هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ئاخوندە بیر تەسکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا ئەوەڵی مانگی جولای ٢٠١٤ی زایینی لە شار، شارۆچکە، گوند، کوچەو بازاڕەکانی ئێرانو بەتایبەت بەشە کورد نشینەکەیدا دەنووسرا (بچە کمتر، زندگی بهتر) واتە منداڵێ کەمتر ژیانێ خۆشتر، بەڵام ئێستا پێچەوانەی ڕابردوو بیر دەکەنەوەو هەوڵ دەدەن سیاسەتێکی سەقەتی دیکە دادەڕێژنو لە زۆربەی شوێنەکاندا دەنووسن "بە یەک گوڵ بەهار نایەت، منداڵی زۆرتر ژیانی خۆشتر". لەم ساڵانەی دواییدا چەندین کەرتەی ڤیدیویی لە "یوتیب"دا بڵاوکراوەتەوە کە ئاخوندو مەلا شیعەکان لە نوێژە هەینییەکانیاندا باسی ئەوەیان کردووە شیعە مەزهەبیەکان یەک دوو منداڵ زیاتر نیانە، بەڵام سونی مەزهەبیەکانو بە تایبەت کوردەکان دوو قولوو دوو قولوو منداڵیان دەبێ، واتە بە جووتە منداڵ دروست دەکەن. هەر لەو کەرتە ڤیدیویانەدا جگە لەوەی ئیهانەتێکی زۆر بە سونییەکان دەکەرێ، داوا لە شیعەکان دەکەن بە هیچ شێوەیە بەرگیری لە دروست بوونی منداڵ نەکەنو هەوڵ بدەن منداڵی زیاترتان هەبێ بۆ ئەوەی ڕێژەی شیعە بەرەو زیاد بوون بڕوا.
لەو پەیوەندییەدا خامنەیی، رێبەری ڕۆحانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا رەخنەیەکی توندی لە سیاسەتی بەرگیریکردن لە رێژەی زیاد بوونی دانیشتووانی ئێران گرتو ئەو سیاسەتەی بە سیاسەتێکی هەڵە لە قەڵەمدا، ئەوە لەحاڵەتێکدایە کە دەیان ساڵە شەخسی خامنەیی بۆ خۆی پەیڕەوی لەو بڕیارە دەکاو پێشتریش ئەم کارەیان بە هەنگاوێکی سەرکەوتووی وەزارەتی تەندروستی ئێران باس لێ دەکرد.
پاش قسەکانی خامنەیی رێبەری ڕۆحانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە، دوای هاتوچۆو دانیشتنەکانیان، چەن یاسایەکی نوێیان دەرکرد. ئەو یاسا نوێیانە لەلایەن خەڵکەوە نەک هەر پێشوازییان لێ نەکرا، بگرە لەلایەن کۆمەڵناسان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، تێکۆشەرانی لاوانو چالاکوانانی ژنانیشەوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە .
ئەو یاسا نوێیانەی، کە لە ڕێکەوتی ٤ ـ ٧ ـ ٢٠١٤ی زایینی لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کران، بەم جۆرەیە. "هەرجۆرە پروپاگەندەیەک بۆ منداڵی کەمترو لەباربردنی منداڵو نەزۆککردن لە رێی تۆبکتۆمیو وازکتۆمییەوە ناگونجایزە، ئەوەی سەرپێچی لێ بکات بەرەو رووی ٣ بۆ ٥ سال زیندانی دەبێتەە ".
سەبارەت بەو یاسایە ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لەو یاسایە گرتو پێی وابووە ناکرێ خەڵک لەسەر ئەو جۆرە شتانە بخەرێنە بەندیخانەو بە زۆرکاریش رێژەی دانیشتووانی ئێران بەرەوزیادبوون نابرێ.
لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێ کە چەندین یاسای نەنووسراوەی دیکەش لەم وڵاتەدا پەیڕەوکراون کە بەرگیری لە دامەزراندنی هەرجۆرە ڕێکخراوێکی ژنانو کەمڕەنگ کردنەوەی خوێندنی ژنان لە هەندێک لە بەشەکانی زانکۆکانی ئێراندا. ئەم یاسایە کە ئێستا باسی لێدەکرێ پێشتر لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە باسی لەسەر کراووەو گوتوویەتی "باشترە وایە ژنان لە ماڵەوە بمێننەوەو خزمەتی منداڵو مێردەکانیان بکەن ".
لەو پەیوەندییەدا ژنانی پەرلەمانی ئێران پەیڕەوی لەو گەلاڵەیە دەکەن، بەڵام چالاکوانانی ژنان بە توندی دژبەو یاسایە دەوەستنو پێیان وایە ئەو یاسایە لە دژی ئازادیە تاکەکەسییەکانەو لە ڕووانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانو شەخسی خامنەییەوە ژن وەک کۆیلەو بەردە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا چاوی لێ دەکرێ.
لێرەدا پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە نە شەخسی خامنەیی،و نە پەرلەمانی ئێرانیش بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە وەزعییەتی خەڵکی ئێران لە چ دایەو ڕادەی بێ کاری لە چ ئاستێکدا قراری گرتووە. ئایا دەسڵاتدارانو ئاخوندەکانی ئێران توانیویانە سەرەتایترین کەرەستەکانی ژیان بۆ دانیشتوانی ئێران دابین بکەن، تا هەوڵی بەربڵاو کردنو زیادکردنی حەشیمەتو دانیشتوانی وڵاتەکەیان بدەن؟؟؟ یان ئەمەش پلانێکی دیکەیە دژ بە نەتەوەکانی دیکەی بندەستی ئێران.؟ من پێم وایە ئەگەر ئێمەش لە دەرەوەی وڵات هیچ چۆرە ناڕەزایەتییەکو دژ کردەوەیەک نشان نەدەین، ڕۆژنامەنووسانو ئازادیخوازان، چالاکوانانی سیاسی کۆمەڵایەتیو کۆمەڵگای ئێران ئەمەیان پێ قبووڵ ناکرێو لەسەر ئەو باوەڕەدان کە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی حەشیمەتی ئێران پێویستە ستانداردەکانی ژیان بەرزبکرێنەوە بە شێوەیەک کە دانیشتووان هەست بە ئارامیو ئاسایشی زیاتر بکەنو بتوانن منداڵەکانیان لە ئژیانێکی مامناوەندیدا پەروەردە بکەن. هەروەها بە لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی نالەبارو داهاتی کەمی بنەماڵەکانو ئامادەنەبوونی کەرەستە ئابوورییە، کۆمەڵایەتییە، پێویستییەکان بە زۆر ئەو کارە بە خەڵک ناکرێ.

