هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

میراتی دکتۆر شەرەفکەندی بۆ گەلەکەی

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

majid_-_web_-_taybet_1کەسی شۆرشگێر، مەرگیشی شۆرشگێرانەیە. وتەیەکی دکتۆر قاسملوو کە هەم ژیانی و هەم مەرگی خۆیشی شۆرشگێرانە بوو. کە باس لە میراتی رێبەرێک دەکرێت باس لە بەرهەمەکانی ناکرێت. سەرکەوتوویی رێبەری بە ژمارەی ساڵەکانی بوون بە کەسی یەکەمی رێکخراو، وڵات یان نەتەوە ناژمێردرێت. رێبەری بە واتای بەرپرسایەتی ئەنجامی کارگەلێک بۆ کۆمەڵگا، بنەماڵە، رێکخراو نەتەوە و ژینگە بۆ ئەوەی جیهانێکی چاکتر لە پێشوو وەدێ بێت. جیهانێکی چاکتر لە جیهانی رابردوو میراتی سەرەکی رێبەرە.

ئەوە دکتۆر سەعید بوو کە بە توانا کەموێنەکانی توانی سوکانی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای نسکۆی تیرۆری دکتۆر قاسملوو بەدەستەوە بگرێت. کاتێک سێ رۆژ بەرلە کارەساتی بیست و دووی پووشپەر هێلێنی هاوسەری دکتۆر قاسملوو، کە ئاگاداری گفتگۆکانی نهێنی نێوان رێبەری حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی بوو دەپرسێت ئەگەر شتێک بەسەرت بێ کێ حیزب بەرێوە دەبات؟ قاسملوو دەلێت: جارێ دکتۆر سەعید هەیە، ئەوانی دیکەش بەرە بەرە پێ دەگەن.

رێبەری ئەرکێکی ئاسان نیە. جیا لە بڕیارە گرنگەکانی رۆژانە، بەشداری لە پرۆسەی بەرێوەبردن و ئەرکی قورسی گونجاندنی جیاوازیەکان بە یەکەوە، رێبەر زۆرجار بیر لەوە دەکاتەوە کە داخوا چ میراتێکی رێبەرایەتی بەجێ دێڵم؟

میراتی رێبەری بەرهەمی ئەو بڕیارانەیە کە بایەخ و بەهای ئەوان لە مێژوودا دەنووسرێت. دکتۆر سەعید لە هەلومەرجێکدا ئەرکی قورسی رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئەستوە گرت، کە بە هۆی شەهیدبوونی چاوەڕواننەکراوی دکتۆر قاسملوو حیزب و جۆڵانەوەی کورد تووشی شۆکێکی کاریگەر ببوو، بەرگری چەکدارانەی قورس لە کوردستان لە هەمبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێوەبوو. بەهۆی شەری ناوخۆیی کوردستان و لێکدابڕانی دوای کۆنگرەی هەشتەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جۆڵانەوەی کورد لە هەمبەر تەنگەژەی بڕوا دەست و پەنجەی نەرم دەکرد. هاوکات رووخانی وڵاتانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و شکست هێنانی ئایدیۆلۆجیکە تونداژۆکانی چەپ و سۆسیالیستی ببوو بە پرسێکی ناسنامەیی ناو ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و کوردستان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە چەپە سوننەتیەکانی ناو ریزەکانی حدکا. دووساڵ دوای شەهید بوونی قاسملوو حیزبی دێموکرات بە ئاستێک خۆی گرتبوو کە کەمتر هەست بە بێ قاسملوویی دەکرا. دکتۆر سەعید ئەرکی خۆی بە شێوەیەک جێبەجێ کرد کە ئاکامەکانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەبیندرا.

 

majid_-_dr_sharafkandi_namr_-_2


مەرگی دکتۆر سەعیدیش شۆرشگێرانەبوو. ئەو رۆژێک کە ئەرکی قورسی رێبەری جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئەستۆوە گرت، روو بە قاسملوو و هاورێیانی کرد و وتی: "ئێمە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە رێگات درێژە بدەین یان هەوای پاکی ئازادی هەڵدەمژین یان سەربەرزانە دەگەینە لای تۆ." ئەو لەکاتێکدا شەهید کرا کە بەهێزێکی تەواوەوە خەریکی رێبەری جۆڵانەوەیەکی توند، کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی لێکدابراو و پڕشوبڵاوی ئێران بوو، کە ئێستاش لە دەستی پڕشوبڵاوی و بێناسنامەیی راستەقینە دەناڵێت. دادگای ناسراو بە میکۆنۆس و رەوتی لێکۆلینەوە و ئاکامەکانی دادگای تیرۆری ناجوانمێرانەی رێبەرانی کورد، بوو بەهۆی کۆتایی هاتنی تیرۆری فیزیکی رێبەران و چالاکانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن لە ئورووپا. شۆرشێک کە دکتۆر شەرەفکەندی بە شەهیدبوونی خۆی بەرپا کرد، کۆتایی هێنانی سێبەری ترس و تیرۆری رژێمێکی خوێنمژ بوو، کە بڕیاری دابوو هەموو ئەوانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە نەخوازراو و دوژمنی خوان لە ناو ببات.

دکتۆر سەعید لە رێگای هەوڵ و خەبات بۆ یەکگرتنەوە، یەکریزی و پێکەوە ژیان گیانی فیدا کرد. ئەو بەر لە شەهیدبوونی لە هەوڵێ دۆزینەوەی رێگا چارەی کەمکردنەوەی خەسارەکانی دوای کۆنگرەی هەشتەمی حیزب و کۆتایی هێنان بە دووبەرەکیەکانی ناو جۆڵانەوەی کورد بوو. 22 ساڵ دوای ئەو کۆستە گەورەیە جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پڕشوبڵاوتر لە هەمووکات کاری بووتەوە دووپاتکردنەوەی دروشمی "یەکریزی و یەکیەتی" لە پێناو سەرکەوتندا. جێی خۆیەتی لە میراتگرانی ئەو رێبەرە بلیمەتەی کورد پرسیار بکرێت، ئاستی بەرپرسایەتی ئێوە بەرامبەر ئەو میراتانەی کە شەرەفکەندی بە کردەوە هەنگاوی بۆی هەڵدەهێنا چیە؟

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1214
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy