مێژووی هاوچه‌رخی ئێران گه‌واهی ده‌دا كه بیرۆكه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی، له ره‌وتی شۆڕشی مه‌شروته دا گه‌را داده‌نێ و له دایك ده‌بێ و تیۆریزه ده‌كرێ و له سه‌رده‌می دیكتاتۆری ره‌زاشا دا پراكتیزه‌كردنی شوڤێنیزمی ئێرانی ده‌بێت به سیاسه‌تی فه‌رمیی رێژیمی په‌هله‌وی. ره‌زاشا به پلان و به‌رنامه‌ی پێشترداڕێژراو و به شێوه‌ی سیستماتیك پڕۆژه‌ی نێوه‌ندگه‌رایی ده‌ست پێده‌كا، زمانی فارسی به زمانی فه‌رمیی خوێندن و نووسین و كاروباری سیاسی و ئیداری و ده‌وڵه‌تی
راده‌گه‌یه‌نێ و زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له كاروباری ئیداری و په‌روه‌رده په‌راوێز ده‌خات، رێگه له پێشكه‌وتن و گه‌شه كردنی "جۆراوجۆریی زمانی" و فره كولتووری ده‌گرێ، پێكهاته‌ی دیمۆگرافی و جوغرافیایی هێندێك له‌و شاروناوچانهی كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی غه‌یره فارس تێیدا زۆرینه‌یه تێكده‌دا، ناوی هێندێك له شار و گونده‌كان ده‌گۆڕێ، رێوره‌سم و جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره فارس قه‌ده‌غه ده‌كا، به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی شوڤێنیزمی ئێرانی ده‌ست له مێژووی كۆن و نوێی گه‌لانی ئێران وه‌رده‌دا و ده‌یان پیلانی دیكه بۆ تواندنه‌وه و سڕینه‌وه و له نێوبردنی فره چه‌شنی و فره‌شوناسی و شوێنه‌واری نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره فارس ده‌گێڕێ. له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌موو ئیمكانات و ده‌سه‌ڵاتی رێژیمی په‌هله‌وی وه‌گه‌ڕ ده‌خات بۆ بنیاتنانی یه‌ك كولتوور، یه‌ك زمان، یه‌ك سیستمی په‌روه‌رده‌یی، ده‌وڵه‌تێكی تاكانه و یه‌كده‌ست، خه‌ڵكێكی یه‌كده‌ست و سه‌ره‌نجام دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی ئێران و سه‌پاندنی شوڤێنیزمی مه‌زنیخوازی نه‌ته‌وه‌ی فارس.
بیرۆكه‌ی شوڤێنیزمی ئێرانی بوو به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی كێشه و ململانێیه‌كی ناڕه‌وا له نێوان نه‌ته‌وه‌ی فارس و نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان، كێشه‌یه‌ك كه ره‌زاخان به‌كرده‌وه ده‌ستی پێكرد و حه‌مه‌ره‌زاشای كوڕی درێژه‌ی پێدا و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و شۆڕشی 1357ی گه‌لانی ئێران نه‌یتوانی كۆتایی پێ بێنێ و له چوارچێوه‌ی پێشوودا مایه‌وه و رێژیمی كۆماری ئیسلامیش به شێوه‌یه‌كی دیكه و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئایدیۆلوژیی ئیسلامی درێژه‌ی پێدا و تا هه‌نووكه به‌رده‌وامه.
ئێران له زۆربه‌ی نزیك به ته‌واوی مێژووی هاوچه‌رخی خۆیدا، به شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی سه‌ره‌ڕۆ و پاوانخواز به رێوه چووه و نه‌ته‌وه‌ی فارس خاوه‌نی هه‌موو ئیمكانات و سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتێك بووه و به شێوازی جۆراوجۆر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێرانی چهوساندونهتهوه، یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاتی ئێران، گرفتی ئاڵوگۆڕنهكردنی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌ی ئاشتیخوازانه و دیمۆكراتیك بووه، كێشه‌ی نه‌گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتدارن و دانه‌به‌زینی ئه‌سپی سه‌ركێشی سه‌رۆك، ئه‌م كێشه دزێو و بێزراوه‌یه كه بۆته ماكه و مه‌یدانی توندوتیژی و زه‌بر و زه‌نگ و كوده‌تا و جه‌نگ. وڵاتی ئێران له ئه‌زموونی راپه‌ڕین، شۆڕش، هه‌وڵدان بۆ كوده‌تا، شه‌ڕی پارتیزانی، بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی رادیكاڵ و مانگرتن و خۆپێشاندان دا خاوه‌نی پله و پێگه‌یه‌كی به‌رزه، له راستیدا به‌شێكی به‌رچاو له مێژووی مۆدێڕنی ئێران له ره‌وتی تێكۆشان و ئه‌زموونی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی دا بریتیه له دووپاتبوونه‌وه‌ی لێكدابڕانه به‌رده‌وامه‌كان و زنجیره هه‌وڵ و خه‌باتێكی بی ئاكام له پێناوی گه‌یشتن به ئازادی و دێموكراسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی.
به درێژایی مێژووی مۆدێرنی ئێران، شوڤێنیسته ئێرانییه‌كان به مه‌به‌ستی به تاكانه هێشتنه‌وه و به هه‌میشه‌یی كردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس و "نكۆڵی" كردن له شوناسی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران به پلان و پیلانی جۆراوجۆر هه‌وڵیانداوه ئه‌و گوتاره ناڕاست و ناڕه‌وایه بسه‌لمێنن و بچه‌سپێنن كه ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ئێران كه ره‌چه‌ڵه‌كی "ئاریایی"یان هه‌یه به‌شێكن له نه‌ته‌وه‌ی فارس و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش كه ره‌چه‌ڵه‌كی "ئاڵتایی و سامی"یان هه‌یه ئێرانی نین. ئه‌وه‌ی ئێستاش شوڤێنیسته چه‌پ و راست و ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێران ده‌یانهه‌وێ له باشترین حاڵه‌تدا سه‌پاندنی ناسیونالیزمی ساخته‌یی ئێرانه له بیچم و فورمێكی دیكه‌دا.
شایانی باسه كه هه‌میشه فاكتۆر و هۆكاره ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له سه‌ر فۆڕم و شێوه‌ی سیستمی حكومه‌تی و چاره‌نووسی سیاسیی وڵاتی ئێران كاریگه‌ری چاره‌نووس سازیان بووه، ئه‌گه‌ر له سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ر و زلهێزه‌كان به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان پشتیوانیان له حكومه‌تێكی ناوه‌ندی یه‌كده‌ست و سه‌ره‌ڕۆی ئێرانی ده‌كرد، له بارودۆخی ئه‌مڕۆ و له سه‌رده‌می به جیهانی بووندا ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌ڕۆی نه‌ته‌وه‌یی به‌و شێوه‌یه كه شوڤێنیستهكانی ئێران ده‌یانهه‌وێ جێگای لێژه، چونكه زلهێزه‌كانی جیهان به‌رژه‌وه‌ندییان له بوونی حكومه‌تێكی ناوه‌ندگه‌را و دیكتاتۆر و مه‌زنیخوازی ئێرانی له ناوچه‌كه‌دا نیه. له لایه‌كی دیكه‌وه كۆمه‌ڵگای جیهانیش سه‌باره‌ت به كاروباری ناوخۆیی وڵاتان، شه‌ڕه ناوخۆییه‌كان، مافی دیاری كردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان به ده‌ستی خۆیان وه‌ك رابردوو چاوه‌دێرێكی بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێست نیه. ئێران وڵاتێكی پان و به‌رینه و خاكێكی رووبهرفراوانی هه‌یه، كۆمه‌ڵگای ئێران له رووی نه‌ته‌وایه‌تی،ئیتنیكی، زمانی،ئایینی و كولتوورییه‌وه پێكهاته‌یه‌كی فره‌چه‌شنه، واته نه‌ته‌وه‌كانی فارس، تورك، كورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ ، توركمه‌ن و كه‌مایه‌تییه‌كانی ئه‌رمه‌نی، ئاسۆری و ژماره‌یه‌ك زمان و زاراوه‌ی ناوچه‌یی وه‌ك: لوڕی، گیله‌كی، مازه‌نی، قه‌شقایی، ئه‌فشاری و پێڕه‌وانی ئایینی جیاواز وه‌ك مه‌سیحی، یه‌هوودی، به‌هایی، ئێزیدی، زه‌رده‌شتی و ئیسلامی (شیعه و سوننی) له ئێران‌دا ده‌ژین. له ئاكامی هه‌ڵسه‌نگاندنی دیمۆگرافیی نه‌ته‌وایه‌تی ئێران، ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه كه شه‌ش نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له ئێران‌دا ده‌ژین و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ته‌نیا ناتوانێ ئیدیعا بكا كه له ئێران‌دا زۆرینه‌یه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ته‌نیا له سه‌ر زه‌وی باب و باپیرانی و له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی خۆیدا زۆرینه‌یه، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ی فارسیش له به‌رابه‌ر كۆی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران زۆرینه‌ی ره‌های نیه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی هه‌یه. له پێكهاته‌یه‌كی ئاڵۆز و فره‌چه‌شنی ئه‌وتۆدا كێشه و پرسه گرینگه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به ده‌وڵه‌تێكی تاك پێكهاته و یه‌كده‌ست چاره‌سه‌ر ناكرێن، چونكه سروشتی پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی نێوه‌ندگه‌را به‌رهه‌مهێنه‌ری توتالیتاریزمه كه ناته‌بایی بنچینه‌یی له‌گه‌ڵ فره‌چه‌شنی و مافی كه‌مینه جۆراوجۆره‌كان دا هه‌یه.
ئه‌وه راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه نه‌ته‌وه‌كانی ئێران هه‌زاران ساڵه نیشته‌جێی خاكی خۆیانن، شوناسی كولتووری و نه‌ته‌وایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ند و ویژدانی به كۆمه‌ڵی مێژوویی دوور و درێژیان هه‌یه و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی وڵاتی ئێرانن، به‌ڵام به پێی یاساكانی (رابردوو و ئێستای) ده‌سه‌ڵاتدارانی شوڤینیستی ئێرانی، نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره فارس وه‌كوو نه‌ته‌وه به فه‌رمیی نه‌ناسراون و خاوه‌نی هیچ ماف و ئیمتیازێكی نه‌ته‌وایه‌تی نین. دیاره نه‌ته‌وه و كهمینهجۆراوجۆرهكانی ئێران ئه‌مڕۆكه زیاتر له رابردوو وشیاریی سیاسی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان به‌رز بۆته‌وه و به تاقیكردنه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه پرسی ئایین و ئایینزا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی گه‌لانی ئێران نیه، به‌ڵكوو ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه كه بڕبڕه‌ی پشتی كێشه‌ی پێكه‌وه ژیانی كۆمه‌ڵگای ئێرانه و هه‌تا ئه‌و كێشه‌یه به شێوه‌ی دادپه‌روه‌رانه و دێموكراتی و فیدراڵی چاره‌سه‌ر نه‌كرێ ئه‌و وڵاته رووی ئاشتی و ئاسووده‌یی به خۆیه‌وه نابینێ.
دێموكراسی ته‌نیا هه‌ڵبژاردنێك نیه كه جاروبار رێك ده‌خرێ و به‌رێوه‌ده‌چێ، به‌ڵكوو رێزگرتنه له مرۆڤ و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان و پێوه‌ره جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ، رێز گرتنه له مافی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردان و ئازادی له هه‌ڵبژاردنی جۆری بڕیاردانی مرۆڤ، واته یاسامه‌ند و نه‌هادینه بوونی ماف و ئه‌رك و حومه‌تی تاك، كۆ، كه‌مینه، زۆرینه و پێكهاته جۆراوجۆره‌كان و خه‌ڵك به گشتی و ده‌سته‌به‌ر بوونی له یاسای بنچینه‌یی وڵات‌دا، دێموكراسی كولتووری وتووێژ كردن، لێك تێگه‌یشتن، یه‌كتر قبووڵ كردن، حه‌وانه‌وه و پێكه‌وه گونجانی به‌رژه‌وه‌ندی و بیروبۆچوون و ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كانه. له یاسای بنچینه‌یی حكومه‌تی دێموكراتیكدا چوارچێوه و سنووری سه‌لاحییه‌ت و ماف و ئه‌ركی سێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كیی؛ یاسا دانان، راپه‌ڕاندن و دادوه‌ری به‌ڕوونی دیاری ده‌كرێن، بنیاده سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تی به پێی یاسا به پاراستنی
مافی مرۆڤ پابه‌ند ده‌كرێن. بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی دێموكراتیك هاوسه‌نگی له‌نێوان ماف و ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵك و ئۆپۆزیسیوندا پێك بێنێ و به باشی كار بكا، پێویستی به دامه‌زراوه‌ی پته‌و، دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ، داموده‌زگای چاوه‌دێری و لێپرسینه‌وه، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی به ده‌سه‌ڵات و چالاك، كۆمه‌ڵگای شارستانی و رێكخراوه مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی سه‌ربه‌خۆ و میدیای ئازاد و به‌رپرس هه‌یه.
هێندێك كه‌س و لایه‌نی شوڤێنیستی ئێرانی به مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی تاكانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس و حاشاكردن له مافی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان، ده‌ڵێن له ئێرانێكی دێموكراتیكدا ئه‌گه‌ر رێز له مافی مرۆڤ بگیردرێ و هه‌موو تاكێك خاوه‌نی "مافی یه‌كسانی هاووڵاتی" بێ، ئه‌قوامی ئێرانی به مافه‌كانیان ده‌گه‌ن، به‌م چه‌شنه شوناس ومافی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان تا ئاستی ماف و شوناسی "قه‌ومی" كه‌م و بچووك ده‌كه‌نه‌وه و مافی مرۆڤ سنووردار ده‌كه‌ن به مافی تاكه كه‌سی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی له چوارچێوه‌ی پێناسه‌ی مافی مرۆڤ دێننه ده‌ر. له راستیدا دێموكراسی له‌سه‌ر بناخه‌ی "مافی یه‌كسانی هاووڵاتی" له وڵاتێكدا دابین و ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ كه ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن له یه‌ك نه‌ته‌وه پێكهاتبێ و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه پێكه‌وه بگۆنجێن و ئه‌گه‌ر جیاوازی شوناسیشی تێدا بێ به شێوه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه و دادپه‌روه‌رانه چاره‌سه‌ر كرابێ. له وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌ی وه‌ك ئێران كه كێشه‌ی شوناسه جیاوازه‌كان به چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماوه‌ته‌وه دێمۆكراسی "به بێ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵات" له باشترین حاڵه‌تدا به‌رهه‌مهێنه‌ری دیكتاتۆریی زۆرینه‌یه و نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كانی ئێران ئاماده نین بۆ دێموكراسییهكی رووت و ساده‌ی لیبراڵی به‌ستراوه به ره‌وایی تاكه‌كه‌سی چاوپۆشی له مافهنهتهوایهتییهكانیان بكه‌ن.
ئه‌وه راسته كه له جیهانی ئه‌مڕۆدا دێموكراسی یه‌كێك له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌كی له راده‌به‌ده‌ره ئه‌گه‌ر پێمان وابێ كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی فره نه‌ته‌وه‌دا دێموكراسی به ته‌نیا هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كا، دێمۆكراسی و فیدراڵیزم دوو شێوه به‌ڕێوه‌به‌ری لێكدابڕاو نین و پیوه‌ندیی دوولایه‌نه‌یان پێكه‌وه هه‌یه و ده‌توانن به شێوه‌ی دوولایه‌نه خزمه‌ت به یه‌كتر بكه‌ن، دێمۆكراسی هه‌وێنی سه‌ره‌كیی و گرینگ‌ترین ریسای دامه‌زرانی سیستمی فیدراڵییه، له راستیدا فیدراڵیزم له سه‌ره‌تاوه به دێموكراسی ده‌ست پێده‌كا و خۆ ده‌گرێ و به‌ره‌به‌ره سه‌قامگیر ده‌بێ، فیدراڵیزم به سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه رێگه له دیكتاتۆریی زۆرینه ده‌گرێ و ده‌بێته هۆی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندن و كامڵبوونی دێموكراسی. به له‌به‌رچاوگرتنی پێكهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ئێران، فیدراڵیزم ده‌توانێ باشترین جۆری دێموكراسی كه له گه‌ڵ سروشت و تایبه‌تمه‌ندیی و پێویستییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا بگونجێ وه‌دی بێنێ، فیدراڵیزم ریكارێكی
هاوچه‌رخ و مۆدێڕنه و هه‌ر وه‌ك بۆ هه‌موو وڵاتانی فره‌چه‌شن و فره نه‌ته‌وه‌ی دونیا سیستمێكی شیاوه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه نه‌ته‌وایه‌تی و تاكه كه‌سییه‌كانی وڵاتی ئێرانیش گونجاوترین سیستمه.
له ئێرانی دوای رووخانی كۆماری ئیسلامی‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی ماف و ئازادیی نه‌ته‌وه و كه‌مینه و پێكهاته جیاوازه‌كان دابین و ده‌سته‌به‌ر بكرێ و دێمۆكراسی و فیدراڵیزم بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به كه‌ڵك و پڕ به‌رهه‌م بێ و پڕۆسه‌ی دێموكراتیزاسیوَن و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا ره‌وتی سروشتیی خۆی بپێوێ و ئاشتی و ئاسایش و ئاسووده‌یی له وڵات‌دا سه‌قامگیر و به‌رده‌وام بێ، پێویسته وڵاتی ئێران به سیستمێكی دێموكراتیكی فیدراڵ له‌سه‌ر بناخه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جوغرافیایی به‌ڕێوه بچێ، چونكه ئه‌م سیستمه به‌شداری هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته جیاوازه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌كا، خاوه‌نی رێكاری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ڤه‌ره فرهنهتهوهییهكانه و میكانیزمی دابین و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كه‌مایه‌تییه‌كانی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمه‌كاندا تێدایه، له راستیدا سه‌روه‌ری و حوكمڕانیی هاوبه‌ش و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی دوولایه‌نه له نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی (فیدراڵ) و هه‌رێمه‌كان دابین ده‌كا و پێوه‌ندیی نێوان دوو ئاستی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژێ و رێك ده‌خات كه رێز له سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگرن و له به‌رامبه‌ر مافه‌كانی یه‌كتردا به‌رپرسیار و وڵامده‌ر بن و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش كه له سه‌ر زه‌وی باب و باپیرانی و له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی خۆیدا زۆرینه بێ خاوه‌نی هه‌رێمی سیاسی تایبه‌تی خۆی بێت. ئه‌م شێوه به‌ڕێوه‌به‌رییه، له‌سه‌ر بنه‌مای دێموكراسی و دادپه‌روه‌ری هاوسه‌نگییه‌كی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌وتۆ له نێوان نه‌ته‌وه و كه‌مینه و پێكهاته‌كاندا پێك دێنێ كه نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه نه‌توانێ حاشا له شوناس و كیانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بكات، هه‌روه‌ها رێگه نادا كه پێكهاته‌ی یه‌ك یان دوو نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه ببێته هۆی دواكه‌وتوویی و له پهراوێزدامانهوهی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له گوتاری ئاڵۆز و پڕ كێشه‌ی " كه‌مایه‌تی ـ زۆرایه‌تی" رزگار ده‌كات و به‌م چه‌شنه به دێموكراتیك و فیدراڵیزهكردنی كۆمه‌ڵگا، مافه نه‌ته‌وایه‌تی و تاكه‌كه‌سییه‌كانی گه‌لانی ئێران دابین و ده‌سته‌به‌ر ده‌كا.

