مسته‌فا هیجری سكرتێری حیزبی دیمۆكراتی كورستانی ئێران لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ [ماڵپه‌ڕی] دەستوور گۆڕانكارییەکانی ئەم دواییانەی عێراق و کۆنترۆڵکردنی کەرکوک به هه‌لێكی مێژووی ده‌زانێت و پێیوایه ئه‌گه‌ر كوردانی باشور ئه‌م هه‌له نه‌قۆزنه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی مێژووی به‌روو دەبنەوە.
مسته‌فا هیجری پێشیوایه كۆماری ئیسلامی ئێران بۆیه به توندی دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانه، دەزانێت سه‌ربه‌خۆیی باشوور كاریگه‌ری له‌سه‌ر نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت کورد دادەنێت.
ده‌ستوور: به‌رێزتان به‌گشتی گۆڕانكارییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌ندێك ناوچه له‌لایه‌ن داعشه‌وه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مسته‌فا هیجری: گۆڕانگارییه‌كانی عێراق دوای ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ‌و چه‌ند شوێنێكی دیكه له عێراق به بۆچوونی من به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حکومەتی عێراق كه به‌ڕێوه‌بردنێکی سهقهتە، ناسیاسی و نا قانونی بووه. ئه‌و حکومەته له سه‌ره‌تای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاته‌وه تا ئێستا نه‌یتوانیوه متمانه‌ی دانیشتوانی ئه‌م وڵاته كه له چه‌ند نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی ئایینی‌و تایفی پێكهاتوه بەدەستبهێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه عێراق به وڵاتی خۆیان بزانن‌و له ژێر چه‌تری یاسایه‌كی دیموكراتیدا هه‌موو لایه‌ك به مافی یه‌كسانه‌وه پێكه‌وه بژین و وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و پێش به‌رن.
ناڕەزاییبوونی پێكهاته جیاوازه‌كان له‌و حکومەته به درێژایی ساڵانی رابوردوو و ده‌سته‌وه‌ستانی حکومەت له دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی ئه‌م كێشانه، فه‌زایه‌كی سیاسی گونجاوی پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی داعش و پاشماوه‌كانی ئه‌فسه‌رو ئه‌منه‌كانی به‌عس و عه‌شیره‌ته سوننییه‌كان له په‌نای خه‌ڵكی نارازیدا ریزه‌كانی خۆیان یه‌كگرتوو بكهنو بتوانن به‌شێك له ناوچه‌كانی عێراق كه له باری سیاسی‌و جوگرافییه‌وه گرنگن، داگیربكهنو بیبه‌ستنه‌وه به‌و ناوچانه له سووریه كه له‌ژێر كونترۆڵی داعشدایه.
خاڵێكی گرنگی دیكه كه لێره‌دا پێویسته هیمای بۆ بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له وڵاتانی به‌هێزی ناوچه‌ش له‌م فه‌زایه كه‌ڵكیان وهرگرتو به مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ده‌ستیان خسته ناو عێراق. هه‌ركام له پێكهاته‌كانیش وه‌ك سوننه‌و شیعه بۆ به‌هێزبوونی خۆیان و شكستپێهینانی لایه‌نی دژ به‌خۆیان پاڵیان به‌یه‌كێك له‌و هێزانەوە دا، ده‌توانین بڵێن تا ئاستێك بوونه‌ته كارتی كایه‌ی ده‌ستی ئه‌و هێزانه و له ئاكامدا شه‌ڕه ناوخۆییه‌كه‌ی عێراق بوو شه‌ڕی (پراكسیproxy ) شه‌ڕی بەوەکالەت كۆماری ئیسلامی ئێران لهلایهكو به‌ره‌ی به‌شێك له‌و وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ندی عه‌ره‌بی به‌سه‌رۆكایه‌تی سعوودیە له‌لایه‌كی دیكه.
ئه‌م هۆیانه و زۆر هۆی دیكه، پێمانده‌ڵێن كه پێده‌چێ ئه‌م ئاڵۆزی و ئاژاوه‌یه درێژخایه‌ن و خویناوی بێت، گۆڕینی سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌وپه‌ڕی خۆیدا ده‌توانی ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ئارامیه‌كی رێژیهیی پێكبێنێت، به كورتی دووره دیمه‌نی پێكه‌وه هه‌ڵكردنی ئه‌م پێكهاته فره جیاوازییانه كه هێندێكیان دوژمنایه‌تی مێژووییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه جێگای هیواداری نیه.
ئه‌و گۆڕانكارییانه ده‌توانی بۆ كورد ببێته ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ ئه‌وه‌ی به قازانجی خۆی كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت و چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆییدا بێت، به مه‌رجێك هێزه سیاسییه‌كانی كورد یه‌كریزبن و دژمنانی گه‌لی كورد و له‌سه‌رووی هه‌موویان كۆماری ئیسلامی ئێران نه‌توانێت جیایی له نێوانیاندا سازبكات و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان لهكیسبدات.
ده‌ستوور: پێتانوایه گۆڕانكارییه‌كی به‌رفراوانی ناوچه‌یی به‌ڕێوه‌یه؟
مسته‌فا هیجری: ئه‌گه‌ر ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسكرا لێكدانه‌وه‌یه‌كی دروستبێت، ئەوا ئاكامه‌كه‌ی ده‌بێته گۆڕانكاری له ناوچه به‌تایبه‌ت له پانتایی عێراقدا. به‌رفراوان بوون یان به‌رته‌سكبوونی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش به‌شێكی به‌ستراوه‌ته‌وه به وه‌زعی داهاتووی سووریا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه كه ره‌وتی كایه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
ده‌ستوور: پێتانوایه دوایین گۆڕانكارییه‌كانی عێراق له درێژماوه‌دا له قازانجی كورد كۆتایی پێبێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كورد كه‌ركوكی گرته‌وه؟
مسته‌فا هیجری: من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر كورد به یه‌كگرتوویی و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی ورد بچێته نێو كایه‌كه‌وه، ده‌توانی زۆرترین قازانج له‌و وه‌زعه بكات، ته‌نانه‌ت به مانه‌وه له چوارچێوه‌ی عێراقیشدا. به‌ڕاستی هه‌لێكی نایابه كه بۆ كوردی باشوور هه‌ڵكه‌وتوه، ئه‌گه‌ر له كایه‌كه‌دا هه‌ڵه بكات و له كیسیبدا له به‌رانبه‌ر مێژوودا به‌رپرسیار ده‌بێت.
ده‌ستوور: ئێوه چۆن ده‌ڕواننه پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان؟ پێتانوایه كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌رێمی كوردستان دوای ڕاپرسی سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یه‌نێت؟
مسته‌فا هیجری: بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی كوردستان فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ئابوورییه‌كی به‌هێزه كه كوردستان به بوونی یه‌ده‌كێكی به‌رفراوانی نه‌وت ئه‌و فاكته‌ره‌ی له‌به‌رده‌ستدایه، كه ئه‌و فاكته‌ره ده‌توانی فاكته‌ره سیاسییه‌كه‌شی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌گه‌ر بێتوو خه‌ڵك بۆ ماوه‌یه‌ك قه‌ناعه‌ت بكهنو به‌رگه‌ی زهختو زۆره‌كانی دوژمنانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بگرن‌و پشتی حکومەتهكهیان بگرن.
فاكته‌ری گرنگی دیكه‌ش بێجگه له قسه و باسه‌كانی ئاشكرا كه له‌سه‌ر راگه‌یاندنه گشتییه‌كان ده‌كرێن، چۆنیه‌تی ساتوسه‌ودای حکومەتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانی ناوچه‌و رۆژئاوا به تایبه‌ت ئه‌مریكایه، كه تا چه‌ند له‌و راستایه‌دا یارمه‌تیده‌ری ده‌بن، رێگای به‌ڕووی دنیادا بۆ ده‌كه‌نه‌وه له كۆتاییدا ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه به‌ڕه‌سمی ده‌ناسن. ئه‌و به‌شه‌ش بۆ من ئاشكرا نیه، بۆیه ناتوانم پێشنینی بكه‌م كه سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نن یان نا.
ده‌ستوور: ئێران به ئاشكرا‌و راسته‌وخۆ دژایه‌تی خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووه، هه‌ڵویستی حیزبی دێموكرات له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌كانی ئێران چییه؟ پێتانوایه ئێران بۆ ئه‌وا خێرا و به توندی هه‌ڵویستی گرت؟
مسته‌فا هیجری: ئه‌وه‌ی كه ئێران له پێش ههموانداو به ئاشكرا دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌رێم راگه‌یاندوه، بۆ ئێمه شتێكی تازه نیه و لامان سه‌یر نیه. كۆماری ئیسلامی دژی مافه نهتهوایهتییهكانی كورده له هه‌موو به‌شه‌كاندا. كۆماری ئیسلامی به‌دیدێكی ئه‌منیه‌تی سه‌یری ئه‌م پرسه ده‌كات و ده‌زانی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌زعی ئێران‌و عێراق له‌و خاڵه‌دا وه‌ك یه‌ك وایه. چونكه له ئێرانیشدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان‌و به تایبه‌ت كورد له‌و رێژیمه بێزارن، بۆیه سه‌ربه‌خۆبوونی باشوری كوردستان یان هه‌ركام له به‌شه‌كانی دیكه ده‌توانێت هانده‌رێك بێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له ئێرانیش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بچنه ناو ئه‌و پرۆسه‌یه و به‌م شێوه‌یه ئێران دابه‌شبێت.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران مافی دیاریكردنی چاره‌نووس به مافی كورد دهزانێو خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌شی له‌و پێناوه‌دا بووه. بۆیه ئێمه پشتی حکومەتی ههرێمو خوشك‌و براكانمان له باشوور ده‌گرین له حاڵه‌تێكدا كه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یه‌نن، له‌و پێناوه‌دا چیمان بۆ بكرێ ده‌یكه‌ین.
ده‌ستوور: به بڕوای ئێوه كاردانه‌وه‌كانی ئێران به شێوه‌ی كرده‌یی (عملی) له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی چی ده‌بێت؟
مسته‌فا هیجری: ئێران ده‌توانێ سنووره‌كانی به‌رووی هه‌رێمدا دابخات، هه‌روه‌ك ساڵانی رابوردوو به‌هانه‌یه‌ك ساز بكات بۆ تۆپبارانكردنی ناوچه سنوریه‌كان، له‌نێوخۆی كوردستاندا به هۆی هەندێك به كرێگیراوی خۆی ته‌قینه‌وه بكات، كاری تیرۆریستی بكات، كێشه‌و دووبه‌ره‌كی له نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا پێكبێنێو هێندێك كاری دیكه.
ده‌ستوور: پێتانوایه ئێران بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ئه‌گه‌ری دابه‌شبونی عێراق، ده‌ستێوه‌ردانی به‌رفراوانی سه‌ربازی بكات؟
مسته‌فا هیجری: ئێران نه‌ك به‌شێوه‌ی ئاشكرا، به‌ڵكو له‌ژێر فه‌رمانده‌ی سوپای عێراقداو به ناوی سوپای عێراق به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كه به ناوچه ناكۆكه‌كان ناسراوه به تایبه‌ت كه‌ركوک كه ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دایه، هێزه‌كانی خۆی دەنێرێت بۆ شه‌ڕی پێشمه‌رگه بنێرێته ئه‌و به‌شانه.
ده‌ستوور: كاریگه‌ری سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر پارچه‌كانی تر و به تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چی ده‌بێت؟
مسته‌فا هیجری: كاریگه‌ری ئه‌رێنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی كوردستان زۆربه‌هێز ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ش كۆماری ئیسلامی له‌وه تۆقیوهو له ئێستاوه كه‌وتوه‌ته هه‌ره‌شه‌كردن.
ده‌ستوور: له‌دوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، چاره‌نوسی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تی (حدكا)، چۆن ده‌بێت، پێتانوایه ده‌وڵه‌تی كوردی لێره چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵدا بكات؟
مسته‌فا هیجری: من هیچ هۆیه‌ك نابینم كه مامه‌ڵه‌ی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات كه له‌و به‌شه نیشته‌جێن له‌گه‌ڵ ئیسته فه‌رق بكات، بهڵكوتو ده‌توانێ باشتر بێت.
ده‌ستوور: ئایا له‌داوی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان، حیزبی دێموكرات به هه‌مان شێوازی پێش سه‌ربه‌خۆی درێژه به خه‌بات و چالاكی سیاسی و راگه‌یاندن ده‌ده‌ن، یان چاوه‌روانی دیكه‌تان له ده‌وڵەتی سه‌ربه‌خۆی باشوری كوردستان ده‌بێت؟
مسته‌فا هیجری: ئێمه خهباتو چالاكی خۆمان به‌گوێره‌ی توانا درێژه دهدهینو تا ئه‌و كاته‌ی به‌شی ئاشكرای حیزبه‌كه‌مان له باشوور نیشته‌جێیه تێده‌كۆشین نه‌بینه كۆسپ به‌ڵكوو یارمه‌تیده‌ری ئه‌و حکومەته ده‌بین، به ده‌ركی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌و حکومەتهش چاوه‌روانیمان لێی ده‌بێت.
ده‌ستوور: بۆچی حیزبی دێموكرات هه‌ڵویستێكی ئاشكرای نه‌بووه له‌باره‌ی هێرشه‌كانی داعش به‌تایبه‌تی هێرشه‌كانی ئه‌و رێكخراوه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كۆبانی له رۆژئاوای كوردستان؟
مسته‌فا هیجری: داعش وه‌كوو ئەلقاعیدهو باقی گرووپه رادیكاڵه ئیسلامییه‌كان ساڵانێكه خه‌ریكی كوشتار وێران كردنن، رۆژانه له ناوچه‌و شوێنه جیاجیاكانی دنیا جینایه‌ت ده‌خولقێنن، له خۆرئاواش یه‌كه‌مجار نیه كه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ناوچه‌یه‌كی كوردنشینی وه‌كوو كوبانی، بۆیه به پێویستمان نه‌زانیوه كه هه‌ڵویست ده‌رببڕین.

