پێشکەش بە
25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی
وتاری 10
رێبەر باشتر وایە جێی رێزلێ گرتن بێت تا ئەوەی کە خۆشەویستی هەمووکەس بێت. یەکێک لە هۆیەکانی هێنانی لیستی فیکس لە کۆنگرەی هەشتەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن دکتۆر قاسملووەوە ئەوە بوو کە ئەو لەو هەلومەرجەدا هەستی بەوە کردبوو کە پێویستە رێبەری حیزب کارامە بێتو بتوانێت خێراتر بەرەو ئارمانەکان بروات. لە هەلومەرجی خەباتی چەکداریو لەو هەلومەرجەی کە خەبات پێویستی بە هەموو هێزێکی ناو کۆمەلگادا هەیە، دەبێ هۆیەکی زۆر قووڵی سیاسیو رێکخراوەیی هەبێت، دکتۆر قاسملوو نموونەی هەڵبژاردنی حیزبە سۆسیالیستەکانی باکووری ئورووپا لە کوردستاندا جێبەجێ بکات. حیزبێک کە بە وتەی مامۆستا حەسەن زادە لە دیمانە لە گەڵ لڤین دا (2006) "جارێ فرچکی بە دێموکراسیەوە نەکراوەتەوە".
رێبەرێک، مامۆستایەک، دایکو باوکێک یان بەرپرسێک دەبێ لە مرۆڤ کاری چاک وەرگرێتو داوای کاری چاک لە مرۆڤ بکات. لەوانەیە رێبەرێکی وا "تاڵی"و "شیرینی" لێک بداتەوە. سەرنج بە مرۆڤ بدات بەڵام پێشی پێشوەچوونت ناگرێت.
رێبەرێک کە داوای کاری بەنرخ لە کەسانی ژێر رێبەری خۆی دەکات، دەشێ لەگەڵیان راستگۆ بێتو هەمووجارێ ستانداردەکانی کارو چالاکی بەرز بکاتەوە. بە بێ ئەوەی بێمهەوێ بە هۆیەکانی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی هەشت بگەرێمەوە، بە بڕوای من ئەو کە ئەوکات تازە ببوومە پێشمەرگە، پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکیو کارامەیی رێبەریو قەوارەی حیزب پێویستی بەوە بوو کە گۆڕانکاری لە "تەرکیبی" رێبەری ئەوکات پێک بێت. لە کاتێک کە پێویست بە ئاڵوگۆر دەکات لەوانەیە رێبەری خۆشەویستی خۆی فیدای ئامانجی گەورەتر بکاتو ریسکی لەدەست دانی خۆشەویستی هەڵگرێت.
رێبەرێک کە خوازیاری پێشکەوتنی حیزبەکەی بێتو بیهەوێ رەوتی پێشکەوتنی بەرزتر لە "حاڵەتی" نۆرمال بێت، دەشێ فیداکاری ئەوە بکاتو ئامادە بێت کە دۆستانی خۆشی لە دەست بدات. بەڵام ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێزو حورمەتی رێبەر لە نەوەکانی دواتردا.
قاسملوو وێرای بەهێزی لە ئاڵوگۆرەکانداو جێگاو پێگەی تایبەتی، کەسێکی خاکی بوو. خاکی بوون بە واتای خۆ کەم بینین نیە. خاکی بوون بەو واتایەیە کە مرۆڤ کەمتر بیر لە خۆی دەکاتەوە. لە خۆبایی بوون، پێشی فێربوون دەگرێتو کاتێک مرۆڤ فێر نەبێت پێشکەوتنیش ناتوانێت بە خۆیەوە ببینێت. یەكێک لە گەورەترین کێشەکانی بەشێک لە رێبەری ئێمە لە خۆبایی بوونو بەسەندە کردن بە زانیاریو ئەو شارەزاییانەیە کە، لە کاتی خۆی بەدەست هێنراوەو بەو پێیە رێگری لە هەرجۆرە گۆرانکاریەک کردنە. ئەو رێبەرانەی کە دەکەونە داوی ئەو نەخۆشیە، پێیان وەک ئەستوونی خیوەت وان. هەربایەک کە بێت خیوەتو ئەستوونەکەی لە مەترسی رووخان دەخات. ئەوانیش پێیان وایە کە سەرکەوتنی کەسانی دیکە هەڕەشە لەوانە. بۆیە خۆیان لە پەروەردەو هاندانی کەسانی دیکە دەپارێزنو نایانهەوێ بەهرە لە هۆشمەندیو شارەزایی کەسانی دیکە وەرگرن.
یەکێک لە جیاوازیەکانی قاسملوو لە گەڵ رێبەرانی ئەمرۆ لەوەدا بوو کەو هەستی بەرزی بە کادرو پێشمەرگەو کەسانی دەوروبەری خۆی دەبەخشی بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان چاکترو شایانتر بزانن. رێبەر یان بەرپرس ناشێ وا نیشان بدات کە کامڵترینی مرۆڤەکانە. رێبەران دەشێ لە پشتی پەردەی بەهێزی، هەستی بێ ئاڵترناتیڤ بوونو توانای کۆنترۆلی خەڵکی دیکە دەرکەونو دیمەنی جوانی "خاکی بوون" لە قاسملوو فێر بنو ئەو رەوشتە لەخۆیان نیشان بدەن. مرۆڤەکان حەزیان لەوەیە دەوری کەسێک کۆ بنەوە کە قبووڵی ئەوە بکات کە ئەویش وەک مرۆڤەکانی دیکە دەتوانێت زیان ببینێتو لە خەڵکانی دیکە داوای ئەندێشەو پێشنیار بکات. کەسێک کە رێگا بە بەشداری خەڵکانی دیکە دەدات، تەمەنی رێبەریی خۆی درێژتر دەکاتو هەرچی کات بەسەر نەمانی فیزیکی ئەو بڕوات جێگەی لە ناو رێبوارانی بەرزترو ئاڵای شەکاوەتر دەبێت.
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)
قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)
هونەری رێبەریی بەهاو بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)
قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)
رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)
گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات (وتارى 7)
قاسملوو - رێبەرێک کە بهدوای رێبەرانی دوارۆژ دەگەڕا (وتارى 8)
قاسملووو رێبەریی دڵان (وتارى 9)

