هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

رێبەری 360 پلە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن
 

majid_-_web_-_taybet_1پێشکەش بە

25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی

وتاری 25‌و کۆتایی

مێژووی کورد‌و کوردستان رێبەری کلاسیکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. خانی لەپزێرین رێبەری خەباتی قەڵای دمدم دژی پاشایی سەفەویەکان بوو. شێخ عوبەیدوللا نەهری سەرۆکی جۆڵانەوەی نەهری بوو‌و سەرەرای ئەوەی کە یەکەم تەڤگەری کورد بوو کە ئامانجی رزگاری هەموو کوردستان بوو، بەڵام دوای لەناوچوونی رێبەری جۆڵانەوەکە، بزاڤی نەهری تێک چوو. سمایل ئاغای سمکۆ کە بە باوکی ناسیۆنالیزمی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە جۆڵانەوەکەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کراوە. لە ئاستی جیهاندا ویلیام والاس (William Wallace) رێبەری خەڵکی سکۆتلاند بوو بۆ سەربەخۆیی ئەو وڵاتە. وینستۆن چێرچیل بە رێبەری خەبات‌و بەرخودانی لە شەڕی دووەمی جیهانی دژی ئەڵمانیای نازی‌و هەروەها زیرەکی‌و هۆشمەندی لە جیهانی سیاسەت دا ناسراوە. ماهاتما گاندی رێبەری خەباتگێری هیندۆستان بوو‌و بە رێبەری خەباتی مەدەنی‌و دوور لە توندوتیژی ناسراوە. مارتین لوتێر کینگ بووبە خەونی ئاشتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا‌و قازی محەمەد بە پێشەوای کورد کە کۆماری کوردستانی دامەزراند بە حیکمەت‌و بەمشووری خۆیەوە ناسراوە. هەرکام لەو کەسانە رێبەری گەورەبوون. هەرکام لەوانە کاردانەوەیەکیان هەبووە کە شوێندانەر بووە لە سەر ژیانی بەملیۆنان مرۆڤ. بەڵام هەر ئەو نموونانە دەتوانن هەڵخەڵەتێنەر بن. ئەوەی راستی بێت لە سەدا 99ی رێبەری نەک لەسەرەوە بەڵکوو لە ناخی خودی رێکخراوەوە روو دەدات. هەر رێکخراو بە گشتی یەک کەسی وەک رێبەر هەیە. بەڵام ئەگەر بێت‌و کەسێک ئەندامی رێبەری نەبێت دەبێ چی بکات؟ لە رێگای رێبەری 360 پلەدایە کە مرۆڤ دەتوانێت فێربێت لە هەر شوێنێک بێ، دەتوانێت شوێندانەر بێت لە سەر رێکخراوەکە. مرۆڤ فێر دەبێت تا رێبەری کەسانی بەرپرس، ئەندامانی ئاسایی‌و کادرەکان بکات. کە لە رێگای یارمەتیدانی کەسانی دیکە یارمەتی خۆیانیش دەدەن. کەسانی وەک نێلسۆن ماندێلای ئەفریقای باشووری، دکتۆر قاسملوو، بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کۆفی عەنان سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ریزی رێبەرانی 360 پلەن. هەرکەسێک کە ئاستی لێهاتوویی بەرزتر لە ئاستی لێهاتوویی نێونجی بێت‌و لەو رێگایەدا خەبات بکات دەتوانێت ببێتە رێبەری 360 پلە. هەروەک بەرلە کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکرتی کوردستانی ئێران، قاسملوو سەلماندی، پێویست ناکات بۆ ئەوەی کەسێک رێبەر بێت ئەندامی دەستەی رێبەرایەتی یان کۆمیتەی ناوەندی بێت، بەڵکوو رێبەری باش نەتەنیا لەو شوێنەی کە هەیە دەتوانێت رێبەری خەڵک بکات، بگرە دەتوانێت رێبەری کەسانێک بکات کە ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریشن. لەو بەشەدا بە کورتی بابەتەکانی خوارەوە شی دەکرێنەوە: • تێگەیشتنی هەڵە لە پلەی رێبەری • بەربەرەکانی لە گەڵ بەهێزترین چالش‌و لێگەریک کە کادرەکانی دەرەجە سێ‌و دووی حیزب بەدەستیەوە دەنالێن • ئەزموون لە رێبەری‌و بەرێوەبەریدا • دەستنیشان کردنی نرخ‌و بایەخەکانی رێبەریی 360 پلەیی.

 

majid_-_wtar_-_25_-_2


تێگەیشتنی هەڵە لە پلەی رێبەری لە کۆنگرەی چواردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاتێک لە دوو کاندیدی ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندیم پرسیار کرد کە بۆچی خۆیان بۆ ئەندامەتی رێبەری کاندید دەکەن؟ وەڵامیان بۆ من سەرسوڕهێنەر بوو: "چونکە هەمووکەس خۆی کاندید دەکات ئێمەش دەکەین"! بەرلەوەش زۆرکەس لەو کەسانەی کە خۆیان کاندیدی رێبەری کرد، بەو وتەیە کە "جارێ ناتوانین باسی بەرنامەی سیاسی بکەین، تا نەبین بە ئەندامی رێبەری" خۆیان گەیاندە ئەندامەتی رێبەری‌و دواتریش بینرا کە نە سیاسەتێک گۆردراو‌و نەش فەرهەنگێک. یەکێک لەو هەڵەتێگەیشتنانەی کە زۆرکەس لە رێبەری هەیانە ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە رێبەری واتا "پۆست"‌و "پلەی تەشكیلاتی"ە. بەڵام بەکردەوە وا نیە. بۆ ئەوەی کەسێک رێبەر بێت پێویست ناکات بەرزترین پلە‌و پۆستی تەشکیلاتی هەبێت. ئەو کەسەی کە وا بیر دەکاتەوە تووشی هەڵەتێگەیشتن لە رێبەری بووە. پێوانەی سەرەکی رێبەری شوێندانەر بوونە نەک شتێکی دیکە. رێبەری واتا پێشکەوتن‌و گەشەسەندن‌و مافی رێبەری کاتێک کە کەسێک دەبیندرێت‌و گفتگۆی لە گەڵ دەکرێت بەدەست دێت. ئەمەکە لە چ ئاست‌و قۆناغێکی رێبەریت گرێدراوە بە رابردوو‌و پێوەندی خۆت‌و ئەو کەسەی لە گەڵی گفتگۆ دەکەی. پۆست‌و ئاستی تەشکیلاتی کاریگەری کەمتر لە پلەی رێبەریدا هەیە. شوێندانەر بوون لە سەر خەڵک لە ئامادەیی مرۆڤ بۆ رێبەری سەرچاوە دەگرێت نەک پلەی تەشکیلاتیانەوە. رێبەری هەڵبژاردەیەکە کە مرۆڤ دەکات نەک کورسیەک کە لە سەری دادەنیشێت. هەڵەیەک کە مخابن لە ساڵانی رابردوودا هەر بەهۆی ئەو کورسیەی رێبەریەوە بوو بە هۆی خوڵقاندنی قەیرانی بڕوا لە ناو حیزبی دێموکرات دا. هەرکەسێک دەتوانێت ببێتە رێبەرێک بە بێ ئەوەی خاوەنی کورسی بێت.

ئامانجی هەڵە زۆرکەس پێیان وایە، کە کاتێک پلە یان پۆستی رێبەریان بەدەست هێنا، ئەوکات رێبەری دەکەن. کەچی ئەزموونی ساڵانی رابردوو لە نێو حیزبی دێموکرات‌و زۆر لە ریکخراوەکانیش دەریخستووە کە کاتێک کەسێک بە تەواوی خۆی پێنەگەیاندووە‌و شارەزایی رێبەری بەدەست نەهێناوە هەڵبژاردن یان بەدەستهێنانی پۆستی رێبەری ناتوانێت هاوکار بێت بۆ ئەوەی وەک رێبەرێک ببیندرێت. کەسانێک کە بەرلە ئەندامەتی لە ریزی رێبەریدا خۆیان پێنەگەیاندووە‌و پێیان وایە لە پرۆسەی بڕیاردانەکانی ریبەریدا پیدەگەن، لەوانەیە ببنە هۆی زیانی قەرەبوو نەکراو بۆ رێکخراو. کۆنگرە دەتوانێت پۆستی رێبەری بەکەسێک ببەخشێت بەڵام ناتوانێت پلەی ریبەری بەکەسێک بدات. شوێندانەری دەبێ بەدەست بهێندرێت هەروەک رێبەری حیزب‌و رێکخراویش دەبێ بەدەست بهێندریت. پۆست‌و پلەی ئیداری تەنیا هەلێکە بۆ هەڵبژێدراوان. هەلی ئەوەی کە هەڵبژاردە هێزی رێبەری خۆی بسەلمێنێت. رێبەرانی راستی بە بێ بوونی پلەی تەشکیلاتیش دەتوانن کاریگەر بن. ئەوەی کە پلەی رێبەری بە مرۆڤ دەبەخشێت پلەی تەشکیلاتی نیە، ئەوە پلەی رێبەریە کە پلەی بایەخ بە پلەی تەشکیلاتی دەدات. هەڵە تێگەیشتن لە ئەزموون تەمەنی درێژ لە ناو رێکخراوێکدا بە واتای ئەزموونی بەرێوەبەری نیە، تەنانەت بوونی پلەی تەشكیلاتی‌و بەرپرسایەتی جۆراوجۆر بە بێ ئامادەیی رێبەری ناتوانێت یاریدەدەری کەسان بێت بۆ بوون بە رێبەر. لە گەڵ ئەمەش بە بێ بوونی ئەزموونی پێویست ناکرێ رێبەری رێکخراوێک بکرێت. کەسێک کە بێ ئەزموون ببێ بە رێبەری رێکخراوێک لەوانەیە وا هەست بکات، کە بەو پێیەش دەسەڵاتی زیاتر بووە. کەچی کاتێک کەسێک لە ئاستی هەرە سەرەوەی بەرپرسایەتی رێکخراو بێت زیاتر لە جاران هەست بەوە دەکات کە پێویست بە هێزی شوێندانان بە سەر خەڵکەوە هەیە‌و چونکە هۆیەکانی دیکەی رێکخراویی‌و ژینگەیش دەبنە هۆی کۆنترۆل کردنی رێبەر. رێبەری واتە بەرپرسایەتی کەسانێک هەن کە بەهەڵە وا تێگەیشتوون کە کاتێک بوون بە بەرپرس‌و کەسی یەکەمی رێکخراوێک دەبنە خاوەنی هەموو ئازادیەکان‌و هیچ شتێک ناتوانێت سنووریان بۆ دیاری بکات. لەکاتێکدا مرۆڤ پێبەپێی بەرزبوونەوەی پلەی تەشکیلاتیەکەی ئاستی بەرپرسایەتیشی بەرز دەبێتەوە‌و هەرچی ئاستی بەرپرسایەتی زیاتر بێت، ئازادی کارو کردەوەشی لە دەست دەدات. کاتێک مرۆڤ پلەی بەرزتر بێت‌و لە رێکخراوێکدا بەرپرسایەتی بەدەست بێنێت یا پێی ببەخشرێت لە بەرمابەری دا چاوەڕوانی لەو زیاتر دەبێت. رێبەرێک کە نەتوانێت لانی کەمی چاوەڕوانی لایەنگرانی جێبەجێ بکات، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیروهزری خەڵکدا بە رێبەر بمێنێتەوە‌و دەوروبەری رۆژژمێری دەکەن بۆ دوورخرانی لە دەسەڵات.

هەڵەگەیشتن لە تواناییەکان زۆرکەس لە پۆتانسیەل‌و تواناییەکانی خۆیان هەڵە تێدەگەن وپێیان وایە تا نەبنە ئەندامی رێبەری یا خود کەسی یەکەمی رێکخراو ناتوانن هەموو پۆتانسیەل‌و تواناکانی خۆیان ئاشكرا کەن. مرۆڤ دەشێ لە کاروچالاکی‌و شوێندانەری دا بەرز بێت نەک لە پلەی تەشکیلاتی‌و رێکخراوەییدا. هەر مرۆڤێک هەوڵ دەدات کە تواناییەکانی خۆی بەرز بکاتەوە‌و شوێندانەر بێت. مەرج نیە بەرزترین پلەی رێکخراوەیی باشترین شوێن بێت بۆ شوێندانەری‌و کاریگەربوون. رێبەری 360 پلەیی سەرکەوتن لە بەرامبەر بیروبۆچوونێک کاتێک ئەستەمە کە مرۆڤ بۆخۆی خاوەنی ئەو بیروهزرە نەبێت. لە ماوەی کۆنگرەکانی 10 تا 13ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەوڵێکی زۆر درا بۆ گۆرانی ئامانجی دوارۆژی حیزبی دێموکرات. دوای ئەوەی کە بە ئەنجام نەگەیشتن. عەبدوڵا حەسەنزادە لە وتەیەکدا وتبووی "ئەو دروشمە بە کەس لاناچێت، چونکە قاسملوو دایناوە". بیری قاسملوو مەرج نیە بیرێکی رەها‌و هەتاهەتایی بێت، بەڵام وتەی بەرێز حەسەنزادە نهێنیەکی تێدایە. بۆ کەسێک کە بهیەوێ دروشم‌و ئامانجێک لە حیزب‌و ریکخراوێکدا بگۆرێت دەبێ ئاڵترناتیڤێکی چاکتر لەوەی کە تا ئێستا هەیە هەیبێت. ئەمەش پیویستی بە سەرمایەگوزاری لە سەر بیروباوەڕ‌و ئامانجی نوێ دەکات. مرۆڤ هەرچی زیاتر لە سەر بیروبۆچوونی خۆی سەرمایەگوزاری بکات، زیاتر وەک بیروبۆچوونی خۆی دەچێت. لە رەوشێکی وادا، بیروبۆچوونی مرۆڤ لە بیروبۆچوونی کەسانی دیکە بەجۆشتر‌و نزیکترە بە جێبەجێ بوون. رێبەری کەسانێک کە تەمەنێکی زیاتر لە ژیانی سیاسی‌و خەباتی نەریتی دا بوون، کارێکی ئاسان نیە. رێبەری واتە شوێندانەر بوون. رێبەرێک کە نە ئامانجێکی هەبێت‌و نە شوێندانەر بێت، کەس پێرەوی لێ ناکات. لە حیزبێکی نەریتیدا هەرچی مرۆڤ لە دەرەوەی بازنەکانی کۆنی دەسەڵات بێ، لەوانەیە رێگای پێنەدرێت رێبەریان بکات. ئەمەش یەکێک لە چالشە سەرەکیەکانی دکتۆر قاسملوو بوو لەو رۆژەوە کە ئەو ویستی بە شێوەیەکی چالاکانە لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا رۆل بگێرێت. بۆیە رێبەرانی 360 پلەیی بە جیاتی ئەوەی بڵێن: "خوازیاری پلەیەکم کە خەڵک پێرەویم لێ بکات" دەڵێن "دەمهەوێ بگەمە ئاستێک کە کە خەڵکانی دیکە پێرەویم لێ دەکەن"، دەگۆڕن. رێبەری ئەندامانی رێبەری حیزب یان ریکخراوێک یەکێک لە گەورەترین چالش‌و لێگەرەکانی ریبەرانی 360 پلەییە. زۆربەی رێبەران پێیان خۆشە رێبەری بکەن بەڵام رێبەری نەکرێن. زۆربەی رێبەران پێیان خۆشە کە بایەخیان زیاتر بێت. کە مرۆڤ لە روانگەی بەرزکردنەوەی بایەخی خۆیەوە بە پرسی رێبەری نزیک بێتەوە زۆرترین هەلی هەیە بۆ شوێندانەر بوون لە سەر خەڵکانی دیکە. لە کاتێکی وادا ستراتێژی مرۆڤ دەبێ پشتیوانی لە تەواویەتی رێبەری رێکخراو‌و لە رێگای ئەنجامی کارە بەرچاوەکان خۆی لە هاوکارانی جیابکاتەوە. بەو واتایە کە بەجیاتی ئەوەی کە سەرنج بداتە کەموکۆری کەسانی دیکە، باشترینی خۆی نیشان بدات. کە مرۆڤ هەموو شتێک بە شێوەی رێکوپێک‌و بەردەوام ئەنجام بدات، ئەوکات بایەخی ئەو لە ناو رێکخراودا بەرز دەبێت‌و رێبەرایەتی بە چاوی ریزەوە سەیری دەکات. لە حیزبێکی پێشکەوتوو‌و بەرپرسدا رێز لە کەسانی وادەگیرێت‌و بە کەسانی وا بڕوا دەکرێت‌و لە کاتی پێویست دا راوێژی لە گەڵ دەکرێت. لەوەها رەوشێکدا شوێندانەری کەسەکە زیاد دەبێت‌و کەسەکە هەلی زیاتری دەست دەکەوێت بۆ رێبەری کردن. یارمەتی سەرکەوتنی رێبەر لە ئەرکەکانیدا، یارمەتی رێکخراوەیە لە کارەکانیدا. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە کەسەکە ئەندامی تیمە. واتا کەسەکە لە راستای ئامانجەکانی تیم کار دەکات‌و دەتوانێت رۆڵێکی گەورەتر بگێرێت. کەسانی سەرکەوتوو ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، کە مرۆڤە ناسەرکەوتووەکان توانای ئەویان نیە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ئەو کەسانە دەبێ کاری زەحمەت‌و دژوار ئەنجام بدەن. کاتێک کە مرۆڤ هەڵبژاردەی زەحمەت هەدەبژێرێت‌و گەیشتن بە ئامانجیش زەحمەت بێت، رێبەران دەکەونە پراکتیکەوە. ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە دەبێ بەرژەوەندیە شەخشی‌و تاکەکەسی‌و گرووپیەکان قوربانی بەرژەوەندی گشتی بکرێت. رێبەرایەتی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات دەشێ لە رەوشی بەرێوەبەریەوە بەرەو رێبەری کردن ئاڵوگۆر بەسەر خۆیدا بێنێت. دەشی زێهنیەت‌و تێگەیشتنی خۆی بەرفراوان بکات. مادام پێشتر قاسملوومان هەبووە، دەبێ رێوشوێنی خوارەوە بۆ بەرەوپێشچوون‌و بەرزبوونەوەی ئاستی رێبەری حێزب وەبەرچاو بگیرێت: • بیرکردنەوە لە هەلومەرجی درێژخایەن • لێکۆلینەوە لە سەر ئاستی شوێندانەری بڕیارەکان • هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگای دیکەی • سەرنجدان بە بابەتگەلی وەک ئەنگیزە‌و هاندان، ورە، هەستەکان، چاوەڕوانیەکان، ژینگە‌و دۆزینەوەی کات • دۆزینەوەی کەسانی چاک‌و کارا‌و سەرمایەگوزاری لە سەر ئەوان • رێبەران دەبێ هەمیشە هۆی گۆرانکاری بن، نەک بەشێک لە گۆڕانکاری

قاسملوو لە ژیانی رێبەری خۆیدا، هارێیان‌و هاوکارانی خۆی هان دەدا بۆ پێشکەوتن‌و دۆزینەوەی ئەنگیزەی بەرەوپێشچوون‌و گەشەسەندن. رێبەری 360 پلەیی بۆ سەرکەوتن دەبێ بە هاوکارانی خۆی نیشان بدات کە بۆچی دەبێ رێزی لێ بگیرێت‌و پێرەوی لەو بکرێت. رێبەری 360 پلەیی هاوکاری هاوکارانی دەکات بۆ سەرکەوتن لە کارەکانی خۆیدا. کاتێک کاری وا ئەنجام دەدرێت، نەتەنیا خزمەت بە حیزب کراوە بەڵکوو رێبەر خزمەتی خۆشی کردووە. رێبەر نابێ لە بەرامبەر کەسانی ژێر رێبەری ئەودان بە تەنیا کار بکات‌و نیشان بدات کە هۆگری لایەنگرانی خۆیەتی. لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی چالاکی حیزب‌و رێکخراوەکەی بناسێت. سروشتیە کە لەناو حیزب‌و رێکخراوەکاندا رکەبەری‌و کێبەرکێ هەیە بۆ بەدەست هێنانی پلە‌و پایەی تەشکیلاتی‌و سیاسی. رێبەری 360 پلەیی دەشێ کەشێکی تەندوروست لە ناو رێکخراودا پێک بێنێت، بۆ ئەوەی کە لە گەڵ ئەوەی کە ركەبەری (رقابەتی دەروون حیزبی) لە ناو حیزبدا بپارێزرێت، کاری تیمیش پەرە پێبدرێت. رێبەر تەنیا کەسێک نیە کە بە شێوەی ئاسۆیی پێوەندی بە ئەندامان‌و لایەنگرانیەوە هەبێت. رێبەر دەبێ هاوکات لە گەڵ رێبەرایەتی، دۆست‌و نزیکی کەسانی دەوروبەری خۆی بێت. مرۆڤ زۆرجار هەلومەرجی جیاوازی هەیە لە پێوەندی لە گەڵ خەڵکانی دەوروبەری خۆی: هاوکار، هاوتیم، شەریک، رەقیب و.... بەڵام ئەوەی کە خەڵکانی دیکە‌و پێرەوان لە رێبەران دەیانهەوێ "دۆست" بوونە. بەو واتایە کە رێبەر دەبێ "دۆستی" ئەندامان‌و لایەنگرانی خۆی بێت نەک ئەوەی دوای دۆست لەناو ئەواندا بگەرێت. قاسملوو لە ناو پێشمەرگەکاندا کەسێک بوو کە خۆی لە سیاسیکاری دەپاراست‌و وەک یەکێک لەوان لە ریزیاندا دیار بوو. لە ناو رێکخراودا سیاسەت کردن لە گەڵ هاورێیان‌و هاوکاران دەبێتە هۆی نەخۆشی ژینگەی سیاسی‌و رێکخراوەیی. خۆپاراستن لەو کردەوەیە لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی پێکهێنانی کەشێکی تەندوروستی رێکخراوەیی کە تاکەکان سەربەخۆ پەروەردە بکرێن‌و سەرکەوتنی خۆیان لە سەرکەوتنی تەواویەتی رێکخراو ببینن. کەسانێک کە لە ناو رێکخراودا سیاسەت دەکەن کەسانی هەلپەرەستن کە تەنیا ئامانجیان بەرژەوەندی تاکەکەسی‌و گرووپی خۆیانە‌و رێکخراو‌و کاری رێکخراوەیی تەنیا پردێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتیەکانیان. ئەوەی قاسملوو وەک رێبەرێکی 360 پلەیی لە رێبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە‌و دەکاتە رێبەرێکی تاقانە، ئەوەیە کە قاسملوو هەوڵی دەدا لە سەر دەوروبەری خۆی شوێندانەر بێت‌و ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ. هەوڵی قاسملوو‌و شوێندانەری قاسملوو بوو کە ئەمرۆش رێبوارانی ئەو درێژەدان بە رێگای ئەو بە ئەرکی خۆیان بزانن. گەیشتن بە رێبەرێی 360 پلەیی کارێکی ئاسان نیە. ئەمە ئەرکێکی قورس‌و درێژخایەنە‌و لە شەورۆژێکدا ئەنجام نادرێت. بەڵام هەوڵدان لەو رێگایەدا بایەخدارە. لەوانەیە هەمووجارێ هەوڵەکان بە ئاکامی دڵخواز نەگەن، بەڵام بە بێ هەوڵ هیچ ئاکامێکیش بەدەست نایەت. رێبەرانی 360 پلە ئەو بایەخانەی خوارەوە بە رێکخراو دەبەخشن: 1. دەبنە هۆی پێکهێنانی تیمێکی رێبەری کارامە 2. حیزب فێردەکەن کە رێبەران لە هەموو ئاستەکانی تەشکیلاتی دا پێویستن 3. سەرکەوتوویی لە ئاستێک مەرجی رێبەری لە قۆناغی داهاتووە 4. رێبەرانی چاک لە ئاستەکانی ناوەندی دا بە واتای بوون بە رێبەرانی چاکتر لە ئاستەکانی سەرەودان 5. رێبەرانی 360 پلەیی خاوەنی چۆنیەتی‌و کوالیتەی پێویست بۆ حیزبن، کە بریتین لە: • سازگاری • هێزی لێکدانەوە • پێوەندی • هێمنایەتی • رۆحیەی خزمەتکردن • بەهرەمەندی لە سەرچاوەکان • پێگەیشتوویی فیکری • لەسەرەخۆ بوون • هەست بە بەرپرسایەتی کردن. گەشەکردن‌و پێشكەوتنی حیزب گرێدراوە بە گەشەکردنی فەرهەنگ‌و کولتووری رێکخراوەیی، کە ئەویش لە رێگای رێبەرانی کارامەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش کاتێک جێبەجێ دەبێت کە حیزب بە کردەوە هەنگاوەکانی پێویست بۆ گۆرانکاری رێکخراوەیی‌و نووژەنکردنی فەرهەنگی رێکخراوەیی هەڵگرێت‌و رێبەرانی داهاتوو لەسەر بنەمای بیری رێبەری 360 پلەیی پەروەردە بکات. قاسملوو رێبەری حیزبی دێموکرات‌و پەروەردەی ئەو حیزبە بوو. حیزبێک کە لە ئاستەمترین سەردەمی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی‌و ئابووری کوردستاندا قاسملوو پەروەردە بکات، دەتوانێت لە داهاتووشدا رێبەرانی قاسملوو ئاسا پەروەردە بکات‌و پێشکەش بە بارەگای نەتەوەی کورد بکات.


ـ کۆتایی زنجیرە وتارەکانی پێوەندیدار بە 25مین ساڵڤەگەری شەهیدبوون دکتۆر قاسملوو


بابه‌تی‌ پێوه‌ندیدار:

 قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری‌ یه‌كه‌م)

 قاسملوو‌و رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)

 قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)

 هونەری رێبەریی بەها‌و بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)

 قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)

 رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)

گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات (وتارى 7)

قاسملوو - رێبەرێک کە به‌دوای رێبەرانی دوارۆژ دەگەڕا (وتارى 8)

قاسملوو‌و رێبەریی دڵان (وتارى 9)

جێگای رێز بوون یان خۆشەویستی هەموو کەس؟ (وتارى 10)

رێبەری چاک، گوێگرێکی هاودڵە (وتارى 11)

قاسملوو رێبەری گۆڕانکاریخواز‌و خزمەتگوزار (وتاری 12)

گۆرێنی رێکخراوێکی نەریتی بەرەو رێکخراوێکی خۆفێرکار‌و زانست خوڵقێنەر (وتاری 13)

سەربەخۆیی کلیلی سەرکەوتن‌و پێشڤەچوونە (وتارى 14)

رێکخراوی خۆفێرکار پێویستی بە کادری داهێنەر هەیە (وتارى 15)

فێربوون لە ئەزموون بە واتای مانەوە لە مێژوودا نیە (وتارى16)

گەشەکردنی کاری تیمی دەبێتە هۆی فێربوونی گشتی (وتارى 17)

خوڵقاندنی ئاسۆی هاوبەش هێز دەداتە چالاکی گشتی رێکخراوە (وتارى 18)

رێبەری گۆرانکاری خواز‌و کولتووری رێکخراوەیی (وتارى 19)

پێوەندی نێوان شێوازی رێبەری‌و کولتووری رێکخراوەیی (وتارى 20)

رێبەری ئەخلاقی (وتارى 21)

رێبەری ئەخلاقی‌و کاردانەوەی لە سەر ژینگەی ئەخلاقی رێکخراو (وتارى 22)

رابردوو چرای دوارۆژ نیە (وتارى 23)

حەوت وانە لە قاسملوو بۆ رێبەرانی داهاتوو (وتارى 24)

 

------------------------------------------------------------

تێبینیی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان":

ـ نووسه‌ر‌و سیاسه‌توانی‌ هێژا، به‌ڕێز كاك مه‌جید حه‌قی‌ به‌بۆنه‌ی‌ 25ـه‌مین ساڵڕۆژی‌  تیرۆركرانی‌ دوكتور قاسملوو، سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان ئێران، له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا 25 وتاری‌ بڵاو كرده‌وه‌‌و روانگه‌ی‌ خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ بیروبۆچوونه‌كانی‌ شه‌هید دوكتور قاسملووی‌ نه‌مر‌و شێوازی‌ سیاسه‌تكردن‌و رێبه‌رایه‌تی‌ له‌ رابردوو‌و ئه‌مڕۆ‌و داهاتوو ده‌ربڕیوه‌. بێگومان نووسراوه‌كانی‌ به‌ڕێز مه‌جید حه‌قی‌، قوتابخانه‌یه‌كن بۆ فێربوون‌و به‌ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"ـه‌وه‌ پڕ به‌ دڵ‌ سپاسی‌ ئه‌كه‌ین‌و شانازیش ئه‌كه‌ین كه‌ ته‌نیا ماڵپه‌ڕێك بووین كه‌ سه‌رجه‌م وتاره‌كانیمان بڵاو كرده‌وه‌‌و هیواداریشین خوێنه‌رانی‌ به‌ڕێز بتوانن كه‌ڵك له‌و وتاره‌ به‌نرخانه‌ وه‌ربگرن.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1327
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy