پێشکەش بە
25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی
(وتاری 8)
رێزدار مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حدکا، لە گفتگۆیەکدا باسی هاتنی خۆی بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکاتو دەڵیت: کە ئەو بەرلەوەی ببێتە ئەندامی حیزبی دیموکرات لە گەڵ دکتۆر قاسملوو ئاشنا دەبێتو دکتۆر بانگی دەکات بۆ کۆنگرەی چوارەمی حیزب. هەر لەو کۆنگرەیەدا ناوبراو بە ئەندامەتی کۆمیتەی ناوەندیو دواتر دەفتەری سیاسی حدکا هەڵدەبژێردرێت. هیجری دوای کارەساتی میکۆنۆس کە لەودا لە 17ی سێپتەمبری 1992دا جێنشینی دکتۆر قاسملو دکتۆر سەعید شەرەفکەندی شەهید دەبێت، وەک جێگری سکرتێر ئەرکی رێبەری حیزب واتە دووەم جێنشینی دکتۆر قاسملوو تا کۆنگرەی دەی حدکا بەرێوە دەباتو لە ساڵی 2006وە تا ئەمرۆ سکرتێری گشتی حدکایە.
رێبەرانی بەرز دوای رێبەرانی پۆتێنسیال دەگەرێنو هەرکە ئەوان بدۆزنەوە ئەوان دەکەنە رێبەری چاک. دکتۆر قاسملوو لە ماوەی رێبەری خۆیدا رەنگە لە سەر سێ کەس زۆرترین سەرمایەگوزاری کردبێت: دکتۆر سەعید شەرەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەو مستەفا هیجری. بەداخەوە دکتۆر سادق شەرەفکەندی مەودای پێنەدرا تا بۆ ماوەیەکی زیاتر لە سێ ساڵ رێبەری حیزب بێت، بەڵام لەو سێ ساڵەدا نیشانی دا کە بە بوونی کەسایەتیەکی بە باوەڕو بە بڕوا بەخۆبوونو رێبازی رێبەرەکەی، دەکرێ هەستی بێ قاسملوویی لە ناو ریزەکانی حیزب دا کەم بکەیتەوەو رۆحی هیواو وزە بە حیزبو خەبات ببەخشی. کارنامەی دوو سکرتێرەکەی دیکەی حیزب دەهێلینەوە بۆ مێژووو رووداوەکانی بیستو دووساڵی رابردوو.
شتێک کە گرنگترو کەمتر لە تواناییو لێزانینە، توانایی ناسینی تواناکانە. یەکێک لە بنەڕەتیترین بەرپرسایەتی ریبەرێکی سەرکەوتوو ناسینی ریبەرانی پۆتانسیەل یان دوارۆژە. ئەوان کەسانێکن کە رێبەر دەیهەوێ لە سەریان کار بکاتو بۆ رێبەری داهاتوو پەروەردەیان بکات. ناسینی ئەوانە کارێکی زۆر سەختو ئەستەمە.
دکتۆر قاسملوو لەو بارەدا کەسێکی بەراستی بە توانا بوو، لە ماوەی دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1979هەوە تا 1989 کە دەساڵی خایاند، سەرەرای بوونی شەڕی توندی چەکداریو بەرێوەبردنی حیزب لە رووی سیاسی، ناسنامەیی، بەرنامەو رێکخستنو دیپلۆماسیەوە توانی لانی کەم رێبەرێکی زۆر بەوەجو شیاو بۆ دوای خۆی پەروەردە بکات. پەروەردەی رێبەری چاک وەک بەدەست هێنانی زێر لە کانگادا دایە، دەبێ چەندین تۆن خاک جێبەجێ بکرێت تا مسقالێک زێر بدۆزرێتەوە. بەڵام لە کانگای زێردا مرۆڤ دوای خاک ناگەرێ دوای زێر دەگەرێت. ئەمەش راست شێوازی پەروەردەی ئەرێنی مرۆڤە سەرکەوتووەکانە. رێبەرانی ئەمرۆمان دەبێ بەدوای زێر بگەرێن نەک خاک. دەبێ لە بەرامبەر خراپەدا چاکە بکرێت. هەرچی مرۆڤ زۆرتر وەدوای تواناییەکانی ئەرێنیو پۆزیتیڤ بگەرێ، زیاتر دەیاندۆزێتەوە.
رێبەرایەتی بەرپرسو بەمشوور ئاگاداری گرنگی بوونی کادرو بەرێوەبەری گونجاوە. حیزبە پێشکەوتووەکانی جیهان لە رێگای رێکخراوی لاوانی خۆیانەوە هەمووساڵێ بە چالاکیە جۆراوجۆرەکان هەوڵ دەدەن باشترینەکان بۆ رێبەرایەتیو بەرێوەبەری رێکخراوەیی خۆیان هەڵبژێرن، پەروەردەیان بکەنو بەرپرسایەتیان پێ بدەن. نموونەی ئەوجۆرە رێکخراوانە لاوانی سۆسیال دێموکراتو ئەنترناسیۆنالیست سۆسیالیستە. زۆربەی هەرەزۆری رێبەرانی حیزبە سۆسیالیستەکان بەتایبەت لە وڵاتانی سکاندیناوی، رێگای رێبەریان لە یەکیەتی لاوانەوە دەست پێ کردووەو قۆناغەکانی پەروەردەی ریکخراوەیی لەوێدا پێواوەو بەرەو لووتکەی بەرزی بەرپرسایەتیو رێبەری پێشکەوتوون. هەلکەوتێکی سەرنجراکێش لەو پێوەندیەدا ئەوە کە دکتۆر قاسملوو لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بۆخۆی دامەزرێنەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان بووەو سەرەرای ئەوەی کە رێکخراوەکە دوای داگیرکرانو هەڵوەشانەوەی کۆمار بە هۆی دەسەڵاتی ناوەندی پەهلەویەوە بەکردەوە نەما، بەڵام شوێندانەری لە سەر قاسملوو ئەوەندە بووە کە دوای رووخانی کۆماری کوردستانیش هەروا وەفادار بە باوەڕی نیشتیمانیو نەتەوەیی مایەوەو کاتێک کە لە چێکوسلواکیو لە وڵاتێکی سۆسیالیست بوو، فەلسەفەی "جیاواز بیر بکەوە"ی ئەو بوو بە هۆی ئەوە کە داگیرکردنی پۆلەند (لێهستان) لە لایەن یەکیەتی سۆڤیەتەوە شەرمەزار بکاتو ڕازی نەبێت "بە وەزعی مەوجوود"و ریسکی دەرکران لە چێکوسلاڤاکی قبووڵ بکات بەڵام داگیرکاریو سیاسەتی زۆرەملی سۆڤیەتو سۆسیالیزمی ئەوکات "مەوجوود" قبووڵ نەکاتو دژی دیکتاتۆری بوەستێت. بۆیە وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: "خراپترین دێموکراسی لە باشترین دیکتاتۆری چاکترە".
هەڵبژاردنی کادر، رێبەرو بەرێوەبەر بە دوو شتەوە گرێدراوە: 1) توانایی رێبەر لە ئاسۆبینیو پێشبینی دوارۆژو 2) توانایی رێبەر لە ناسینی تواناکانو لێهاتوویی هاوکارەکانی.
دکتۆر قاسملوو بە لەبەرچاو گرتنی هەست بە پێویستی بۆ خەباتی سەردەمی خۆی، سەرمایەکانی مەوجوود لە ناو حیزبەکەیدا، توانایی خوازیارانی بەشداری لە خەباتو بەرێوەبەریداو هەروەها ئاستی دەروەستبوونی ئەوان، زۆرترین سەرمایەگوزاری بەتایبەت لە سەر دووکەس کرد، کە بەشێوەی نەریتی ئەندامی حیزبی دێموکرات نەبوونو دوایە هەردووکیشیان بوون بە سکرتێری گشتی حیزب.
قاسملوو دەیزانی کە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە رێبەر دەبێت هەندیک تایبەتمەندی هەبێت کە جیاواز بێت لە گشتو بوێری هەڵگرتنی ریسکی هەبێت. بۆخۆشی نموونەی ئەو تایبەتمەندیانە بوو. رێبەر دەبێ دە تایبەتمەندی هەبێت تا بتوانێت رێبەری رێکخراوێک بکات:
1. کەسایەتی
یەکەم شتێک کە هەر رێبەرێک یان خوازیاری رێبەرێک دەبێ هەی بێت، کەسایەتی ئەوە. هیچ شتێک بە رادەی کەسایەتی مرۆڤ گرنگ نیە. کەسێک کە کێشەی کەسایەتی (شەخسیەتی) هەبێت ناتوانرێ لە بەرچاو نەگیرێت. ئەو کێشانە دەبنە هۆی ئەوەی رێبەر کاریگەری خۆی لە دەست بدات. کێشەی کەسایەتیو شێوازی هەڵسوکەوت نابێ لە گەڵ لاوازی تێکەل بکرێت. هەموو مرۆڤێک خاڵی لاوازی خۆی هەیە کە لە رێگای پەروەردەو خۆ پەروەردەکردنەوەوە دەکرێ کەم بکرێن یان لەناو ببردرێن. گۆڕان درێژخایەنو پێویستی بە سەرمایەگوزاری زۆری هەیە. بەڵام کەسێک کە لە رووی کەسایەتیەوە لاواز بێت، لەوانەیە رێکخراو تووشی خەساری زۆر بکات. رێبەری خاوەن کەسایەتی کەسێکە کە: روو راست بێت، راستگۆو ئەمانەتدار بێت، خاوەن دسیپلین بێت، توانایی فێربوونی هەبێت، جێگای متمانە بێت، هەڵسوورو ماندوو نەناس بێت، ئەرک ناس، رەوشت بەرز بێت، قسەو هەلسو کەوتی پێکەوە بگونجێنو لە رەفتارو کردەوەیدا راستگۆ بێت.
لە ناو رێبەرانی ئێمەدا زۆر هەن کە: دۆردنگن لە بڕیارداندا، بەرپرسایەتی کارەکانیان بە ئەستۆ ناگرن، پەیمانشکێننو ئەو بڕیارو پرەنسیبانەی کە بۆخۆیان پەسەندیان کردووە جێبەجێ ناکەنو لە کاتی خۆیدا کارەکان ئەنجام نادەن.
مرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی جۆری پێوەندیان لە گەڵ دەوروبەرو ئاستی پێوەندی کۆمەڵایەتی بە بێ لەبەرچاوگرتنی پلەی سیاسیو تەشکیلاتی ئەو دەناسرێن. کەسایەتی جیاواز بەر لە بەرپرسایەتیو دوای بەرپرسایەتی بەتایبەت لە رووی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەری گەر بە شێوەی لە ئەستوونێ بێت، دەبێتە هۆی رووخانی بنەماکانی بڕوای کۆمەڵایەتیو کەمبوونی بایەخی پلەی بەرپرس.
2. شوێندانەری
شوێندانەریو کارکردی رێبەری حاشا هەڵنەگرە. هەر رێبەرێک دوو تایبەتمەندی کەسایەتی هەیە: یەکەم دەستپێشخەرەو دووەم ئەو دەتوانێت خەڵکانی دیکە لە گەڵ خۆی یەک بخات. شوێندانەر بوون تەنیا بەس نیە، چۆنیەتی شوێندانەری شیکەرەوەی جۆرو کەسایەتی رێبەرە.
دوای قاسملوو دینامیزمی زیندوویی لە ناو رێکخراودا بەتایبەت لە ئاستی رێبەری حدکادا تووشی لاوازیەکی دڵهەژێن هاتووە. رێبەرانی ئەمرۆی حیزب کەمتر بەدوای لێگەرو چالش دەگەرێنو زۆرتر بە کەسانی موریدو پێرەوانێک بەسەندە دەکەن کە "بە دڵی ئەوان قسە بکەن"و لە بەرامبەر ئەواندا خۆیان بە بچووک بزانن. بۆیە چۆنیەتی پێرەوانو لایەنگرانی رێبەران شیکەرەوەی چۆنیەتیو کەسایەتی رێبەریشە. داخوا لایەنگرانی رێبەرانی ئەمرۆ کەسانێکن کە داهێنانی ئەرێنیو گەشەکردوویان هەبێت، یان تەنیا چەپڵە لیدەرو بەلێ قوربان بێژن؟
3. بۆچوونی ئەرێنی
بۆچوونی ئەرێنی بەنرخترین سەرمایەی ژیانی هەر مرۆڤێکە. بە بڕوای نووسەری بەناوبانگی بواری رێبەریو گەشەسەندنی کەسایەتی جان ماکسوێل (John C. Maxwell) لە کتێبی " رانگەی براوە، رەمزی سەرکەوتنی تاکەکەسی" ئەوەی کە خەڵک بە کێشەی خۆیان دەزانن لە راستیدا کێشەی ئەوان نیە. کێشەی ئەوان بە هۆی جۆری هەڵسوکەوتێکە، کە هەیانەو ئەو هەڵسوکەوتەشە کە رێگایان نادات لە کێشەو سەختیەکان دوور کەون. کەسێک کە بە هۆی جۆری روانینی بە ژیان ئەرێنی بیر بکاتەوە، دەتوانێت هەلومەرجەکان بە "هەلی نوێ" ناو بباتو بە پێچەوانەی کەسانی ئاسایی بە جیاتی قبووڵی شکست هەوڵ دەدات تواناییەکانو شارازاییەکان بۆ بەرهەمهێنانو خوڵقاندنی نوێ بەکار ببات. رێبەرانی ئەرێنی ئەندێش دەتوانن رێکخراوی خۆیان بەرەو ئاسۆیەک رێبەری بکەن کە ئەوانی دیکە لێی بێ بەشن. هەرچۆنێک قاسملوو لە ئاستەمترین هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریو کولتووری بزاڤی نەتەوایەتی کورد، حیزبی دێموکراتی بەرەو گەرەترینو شوێندانەرترین حیزبی سیاسی کورد لە سەردەمی خۆیدا رێبەری کردو نەریتێکی بەجێ هێشت، کە ئەمرۆش جێگرانی لێی دەخۆن.
4. خاکیو خەڵکی بوون
رێبەرێک کە توانای ئەوەی نەبێت خەڵک بەرەو لای خۆی راکێشێت، لایەنگریشی نیە. رێبەریک کە توانایی خەڵک خۆشەویستی هەبێت خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەیە: سەرنج دان بە مرۆڤەکان، توانایی تێگەیشتنی ئەوانو بڕیار بۆ سازکردنی پیوەندیەکی ئەرێنی لە نێوان مرۆڤەکاندا. جۆری هەڵسوکەوتی خەڵکانی دیکە لە گەڵ ئێمە لە ئەنجامی جۆری هەڵسوکەوتی ئێمەیە لە گەڵ ئەوان. رێبەرێکی سەرکەوتوو ئاگاداری ئەو خاڵەیە.
یەکێک لە خاڵە بەهیزەکانی کەسایەتی دکتۆر قاسملوو هاوگونجی ئەو لە گەل دەوروبەرو توانایی ئەو لە پیوەندی کردن بە مرۆڤەکان بوو. مرۆڤ لە کاتی پێوەندی بە دکتۆر قاسملوویەوەو پێوەندی ئەو بە مرۆڤەوە هەست بە گەورەییو ورەبەخشین دەکردو لە هەمووی گرنگتر مرۆڤ ترسی نەبوو لەوەی کە لێی نزیک بێتەوە، داوای لێبکات وێنەیەکی لە گەل بکێشێت یان چەن وشەیەکی لە گەڵ ئاڵوگۆر بکات. چونکە قاسملوو دەیزانی کە مرۆڤپەروەری بەشێکی گرنگ لە ئەرکو تایبەتمەندی رێبەریە.
5. لێهاتووییە دیارەکان
هەر مرۆڤێک هەندێک تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی هەیە. یەکێک لە ئەرکەکانی رێبەری لە کاتی پەروەردەی رێبەرانی داهاتوو سەرنج دان بە لێهاتوویی کەسانو هەگەری سەرکەوتنیان لە کارەکانداو بەرەوپێش بردنی رێکخراو زۆر گرنگە. ئەمرۆ بەداخەوە بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکان بە پێچتەوانەی ئەوە بە پێی ئاستی نزیکیو پێرەوی بوونی بەرپرسان لە کەسێکە کە هەڵیان دەبژێرێتو دیاریان دەکات. رێبەرانی ئەمرۆ دوای کەسانێک دەگەرێن کە "کەم دەردی سەر بن".
6. رێگای سەلمێنراوی رێبەری
شاعیری ئەمریکی ئارچی مک لیش (Archibald MacLeish) دەلێت: "تەنیا شتێک کە لە تاقی کردنەوە ناخۆشترە، تاقی نەکردنەوەیە." ئەو رێبەرانەی کە ئەو راستیە دەزانن هێلی سەرکەوتوویی خۆیان لە درێژەی ژیانیاندا درێژە دەدەن. هەرکەسێک شتێکی ئەزموونکراو دووبارە تاقی بکاتەوە شکست دەخوات، بەڵام رێبەرانێک کە لە تاقی کردنەوە بترسن بۆ هەمیشە شکست دەخۆن. رابێرت تاونسەند (Robert Townsend) کارناسی بواری بەرێوەبەری دەڵێت: "رێبەران سنووری تەمەن، شوێن، هەڵکەوتو هەلومەرجی تایبەت ناناسن، ئەوان هەمووجارێ لە هەموو شوێنێک رێبەری دەکەن. تەنانەت لەوانەیە رێبەر لە ئاستی کارمەندێکی سادە بێت، بەڵام ئەوان بە هۆی شوێندانەریان بە سەر خەڵکو پێگەی کۆمەڵایەتیان دەناسرێن." کەسێک کە لە رێگایەک دەپێوێتو خاوەنی باوەڕێکی بەهێزە، لە ناو خەڵکدا بەبێ پلەو پایەی رێکخراوەیش دیارە.
7. بڕوا بەخۆ
رێبەرێک کە بڕوای بەخۆی نەبێت، ناتوانێت بڕوای خەڵک بۆ لای خۆی راکێشێت. مرۆڤەکان بە شێوەی سروشتی لە قاسملوو نزیک دەبوونەوەو لایەنگریان دەکرد، چونکە بڕوابەخۆبوون بەشێک لە تایبەتمەندی قاسملووو کەسایەتی ئەو بوو. لە جیهاندا رێبەر گەلی زۆرهەن کە کاتێک بڕوایان بەخۆیان بووبێت، توانیویانە کۆمەڵگا بگۆڕنو شوێندانەر بن. لە سەروبەندی رووخانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، کوودیتایەکی ئەرتەشی دژی گۆرباچۆڤ دوایین سەرۆکی یەکیەتی سۆڤیەت ئەنجام درا.
تانکەکانی دەوڵەتی خانووی شوێنی ژیانی سەرۆکی کۆماری رووسیا بۆریس یەڵتسین (Boris Yeltsin) ی لە گەمارۆ دابوو. فەرماندە پایەبەرزەکانی ئەرتەش فەرمانیان بە تانکەکان دابوو کە تەقە لە یەڵتسینو هاورێیانی بکەن. کاتێک ئەرتەش لە شوێنی خۆی جێگیر ببوو، یەڵتسین لە خانووەکەی دەرکەوتو بوێرانە چوو سەر تانکەکەو روو لە فەرماندەی تانکەکە کردو وتی" سوپاس بۆ ئەوەی پشتیوانی لە دێموکراسی دەکەی". دواتر فەرماندەکە وتبوو کە ئەوان بڕیار بوو پشتیوانی لە یەڵتسین نەکەن، بەڵام کاتێک ئەو بە بڕوایەکی قووڵ بەخۆیەوە قسەی کردو لێیان نزیک بووە، سەربازەکانی رووسی پێکەوە بڕیاریاندا پشتیوانی لەو بکەنو لە ئەنجامدا کۆدیتای ئەرتەش شکستی هێناوو یەکیەتی سۆڤیەتیش بوو بەشێک لە مێژوو.
بڕوا بەخۆ بوون یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی گرنگی رێبەریەو شێوازێکی بیرکردنەوەی ئەرێنیە. گەورەترین رێبەرانو کەسانی سەرکەوتوو سەرەرای هەموو کەندوکۆسپەکان بڕوایان بە خۆ هەیە. بڕوابەخۆبوون سەرمایەیەکی گەورەی رێبەرە کە دەتوانێت ئەو بڕوایە بە لایەنگرانی خۆشی بدات.
8. خۆدیسیپلینی
بەبێ جیاوازی هەموو رێبەرانی گەورەی جیهان خاوەنی تایبەتمەندی خۆدیسیپلینین. بەداخەوە بەشێکی زۆر لە رێبەرانی ئێمە بەجیاتی خۆ دیسیپلینی خەریکی ژیانێکی جیاواز لەو باوەڕاننە کە پرۆپاگەندەی بۆ دەکەنو جیاوازی چینایەتی لە نێوان ئەندامانی رێبەریو بەدەنەدا بووتە یەکێک لە هۆیەکانی مەودا نێوان رێبەریو ئەندامانی حیزبو بنەماڵەی حیزبی لە بنکەو ئۆردووگاکاندا. هیچ سەرکەوتنێک بە مامەلەو هەڵسوکەوتی "یەک بانو دووهەوا" بەدەست نایەت. بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی – سیاسیەک کە بەشی ئاشکرای حیزب لە باشووری کوردستان تێکەوتووە لەوانەیە نەتوانین چاوەڕیی ئەوە بین رێبەرانی ئێمە خۆدیسیپلینی بەرێوە ببەن وئامادە بن نرخی خۆدیسیپلینی بدەن. کاتێک باس لە خۆدیسیپلینی دێتە پێش مرۆڤەکان دوو رێگا زیاتریان لە بەر دەست نیە: یا ئێشو ئازاری خۆدیسیپلینی کە بریتی بێت لە فیداکاری، رێکوپێکیو گەشەکردن قبووڵ دەکەن یا خود ئێشو ئازاری پەشیمانی بەهۆی لەدەست دانی هەلەکانو خۆخەریک کردن بە شتەلاوەکیەکانی خەبات. هەرکەسێک لە ژیاندا هەڵبژاردەیەکی هەیە. دکتۆر قاسملوو رێگای خۆ دسیپلینی هەلبژاردو تەنانەت شتێکی بۆ بنەماڵەی خۆشی بەجێ نەهێشتو هەموو میراتەکەی پێشکەشی حیزبی دێموکرات کرد.
9. توانایی پێوەندی کاریگەر
پێوەندی بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئێمەیە. لێکۆلینەوەکان دەسەلمێنن کە نزیک بە 70%ی کاتی مرۆڤ لە پێوەندیەکاندا تێپەر دەبێت. رێبەریک کە توانایی پێوەندی گرتنی نەبێت ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەرو شیاو بۆچوونەکانی خۆی بە خەڵکو دەوروبەری رابگەیەنێت. توانایی رێبەر لە متمانەدان بە خەڵک هاوسانە لە گەڵ توانایی ئەو لە پێکهێنانی پێوەندیدا. هەردووک تایبەتمەندی سەرەوە پێویستی بە کردەوە لە لایەن رێبەرو دژکردەوە لەلایەن لایەنگرانیەوە دەکەن. پێوەندی کردەوەیەکی دوولایەنەی ئەرێنیە. کاتێک پێوەندیەکە یەک لایەنانە بێت، درەنگ یا زوو ئەو پێوەندیە دەمرێت. قاسملوو لە هەموو ئاستەکانی پێوەندیدا چ وەک دیپلۆماتێکو چ وەک رێبەرو کەسێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگادا دەیتوانی لە گەڵ دەوروبەری خۆی پێوەندی بگرێتو ئەوەندە شوێندانەر بێت، کە دوای خۆی هەستێکی بەهێز بەجێ بێلێت. لە تایبەتمەندیەکانی توانایی قاسملوو لەو پێوەندیەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو گرنگیەکی تایبەتی دەدا بەو کەسانەی کە قسەیان بۆ دەکرد. کاتێک گرنگی بە کەسێک یان کۆمەڵێک دەدرێ کە قسەیان بۆ دەکرێ، کۆمەڵەکەش بە دڵو گیان گوێی لە کەسەکە دەگرێت. توارننایی سەرنجدانو بەو کەسەی کە وەڵام دەداتەوە، ئەو کەسانەی کە لە پێوەندیەکاندا لاوازن، تەنیا لە کاتی قسەکردن دا سەرنج دەدەنو کاتی بیستنی وەڵامی لایەنی بەرامبەر سەرنجیان پێنادەن. کەسێک کە دەتوانێت پێوەندی چاک بگرێت، تەنانەت سەرنج دەداتە بزاڤی جەستەی لایەنێک کە گفتگۆی لە گەڵ دەکرێتو بە پێی هەو هەڵسوکەوت دەکات. توانایی پیوەندی بە هەموو خەڵک، قاسملوو لە پێوەندی خۆیدا دەیتوانی هەستی ئارامیو ئینسانی بە هەموو کەس بدات. ئەو دەیتوانی لە گەڵ هەرکەسێکو بەهەر سەلیقەیەکەوە کە هەیبوو پێوەندی بگرێتو گفتگۆی لە گەل بکات. پێوەندی چاوبەچاو لە گەڵ لایەنی گفتگۆ، بە یەک چاوخشاندن بە وێنەکانی قاسملوو لە کاتی قسەکردن یان گوێگرتن لە کەسێک کە قسە دەکات، مرۆڤ دەبینێت کە بەهۆی ئەوەی کە ئەو لە گفتگۆی خۆیدا راستگۆ بوو، لە کاتی قسەکردنو گوێگرتندا چاوی لە ناوچاوی لایەنەکە بوو. پێکەنینی قاسملوو لەوانەیە "موعجزە" خوڵقێنترین تایبەتمەندی ئەوبوو بێت لە پێوەندی گرتندا. ئەو دەیتوانی بە بزەی سەر لێوو پێکەنینی خۆی هەستی زیندوویی بە لایەنی بەرامبەر ببەخشێو گوێگرانی خۆی لە گەڵ لایەنی مرۆڤدۆستیو ژیان خۆشەویستی خۆی ئاشنا بکات.
10. نارازی بوون لە وەزعی مەوجوود
رێبەران ئەوەی کە هەیە دەبینن. بەڵام گرنگتر لەوە هۆیەکانی ئەویش دەبینن. رێبەری راستی قەت بە رەوشی ئێستا"قانع" نیە. قاسملوو رێبەرێک بوو کە زیاتر لەوانی دیکە بۆ کردنەوەی دەروازەکانی پێشکەوتنو سەرکەوتن هەوڵی دەدا. ئەو بەدوای کردنەوەی ئاسۆی تازەو جیهانی نوێ بۆ کورد بوو. قاسملوو قەت لە ئاستی رەوشی ئێستای حیزبەکەی رازی نەبووو هەمیشە لە دوای ئەوە دەگەڕا بە کەمترین "هەزینە" زۆرترین دەستکەوت بەدەستەوە بێنێت. ئەو سەرەرای رەوشی تایبەتی پێوەندیدار بە شەڕی چەکداریو تەنگەژەی ئایدیۆلۆژیەکان حیزبەکەی بە رێبەریەکی بێوێنەوە رۆژ لە گەڵ رۆژ بەهێزتر دەکرد.
ناڕازیبوون لە وەزعی مەوجوود بە واتای بۆڵەبۆل کردنو گلایە کردن نیە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە ویستی ئاڵوگۆڕ بەهێزە. کەسێک کە ئامادە نەبێت ریسکی گۆڕانکاری قبووڵ بکات ناتوانێت پێشکەوێت. رێبەرانی پارێزەری "وەزعی مەوجوود" بەداخەوە بۆخۆیان دەبنە "پێرەوی" رەوشی مەوجوود. رایمۆند سمیت (Raymond Smith) سەرۆکی بێل ئاتلانتیک دەڵێت: " هەنگاونان لە رێگای بێ مەترسیو بە شێوەی یەکسان چوون، لەوانەیە بێکارت نەکات بەڵام بەدڵنیاییەوە لە درێژخایەندا هیچ سوودێکی بۆ رێکخراوەکە بە دواوە نابێت." رێبەرایەتی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات راست لەو خاڵەدا ماوەتەوە: ترسی گۆڕانی وەزعیەتی مەوجوودو هەڵگرتنی ریسکی گۆڕانو بەروپێش چوون. چونکە لەناو ئێمەدا نایابن ئەو رێبەرانەی کە "مەترسی هەڵگر" بنو بوێرن هەنگاوی بوێرانە هەڵگرن بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی.
بۆ ئەو کەسانەی کە لە گەڵ کێشەکانی کۆن دەسازێنو لەو کێشانەدا دەمێننەوە ژیان ئاسانترو ئارامترە لەوەی کە رێگاچارەی نوێ بدۆزنەوەو مەترسی ریسکی گۆڕان هەڵگرن. جیاوازی نێوان شیاویو کاتی پێویست بۆ باسکردنو گفتگۆ لە سەر چارەسەری کێشەکانی کۆنو دۆزینەوەی رێگای تازە بۆ پێشکەوتنو گۆڕان یەکجار کەمە. جیاوازیەکە لە جۆری بۆچوونەکاندایە. دەشێ رێبەرایەتی حیزب بەجیاتی قەتیس مان لە کێشەکانی کۆندا بە دوای چارەسەریو گۆڕان بەرەو پێش بێت.
قاسملوو بەو هیوایە سەرمایەگوزاری لە سەر رێبەرانی ئەمرۆی حیزب کرد کە وەک خۆی ببنە رێبەرانی سەرنج راکێشو بەتوانای حیزبو جۆڵانەوە. ئەوان بەراستی دەتوانن ئەو خەونەی قاسملوو بەجێ بێنن، بەمەرجێک بزانن کۆمەڵگای ئەمرۆی کوردستان لانی کەم 30 ساڵ کەمتەمەنتر لەو کاتەیە کە ئەوان دەستیان بە رێبەری کردو پێویستە فەلسەفەو کولتووری رێبەریش بەو پێیە بگۆردرێت.
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)
قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)
هونەری رێبەریی بەهاو بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)
قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)
رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)
گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات (وتارى 7)

