پێشکەش بە
25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی
(وتاری 9)
"موی بشکافی ز عیب دیگران
چون به عیب خود رسی کوری ازآن"
ئێوارەی رۆژێکی بەهاری ساڵی 1985 (1364ی ک.هەتاوی) رادیۆ بی.بی.سی دیمانەیەکی لە گەڵ دکتۆر قاسملوو ئەنجام دەدا. میوانی ئێمە کە کەسێکی بەتەمەن بوو خەریکی نوێژی مەغریب بوو، کاتێک دەنگی قاسملووی بیست، لە کاتێکدا کە بەرەو سوجدە دەرۆیشت نوێژەکەی بەتاڵ کردو رادیۆکەی ماچ کرد. بە لای منو باوکمەوە کە کەسێکی زۆر ئایینی بوو، ئەو کارەی وی شتێکی زۆر سەیرو سەرسوڕهێنەر بوو. میوانەکەمان کە هەستی بە سەرسوڕمانەی ئێمەی کرد وتی: "قاسملوو تەنیا کەسێکە کە دەتوانێت بەراستی ئازاد مان بکات". لەو کاتەوە تا رۆژی بوونم بە پێشمەرگەو دواتر لە نزیکەوە بینینی قاسملوو لە بنکەی کەم ئەندامانی حدکادا، تێگەیشتن لە قسەی ئەو پیرە پیاوە بۆ زۆر ئەستەم بوو. چونکە ئەوکات بۆ منو نەوەی هاوتەمەنم "رێبەریی دڵان" شتێکی نەناسراوبوو.
رێبەری واتە هونەری نفووز لە ناو دڵو باوەڕی کەسانی دیکە. ئەو هونەرە لە دڵی رێبەرەوە دەست پێ دەکات. بە وتەیەکی دیکە ئەوەی لە دڵەوە دێت لە سەر دڵ دادەنیشێت. رێبەرێک ئەشێ ئەوە بزانێت کە هەر بڕیارێک کە ئەو دەدات کاریگەری هەیە لە سەر ژیانی زۆر کەس. رێبەریی دڵان ئەرکێکی قورسە کە پێویستی بە خۆپێگەیاندنی بەردەوام دەکات. ئوروپاییەکان وتەیەکیان هەیە کە دەڵێن: "رێبەران دەخوێننو خوێنەران رێبەری دەکەن". بۆ رێبەری دڵان خوێندنەوەو تێگەیشتن لە پێویستی کۆمەڵگاو رێکخراوی ژێر رێبەری ئەودا پێویستیەکی حەیاتیە. قاسملوو کەسێک بوو کە خوێندنو فێربوون بەشێکی گرنگ لە تایبەتمەندی ئەو بوو. مێشکی مرۆڤ وەک پەرەشووت (چەتری رزگاری) وایە، کاتێک کار دەکات کە کراوە بێت. قاسملووی بیرمەند مێشکی بۆ فێربوون کراوەبووو لە بوارەکانی پەروەردەو رێبەری، تواناییەکان پێوەندی مرۆڤیو مێتۆدو شێوازەکانی رێبەری شارەزابووو زانیاری ئەو بەرهەمی چەندین ساڵ حەوڵو تەقەڵا بۆ فێربوون بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە دۆزی گەلەکەی بوو.
قاسملوو بۆیە رێبەری دڵەکان بوو، چونکە ئەو ئاگاداری چۆنیەتی هەڵبژاردنی بەهاو بایەخەکان بوو بۆ حیزبەکەیو لە ژێر رووناکی ئەو زانیاریەدا تابلۆ ئەخڵاقیەکانی "سیمای دێموکرات"و "کادرێکی حیزبی دەبێ.." ئامادەو بڵاو کرانەوە. ئەو شێوەی چاککردنەوەو بەرەو پێشبردنی حیزبەکەی دەزانی، بوێری بەرەورووبوونەوە لە گەل لێگەرەکانی هەبووو توانای ئەوەی هەبوو حیزبەکەی وێرای گۆڕانکاریو نوێگەری بەردەوام گەشەی پێبداتو لە حیزبێکی ئەستوونیەوە بەرەو رێکخراوێکی دێموکراتیک گەشە پێ بدات.
هاندانی خەڵک بۆ کارو گەشەسەندن بەرهەمی ئەندێشەی بەهێزی رێبەرە. بەداخەوە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا زۆر لەو کەسانەی لە رێبەرایەتیدا بوون کە تواناییەکانی خۆیان بە ئاگاداریەوە یان خود لە رووی شارەزایی کەمەوە، بۆ پەراوێزخستنی دڵەکانو لەناو بردنی زیندوویی رێکخراوێکی دێموکراتیک هەنگاویان هەڵگرتووە. رێبەر بۆ ئەوەی بتوانێت ژینگەی خۆی بناسێت، پێویست دەکات لەو سەردەمەدا لانی کەم هەفتەیی جارێک دەورو بەری خۆی بڕوانێتو مرۆڤەکانو هاوکارانی بەسەر بکاتەوەو ئەوان بناسێتەوە.
هاندانی ئەندامان بۆ ئەنجامی کاری چاکو گەشەسەندن، مرۆڤ هان دەدات، کاری چاک بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشە سەندنی تەواویەتی حیزبی. پێوەندی نێوان رێبەریو ئەندام دەشێ پێوەندیەکی دوولایانە بێت، پێوەندی دوولایانە یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ گەشەکردنی تاکەکەسیو رێکخراوەیی.
قاسملوو بە هۆی ئەوەی کە بۆخۆی خاوەنی هەستێکی باش بوو، ئاکامی باشیشی لە کارو دیالۆگ لە گەڵ دەوروبەری وەردەگرت. ئەمە بە واتای بێکێشەییو بێ لێگەریو بێ چالشی نیە، بەڵکوو قاسملوو وەک رێبەرێک بەوەج دەیزانی کە وزەی پۆزیتیفو ئەرێنی لە ناو دەوروبەری خۆیدا بڵاو بکاتەوە.
رێبەرێکی کارامە لە دوو رێگاوە یارمەتی خەڵکی خۆی دەدا بۆ گەیشتن بە ئاکامی چاک:
1. ئامانجەکان بە دروستی بەوان دەناسێنێتو بۆیان شی دەکاتەوە.
2. لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی دیاری کراودا هەرچی لە توانای دا هەیە کەسانی ژێر رێبەریان هاند دەداتو رێنوێنیان دەکات.
رۆڵی رێبەر زۆر لەوە گرنگترە کە لە ناو ئێمەدا باسی لێوە کراوە. رێبەرە کە کۆمەک دەکات مرۆڤەکان لە چالاکی خۆیاندا سەرکەوتوو بن یان نە.
ئەرکی رێبەرێک کە بیهەوێ لە دڵی مرۆڤەکاندا زیندوو بمێنێتەوە یارمەتیدانو هاندانی کەسانی ژێر رێبەری ئەوە بۆ سەرکەوتنو پێشڤەچوون. زۆرێک لە رێبەرانی ئەمرۆ چاوەڕوانیان هەیە کەسانی دەوروبەریان کارەکان بە بێ کەموکۆری ئەنجام بدەن ئەمجار بە بێ ئەوەی کە رێنوێنی پێویست کرابن. یا خود بڕیارێک دەدەنو دەست بەجێ بەبێ ئامادە کردنی زەمینەی جێبەجێ بوونی، ئەندامانو ئۆرگانەکان ناچار بە جێبەجێ کردنی دەدەن. وەک ئەوەی کە بە مناڵێک هێشتا بەتەواوی ناتوانێت هەڵسێتە سەرپێ، فەرمان بدرێت کە "رێگا بڕۆ"و کاتێک کە لە ئەرز دەکەوێت لێی بدرێتو بوترێت: "پێم وتی رێگا بڕۆ"! هەڵبەت دایکو باوکی دڵسۆز واناکەت. پێشتر مناڵەکە هەڵدەستێندرێت تا بەرە بەرە لاقەکانی خۆی بگرێت، تا دەتوانێت نەختێک سەرپێ راوەستێت. ئەوکات دایکو باوک بەخۆشیەوە هاوار دەکەن "مناڵەکە هەڵسایە سەرپێ"و کۆڵێک ماچو هەستی خۆشەویستی بۆی دەبارێنن. رۆژی دواتر بە نەختێکی دیکە رۆیشتن دیسان دایکو باوکەکان لە خۆشیان نازانن چ بکەن. بەرە بەرە بڕوای مناڵ بە خۆی گەشە دەکاتو فێری رێگا رۆیشتن دەبێت. مرۆڤە گەورەساڵەکانیش وان، دەشێ لە ئەنجامی کارەکانیان هان بدرێنو هەڵەکانیان بە نیشانەی فێربوونی هەنگاوی داهاتوو ببیندرێن نەک ببێتە هۆی دەست بەجێ سەرکۆنەو پەراوێز خستنیان.
لە ناو حیزبەکانی کوردیداو بە ئەزموونی خۆم بەتایبەت لە ناو حدکا دا فەرهەنگێکی ناڕەوا جێی گرتووە، کە مرۆڤەکان لە ناو حیزب دا بەرز دەکرێنو هەرکات بەرپرسانو رێبەران ویستیان لە بەرزترین ئاستەوە بە خێرایی فرێی دەدەنە خوارێ. بە پێی ئەو بۆچوونە مرۆڤەکان لە ناو رێکخراودە ئەوەندە پێش دەکەون تا دەگەنە سنووری ناشایستەیی. بە واتایەکی دیکە بە پێی نیازی جیناح یان کەسانێک هەندێک کەس ئەوەندە بەرز دەکرێنەوە تا ئەوەی کە لە روانگەی بەرزکەرەوەکانیان بە مەترسی دەبیندرێن یان هەڵەیەک ئەنجام دەدەن. ئەوکات ئەوی بە شێوەیەک لە عەرز دەدەن کە ئیتر نەتوانێت دووبارە هەڵسێتەوە.
قاسملوو لەو رێبەرە لێهاتونە بوو کە دەروەست بوو بە یارمەتی بە گەشەکردنو سەرکەوتنی کەسانی ژێر رێبەری خۆی. چونکە هیچکام لەوانی بۆخۆی بە هەڕەشە نەدەزانیو سەرکەوتنی ئەوان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانی. رێبەری بەرپرس کەسێکە کاتێک کەسێکی ژێر بەرپرسایەتی شکست دەخوات، شکستی ئەو بە شکستی خۆی بزانێتو بەرپرسایەتی بە ئەستۆی خۆی بگرێت. چاک وایە کاتێک کەسێک دەردەکرێت، پەراوێز دەخرێت یا خود ناچار دەکرێت ریزەکانی رێکخراو بەجێ بێلێت، رێبەرو بەرپرس چاوێک لە ئاوێنە بکاتو خۆیشی بە ئاوێنەی ئەخڵاویەوە ببینێتو بزانێت داخوا هۆی سەرەکی پێکهاتنی ئەو رەوشە چی بووە.
گەورەترین ئەرکی رێبەر هاوکاری کەسانی دیکەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. کاتێک کەسانی ژێر ریبەری ئەو سەرکەوتنو بە ئامانجە دیاری کراوەکان گەیشتن، سەرکەوتنی بۆ هەمووانە.
دیاری کردنی ئاماج یارمەتی دەری سێگۆشەی قەوارەی رێکخراوە واتە ئەندامان، بەرپرسانو رێبەرانە. ئەندامان بۆ دۆزینەوەی ئامانج بە بەرزترین ئاستی رێکخراو دەڕوانن، بەڵام دوای روون بوونەوەی ئامانجەکە سێ گۆشە دەبێ سەراوبن بکرێت: لەو کاتەدا خەڵک دەبێتە بەشی سەرەوەی سێ گۆشە، ئەندامانو کادرەکانی حیزبی دەبنە بەشی ناوەراستی سێ گۆشەو رێبەرانو کادری رێبەری دەبنە بەشی خوارەوەی سێ گۆشەکە.
کاتێک ئەو فەلسەفەیە جێبەجێ بکرێت، رێبەر لە "بەرپرس"ەوە دەبێتە "وەڵامدەر". ئەندامان لە گەڵ رێبەریو بەرپرس کار دەکەن نەک بۆ رێبەرایەتی. وەڵامدەری رێبەر واتا دانی بەرپرسایەتی بە ئەندامان بۆ ئەوەی کە بۆخۆشیان وەڵامدەر بن.
قاسملوو رێبەرێکی وەڵام دەر بوو. بۆیە لە پێرەوی ناوخۆی حیزبدا وەڵامدەری دەفتەری سیاسی لە بەرامبەر کۆمیتەی ناوەندیو کۆمیتەی ناوەندی لە بەرامبەر کۆنگرەدا راست بە پێێ ئەو فەلسەفەیە داڕشتبوو. ئەسلێک کە ئەمرۆ بە کردەوە بووتە پێچەوانەو رێبەرانو بەرپرسان نەتەنیا لە بەرامبەری هەڵە رێکخراوەییو پرەنسیپیەکانی خۆیاندا بەرپرس نین، بەڵکوو لە هەوڵی سزادانی کەسانێکن کردەوەکانیان دەخەنە ژێر زەررەبینی رەخنەوە.
ئەندامان دەبێ ببنە بەرپرسی ئەنجامی کارەکانی بە کوالیتەیانو رێبەری دەشێ وێرای پشتیوانی لە ئەندامان وەڵامدەری پێویستیەکانی ئەوانیش بێت. بەو شێوەیە بەرپرسایەتیەکان لە شوێنی گونجاوی خۆیان دەبنو ئەو کەسانەی ئەرکی خۆیان ئەنجام دەدەن هەست بە گرنگی خۆیان بکەنو بزانن ئەندام گەورەترین سەرمایەی هەر حیزبو رێکخراوێکە.
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)
قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)
هونەری رێبەریی بەهاو بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)
قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)
رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)
گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات (وتارى 7)
قاسملوو - رێبەرێک کە بهدوای رێبەرانی دوارۆژ دەگەڕا (وتارى 8)

