تێرۆر‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆ شیعه‌کانی دهکردهئامانجی خۆی ناسییه‌وه، توانی به‌ڕوونی ده‌ستی گورگ‌و ده‌ستی دایک لێک جیا بکاته‌وه‌و ئه‌وه بزانێ ئێران له‌پاڵ قاتێک ههوڵدانو ماندوو بوون بۆ دابین کردنی به‌رژه‌وه‌ندی شیعه، چه‌ند قات بۆ تێکدانی سه‌قامگیریی سیستمی تازه دامه‌زراو له عێراق هه‌وڵ ده‌داو له‌م ههوڵدانهچهند قاتهشدا شیعه‌و سوننی‌و کورد بۆ ئه‌و جیاوازی نییه.
راسته نه‌زمی تازه‌دامه‌زراو له وڵاتێکی وه‌ک عێراق هه‌تا ڕاده‌یه‌ک به قازانجی کۆماری ئیسلامییه. قازانجه‌که‌ش باڵاده‌ست بوونی شیعه له وڵاتێکه که پێشتر توانای هیچ چهشنهجووڵهیهکی بۆ سیاسه‌ت کردن‌و خۆ نواندن نه‌بوو. که‌واته سه‌یر نییه ئێران هه‌تا ئه‌و ئاسته هه‌له‌که بقۆزێته‌وه. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ دابین بوونی سه‌قامگیرییه‌کی ته‌واو عه‌یار له عێراقدا به‌چه‌ند هۆ، بۆ ئێران دۆخێکی ناله‌بارو ته‌نانه‌ت کوشنده‌یه:
یه‌که‌م. بناغه‌ی ئه‌و نه‌زمه سیاسییه‌ی ئێستای عێراق، له‌لایه‌ن ئامریکاوهو به په‌لاماری نیزامی بۆ سه‌ر رێژیمی بهعسو ڕووخاندنی ئه‌م رێژیمه دامه‌زراوه. سه‌قامگیری ئه‌و نه‌زمه به‌مانای سه‌رکه‌وتنی پرژه‌ی نیزامی ئامریکا بۆ هیرش کردنه‌سه‌ر وڵاتێکی ناوچه‌و ڕووخاندنی رێژیمهکهیهتی. ئێران به‌پێچه‌وانه، ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بکرێ ده‌یهه‌وێ هه‌م سیاسه‌توانانی جیهانو هه‌م بیر‌و رای گشتی خه‌ڵکی جیهان له‌م بیرۆکه‌یه دوور کاته‌وه که هێرشێکی له‌م چه‌شنه ده‌توانێ مۆدێلێکی هاسانو بێژانهسهر بۆ گۆڕینی حکوومه‌تێکی نادڵخواز بێ. که‌واته هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی سه‌روه‌ری هێزی شیعه‌ی لایه‌نگری ئێران له‌عێراق مسۆگه‌ر بێ، کۆماری ئیسلامی "سیاسه‌تی هاوکاریو هاوکاریی سیاسی" له‌گه‌ڵ هێزه‌عێراقییه‌کان ڕه‌چاو ده‌کا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی چه‌ند قات هه‌وڵ ده‌دا نه‌هێڵی ئاریشه‌و گرفتی بنه‌ڕه‌تیی سیاسی له عێراق کۆتایی پێ بێ‌و سیستمی فیدرالی عێراق ببێته سیستمێکی سه‌قامگیرو وه‌ک مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو له ناوچه‌دا چاوی لێ بکرێ. جا له‌م ناسه‌قامگیر کردنه‌دا پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌کانی شیعه‌و سوننی‌و کورد تێوه بگلێنو قوربانی بده‌ن. ئاگره‌که کاتێک خۆشتر ده‌بێ که هه‌موو لایه‌ک ناعیلاج بن ئاگره‌که خۆش کهنو دەستەچیلەی خۆیانی بخه‌نه‌سه‌ر.
دووه‌م. ئێستا که وڵاتانی وه‌ک سووریه‌و عیراق له ئاگری شه‌ڕێکی ناوچه‌ییدا ده‌سووتێن، سه‌رنجی وڵاته زلهێزه‌کان هه‌ر له‌م وڵاتانه‌دا گیری خواردووه‌و هێزه‌گه‌وره‌کان هه‌رگیز ناپهرژێنهسهر وه‌شاندنی گورزی نیزامی له ئێران. کۆماری ئیسلامی چاک به‌و ڕاستییه‌ی زانیوه هه‌تا به‌شێکی زۆر گرینگ لهکاتو سه‌رمایه‌و هه‌ڵسووڕانی وڵاته گه‌وره‌کان سه‌رفی کێشه‌کانی وڵاتی وه‌ک عێراق‌و سووریه‌و فه‌له‌ستین بێ، "له‌سه‌ر مێز بوونی بژارده‌ی نیزامی بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر ئێران" جگه له بلۆفێکی سیاسیی بێ ناوه‌رۆک چیتر نییه. به پێچه‌وانه هه‌رچی سه‌قامگیری سیاسی‌و ئاشته‌وایی لایه‌نه‌کان له‌م وڵاتانه‌ی ناوچه‌دا قووڵتر‌و به‌ربڵاوتر بێ، ئه‌گه‌ری وه‌ڕاست گه‌ڕانی هاتنه‌گۆڕی بژارده‌ی نیزامی زیاتر ده‌بێ. ئێران ئه‌م هه‌له بۆ وڵاته زلهێزه‌کان ناڕهخسێنێو "نیعمه‌ت"ی بێبڕانه‌وه‌ی شه‌ڕو نائه‌منی ناوچه‌یی له کیس خۆی نادا. ئێستا ده‌زانین کاتێک "تائب" ده‌ڵێ سووریه بۆ ئێمه له خووزستان گرینگتره مه‌به‌ستی چییه. ئێران تا ئه‌و کاته‌ی له سنووره‌کانی خووزستاندا به‌شه‌ڕ ده‌هات له مانه‌وه‌ی خۆی‌و حکوومه‌ته‌که‌ی ده‌ترسا. ئێستا که‌له سنووره‌کانی سووریه به‌شه‌ڕ دێ‌و دۆخی عێراق به ئالۆزی ده‌بینێ، ئه‌وا جارێ سه‌رینی خاترجه‌می وه‌بن سه‌ری ناوه.
کاتێک کۆماری ئیسلامی ئاوا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعه‌ی عێراق ده‌کا، کوردی باشووربا جوانتر حیسابی خۆی بخوێنێته‌وه.
ئێمه‌تا ئه‌و راده‌یه واقیع بینین که بڵێین کوردی باشوور مافی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێداو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیشدا پێوه‌ندیی دیپلۆماتیکی ههبێو که‌ڵکی خۆی له‌م پێوه‌ندییانه وه‌ربگرێ. به‌ڵام دوو خاڵمان نابێ له‌بیر بچێ:
یه‌که‌م. حیزبی دیموکرات له‌کۆنگره‌ی سێ به‌ولاوه، ئه‌و سیاسه‌ته دروسته‌ی ڕه‌چاو کردووه ک هپێوهندی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تێکی دژ به‌کوردی پارچه‌یه‌ک نابێ له‌سه‌ر حیسابی کوردی ئه‌و پارچهیهبێ. ئه‌م سیاسهتهشیاوی ئه‌وه‌یه ببێتهمۆدێلێک بۆ هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان له هه‌موو پارچه‌کاندا، بۆ چۆنیه‌تی پێوه‌ندی ساز کردن له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان. ئه‌گه‌ر رۆژێک حیزبه کوردستانییه‌کان له‌سه‌ر ستراتێژییه‌کی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی پێک هاتن بێگومان ئه‌م خاڵهیهکێک له خاڵهبنهماییهکانی ئه‌م ستراتێژییهدهبێو حیزبی دیموکرات شانازی به‌وه‌ده‌کا له تیۆریدا داهێنه‌ری ئه‌م پرهنسیپهبووهو به‌کرده‌وه‌ش په‌یڕه‌وی لێ کردووه.
دووه‌م. با لایه‌نه سیاسییه‌کانی باشوور له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا هه‌ر نه‌بێ هێنده‌ی موقته‌دا سه‌در ئاگایان له ده‌ستی ئاسنینی کۆماری ئیسلامی ناو ده‌سته‌وانه‌ی مه‌خمه‌ر هه‌بێ.
خه‌رمانانی ١٣٩٣

