هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پژاك، بارزانی‌ به‌ پشتگیر‌و یارمه‌تیده‌ری‌ داعش ناو ده‌با

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

 هه‌ڵۆی‌ كوردستانله‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ چه‌ند كاتژمێری‌دا كه‌ دوێنێ‌ پێنجشه‌ممه‌، 6ی‌ خه‌رمانانی‌ 1393ی‌ هه‌تاوی‌ (24.08.2014 زایینی‌) چڵێك له‌ چڵه‌كانی‌ PKK به‌ناوی‌ PJAK بڵاوی‌ كرده‌وه‌، ئامریكا، ئیسرائیل‌و ئینگلیس به‌ درووستكه‌ری‌ داعش‌و هه‌روه‌ها توركیا، عه‌ره‌بستان، ئوردۆن‌و بارزانی‌ به‌ یارمه‌تیده‌ری‌ داعش ناو ده‌با. ئه‌م به‌یاننامه‌ ته‌نها دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان سڕایه‌وه‌.

 

pjak_-_tomat_-_2


ناوزه‌دكردنی‌ كه‌سایه‌تی‌‌و پارته‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌ كورد به‌ شتی‌ خراپ له‌ لایه‌ن PKK‌و لقه‌كانیه‌وه‌، چیرۆكێكی‌ نوێ‌ نیه‌‌و به‌رده‌وام كه‌سایه‌تیه‌كان‌و حیزبه‌ ره‌سه‌نه‌كان به‌ تایبه‌ت حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌ لایه‌ن PKKۆ لقه‌كانیه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن. ماوه‌یه‌كیشه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ باشووری‌ كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن‌و چه‌ند رۆژ پێش له‌ لێدوانێكدا "جه‌میل بایك" كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ PKK هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ به‌ تیرۆریست ناوزه‌د كرد كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ توندی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ باشووری‌ كوردستانی‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ PKK به‌ هه‌موو لقه‌كانیه‌وه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانه‌وه‌‌و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ لیستی‌ ره‌شدایه‌‌و به‌ تیرۆریست ناوزه‌د كراون.

پێویسته‌ بگوترێ‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ بناری‌ قه‌ندیلدا به‌ بێ‌ به‌شداری‌ حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌ به‌رپرسی‌ پژاك، PKK رایگه‌یاند كه‌ "پژاك" بۆته‌ "كۆدار"‌و ده‌سته‌یه‌كی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ بۆ دیاری‌ كرا، به‌ڵام به‌رپرسی‌ پێشووی‌ ئه‌و لقه‌ واته‌ حاجی‌ ئه‌حمه‌دی‌ ـ كه‌ دیاری‌ نیه‌ ـ تا ئێستا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌باره‌ی‌ ناوگۆڕین‌و ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ نوێی‌ ئه‌و لقه‌ی‌ نه‌داوه‌.

ده‌قی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌ كه‌ دوای‌ چه‌ند كاتژمێر له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان سڕیانه‌وه‌‌و  ئیمزای‌ PJAKی‌ له‌سه‌ره‌، به‌ شێوی‌ خواره‌وه‌یه‌:


سه‌رده‌می په‌نابردن و پشت به‌ستن به‌ دوژمن و بێگانه‌کان تێپه‌ڕیوه‌ و قۆناخی سازکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ گۆرەپانی سیاسه‌ت و پاراستن هاتووە

وه‌ک ده‌زانرێ ئه‌و دوو ساڵه‌ی ئاخر له‌ رۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ئازادی به‌ خوێنی پاکی سه‌دان شه‌هید سه‌رکه‌وت. به‌ڵام دوژمنان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خۆڕاگری و ده‌ستکه‌وته‌ مێژووییه‌ بێ وێنانه‌ که‌ خه‌ون و خه‌یاڵی هه‌زاران ساڵه‌ی گه‌له‌که‌مان بوو خۆیان رانه‌گرت و بنکه‌وتن. ئینجا بۆ له‌ نێو بردن و سڕینه‌وه‌ی، تاقمێکی تێرۆریستیان به‌ نێوی “داعش” وه‌ڕێ خست و هه‌وڵیان دا رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و کوردستانی پێ بشێوێنن تا گه‌لانی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ ترسان ناچار بن راده‌ستی ئه‌و هێزه‌ تێرۆریسته‌ ببن. به‌ڵام دیتیان که‌ گه‌لی کورد به‌ وره‌ و هه‌ستی به‌رزی وڵاتپاریزی به‌ره‌نگاری بوونه‌وه‌ و شۆڕشیان کرد. ئێستا که‌ رۆژئاوای کوردستان به‌ خۆسه‌ری و ئازادی گه‌ییشتووه‌ ئه‌وه‌ به‌رهه‌می ئه‌و به‌رخۆدانه‌ شکۆمه‌نده‌ی گه‌له‌که‌مانه‌ که‌ دوژمن و نه‌یاران نه‌یانتوانی په‌سندی بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش بۆ تۆڵه‌ ستاندنه‌وه‌ له‌ گه‌لی کورد، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌وه‌ هێرشێکی گه‌وره‌ی نامرۆڤانه‌ و وه‌حشیانه‌یان له‌ سه‌ر گه‌لی ئێزیدیمان له‌ شه‌نگال پێک هێنا. دوا به‌ دوای ئه‌وه‌، کوردانی مه‌خمور و کاکه‌یی و تورکمه‌نه‌کانیان دا به‌ر هێرش.

ئامانجی ئه‌مریکا، ئیسڕائیل و ئینگلیزه‌کان له‌ رێک خستنی داعش، سه‌ر له‌ نوێ دابه‌شکردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بوو و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یان له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێکرد و سه‌ره‌تا بڕوا (دین و چاند و ئه‌خلاق) و ژنیان کرده‌ هه‌ده‌ف، چونکه‌ فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاق به‌ ڕێی بڕوا و ژن له‌ کۆمه‌ڵگا دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ گه‌ره‌نتی یه‌کگرتوویی و مسۆگه‌ربوونی کولتوری ره‌سه‌ن و خاڵی هه‌ره‌ حه‌ساسی کۆمه‌ڵگای کوردین. هه‌ر بۆیه‌ش یه‌که‌م ئه‌وه‌یکه‌؛ دینی ئیسلام و مه‌زهه‌بی سوننی له‌ لایه‌ن داعش’ه‌وه‌ کرا به‌ ئامرازێک بۆ تێکبه‌ردانی گه‌لی کورد و گه‌لانی تری کوردستانی. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش وه‌ک بۆخۆی ده‌ڵێ به‌ راستی شه‌ڕی دین بوایه‌ ئه‌وا کوردانی رۆژئاوای کوردستان هه‌موو موسڵمانی سوننی بوون که‌ له‌ لایه‌ن داعش’ه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو کۆمه‌ڵکوژیه‌یان له‌ سه‌ر پێک هێنرا. هه‌روه‌ها له‌ هیچ دینێک دا دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ بڕوا و دینه‌کانی دیکه‌ ره‌وا نیه‌ چونکه‌ هه‌موویان په‌یامی ئاشتی و یه‌کێتی گه‌لان ده‌ده‌ن. دووهه‌م ئه‌وه‌یکه‌؛ هه‌ڵسوکه‌وتی داعش له‌ به‌رامبه‌ر ژن به‌ ته‌واوی دژی ئه‌و پێگه‌یه‌یه‌ که‌ ئیسلامی راسته‌قینه‌ بۆ ژنی ده‌ناسێ. سه‌رۆکی داعش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ فتوایه‌کی دا رایگه‌یاند که‌ ژنانی کورد بۆ ئه‌ندامانی ئه‌وان حه‌ڵاڵن! به‌و پێیه‌ ده‌ستدرێژی جه‌سته‌یی، کوشتن، رفاندن، فرۆشتن، وه‌ک کۆیله‌ به‌ کار بردن و سودی جه‌سته‌یی وه‌رگرتن له‌ ژن و منداڵ که‌ به‌ ته‌واوی دژی راستینه‌ی مێژوویی، ئه‌خلاق، نه‌ریت و شێوه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رجه‌م دین و باوه‌ڕه‌کانه‌ وه‌ک مافێکی ره‌وا که‌ ئیسلام پێیانی داوه‌ نیشان ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌ راستی دا ئه‌وه‌، هێرشی له‌ نێو بردنی ناسنامه‌، ره‌سه‌نایه‌تی، که‌لتور و ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریه‌.

کوردانی مه‌خمور له‌ ساڵه‌کانی 1994 و 1995 دا له‌ لایه‌ن رژێمی فاشیستی تورکیاوه‌ گونده‌کانیان سوتێندرا و تاڵان و وێران کرا و ناچاری کۆچبه‌ری و ئاواره‌یی بوون و له‌ مه‌خموری باشوری کوردستان نیشته‌جێ بوون. ئه‌و کات، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، UN که‌مپی مه‌خموری وه‌ک که‌مپی په‌نابه‌ران په‌سند کردبوو. به‌ڵام دوای هێرشی هۆڤانه‌ی داعش بۆ سه‌ر گه‌لی ئێزیدی، گه‌لی مه‌خمور له‌ به‌ر مه‌ترسی هێرش بۆ سه‌ریان، که‌مپه‌که‌یان به‌ جێ هێشت و جارێکی تر ئاواره‌ی شاره‌کانی تری باشوری کوردستان بوونه‌وه‌. UN که‌ ماوه‌یه‌ک بوو یارمه‌تیه‌ مرۆییه‌کانی له‌ سه‌ر ئه‌و که‌مپه‌ که‌م کردبۆوه ئینجا دوای سه‌ر له‌ نوێ ئاواره‌بوونی ئه‌و گه‌له، بڕیاری دا ستاتۆی په‌نابه‌رێتی له‌ سه‌ریان هه‌ڵگرێ. ئه‌وه‌ش خۆی نیشانه‌ی به‌رده‌وامی سیاسه‌تی نکۆڵی و پاکتاو کردنی گه‌لی کورده‌ و ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ گه‌لی مه‌خمور پێویست بوو له‌ که‌مپی خۆیان دا مابان تا وه‌ک ئێزیدیه‌کان کۆمه‌ڵکوژ کرابان!

ئه‌مریکا، ئیسرائیل و ئینگلیز داعشیان دروست کرد، تورکیا، عه‌ڕه‌بستانی سعودی و ئۆردۆن و ته‌نانه‌ت بارزانی’ش پشتگیری شاراوه‌یان لێ کرد و یارمه‌تیان دا. ئه‌و هێزانه‌ ئێستاش ده‌یانهه‌وێ خۆیان وه‌ک رزگارکه‌ر نیشان ده‌ن. رای گشتی کورد و جیهان له‌وه‌ ئاگاداره‌ که‌ چه‌ندین ساڵه‌ رێبه‌ر ئاپۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ کورد و کوردستانیه‌کان بانگهێشت ده‌کا بۆ سازکردنی یه‌کێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی تا له‌ بواری سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێکی هێرش بۆ سه‌ر گه‌له‌که‌مان، له‌ یه‌ک ریز دا جێ بگرن و گه‌ل بپارێزن. به‌ڵام هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن هه‌میشه‌ ئاسته‌نگیان له‌ به‌ر ده‌م یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ناوه‌ و به‌ به‌هانه‌ی جۆراوجۆر وه‌دره‌نگیان خست. ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا یه‌کێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و هێزێکی هاوبه‌شی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی پێک هاتبا ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ له‌ سه‌ر گه‌له‌که‌مان پێک نه‌ده‌هات. به‌ستنی ده‌رگای سنووری سێماڵکا و خه‌نده‌ق کۆڵان له‌ سه‌ر سنووره‌کانی رۆژئاوا هێزی به‌ داعش به‌خشی. له‌ کاتی هێرشه‌کان دا پێشمه‌رگه‌کان له‌ هه‌رێمی شه‌ڕ کشانه‌وه‌ و له‌ مه‌ڕ پاراستنی گه‌ل هیچ رۆڵێکیان نه‌گێڕا. ئه‌وه‌ی که‌ گه‌لی شه‌نگال و مه‌خموری پاراست هێزه‌کانی HPG، YJA-STAR، YPG و YPJ بوون، که‌چی به‌ڕێز بارزانی له‌ جێی ئه‌وه‌یکه‌ بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی رابردووی، هه‌وڵ بدا بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یی رێخستنه‌ کوردستانیه‌کان کۆ بکاته‌وه‌ ده‌چێ هاواری ئه‌مریکای دامه‌زرێنه‌ری داعش و تورکیای یارمه‌تیده‌ری داعش ده‌کات تا به‌ هانای کوردانی باشوره‌وه‌ بێن! ئیدی سه‌رده‌می داڕژتنه‌وه‌ی سنووره‌کانی نێو کوردستان و په‌نابردن و پشت به‌ستن به‌ دوژمن و بێگانه‌کان تێپه‌ڕیوه‌ و قۆناخ، قۆناخی سازکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سیاسه‌ت و پاراستن دایه‌. واته‌ ساز کردنی به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌و قۆناخه‌ دا شه‌رتی هه‌ره‌ سه‌ره‌که‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ی که‌ ئێستا ره‌خساوه‌ بنرخێندرێ و له‌ ده‌ست نه‌درێ ئه‌گه‌ر هێزه‌ رۆژئاواییه‌کان جارێکی تر ده‌ستێوه‌ردانی کێشه‌ نێوخۆییه‌کانی کوردان بکه‌ن ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست بچێ و جارێکی تر وه‌ده‌ست نه‌که‌وێ. دیاره‌ هێرشه‌کانی داعش له‌ به‌ر به‌هێز بوونی ئه‌و نیه‌، به‌ڵکو له‌ به‌ر نه‌بوونی یه‌کێتی و هاوده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ کوردیه‌کانه‌ که‌ هه‌میشه‌ کوردانی لاواز کردووه‌. خاوه‌ندارێتی گه‌له‌که‌مان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ گه‌لی شه‌نگال و مه‌خمور و کاکه‌یی به‌و واتایه‌یه‌ که‌ گه‌ل خۆی بێ ئه‌وه‌یکه‌ سنووره‌ داڕێژراوه‌ فه‌رمیه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌کان یانخود سنووری دینی و مه‌زهه‌بی بناسێ، یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پێک هێناوه‌. ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتی و ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی مێژوویی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌موو رێکخستن، لایه‌ن و که‌سایه‌تی کورد و کوردستانی خاوه‌ن ویژدان. هه‌ر بۆیه‌ش داوا له‌ سه‌رجه‌م رێکخستن و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان به‌ تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌رکی سازکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌رپرسیار ببینن. چونکه‌ ته‌نیا به‌و شێوه‌یه‌ که‌مێک ئێش و ئازاره‌کانی گه‌له‌که‌مان سوک ده‌بێ.

گه‌له‌که‌مان له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ تایبه‌تیش له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا هه‌ڵمه‌تی خاوه‌ندارێتی ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ گه‌لی ئێزیدی و مه‌خمور و کاکه‌یی به‌ڕێوه‌ ده‌با. ئێمه‌ ئه‌و چالاکیانه‌ی گه‌له‌که‌مان زۆر واتادار و به‌ نرخ ده‌بینین و سڵاوی ده‌که‌ین و داوا له‌ هه‌موو نیشتمانپه‌روه‌ران ده‌که‌ین که‌ ئه‌و چالاکیانه‌ به‌رفره‌وانتر بکه‌ن. هاوکات داوا له‌ رای گشتی نێو نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو که‌سانی خاوه‌ن ویژدان ده‌که‌ین که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر گه‌لی کورد و کوردستان پێک دێ بێده‌نگ نه‌بن و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن.

ئه‌ندامانی داعش بۆ داگیرکردنی کوردستان و له‌ نێو بردنی گه‌لی کورد هه‌ر یه‌که‌ی له‌ وڵاتێکی دنیاوه‌ کۆ کراونه‌ته‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ جیا له‌وانه‌، ژماره‌یه‌ک کوردیش هه‌ر وه‌ک ئه‌وانه‌ی تر به‌ به‌ڵێنی “غه‌نیمه‌ته‌کانی به‌هه‌شت” فریو دراون و ئێستا له‌ نێو ریزه‌کانی داعش دا له‌ دژی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی خۆیان شه‌ڕ ده‌که‌ن. ئێستاش ده‌بینین که‌ ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ی که‌ دین و مه‌زهه‌ب وه‌ک ئامرازێک بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به‌ کار دێنن، له‌ رۆژهه‌لاتی کوردستان لاوانی کورد به‌ به‌ڵێنی “به‌هه‌شت” و پوڵی زۆر فریو ده‌ده‌ن و ده‌یاننێرنه‌ نێو داعش’ه‌وه‌ و له‌ دژی نرخ و به‌ها مێژوویی، ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی خۆیان دا به‌ شه‌ڕیان ده‌ده‌ن. داوا له‌ گه‌له‌که‌مان و به‌ تایبه‌تی جه‌وانان ده‌که‌ین که‌ تێکه‌ڵاوی مه‌زهه‌بگه‌رایی ده‌وڵه‌تی نه‌بن و خۆیان له‌وانه‌ی که‌ پرۆپاگه‌نده‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی یان وه‌عده‌ و به‌ڵێنه‌کانی داعش ده‌که‌ن بپارێزن تا نه‌بنه‌ ئامرازی ده‌ستی داگیرکه‌ران له‌ شه‌ڕی دژی گه‌ل و دابه‌شکردنه‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان دا. ناکۆکی دینی و مه‌زهه‌بی ناکۆکی و شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ گه‌ڵ خۆی دێنێ و مرۆڤه‌کان ده‌کاته‌ دوژمنی یه‌کتر. لێره‌ دا ئه‌رکێکی گرینگ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی دایک و باب و بنه‌ماڵه‌کان. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ منداڵه‌کانیان هه‌م له‌ داعش و هه‌م له‌ مه‌زهه‌بگه‌رایی ده‌وڵه‌تی بپارێزن و نه‌هێڵن تێکه‌ڵاویان بن. و به‌و شێوه‌یه‌ خاوه‌ندارێتی هه‌م له‌ منداڵه‌کانیان و هه‌م له‌ ئه‌خلاقی وڵاتپارێزی خۆیان بکه‌ن.

ئێستا ره‌وشی رۆژئاوا و باشوری کوردستان ئه‌زمونێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م کوردانی به‌شه‌کانی تر و گه‌لانی تری هه‌رێمه‌که‌. هه‌ر بۆیه‌ش له‌و قۆناخه‌ دا بۆ ئه‌وه‌یکه‌ گه‌لی رۆژهه‌ڵاتیش بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ر و شیمانه‌یه‌کی داهاتوو ئاماده‌ی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و وه‌ڵام دانه‌وه‌ بێ و بتوانێ پاراستنی بنه‌ماڵه‌، گوند، کۆڵان و هه‌رێمی خۆیان بکه‌ن پێویسته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ته‌دبیری پێویست بگرن. ئێمه‌ ئاماده‌ین که له‌ خه‌باته‌کانی ته‌دبیر گرتنی گه‌ل بۆ خۆپاراستنیان دا چ ئه‌رکێک بکه‌وێته‌ سه‌ر شانمان پێکی بێنین.

داوا له‌ سه‌رجه‌م جه‌وانانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ هێزی هه‌ره‌ دینامیک و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵگان و گه‌وره‌ترین ئه‌رکیان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شان ده‌که‌ین که‌ بۆ پاراستنی گه‌ل و وڵاته‌که‌یان له‌ ریزه‌کانی هێزه‌کانی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کینه‌کانی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان YRK و هێزه‌کانی پاراستنی ژنان HPJ دا جێ بگرن.

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK

24.08.2014

http://pjak.eu/ku/?p=3101

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1657
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy