هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

کۆماری ئیسلامی‌و داعش

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ibrahim_-_daesh_4ئەوە کە داڕێژەرانی ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی بە پلانێکی داڕێژراوەوە کۆمەڵی پاشڤەڕۆی داعشیان پێک هێنابێ ڕەنگە لە گەڵ بیرێکی ژیری سیاسی نەگونجێ، بەڵام زۆر هۆکار هەن کە سەرهەڵدانی بەرەی توندڕەو‌و دژی مرۆڤی داعش ڕاستەوخۆ بە دژکردەوە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دا دەبەستنەوە. تەنانەت بەڵگە هەن کە دەسەلمێنن کۆماری ئیسلامی لە زۆر شوێن، بە تایبەت لەو هەرێمانەی ئێران کە دانیشتوانی سوننی مەزهەبن ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی ئەو کۆمەڵە خۆش کردوە. ئەوەش گومانی ئەوە بە هێز دەکا کە هەر دوو بەرەی توندڕەوی شیعە‌و سوننە، بوونی لایەنی دیکە بۆ ستراتێژیی سیاسی‌و تەنانەت ئایینی خۆیان بە پێویست دەزانن.

سەرەڕای هەبوونی چەندین بزووتنەوەی سیاسی بە ئامانجی دینی‌یەوە کە مەبەستیان زاڵ کردنی تێڕوانینی تایبەتی خۆیان لە سەر بنەماکانی دین بە سەر سیاسەت‌و بەرێوەبەری دا بووە، بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا یەکەم سیستەمی سیاسی کە دینی کردە ئامرازی دەسەڵاتداریی سیاسی‌و توانی لەو ڕێگایەوە لە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩)دا بە دەسەڵات بگا کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەوەش توانی لە مەیدانی سیاسەت دا، قورساییەک بۆ لای ڕوانگەی شیعە دا بشکێنێتەوە کە توانیبووی بە شێوەیەک پراگماتیزمی خۆی بە ڕووی بزووتنەوەی سوننی دا بکێشێ‌و خۆی بە براوەی مەیدانی سیاسەت بناسێنێ. چونکە بزووتنەوەی مەزهەبی سوننە، کە ناسراوترینی تەڤگەڕی "اخوان المسلمین" بوو‌و لە کاتی دامەزرانیەوە لە ساڵی ١٩٢٨ ەوە تا ئەو کات نەیتوانیبوو هەنگاوێک لە دەسەڵات نزیک بێتەوە.

 

ibrahim_-_daesh_3

 

مەبەستی سەرەتایی بزووتنەوەی ئیخوان بە سەرۆکایەتیی حەسەن ئەلبەننا ڕاچاندنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی‌و دینی بوو کە متمانە لە نێو کۆمەڵگا موسوڵمانەکان دا بە هێز بکا‌و ڕێگا بۆ بزووتنەوەیەکی بە هێزی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای روانگە دینیەکانی ئیخوان خۆش بکا، بە بێ ئەوەی کە بزووتنەوە خۆی بە دەسەڵاتی سیاسی‌و ئیدارییەوە خەریک بکا. تایبەتمەندیی ئەو بزووتنەوە دوورەپەریزی لە توندوتیژی بوو‌و هەموو لق‌و پۆپەکانی بزووتنەوەی ئیخوان تا ساڵەکانی ٧٠‌و ٨٠ زاینیش بەو ڕێبازە پێبەند بوون، هەر چەند ئیخوان بە تێرۆری مەحموود ئەلنوخرەشی پاشای سەرۆک وەزیری میسر لە ساڵی ١٩٤٩ دا تاوانبار کرا‌و پاشانیش پێوەندییەکی پڕ لە ئارێشەی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی میسر‌و لە ساڵەکانی ١٩٨٠ش دا لە گەڵ ڕێژیمی بەعسی سووریە هەبوو کە ساڵی ١٩٨٢ کۆمەڵکوژیی حەمای لێکەوتەوە.

لە میانەی شەڕی ئەفغانستان دا‌و کاتێک کە بزووتنەوەی موجاهیدین بە پشتیوانیی پارە‌و چەکی عەرەبستان‌و وەڵاتانی کەنداو، بەڵام بە ڕێنوینی‌و پشتیوانیی سەرەکی لە لایەن ئامریکاەوە دامەزرا، هەموو ئەو لق‌و پۆپانەی ئیخوان کە پێیان وابوو بە بێ شەر‌و توندوتیژی نە وشیاریی ئیسلامی دروست دەبێ‌و نەش ئامانجی سیاسی یا کۆمەڵایەتیی ئەوان وەدی دێ ڕوویان لە ئەفغانستان کرد‌و ئەو وەڵاتەیان کردە بنکەی خۆپەروەردە کردن‌و پێگەیاندنی هێزی جێگەی متمانەی خۆیان. بەڵام لە سەرەتا دا هەم ڕووی بزووتنەوەی موجاهیدین‌و هەمیش ڕووی هەموو ئەو لایەنە ئیسلامیانەی کە پێوەندییان بەو بزووتنەوەیەوە هەبوو لە داگیرکەرانی سۆڤیەت بوو. بزووتنەوەی سەلەفی، بە پشتیوانیی دارایی‌و ئیمکاناتی عەرەبستان‌و قەتەر‌و هێندێک شێخی میلیاردێری عەرەب، زیاتر لە هێزە ئیسلامیەکانی دیکە توانی مەیدانداری بکا‌و بە شێوەیەک پێشتر هێژێمۆنیی فیکری‌و دواتریش هێژێمۆنی سیاسی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکە دا زاڵ بکا. بە گۆڕانی سیستەمی سیاسی لە ئەفغانستان‌و وەلاچوونی هەڕەشەی هێزی داگیرکەری سۆڤیەت، موعادیلەی سیاسی‌و پارسەنگی هێزیش گۆڕانی بە سەر دا هات. لەو کاتەوە ئیدی پێویست نەبوو کە هەموو هێزە دەرەکیە ئیسلامیەکان لە ئەفغانستان بمێننەوە. بۆیە هەرێمەکانی وەکوو سۆمالی، یەمەن‌و تا ڕادەیەکیش عەربستانی سعوودی بوون بە گۆڕەپانی نوێی هێزە توندڕەوە سەلەفیەکان. عەربستان هەر زۆر زوو مۆرە سەرکیەکانی سەلەفیی دەست بە سەر کرد، هێندێکی لە وەڵات وەدەرنا‌و هێندیکیانیشی بە وادەی پشتیوانیی دارایی لە کۆڵ خۆی کردەوە. بەڵام سۆمالی‌و یەمەن بوون بە دوو ناوەندی سەرەکیی خۆنواندنی ئەم هێزانە.

هاوکات لە گەڵ چالاکتربوونی هێزە سەلەفیەکان لە سۆمالی‌و یەمەن، کۆماری ئیسلامیش بە ڕکەبەرایەتی لە گەڵ ئەم هێزانە، حوزووری خۆی هەم بە شێوەی ڕاستەوخۆ‌و هەمیش لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی بە ڕواڵەت خێرخوازی‌و ئاوەدانکردنەوەدا لەو دوو هەرێمە پەرە پێ دا. پێشتر کۆماری ئیسلامی لە لوبنان پێگەی دامەزراندبوو‌و لە ڕێگای وەڕێ خستنی حیزبوللای لوبنانەوە دەستی باڵای بە سەر هێزە توندڕەوە سەلەفیەکان دا هەبوو. هەر چەند هەبوونی ئێران لە سۆمالی‌و یەمەن نەیتوانی بۆ بزووتنەوەی سەلەفی ببێ بە مەترسیەکی جێگای سەرنج، بەڵام ئەوەندە لە بەر چاو بوو کە بنئاژۆیی ئاینی لە نێو کۆمەڵگا سوننی مەزهەبەکان دا بە شێوەیەک بهارووژێنێ کە ئەوانیش بیر لە دەسەڵاتێکی سیاسی لە سەر بنەمای ئایینی بکەن.

شەڕی دووهەمی کەنداو، ڕووخانی سەددام حوسێن‌و خزانە سەرکاری وردە وردەی ڕێژیمێکی هاوپەیمانی ئێران لە بەغدا، پارسەنگی هێز‌و هەر بەم پێیەش دوورەدیمەنی هەڕەشەی ئێرانی بۆ سەر هەرێمەکانی جێی نفووزی ئیحتیمالیی هێزە سەلەفیەکان گۆڕی. سوننیەکانی عێڕاق، پێیان وابوو کە دەسەڵاتی نوێی بەغدا، عێراقی خستۆتە پاوانی ئێرانەوە کە لە لایەن کۆمەڵگای سوننی وەڵاتەوە وەکوو دوژمنی دێرینی وەڵات بە حیساب دەهات. ڕاپەرینی جەماوەری لە وەڵاتانی عەرەبی لەم ٣ێ ساڵەی دوایی دا ئەو مەترسیەی کە ئێران دەتوانێ بۆ کۆمەڵگای سوننی هەبێ چەند قات کردەوە، چونکە لە هەر شوێنێک کە ئێران زانی کۆمەڵگایەکی تەنانەت بچووکی شیعەشی لێیە، دەستی کرد بە دروست کردنی حوسێنیە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەکران بە ناوەندی سیاسیی مەزهەبی‌و بە تاران‌و قومەوە دەبەسترانەوە. لە ڕێگای ئەو حوسێنیانەوە، ئێران هەوڵی دەدا‌و ئێستاش هەوڵ دەدا کە هەرێمی جێی نفووزی خۆی زیاتر بکا‌و ڕایەڵکەیەکی سیاسی‌و مەزهەبی پێک بێنێ کە بە دەستووری تاران‌و قوم هەڵسوکەوت بکا.

دەست‌تێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە سوورییەدا‌و پاڵپشتی هەمەچەشنی ئێران لە ڕێژیمی ئەسەد، قینی کۆمەڵگای سوننی لە سووڕییەشی لە بەرامبەر ئێران‌و بزووتنەوەی مەزهەبیی شیعە‌دا هاڕووژاندەوە. نەبوونی زەمینە بۆ گەشەپێدانی بیرۆکەی دێمۆکراسی‌و زاڵبوونی هزری هێژێموونیخوازی لە نێوخۆی ئەو وەڵاتەدا لە لایەکەوە، دەست‌تێوەردانی دەرەکی هێزە خاوەن بەرژەوەنییەکان‌و نەبوونی پشتیوانیی جیددی نێونەتەوەیی لە لایەکی دیکەوە، زەمینەی بۆ گەشەکردنی خێرای بزووتنەوە توندڕەوە سەلەفیەکان خۆشتر کردەوە. بە شێوەیەک کە دوای کەمتر لە یەک ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵکی سوورییە، بزووتنەوە سەلەفیەکان توانیان ببن بە سەرکەیترین هێزی گۆڕەپانی سیاسی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سوورییەدا. ئەو وەزعە، پارسەنگی هێزی لە عێراقیش گۆڕی‌و گڕ‌و تینێکی زیاتری بە خۆ بەڕێکخستن کردنی هێزە سەلەفیەکان لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق بەخشی.

بەم شێوەیە پاش ٣٥ ساڵ دامەزرانی سیستەمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران دا کە لە لایەن خومەینیەوە وەکوو ئالتەرناتیڤی شیعە بۆ دەسەڵاتی سیاسی شکڵی پێدرابوو، بیرۆکەی دەسەڵاتێکی هاوشێوە بەڵام ڕیشەداکوتاو لە مەزهەبی سوننە دا لە کۆمەڵگا سوننی مەزهەبەکانیش دا شکڵی گرت‌و ئێستا لە عێراق‌و سوورییەدا مەیدانداری دەکا. لە تەقاندنەوە‌و سەربڕینە پەیتا پەیتا‌و ئاشکراکان بە دەر، باقی کردەوەکانی ئەو سیستەمە کە ئێستا بە ناوی "دەوڵەتی ئیسلامی"ەوە کار دەکا لە گەڵ کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی جیاوازیی زۆریان نیە. تەنانەت لە سەربڕین‌و تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەکانیش بەڵگە هەن کە دەسەلمێنن یەکەم بکەرانی سیستەماتیکی ئەو کردەوە دڕندانانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. کۆمەڵکوژییەکانی نەورۆزی خوێناویی شاری سنە، کۆمەڵکوژییەکانی قارنێ‌و قەڵاتان، گێچێ، شەڕی نەغەدە‌و بە سەدان لەشی لەت‌و کوت کراوی خەلکی بێ تاوانی کوردستان، تورکمەن سەعرا، بەلووچستان‌و هتد بەرچاوترین نموونەن. لەم ساڵانەی دواییش دا سەربڕینی پەروانە‌و داریووشی فرووهەر‌و بە زیندووی لە گۆڕنانی بە دەیان خەباتکاری سیاسی هەموویان هاوشێوەی جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی یا داعشن، بەڵام وێنە‌و ویدیۆکانی لە سەر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو نەکراونەوە.

بێجگە لە دڕندەیی‌و مرۆڤکوژی، چەند لایەنی هاوبەشی دیکەی دەولەتی ئیسلامی (داعش)‌و کۆماری ئیسلامی (جما) هەن کە بە کورتی دەکرێ چەند نموونەیکیان بەم شێوەیە ناو بەرین:

هەر دوو سیستەم بە تەواوی لە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ، دێمۆکراسی‌و ئازادییە تاکیەکانن. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا، ڕێژیمی ئێران بیرۆکەی مافی مرۆڤی بە دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی بە ناو کردوە‌و بە توندی لە دژی هەموو هەوڵ‌و تەقەلایەک بۆ هێنانە ڕۆژەڤی مەسەلی مافی مرۆڤ لە ئێران دا ڕاوەستاوە. داعشیش هەر بەو شێوەیە مافەکانی مرۆڤ‌و مافی تاک بە دژی یاسا ئاسمانیەکان‌و وەک بەشێک لە سیستەمی ڕۆژئاوایی لە دژی بەها ئاینیەکانی خۆی لە قەڵەم دەدا‌و بە کردەوە لە دژی مافی مرۆڤ دەجووڵێتەوە. سەبارەت بە دێمۆکراسیش، جیاوازییەک لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا نابیندرێ. نویترین تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی لە سەر مەسەلەی دێمۆکراسی، پێشنیاری یاسای حیزبە سیاسیەکانە کە لە لایەن مەجلیسی شوورای ئیسلامیەوە خراوەتە ڕۆژەڤەوە‌و مەرجی سەرەکی تێکۆشانی سیاسی بە پێبەندبوونی حیزبە سیاسیەکان بە ئەسڵی ویلایەتی فەقیهەوە دەبەسترێتەوە.

هەر دوو سیستەم، مرۆڤ وەکوو ئامرازێک چاو لێ دەکەن کە تەنیا ئەرکی بە جێ گەیاندنی فەرمانی وەلی فەقێ/خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامیە. لە توضیح المسائیلی خومەینی دا مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی ناکامڵ پێناسە دەکرێ کە دەبێ لە لایەن وەلی فەقیهەوە ڕێگای پێشان بدرێ. مرۆڤ تەنانەت بە مەڕ تەشبێ کراوە کە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە پێڕەوی لە بڕیار‌و حوکمی دەسەڵاتداری ئایینی بکا. داعشیش هەر تێڕوانینێکی بەم شێوەیە لە سەر مرۆڤ‌و مرۆڤایەتی هەیە.

هەر دوو سیستەم، خۆیان بە تەنیا‌و تەنیا ئالتەرناتیڤی دەسەلاتی سیاسی‌و تاکە دەسەڵاتداری شەرعی سەر رووی زەوی دەزانن کە تەنیا لە خودا‌و ڕێبەر فەرمان وەردەگرن‌و لە بەرامبەر ئەوان دا بەرپرسیارن. قسەکانی ئەبووبەکر ئەلبەغدادی خەلیفۆکەی خۆ سەپێن بە سەر هەرێمە سوننیەکانی عێراق‌و سوورییەدا سەبارەت بە شێوەی دەسەڵاتداری دەقاودەق لە گەڵ قسەکانی خومەینی دوای گەڕانەوە لە پاریس لە ساڵی ١٣٥٧ دا یەک دەگرنەوە کە داوای لە خەڵک دەکرد یارمەتیدەری بن تا بۆ زاڵ کردنی دینی خودا بە سەر هەموو جیهان دا سەربکەوێ. لە چوارچێوەی ئەو بیرۆکەدا بوو کە خومەینی هەموو حیزبە سیاسیەکانی ئێرانی هەڵوەشاندەوە‌و تەنانەت فەرمانی جیهادی لە دژی گەلی کورد ڕاگەیاند.

هەر دوو دەسەڵات بەردباران لە ژێر بیانووی سزای ڕەوای شەرعی دا بەڕێوە دەبەن، داعش زیاتر‌و ڕاشکاوانتر وکۆماری ئیسلامیش هەر چەند ئێستا کەمتر لە سالەکانی سەرەتای دامەزرانی بەڵام بە شێوەی ئاشکرا‌و ڕاگەیەندراو. ئێران بێجگە لە بەردباران کردن، هیچ مانگێک نیە کە لە بەر چاوی خەڵک‌و لە گۆڕەپانەکانی شارەکان دا چەند سزادراوێک هەڵناوەسێ. مەسەلەی بەردبارانیش هەم لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی دا‌و هەمیش لە شووڕای نیگابان دا وەکوو بنەمایەکی سزای ئیسلامی پێداگری لە سەر کراوە‌و بە کردەوە بەڕیوە دەبردرێ. داعشیش هەمان کار دەکا، بەڵام کردەوە نامرۆڤیەکانی دەخاتە سەر میدیا کۆمەڵایەتیەکان‌و ڕێکلامی پێوە دەکا.  

داعش‌و جما کۆکن لە سەر ئەوەی کە هەر کەس‌و لایەنێک کە لە دژی شێوەی دەسەڵاتداریی ئەوان بێ، هیچ چەشنە مەشرووعیەتی نیە‌و نە تەنیا نابێ دەرفەتی کارکردنی پێ نەدرێ، بەڵکوو دەبێ لە بواری فیزیکیشەوە لە نێو ببرێ‌و شوێنەواری بسڕێتەوە. لەم ڕۆژانە دا ٢٥ ساڵەی تێڕۆری ڕێبەری هەمیشە زیندووی کورد، دوکتۆر قاسملوومان بەڕێوە برد‌و دوای ماوەیەکی کورتی دیکە لە ساڵڕۆژی تێڕۆرکردنی ڕێبەری نەمر دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی نزیک دەبینەوە. ئەو دوو رێبەرە، نموونەی بەرچاوی قوربانیانی تێڕۆری کۆماری ئیسلامین کە وەک داعش هەموو جیهانی بۆ دژبەرانی خۆی نائارام کردوە.

داعش‌و جما خۆیان بە سیستەمی جیهانگیر دەناسینن کە بۆ پەرەپیدانی دەسەڵاتی خۆیان بە سەر هەموو جیهان دا، دەبێ هەموو ئامرازیک بە کار بێنن. بیرۆکەی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی پێشتر لە لایەن خومەینیەوە هاتە گۆڕێ. ئەگەر ئێستا داعش باسی لابردنی سنوورەکان‌و دامەزراندنی دەسەڵاتی جیهانیی خۆی دەکا، تەنیا کۆپیەک لە بیرۆکەی خومەینیی زیندوو کردۆتەوە‌و شتێکی نوێی نەهێناوەتە گۆڕێ. بەڵام هەر پاش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی‌و بەر لەوەی کە ئەو ڕێژیمە بتوانێ لە ناوچەدا مەیدانداری بکا سەددام توانی لمبۆزی خومەینی لە قوڕ وەربدا‌و لە بەرامبەر زێدەخوازیی ئەو دا ببێ بە لەمپەر. کۆماری ئیسلامی ئێستاش ئەو بیرۆکەیەی وەلا نەناوە‌و بە داسەپاندنی هێژێمۆنیی سیاسی، دینی، ئایدیۆلۆژی‌و تەنانەت سەربازیشی لە بەشی شیعەنشینی عێراق، لە سوورییە، لوبنان، لە نێو شیعەکانی ئەفغانستان، پاکستان، وەڵاتانی کەنداو‌و هتد دیارترین نموونەن کە دەردەخەن ئێران بە چ شێوەیەک خەریکی ناردنەدەرەوەی بیرۆکەی سیاسی خۆی دایە. داعش تازە هاتۆتە مەیدانەوە.

داعش‌و جما بڕوایان بە هێزی چەک هەیە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی هێزەکانی سوپا‌و بەسیجی بۆ خۆ تەیار کردن بە چەک، پارە، دەسەڵات‌و دەست بە سەرداگرتنی تیجارەتی نێونەتەوەیی ئێران دا ئاواڵە هێشتۆتەوە. بە شێوەیەک کە سوپای پاسداران بێجگە لە کۆنترۆلی هەموو ئێران، بە کردەوە شەڕی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە، بەرنامەکانی لایەنە شیعەکانی عێراق، حیزبوللای لوبنان‌و شەڕی هێزە توندڕەوەکان بە دژی ئیسرائیل بەرێوە دەبا. بە پێی لێکدانەوەی پسپۆرە نێونەتەوەییەکان سوپای پاسدارانی ئێران یەکێک لە بە هێزترین‌و بە نفووزترین ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. سوپاش بە هێزی چەک‌و پارە ئەو دەسەڵاتەی وەدەست هێناوە. داعش هەمان سیاسەت پێڕەو دەکا.

دیارە هەر دوو سیستەم لە زۆر شتیش دا دژ بە یەکتر ڕاوەستاون‌و وەکوو دوو جەمسەری دژ بە یەک هەڵس‌و کەوت دەکەن، بەڵام لە دژایەتی لە گەڵ مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، دێمۆکراسی‌و مافی تاک بۆ بڕیاردان دا هەر دوو سیستەم یەک دەگرنەوە‌و بۆیەش لایەنی هاوبەشیان لە لایەنی لە یەکتر جیاکەرەوەیان زیاترە.

لەم دواییانەدا جمووجۆڵی هێزە سەلەفیەکانی لایەنگری داعش لە بەلووچستان‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕوو لە زیاد بوونە. کۆماری ئیسلامی زۆر بە چاکی ئاگای لەو جمووجۆڵانە هەیە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوێکی جیددیی بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ئەو گرووپانە هەڵنەهێناوەتەوە. دیارە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە ریگادان بە خۆ بە ڕێک خستن‌و چالاکی هێزە سەلەفیەکانی لایەنگری داعش لەو ناوچانەی ئێران کە دانیشتوانی سوننین، بە تایبەت لە کوردستان ئەوەیە کە پێش بە گەشە کردنی بیری ئازادیخوازی‌و ئالتەرناتیڤێکی سیاسیی دڵخوازی خەلک بگرێ. لە هەمان کاتیش دا بە بیانووی دمکوتکردنی هێزە سەلەفیەکان، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ پێش بە تێکۆشانی دێمۆکراسیخوازانەی بزووتنەوەی کوردستان بگرێ‌و لە ئاستی نێونەتەوەیش دا مەشرووعیەت بەو کارەی خۆی بدا.

سەرهەڵدانی داعش‌و کردەوە جینایەتکارانەکانی ئەو کۆمەڵە دژ بە مرۆڤە، بەر لە هەموو لایەک بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو بووە‌و تەواو دەبێ. چونکە کردەوەکانی داعش بە شێوەیەک ڕۆژەڤی مێدیا‌و سیاسەتی جیهانیان داگرتوە کە وردە وردە خەریکە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی پەردەپۆشی بکرێن. لە ئاستی نیونەتەوەییدا، تێرۆری ڕێبەر‌و چالاکڤانە سیاسیە کورد‌و ئێرانیەکان لە دەرەوەی وەڵات، تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین، هێڕش بۆ سەر بنکەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا لە بێرووت‌و بە دەیان جینایەتی نێو نەتەوەیی دیکە لە نێو دۆسیای کۆماری ئیسلامی دان کە ئێستا بە کارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش خەریکە لە بیر بکرێنەوە. لە حاڵێک دا کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایدیۆلۆژی، کردەوە‌و ڕوانگە‌و کردەوەکانی ئەو دوو جەرەیانە دا نیە.   


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2062
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy