وەک کوردێکی ڕۆژهەڵاتو ئەندامی یەکێک لە پارتەکان بە هەموو شێوەیەک لە ئەمڕۆ بەدواوە دژی بەشداری پێکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم بۆ بەرگری کردن لە خاکی باشوری کوردستان،و داوا لە سەرکردایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتیش دەکەم کوڕو کچی نیشتمانپەروەرو خوێنگەرمی ڕۆژهەڵات نەکەن بە قوربانی سیاسەتێکی بانێکو دوو هەوای هێزەکانی باشوری کوردستان.
هیچ گۆشە یان شارێکی کوردستانی گەورە بۆ من جیاوازی نییەو پێشمەرگەش وەک هێزێکی نەتەوەی بە ئەرکی شەرشانی دەزانم بەرگری بکات لە بست بە بستی خاکی کوردستانو تاکو کۆمەڵی کورد لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانەدا بێت، بەڵام ئایا ڕەوایە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ پاسدارەکانی ئێران کە تینون بە خوێنی کوردانی ڕۆژهەڵات لە یەک سەنگەردا بن!؟و لەهەمان کاتدا داعشەکانی ئێران هەوڵی تیرۆری پێشمەرگەکان بدەن!؟
لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشوری کوردستانو بەشداری پێکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتو یارمەتی کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ ئاوارەکان، دڵی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کوردی خۆشکرد،و دەبوایە هێزو لایەنەکانی باشور ئەم هەڵوێستە نەتەوەیو نیشتمانپەروەرانەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بکردایەت بە هەلێک بۆ زیاتر یەکخستنی ماڵی کوردو ڕێزیان لەم هەستە نەتەوەیە بگرتایە، بەڵام بەداخەوە نەک هەر ئەمەیان نەکرد، بەڵکوو داوایان لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات کرد لە بەرەکانی شەڕ بکشێنەوەو هەستان بە هاوپەیمانی کردن لەگەڵ دڕندەترین داگیرکەری کوردستان.
هێنانی داعشە ئێرانیایەکان لەلایەن هێزەکانی باشورەوە بە بیانووی بەرگری کردن لە باشوری کوردستان، نەک هەر هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕووخاندنی بیری نەتەوەیو تێکدانی یەکڕیزی ماڵی هەرگیز یەکنەگرتووی کورد، چوون ڕۆژ نییە تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی داعشەکانی ئێران شەهیدو بریندارو زندانی نەکرێت تەنها لەبەر کوردبوونیان، ئێستا چی ڕوویداوە هەمان هێز بەرگری لەباشوری کوردستان دەکات!؟.
پێویستە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمڕۆ بە دواوە لە بیری خۆمانو ڕۆژهەڵاتی بێنازو داگیرکراودا بین نەک بەرژەوەندی چەند هێزو لایەنێکی بەشەکانی تری کوردستان
_________________________________________
تێبینی:
ماڵپهڕی "ههڵۆی كوردستان"
ـ له بهرامبهر نێوهڕۆكی ئهم بابهته بهرپرسیار نیهو نووسهری بابهت بهرپرسه لهبهرامبهر بابهتی خۆیدا
ــ كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان لهسهر ئیزنی نوسهر ئازاده

