هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

حەوت وانە لە قاسملوو بۆ رێبەرانی داهاتوو

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

majid_-_web_-_taybet_1پێشکەش بە

25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی

(وتاری 24)

هەر کۆمەڵگایەک، هەر حیزب و رێکخراوێک و بنەماڵەیەکی سەرکەوتوو لە یەک تایبەتمەندیدا هاوبەشن: هەموویان، خاوەنی رێبەر یان بەرێوەبەرێکن کە بنەماکانی رێبەری و بەرێوەبەری دەزانن. رێبەرێک کە لە هەلومەرجی دژوار و هەستیاردا هەست بە گۆرانکاریەکانی کەشو هەوا دەکات و هەوڵ دەدات بە خۆرێکخستن و سازماندانی نوێیەوە سەرەرای بەلەمی رێکخراوەکەی بەرەو مەنزڵگای خۆی رێبەری بکات. لە کردنەوەی ئێوارە خوانی کۆنگرەی زانستی کوردستان لە ئۆکتۆبری 2012دا خاتوو کارۆڵ پرۆنهۆبێر نووسه‌ری " خولیا و مه‌رگی قاسملووی کورد'' وتی: "قاسملوو لێرە نیە تا ببینێت خەونەکانی بۆ نەتەوەی وەدی هاتووە. کۆنگرەی وا لە کوردستانێکی ئازاد، خەونی قاسملوو بوو، قاسملوو خەونی پێشڤەچوونی بە وڵاتەکەی دەبینی و خۆزگەی دەخواست گەلەکەی لە زانست و رۆشنبیریدا پێشکەوێت". چیرۆکی ژیانی قاسملوو چیرۆکی ژیانی مرۆڤێکە کە لە رێگای سەرکەوتن و بەرەوپێشچووندا زۆر هەوراز و نشێوی پێواوە. بەڵام هەندێک تایبەتمەندی قاسملوو بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەسەر کەندۆکۆسپەکاندا سەرکەوێت و ناوی خۆی لە ریزی گەورە مرۆڤانی جیهانی مرۆڤایەتی و کوردوکوردستاندا تۆمار بکات. ئەوەی خوارەوە کورتەیەک لە حەفت تایبەتمەندی قاسملوون کە ئەوی کرد بە رێبەرێکی بێهاوتا لە ناو بزاڤی نەتەوایەتی کورددا. لەو تایبەتمەندیانەدا مرۆڤ دەتوانێت لە گەڵ ئەستوونەکانی بنەمایی گۆران و خۆپێگەیاندن، هەڵگرتنی بەرپرسایەتی، راستگۆیی و پشتیوانی گرووپی ببینێ و هەست پێ بکات:

 

majid_-_wtar_-_24_-_2


1. بیری داهێنەرانە

هۆکاربوون یان دەسپێشخەری واتایەکی بەرینی هەیە. دەستپێشخەری بە واتای ئەوەی کە مرۆڤ بەرپرسایەتی کردەوەکانی خۆی بە ئەستۆ دەگرێت و بڕیاری رێبەر لە سەر بنەمای پرەنسیب و بایەخەکانەوە بنیانتراوە و پێوەرەکانی هەستی لەنەکاوی و هەلومەرجی رۆحی یان پێوەندی تاکەکەسی ئەو لە گەڵ دەوروبەری نیە. ئالبێرت ئەنیشتاین دەڵێت: "جیهانێک کە خوڵقاندوومانە، بەرهەمی جۆری بیرو ئەندێشەی ئێمەیە". هیچ شتێک لە داهاتوودا بە بێ بیروئەندێشەی نوێ گۆرانی بەسەردا نایەت. رێبەران گەر بیانهەوێ جیهانێکی نوێ بخوڵقێنن دەشێ جۆری بیرکردنەوە زەمینەکانی بیروئەندێشەی خۆیان گۆرانکاری بەسەردا بێنن. 80%ی خەڵک بەشێوەی دژکردەوە بیر دەکەنەوە. ئەوان زەحمەت دەکێشن تا کەموکۆریەک یان کێشەیەک چارەسەر بکەنەوە. 20% دیکە بیرمەندانی داهێنەرن کە کاردەکەن بۆ خوڵقاندنی شتێکی نوێ. بیرمەندانی داهێنەر لە پرسیاری " چ شتێک مومکینە؟" پێش دەکەون. بیرمەندانێک کە دژکردەوەیی و بە شێوەی ریاکسیۆن هەڵسوکەوت دەکەن بیر لەوە دەکەنەوە "کە چ شتێک هەڵەیە؟" یا خود "چ کەسێک دەبێ سزا بدرێت؟" ئەوان هەڵسوکەوتیان دژکردەوە بە ژینگەی خۆیانە. بەڵام بیرمەندانی لە چەشنی قاسملوو بەرینتر لە ژینگەی خۆیان بیر دەکەنەوە. رێبەرانی داهێنەر ئاگاداری چوار دیاری تایبەتی مرۆڤ واتە خۆئاگاداری، ویژدان، هێزی خەیاڵ و ئیرادەی سەربەخۆ و هەروەها فەلسەفەی لە ژوورەوە تەماشای دەرەوە کردن بە سەر هەموو کردەوەکانیان و هەلسوکەوتیان زاڵن. رێبەرانی دەستپێشخەر دەیانهەوێ لە ژیانی خۆیاندا ببنە هێزی داهێنەر. ئەمەش بنەماییترین شتێکە کە هەر کەسێک دەتوانێت لە ژیانی خۆیدا بڕیاری لەسەر بدات.

2. بینینی ئامانجی گەورە

هەمووشتێک دووجا دەخوڵقێندرێت. یەکەم لە جیهانی بیرو ئەندێشەدا و دووەم لە مەیدانی کردەوە. رێکخراوی سەرکەوتوو بۆ خوڵقاندنی وێنەیەکی خەیاڵی و ئامانجی دوارۆژ بۆ هەر پلان و پرۆژەیەک رووداوەکانی داهاتووی ژیانی خۆیان دەنووسن. ئەوان بە بێ ئەوەی کە ئامانجێکی دیاریان هەبێت ناژین. بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە رووی ئەندێشەوە گرینگترین ئەسڵەکان، بەها و بایەخەکان، پێوەندیەکان و ئامانجیان دەناسن و بەکردەوە پابەندن بەو بنەما ئەخڵاقیانە. هەڵبژاردنی رەساڵەت و ئەرکی تایبەتی بەرزترین جۆری خەڵاقیەت و داهێنانی بیری مرۆڤ لە رێکخراوەدایە. خوڵقاندنی فەرهەنگ و چاندێک کە ئامانجەکان، بیروبۆچوون و نرخ وبەها هاوبەشەکان پێکەوە گرێ بدات، دووربینی و بنەمای رێبەری پایەبەرزی لە چەشنی قاسملوون.

3. ئامادەیی بۆ گۆران

رێبەرێک کە ئامادەیی هەیە بۆ گۆران، پێشوازی دەکات لە گۆرانکاری. ئەوان ئاگاداری قۆناغەکانی گۆرانکاری و کاردانەوەیان لە سەر کەسانی ژێر رێبەریان هەیە و دەزانن چۆن کەسانی دیکە لەو گۆرانکاریەدا بەشدار بکەن. سروشتیە کە هەندێک لە ئەندامان و کادرەکان بەرهەڵستی گۆرانکاری دەبن، چونکە گۆرناکاری ئەوانە ناچار دەکات لە گۆشەی بێدەنگی خۆیان دەرکەون. رێبەرێکی کارامە دەزانێت چۆن هاورێیانی لە گۆشەی بێدەنگی و بازنەی ئارامی خۆی دەربێنێت و پێبەپێی خۆی گەورەیی و رێزی پێببەخشێت. رێبەری وا یارمەتی هاورێیانی دەدات بۆ پێکهێنانی تێگەیشتنی هاوبەش لە رابردوو و هۆی گۆرانکاری بزانن. ئەوجار بە نیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنی لە داهاتوو و بەو چالاکیانەی کە هەموو لایەک تیدا بەشدار بن، رێبەری بزاڤەکە دەکات بەرەو گۆڕان و باشتر بوون.

4. پێکهێنانی ئاسۆی دوور

ئەرکی سەرەکی رێبەرە کە ژینگەیەکی زیندوو پێک بێنێت کە پێی دەوترێت فەرهەنگی رێکخراوەیی. چاندو فەرهەنگی رێکخراوەیی واتە گرێدراوەیی و دەروەست بوون. رێبەر دامەزرێنەرێکی بەتوانای کولتووری رێکخراوەیە. ئەو شێمای ژینگەی سیاسی و رێکخراوەیی حیزب ساز دەکات. ئەندامان و کادرەکان هان دەدات بۆ ئەوەی چاکتر لەوەی کە هەن ببن. رێبەری داهێنەر دەزانێت کە توانایی دهێنانی ژینگەیەکی بەلێگەر و بە چالش بۆ گەشەکردن و پێگەیاندنی ئەندامان گرنگتر لە تواناییەکانی تەکنیکی دیکەیە.

5. پێشتر تێبگەین دوایە دوای تێگەیشتن لە خەڵک بکەین

دکتۆر قاسملوو گوێگرێکی باش بوو. ئەو بەرلەوەی کە وەڵام بداتەوە یا بەشداری لە باسێک بکات، تەنانەت لە پلینۆمەکانی حیزبیش دا پێشتر گوێ لە هەموو قسە و بیروراکان رادەگرت ئەوکات بیرورای خۆی باس دەکرد. کاتێک مرۆڤ بە ئامانجی تێگەیشتن لە قسەکانی خەڵکانی دیکە گوێ دەگرێت نەک بە نیازی وەڵامدانەوە بەوان، بناغەی پیوەندیەکی تەندوروستی دارشتووە. کاتێک مرۆڤی بەرامبەر هەست بکات کە دەمانهەوێ بەرلە هەمووشت لیی تێبگەین، ئەو خۆی بە کەسێکی خاوەن رێز و جێی بڕوا دەزانێت. ئەمەش بەواتای رێز لە کەڕامەتی مرۆڤی ئەو کەسە گرتنە. لە ئاکامدا لە رەوشی بەرگری کردن لە خۆی دەردەکەوێت و قووڵترین بیروهزرەکانی خۆی ئاشکرا دەکات. ئەو کات هەلومەرجێک دەخوڵقێت تا ئەو بەربەستانەی کە بەرگری لە یەکگەیشتن و تێگەیشتن لە یەکتر دەکەن لەناو بچن. دلۆڤانی و بوێری دەوێ تا مرۆڤ هەوڵ بدات وێک بگات و بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان لەیەک گەیشتن و وێکگەیشتن پێک بێنێت.

6. پێکهێنانی هێزی کۆمەڵ

کۆکردنەوەی هێزی کۆمەڵ بەرهەمی رێگای سێهەمە. نەک رێگای من یان رێگای تۆ. رێگا چارەسەری سێهەم لە رێگا چارەسەری هەردووک لایەنی بەرامبەر چاکترە. هێزی بەکۆمەڵ بەرهەمی رێز و حورمەتی دوولایەنەیە. بەرهەمی تێگەیشتن و رێزلێنان لە جیاوازیەکانی یەکتر و لە چارەسەری کێشەکان و بەهرەمەند بوون لە هەلەکانی هاوبەش. ئەو گرووپ و رێکخراوانەی کە هێزی بەشداری و هاوکاری کردن لە ناوخۆیداندا گەشە پیدەدەن، دەبنە هۆی گەشەپیدانی تواناییەکانی تاکەکەسی بە شێوەیەک کە کۆی هێزی ئەوان لە کۆی هێزی دانە دانەیان زیاتر بێت. کەسانی وا خۆیان لە ژێرپێنانی مافی یەکتر دەپارێزن. ئەوان تەنیا لە رووی ناچاریەوە پێکەوە ناسازێن یا خود هاوکاری یەکتر ناکەن، بەڵکوو بیر لە هاوکاری داهێنەرانە دەکەن کە لەودا هێزی سێهەم جێگای هەردوو هێزەکە بگرێتەوە.

7. گەشەپێدانی بەردەوام

یەکێک لە ئەرکەکانی رێبەری گەشەپیدانی بەردەوامی هێزی فیزیکی، رۆحی، مانەوی، کولتووری و عاتفی رێکخراوە. ئەو تایبەتمەندیە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە مرۆڤ لە ئاستی تاکەکەسی دا بۆ گەشەکردن و پەروەردەی خۆی هەوڵی بێوەستان بدات. ئەم تایبەتمەندیە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بەردەوام، ژیانەوەی رێکخراو و تاکەکەسانی ناو رێکخراو و بەرگری لەوە دەکات کە رێکخراو وەک ئاوی مەنگ راوەستاو بێت و بەرەو داڕزان و لەناوچوون بروات. رێبەر چ وەک مامۆستا بێت چ وەک رێنوێن، دەشێ هەوڵ بدات کەشی ناو رێکخراو بەشێوەیەک کراوە بێت کە مەجالی هەستی گەشەکردن بە کەسان بدرێت. رێبەرێک کە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانیش بڕوا بەوە بکەن دەتوانن ئەرکی خۆیان بە جوانی ئەنجام بدەن. رێبەران دەشێ یارمەتی ئەندامان و کادرەکان بدەن بۆ ئەوەی کە پرسەکان لە روانگەی دیکەشەوە ببیندرێن. پرسیارێک بخوڵقێنن کە ئەندامان و کادرەکان هان بدرێن بۆ فێربوون. دیارە کە رێبەرانی سەرکەوتوو و دووربین لە کۆکردنەوەی پۆتانسیەلی مرۆڤ سەرکەوتوون. رێبەرێکی ئاسۆبین بۆ ئەوەی کە وزەکان ئامانجدار بن، ناوەند پێک دێنێت. هەروەک بەپێکهێنانی کمیسۆنەکانی ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، قاسملوو ویستوویەتی ناوەندگەلی جۆراوجۆر لە پێوەندی لە گەڵ بەرێوەبردنی خەباتی هەمەلایانەی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکبێنێت و وزەکان کانالیزە بکات. هەرکام لەو کومیسیۆنانە خاوەنی ئەرک و ئامانجی روون بوون و لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی بەشەکان بڕیاراتی خۆیان دەدا و جێبەجێیان دەکرد. ئەمرۆ پێویست بە شێوازی نوێی رێبەری دەکات. دەشێ پێداچوونەوە بکرێت بە شێوازی رێبەری و بەرێوەبەری رێکخراوەکان و رێبەری حیزب بۆ وەڵامدانەوە بەهەلومەرجی نوێی خەبات دابرێژرێتەوە.

بزاڤی کورد سەردەمی قەیرانی "بڕوا" تێپەر دەکات. بۆیە دەشێ سەرمایەگوزاری بکرێت لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی بڕوا و پێکهێنانی هێزی لەیەک گەیشتن. ئاستی بڕوا نیشانەی رادەی بڕوایەکە کە ئەندامانی حیزب لە ناوخۆ بەیەکتر هەیانە و بە پێی هەو لە گەڵ دەورەبەر دەجۆڵێنەوە. رادەی بڕوا بە زمانێکی سادە وەک رادەی حیسابی ماڵی یان رادەی داراییەکە کە لە بانک یان شوێنێک پاشکەوتمان کردووە. کاتێک حیسابە بانکیەکان خاڵی دەکرێن و پاشکەوتەکان بەکار دەبردرێن، ئیتر مرۆڤ خاوەنی بڕوای دارایی نیە. بە هەمان شێوە خاڵی کردنی پاشەکەوتی هەستیش دەبێتە هۆی لە ناو چوونی بڕوا. کردەوەگەلی وەک با پێشتر تێبگەین ئەوکات تێ بگەیەنین، دلۆڤانی، وەفاداری بە قەوڵ و پەیمانەکان، راستگۆیی و دەروەست بوون لە کاتی بڕیاردان و جێبەجێ کردنیان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پاشەکەوتی هێزی بڕوامان. بە پێچەوانەوە هەڵاواردن، ناوچەگەرایی، تایفەگەرایی و خزمگەرایی و جیاوازی خستنەوە لە نێوان ئەندامان و کادرەکان دەبێتە هۆی کەمبوونی رادەی بڕوا و خوڵقاندنی قەیرانی بڕوا.

بۆ ئەمەش پێویستە چاویلکەی بڕیار و قەزاوەتی پێشوەخت و هەڵسەنگاندنی لە سەر بنەمای "زێهنیەتی" پێشدا دیاری کراو هەڵگیرێت و بەجیاتی ئەو هەوڵ بدرێت تێگەیشتن و ئاستی وێک گەیشتنی نێوان ئەندامانی رێکخراوە گەشە پێبدرێت. ئەمەش لە رێبەریەوە دەست پێ دەکات.


بابه‌تی‌ پێوه‌ندیدار:

 قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری‌ یه‌كه‌م)

 قاسملوو‌و رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)

 قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)

 هونەری رێبەریی بەها‌و بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)

 قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)

 رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)

گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات (وتارى 7)

قاسملوو - رێبەرێک کە به‌دوای رێبەرانی دوارۆژ دەگەڕا (وتارى 8)

قاسملوو‌و رێبەریی دڵان (وتارى 9)

جێگای رێز بوون یان خۆشەویستی هەموو کەس؟ (وتارى 10)

رێبەری چاک، گوێگرێکی هاودڵە (وتارى 11)

قاسملوو رێبەری گۆڕانکاریخواز‌و خزمەتگوزار (وتاری 12)

گۆرێنی رێکخراوێکی نەریتی بەرەو رێکخراوێکی خۆفێرکار‌و زانست خوڵقێنەر (وتاری 13)

سەربەخۆیی کلیلی سەرکەوتن‌و پێشڤەچوونە (وتارى 14)

رێکخراوی خۆفێرکار پێویستی بە کادری داهێنەر هەیە (وتارى 15)

فێربوون لە ئەزموون بە واتای مانەوە لە مێژوودا نیە (وتارى16)

گەشەکردنی کاری تیمی دەبێتە هۆی فێربوونی گشتی (وتارى 17)

خوڵقاندنی ئاسۆی هاوبەش هێز دەداتە چالاکی گشتی رێکخراوە (وتارى 18)

رێبەری گۆرانکاری خواز‌و کولتووری رێکخراوەیی (وتارى 19)

پێوەندی نێوان شێوازی رێبەری‌و کولتووری رێکخراوەیی (وتارى 20)

رێبەری ئەخلاقی (وتارى 21)

رێبەری ئەخلاقی‌و کاردانەوەی لە سەر ژینگەی ئەخلاقی رێکخراو (وتارى 22)

رابردوو چرای دوارۆژ نیە (وتارى 23)

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1687
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy