هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

سکۆتلاند سەربەخۆ دەبێت و کورد خەونی پێوە دەبینێ؟

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

majid_-_web_-_taybet_1سەر لەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 18.9.2014 پرۆسەی گشتپرسی سکۆتلاند بۆ سەربەخۆیی دەستی پێکرد. پرۆسەیەک کە نەتەنیا باندۆری لە سەر بریتانیا و شوێن و پێگەی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتە دادەنێت بەڵکوو لەوانەیە نەخشەی سیاسی هەموو ئورووپا جارێکی دیکەش بگۆرێت و لە ئیسپانیا و بلژیک و فەرانسەش وڵاتی نوێ سەر هەڵبدەنەوە.

22 و 23ی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ خەڵکی سکۆتلاند یادی هەفت سەد ساڵەی شەڕی بانۆک بۆرنیان (Bannockburn) کردەوە. خەڵکی سکۆتلاند بە سەربڵندیەوە ئەو یادەیان دەکردەوە چونکە لەو شەڕەدا سکۆتلاند بەسەر هێرشی بریتانیا سەرکەوت و سەبەرخۆیی خۆی پاراست.

لە هاوینی ساڵی 1314دا کاتێک لەشکەری بریتانیا و سکۆتلاند لە بەرامبەر یەک راوەستابوون، فەرماندەی ئەرتەشی ئینگلیس سیر هێنری دێبۆن (Henry de Bohun) داوای لە پادشای سکۆتلاند رۆبێرتی یەکەم (Robert) کرد بۆ شەری دەستەو یەخە. پادشای سکۆتلاند تەنیا تەورێک و شمشێرێکی بچووکی پێ بوو. دێبۆنی فەرماندە پڕچەک و پەرداخ بوو. سوارەکان لە یەکتر نزیکبوونەوە راست لەو کاتەی کە بۆن بۆن شمشێرەکەی بەرز کردەوە، پادشای سکۆتلاند توانی خۆی لە هێرشەکەی لابدات و بە تەورەکەی سەری فەرماندەی ئیگلیزی دوو لەت کرد. ئەو دەستەو یەخەیە بوو بە هۆی شەڕیکی دوو رۆژە کە لە ئەنجامدا سەرەرای ئەوەی بە پێی هەندێک سەرچاوە مێژوویەکان لەشکەری بریتانیەکان دوو هیندەی سکۆتلاندیەکان زیاد و چەک و چۆلیان هەبوو، هێزەکانی ئینگلیز شکستیان و دەوڵەتی بریتانیا لە ساڵی 1328دا دانی بە سەربەخۆیی سکۆتلاند هێنا. بە دوای ئەودا سکۆتلاند نزیک بە 300 ساڵ سەربەخۆیی خۆی پاراست تا ئەوکاتەی شاژنی بریتانیا ئێلیزابێتی یەکەم (Elisabeth I) بە بێ میراتگر کۆچی دوایی کرد. پادشای سکۆتلاند جێمزی شەشەم (James VI) بوو بە میراتگری پادشای ئینگلیز و پادشایی ئینگلیز و سکۆتلاند یەکیان گرتەوە.

 

majid_-_eskatland_kurdistan_2


شێوەی یەکیەتی نێوان ئینگلیز و سکۆتلاند سەد ساڵ دوای دەسەڵاتی جێمزی شەشەم، بە پەیماننامەیەک کە بە پێی ئەو ئیرلاندا، سکۆتلاند و ئینگلیز پێکەوە یەکیەتی پادشایی گەورەی بریتانیا پێک دێنن. سکۆتلاند بۆیە ناچار بە قبووڵی ئەو پەیمانە بوو چونکە لە سەدەی 1600دا هێزەکانی لە شەڕی پاناما دژی کلۆنیالیزمی پادشایی ئەو وڵاتە تووشی شکست ببوو و لە رووی ئابووریەوە هێزی نەمابوو. ئەوکات هۆیە ئابووریەکان و کرانەوەی دەروازەکانی بازاری ئینگلستان بۆ سەر بەرهەمەکانی سکۆتلاندی بوو بە هاندەری ئەوەی سکۆتلاند ببێتە بەشێک لە بریتانیای گەورە. بەدوای ئەودا سکۆتلاند بووبە یەکێک لە هەریمەکانی بەهێزی پیشەسازی لە یەکیەتی پاشایەتی بریتانیای مەزندا.

بە پێی پەیمانی 1707ی یەکیەتی پاشایەتی بریتانیا، هەموو دەسەڵاتی سیاسی سکۆتلاند دەگوازێتەوە لەندەن. بەڵام سکۆتلاند دەتوانێت هەروا خاوەنی سیستەمی سەربەخۆی دادوەری خۆی، کلیسە و زانکۆی خۆی بێت. لە ئەنجامدا پەرلەمانی سکۆتلاند هەڵوەشایەوە و لە پەرلەمانی بریتانیا 45 کورسیان بۆ دیاری کراو لە ئەنجوومەنی پیرانیش دا جێگای 16 کورسيان بۆ کرایەوە.

ئەو یەکیەتیە لە سەدەی هەڤدەهەمدا کاتێک سکۆتلاندیەکان هەوڵیاندا دەست بەسەر پاشایەتی لەندەن بگرن تووشی کێشە بوو. ساڵی 1708 کاتێک جێمزی شەشەم بە هاوکاری فەرانسە هەوڵی دا بە 6000 جەنگاوەرەوە بێتە ناو خاکی بریتانیا، لە لایەن هێزە دەریاییەکانی ئینگلیز تووشی شکست بوو. جاری دووەم ئەو یەکیەتیە لە ساڵی 1745 دا تووشی بەرهەڵست و مەترسی لێک هەڵوەشانەوە بوو کاتێک شازادەی سکۆتلاندی چارلز ئیدوارد ستوارت بەشێکی زۆر لە خاکی ئینگلیزی گرتبوو. سوپای ئینگلیز ئەو سەرهەڵدانەی تێک شکاند و دوای تێکشکانی سەرهەڵدانەکە دەسەڵاتی ناوەندی دەستی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی عەشیرە و هۆزەکانی باکووری سکۆتلاندی. چونکە سەرۆکی ئەو هۆزانە پشتگیریان لە جیابوونەوەی سکۆتلاند لە بریتانیا دەکرد. بە دوای ئەودا بەکارهێنانی زمانی گەیلیک (Gaelic)ی سکۆتلاندی و پارچەی نەریتی سکۆتلاندی (Scottish Tartan) یان قەدەغە کرد.

سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی سکۆتلاندی

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ناسیۆنالیزمی سکۆتلاندی گەشەی سەند و حیزب و رێکخراوی سەربەخۆیی خواز دامەزرا. ساڵی 1979 لە یەکەم گشتپرسیدا نەیتوانی پەرلەمانی خۆی دامەزرێت. چونکە سەرەرای ئەوەی زۆربەی خەڵک دەنگی بە دامەزراندنی پەرلەمانی خۆجێی دابوو، ئەو رادەیە لە رادەی پێویستی سەدا 40%ی هەموو دەنگدەران کەمتر بوو.

هەژدە ساڵ دواتر لە ساڵی 1997 کاتی دەوڵەتی تۆنی بلێر گشتپرسیەکی دیکە بەرێوەچوو کە لەئەنجامدا 74%ی خەڵکی سکۆتلاند دەنگیان بە دامەزراندنی پەرلەمانی خۆجێیان دا. ئەمەش بەرهەمی خەباتی حیزبی سەربەخۆیی خوازی "پارتی نەتەوایەتی سکۆتلاند" (SNP) بوو. لە سالی 2011دا حیزبی SNP زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی خۆجێی سکۆتلاندی بەدەست هێنا. دواتر سەرۆکی حیزبی SNP ئالێکز سالمۆند (Alex Salmond) و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا دەیوید کەمێروون (David Cameron) پەیمانێکیان لە مەڕ رێکخستنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلاند واژۆ کرد. بە پێی ئەو پەیماننامەیە دەوڵەتی بریتانیا رێز لە بڕیاری خەڵکی سکۆتلاند دەگرێت.

سەربەخۆیی لەوانەیی سکۆتلاند و ئەزموونەکانی بۆ کورد؟

رەوتی گەشەسەندنی نەتەوایەتی و بەرەوپێشچوونی دێموکراسی، ئەزموونی خۆبەرێوەبردن و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لە سکۆتلاند بۆ بزاڤی نەتەوایەتی کورد زۆر جێگای تێرامانە. گەرچی لە زۆر وڵاتی دیکتاتۆرەوە نەتەوەکانی بندەست دەستیان بە سەربەخۆیی گەیشتووە بەڵام کەمتر لە وڵاتانەدا بەتایبەت وڵاتانی ئەفریقی و دوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دێموکراسی بەخۆیەوە بینیوە. بە بێ گەشەسەندنی دێموکراسی لە ناوەندی دەسەڵاتدا و بەرەپێشچوونی کولتووری یەکتر قبووڵ کردن و قبووڵی مافی بەرامبەر نەتەوە سەردەستەکانێک کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، زۆر بە زەحمەت دان بە مافەکانی مرۆڤی و نەتەوایەتی گەلی کورد بهێنن. سکۆتلاند لە ماوەی بوون بە بەشێک لە بریتانیا گەشەکردنی بەردەوامی ئابووری، کولتووری و سیاسی بەخۆیەوە بینیوە. بەشێوەیەک کە ئەمرۆ سکۆتلاند خاوەنی بانک، سیستەمی بیمە و تەئمینی کۆمەڵایەتی خۆی و بەشە نوێنەری خۆی تەنانەت لە پەرلەمانی ئوروپاشە.

ئەزموونی سکۆتلاند بۆ جارێکی دیکەش دەسەلمینێت، سنووری هیچ وڵات و پەیماننامەیەک دیاردەگەلی هەتاهەتایی و نەگۆڕ نین و کاتێک نەتەوەیەک ئیرادە بکات، دەتوانێت ویستی خۆی بە دەوڵەتی ناوەندی بسەپینێت لە مەڕ رێزگرتن لە ئیرادەی یەکگرتووی خەڵک. هەرلەوکاتەدا ئەو ئەزموونە ورەبەخشە بۆ باشووری کوردستان بۆ ئەوەی پرسی سەربەخۆیی و گشتپرسی کوردستان لە حاڵەتی دروشم و کەرەسەی گوشار خستنەوە بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە پێناو وەرگرتنی هەندێک ئیمتیاز و بەرژەوەندی کورتخایەن بەرز بکاتەوە بە ستراتێژیی نەتەوایەتی کە هەموو تاکەکانی کورد خۆی بە خاوەنی بزانێت و لایەنگران و دژبەرانی بە شێوەی ئازاد و دێموکراتیک بەشداری لەو رەوتەدا بکەن.

بیست و چوار کاتژمێری دیکە لەوانەیە نەخشەی ژئیۆپۆلیتیکی بریتانیا ئاڵوگۆرێکی چارەنووسسازی بەسەردابێت، کە دوور نیە ئەندامەتی ئەو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناوەندە بەهێزەکانی بڕیاردەری جیهان و بانگی جیهانی تووشی ئاڵوگۆری گەورەبێت و بریتانیاش ببێتە یەکێک لە وڵاتانی جیهان نەک زڵهێزێکی جیهان. ئەم چارەنووسە چاوەرێی ئێران، تورکیا و عێراقیش دەکات.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1185
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy