سەرەرای ئەوەی لە سەنگەرەکانی شەڕدا پێشمەرگەکانی کوردستانو گەریلاو شەڕڤانانی باکوورو رۆژئاوای کوردستان لە پێناو پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤیو خاکی نیشتیمانو هەرێمی کوردستان دا گیانی خۆیان لەسەر دەستیان داناوە، لە میدیاو پرۆپاگەندەکان، شەقامەکانداو مانۆورە سیاسیەکاندا مەودای نێوان کوردان زیاتر دەبێتو شەڕە پەرۆی نەوەدەکان لە خەریکە لە گەڵ شەڕە ئاڵا جێگۆرکی دەکات.
لە هەفتەی رابردوودا لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی کوردستانو چەند رێکخراوی مەدەنی کورد لە وڵاتی فینلاند، بڕیار درا خۆپێشاندانێکی هاوبەش بە بەشداری هەموو کوردانی نیشتەجێی فینلاند بە مەبەستی ڕاکشانی سەرنجو پشتگیری بیرورای گشتی فینلاند بۆ ئاوارەکانی هێرشی تیرۆریستەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگارو شوێنەکانی دیکەی کوردستان رێک بخرێت. هەموو لایەک هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە لە رێپێوانەکەدا هێمای هاوبەشی نەتەوایەتی واتە "ئاڵای کوردستان" وەک تەنیا بەهای هاوبەشی خۆپێشاندەران بێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا بڕیار درا چەند کەسێک لە گەڵ رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان گفتگۆ بکەن بۆ ئەوەی رێپێوانەکە هاوبەش بیتو کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان پێکەوە ئەو چالاکیە ئەنجام بدەن. یەکێک لە نیگەرانیەکانی کۆبوونەوە ئەوە بوو کە PKK نەچێتە ژێر ئاڵای کوردستانو ئاڵای خۆیان بێنن. بۆ حیزبێکی ئایدیۆلۆژیک کە ناتوانێ خۆی لە گەڵ دەوروبەر بگونجێتو تەنیا داوای گونجانی لایەنەکانی دیکە لە گەڵ خۆیان دەکات ئەمە نەشتێکی سەیرەو نەش نامۆ. هەرچۆنێک بێت دوای باسو گفتگۆو راوێژی بەشداران بڕیار درا تەنانەت ئەگەر ئەوان بە ئاڵای خۆشیان بێن، وا باشە خۆپێشاندانەکە هاوبەش بێت.
دوای گفتگۆ لە گەڵ PKKو قبووڵ راگەیاندنی ئەوەی کە ئەوان "تەنیا بە سەمبۆلو ئاڵای خۆیانەوە"دێن بۆ رێپێوانەکەو بڵاو بوونەوەی بانگەشەی خۆپێشاندان، راست یەک رۆژ بەرلە رێپێوانەکە جگە لە یەک لایەن هەموو ئەندامانی دیکەی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکان بە بیانووی هاتنی PKK بە ئاڵای خۆیەوە پاشەکشەیان لە بەشداری لە خۆپێشاندانەکە کرد.
ئاڵای کوردستان کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کراوەو لە لایەن نزیک بە هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک ئاڵاو هێمای نەتەوایەتی دانی پێهێنراوە لە لایەن PKKو حیزبو رێکخراوەکانی سەر بەو حیزبەوە. کوردستان وڵاتێکی پارچەپارچە کراوە کە تا ئێستا نەیتوانیوە لە سەر بنەماکانی هاوبەشی نەتەوایەتی بگاتە پێکهاتنێکی یەکگرتوو. ئاڵای کوردستانیش یەکێک لەو پرسانەیە. کە لە کاتێکدا پەسەند کراوە کە کێشەو ململانێی PKKو حیزبەکانی باشووری کوردستان لە ئاستی هەرە بەرزی خۆیدا بووو ئەو ئالایە لە لایەن PKKیەوە وەک هێژمۆنی پارتێکی سیاسی دیاری کراو بەتایبەت پارتی دێموکراتی کوردستان دەبیندرێتو ئاڵای PKKش لە لایەن حیزبەکانی دیکەوە بەهەق وەک سەرچاوەی هێژمۆنی خوازی PKK دەبیندرێت.
زیاتر لە بیست وڵاتی عەرەبی کە هەموویان خۆیان سەربە نەتەوەی گەورەی عەرەب دەزانن خاوەنی چەندین ئاڵاو حکوومەتی تایبەت بەخۆیانن. بەوحالەش لە سەر ئاڵاو ئەوە کە کامەیان ئاڵای نەتەوەی عەرەبە کێشەیان نیە. پارادۆکسی بزاڤی کوردستان لەوەدایە کە لەلایەک دەلێت دەبێت لە گەڵ رەوشی سیاسیو هەلومەرجی ناوخۆیی وڵاتانو ناوچەدا خۆمان بگونجێنینو لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە حیزبەکان تەنیا ئاڵای پەسەندکراو لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بە ئاڵای کوردستان دەزانن. ئەمەش هەمان هێژمۆنی خوازیەکە کە دوولایەنی پێوەندیدار بە ئالای کوردستان لە بەرامبەر یەکتر دادەنێت.
قبووڵو دانپێنانی ئەوە کە کوردستانو تەنانەت هێمای نەتەوایەتی کورد لە بەشەکانداو ناوهێنانی بەشەکان لە لایەن هێزە سیاسیەکانەوە لەوانەیە جیاواز بن، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ دانپێنان بە فرەچەشنیو پلۆرالیزمی بۆچوون لە پێوەندی لە گەڵ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتیو سیاسیەکانی کوردستان. بزاڤی کورد لە دانپێنان بەو جیاوازیەو پێکەوە بوونی ئەو ئالایانە قازانجی زیاتر دەکات تا شەڕە ئاڵایەک کە دەبێتە هۆی لەبەرامبەر یەکتر دانانی ریزەکانی گەلی کورد دژی یەکتر. مەرجی گەیشتن بە یەکیەتی نەتەوایەتی دانپێنانو قبووڵی جیاوازیەکانە. هەلومەرجی ناسکێک کە کوردستان لە هەموو پارچەکانی خۆیدا تێپەر دەکات ئەوە لە حیزبو رێکخراوەکانی کوردستان دەخوازێت کە بەجیاتی دابەش بوون بە سەر بلۆکە جیاوازیەکانی سەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکاری کوردستانو حکوومەتە تۆتالیتەرەکانی ناوچەدا ئەو فرەرەنگیە بکەنە هەوێنی دەوڵەمەندی سیاسیو کولتووری نەتەوایەتی بنەماکانی بەهاهاوبەشەکانی نەتەوایەتی پێک بێنن.

