هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

گۆڕینی کۆمەڵگا پێویست بە بیرکردنەوەی جیاواز دەکات

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

majid_-_web_-_taybet_1پێشکەش بە

25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی

(وتاری 7)

نووسەری ئەمریکی زیگ زیگلار (Zig Giglar) دەڵێت: "لانی زۆری بەهرە لە تواناییەکانی تۆ، وەک سەرکەوتنی تۆیە". لە روانگەی دکتۆر قاسملوویەوە سەرکەوتنی رێبەر واتا بەهرە وەرگرتنی لانی زۆری سوودمەندی هاورێیانی لە بەهرەکانی ئەو. بۆیە دکتۆر قاسملوو بۆ ئەوەی توانیبێت ئاستی زانیاری گشتی لە ناو ئەندامانی رێبەری دا زیاد بکات‌و لە لایەکی دیکەوە ئاستی بەشداری لە کاری رێبەریدا بەرفراوان بکات، هەوڵی دا بە دوو شێوەی ئاسۆیی‌و ئەستۆۆنی ئەو کارە ئەنجام بدات: لە لایەک بە جێگرکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی‌و دەفتەری سیاسی لە پێرەوی ناوخۆیی حیزبی دێموکرات دا ئاستی بڕیاردانی سیاسی لە بازنەی چەند کەسیەوە بۆ تیمێکی چەندیک نەسی بەرفراوان کرد‌و لەلایەکی دیکەوە هەوڵی دا ئەرکی رێبەری بکاتە کارێکی تیمی‌و ژمارەیەکی زۆر بەشداری بکات لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی‌و رێبەری کردنی جۆڵانەوەدا‌و بە پێکهێنانی دەفتەری سیاسیش جێبەجێ کردنی بڕیارە سیاسیەکان‌و ئەرکەکانی سیاسی ئەسپێردراو بە شێوەی دام‌و دەزگا لە ناو حیزبدا "نەهادینە" بکات. لە گەڵ ئەمەش بۆ ئەوەی کە بازنەی رێبەری بازنەیەکی داخراو نەبێت، زانیاری‌و شارەزای پرۆسەی بڕیاردان بە شێوەی پرۆسەیەکی پەروەردەیی لە ناو حیزبدا جێ بگریت،‌و هەروەها لە تواناییەکانی کەسانی دیکەش کەڵک وەرگیرێت، لە پێرەوی ناوخۆی حیزب دا راوێژکار یان موشاویری کۆمیتەی ناوەندیش دیاری کران، کە هەرچەند رۆڵی راستەوخۆیان لە بڕیاردان دا نەبوو، بەڵام ئاڵقەیەکی پێوەندی بەهێز بوون بۆ سوڕانی ئەزموون‌و شارەزایی رێبەری لە ناو کۆمەڵگایەک دا کە بە شێوەی نەریتی بار هاتبوو. لەو پێوەندیەدا ئاندرێ کارێنگی (Andrew Carengie) وتەیەکی سەرنج راکێشی هەیە کە دەڵێت: " دەمهەوێ لە سەر بەردی گڵکۆم بنووسرێت: لێرە کەسێک خەوتووە کە ئەوەندە بە مشوور‌و خەمخۆر بوو کە کەسانێکی بۆ کار وەردەگرت کە لە خۆی شارەزاتر‌و زاناتر بوون." ئاواتی بەرزی قاسملووی رێبەر ئاوابوو.

 

 

majid_haqqi_-_wtar_7_-_2


سی.جێن والکێس (C. Gene Wilkes) لە پەرتووکی مەسیح (Jessus on Leadership) لە روانگەی رێبەریەوە نیشان دەدات، کە هێزی رێبەری تەنیا پێوەندی بە جیهانی بازرگانی‌و سیستەمەکانی سیاسی ئەمرۆیەوە نیە بەڵکوو خاوەنی مێژوویەکی دوورو درێژە. بە هەڵسەنگاندنێکی خێرا لە کردەوەکانی قاسملوو لە ماوەی نزیک بە بیست سال سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران دا دەتوانین بڵین لە روانگەی قاسملوویەوە:

- تیم یان ئۆرگان بریتیە لە کەسانێک، کە کۆی گشتی ئەوان، سەرچاوەکان، بیرورا‌و تواناکانیان زیاتر لە تاکەکەسە

- تیم توانایی رێبەر زیاتر دەکات‌و دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی کەموکۆریەکانی. هێز‌و لاوازی لە کاری تاکە کەسی دا زیاتر بەرچاو دەکەوێت

- تیمەکان دیمەنگەلی جۆراوجۆر لە پێویستیەکان‌و رێگاکانی گەیشتن بە ئامانجەدیاری کراوەکان روونتر نیشان دەدەن‌و دەبنە هۆی ئەوەی کە کەسان بتوانن هەلی هەڵبژاردنی زیاتریان هەبێت

- لە کاری تیمیدا هەموو لە سەرکەوتن‌و شکست خواردن دا بەشدارن. ئەمەش دەبێتە هۆی پەروەردەی راستینی کەسەکان‌و ئەندامانی رێکخراو بە یەکتر نزیک دەکاتەوە.

- تیمەکان کە لە حیزبی دێموکرات دا بە ئۆرگانەکان ناسراون دەبنەهۆی ئەوەی کە رێبەران بەرپرسی کاروباری خۆیان بن.

- تیمەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر لە تاکەکەس دەتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن

قاسملوو بەو بڕوایە بوو، گەر مرۆڤ بیهەوێ تواناییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت‌و ئەو کارەی کە وەک "نامومکین" دەبیندرێت مومکین بکات، دەبێ لە ئۆرگانێکدا رێک بخرێت. بۆیە وەک مەرجی ئەندامەتی لە ناو حیزبی دێموکرات دا دەبێ هەرکەسێک لە ئۆرگانێک دا سازماندەری بکرێت ئەم مژارە لەوانەیە بۆ خوێنەر زۆر ئاسایی ببیندرێت، بەڵام راستیە. یاکەکەس لە کێبەرکێ کایە دەکات، بەڵام ئەمە گرووپ‌و تیمەکانن کە دەبەنەوە.

دوای کارەساتی لە تیرۆری قاسملوو‌و دکتۆر سەعید بازنەی کۆمیتەی ناوەندی‌و هەڵبژاردنی راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی زۆرتر بە مەبەستی مسۆگەرکردنی درێژەدانی ئەندامەتی ئەندامانی سەرەکی رێبەری بوو. کولتوورێک کە قاسملوو بۆ جێبەجێ کردنی دەسەڵات پێک هێنابوو بووە بە دێموکراسیەکی ئۆلیگارشی بۆ هەڵبژاردنەوەی دووبارەی بازنەی سەرەکی دەسەڵات. سەرەرای بوونی ئەو تایبەتمەندیانە لە رێبەری قاسملوودا بۆچی کەسانێک کە خۆیان بە قوتابی قاسملوو دەزانن زۆرجار تا ئاستی سێکترایزم تاکرەوی دەکەن؟ بە بڕوای نووسەری ئەو دێرانە لەو پێوەندیەدا چەند هۆ هەن کە شرۆڤەکردنی ناوخۆیی‌و دەروون رێکخراوەیی دەتوانێت یاریدەر بێت بۆ تێپەربوون لەو کۆسپانە:

1. خۆپەسەندی (خۆخوازی)

زۆر کەم کەس هەن، کە قبووڵ بکەن هەموو کارێک ناتوانرێ هەمووجارێ بە تەنیا لە لایەن کەسێکەوە ئەنجام بدرێت. پرسیار ئەوە نیە کە داخوا داخوا دەتوانی ئەو کارە بە تەنیایی ئەنجام بدەیت، بەڵکوو کێشەکە لەوەدایە کە کەی ئەندامانی ریبەری دەتوانن ئەو راستیە قەبووڵ بکەن کە ئەوان تاکە رزگاریدەری گەلی کورد نین‌و تەمەنی زۆر‌و ژیانی درێژی پێشمەرگایەتی وزەی داهێنان‌و تێگەیشتن لە سەدەی راگەیاندنی لەوان بڕیوە. ئاندرێ کارێنگی (Andrew Carengie) لەو پێوەندیەدا هۆشدارمان دەکاتەوە رێبەران رێنوێنی دەکات: " هەنگاوێکی گەورە لە پێناو گەشەسەندن‌و پێشکەوتنی ئێوە پێویستی بەو راستیە هەیە کە لە جیاتی ئەنجامدانی کاری تاکرەوانە، دەتوانن بە یارمەتی کەسانی دیکە ئەو ئەرکە بە شێوەی جوانتر جێبەجێ بکەن."

بۆ ئەنجامدانی ئەرکی گرنگی نەتەوایەتی‌و وەدیهێنانی یەکیەتی نەتەوایەتی پێویستە خۆخوازی‌و تاکرەوی‌و خۆ مێحوەر دیتن لاببرێت رێبەری حیزب دەبێ هەوڵی جیددی بدات بۆ ئەوەی تەواویەتی بنەماڵەی دێموکرات یەک بگرێتەوە.

2. ترس‌و هەست نەبوونی تەناهی

لە ماوەی بیست‌و پێنج ساڵی رابردوودا زۆر لە رێبەرانی حیزب بە هۆی ترس لە هەڵەو شکست‌و نیگەرانی لە بوونی هەڕەشە نەیانتوانیوە حیزبی دێموکرات بەهێز بکەن‌و ئۆرگانەکانی جۆراوجۆری حیزبی لاوازتر لە پێشوو بوون. بۆیە نەیوانتوانیوە کادری زیاتر بۆ رێبەری چ لە ئاستی ئۆرگانەکاندا‌و چ لە ئاستی رێبەری سیاسی پەروەردە بکەن. لەوانەیە ماکیاوێلی سیاسەتوانی سەدەی شانزدەهەم بۆیە ئەو رستەیەی وت بێت: "یەکەم شێواز بۆ ئاگاداری لە ئاستی هۆش‌و ژیری رێبەران ئەوە کە بزانین چ کەسانێک دەوروبەری ئەو کۆبوونەتەوە". لە کوردەواری خۆشماندا پەندێکی پێشینان دەڵێت: "گەر بتهەوێ کەسێک بناسی، پێشتر دۆستانی بناسە. "

ترس‌و هەستی نەبوونی تەناهی (امنیت) بەرلەوەی کە بەرهەمی لێکدانەوەی لاواز یا خود ئاستی نزمی تێگەیشتنی سیاسی – کۆمەڵایەتی بێت، بەرهەمی کۆبوونەوەی کەسانی لاواز‌و بەرژەوەندی پارێز لە دەوروبەری رێبەری دان. تەنیا رێبەرانی خۆڕاگر دەتوانن وزەی‌و هێزی ئەرێنی بە دەوروبەری خۆی ببەخشێت. بەواتایەکی دیکە رێبەرانی دوودڵ بە دوو هۆیەوە ناتوانن سەرکەون: یان دەیانهەوێ لە سەر هەموو شتێک کە بەرپرسایەتیان هەیە چاوەدێری بکەن یا خود ترسی ئەوەیان هەیە لە لایەن کەسانێک کە لەو شارەزاترن جێگایان لێ بگیرێت. هەر چۆنێک بێت، ئەو رێبەرانەی کە توانایی‌و لێهاتوویی رێکخراو بەکار بێنن هەوڵەکانی چالاکانی ناو رێکخراو لە ناو بەرن، ناتوانن حیزب‌و رێکخراوە بەرەو سەرکەوتن رێبەری بکەن.

دکتۆر قاسملوو بە پێچەوانەی ئەو جۆرە رێبەرانە بەو بڕوایە بوو کە: ئێمە نەتەنیا دەبێ هەموو هێزی فیکری خۆمان بەکار بەرین، بەڵکوو دەبێ لە هەموو تواناییەکانی دیکەش کەڵک وەرگرین بۆ ئەوەی بە بەرزترین ئاستی رێکخراوەیی‌و بەهرە لە هێزی مرۆڤی خۆمان بگەین."

3. ساویلکەیی

یەکێک لە راوێژکارانی بەناوبانگی کۆشکی سپی جان گیگیان (John Ghegan) نووسراوەیەکی لەسەر مێزی کارەکەی دانابوو کە بریتی بوو لە: "گەر دەبوایە کارێک سەر لە نوێ ئەنجامی بدەم، لە یارمەتی کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرم". ئەم نووسراوەیە رەوشی گرووپی سێهەم نیشان دەدات کە گرنگی بە سەرکەوتن نادەن‌و کاری رێکخراوەیی وبەرپرسایەتی بە جیددی نازانن. ئەوان لە رووی ساویلکەییەوە بڕوایان بە سەرکەوتن نیە بۆیە بەتەنیا دەست بە هەندێک کار دەکەن.

رزگاری لەو جۆرە کەسانە لە ناو رێکخراودا دەبێتە هۆی پێشکەوتنی سەرانسەری رێکخراوەکە. ئەوان تێدەگەن کە ئاواتەکانیان لە تواناکانیان بەهیزترە. ئەوان دەزانن کە ناتوانن بە تەنیایی بە ئامانج بگەن بۆیە هەوڵ دەدەن خۆیان لە گەڵ هەلومەرج بگونجێنن. ئەوان بە پێکهێنانی رێکخراوە‌و تیمی جۆراوجۆر سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن. بەڵام هەندیکی دیکە تووشی مەرگەسات دەبن‌و قەت بە ئامانجەکانیان ناگەن. کۆنگرەی چوار‌و هەشتی حیزبی دێموکرات‌و چارەنووسی گرووپەکانی پێرەوانی کۆنگرەی چوار‌و هەروەها شێوەی خۆسازماندان‌و بەهێز کردنی رێبەری حیزب‌و رێکخراوەکانی حیزبی لە دوای کۆنگرەی هەشتی حدکا، نیشانەی هێز‌و ورە‌و ئاسۆبینی دکتۆر قاسملوو بوو‌و نموونەیەک لە گرنگی ئامانج لە بەرامبەر بەرژەوەندیەکانی تاکەکەسی‌و کورتخایەن بوو.

4. تایبەتمەندی

قاسملوو کەسێک بوو کە گرنگیەکی زۆری بە پەروەردە لە هەموو بوارەکانی ژیانی حیزبی دەدا. لە بەرامبەردا دوای کارەساتی میکۆنۆس پەروەردە‌و فێرکردن‌و بەشداری رێکخراوەیی لە پێناو گەشەسەندنی کولتووری رێکخستنی لە ناو حیزبدا پێگەی خۆی لە دەست دا. لە پووشپەری 2001 کە بۆ ئەنجامی هەندێک ئەرکی حیزبی سەردانی دەفتەری سیاسی حدکام کرد پرسیارم لە یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی ئەو کاتی حیزب کرد کە بۆچی هیچ فێرگەیەک‌و پرۆگرامێکی پەروەردەیی بۆ پێشمەرگەکان دانەنراوە بۆ ئەوەی هەم رۆژگاریان لە ژیانی کەمپنشینی بگوزەرێت‌و هەمیش حیزب بتوانێت بۆ دوارۆژ کادر‌و رێبەری پێویست پەروەردە بکات. لە وەڵامدا وتیان: "پەروەردەی ئەو کەسانە کارێکی بێواتایە، چونکە دوای یەک دووساڵ کە لێرە شت فێربن، لە ناو حیزب دا نامێنن‌و نابنە ماڵ بۆ حیزب."

هەندێک کەس لە رووی تایبەتمەندی کەسی خۆیەوە بڕوای بە پێکهێنانی گرووپ‌و پەروەردەی نیە. ئەوانە تەنیا لە کاتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ تەنگەژەکان روولە ئەندامان دەکەن‌و ئەندام‌و رێکخراو وەک کەرەسەیەک دەبن بۆ

پاراستنی پێگەی ئەوان.

قاسملوو راست بە پێچەوانە بوو. لە بەرامبەر هەر لێگەرێک‌و بۆ هەر ئامانجێک دوای کەسانی شارەزا‌و لێهاتوودەگەڕا. ئەو پێی وابوو: بۆچی بەتەنیایی ئەرکێک ئەنجام بدەیت، لە کاتێکدا دەتوانی لە رێگای خەبات بۆ رزگاری نەتەوەی هاوسەفەرت هەبێت؟

ئەو رێبەرانەی کە خۆیان لە هاوکاری‌و هاوفکری کەسانی دیکە بێمنەت دەزانن‌و کەسانی بەتوانا‌و شارەزا لە رێکخراو‌و حیزب دوور دەکەنەوە لە راستی دا دیوارێکی تاریک بەدەوری تواناییەکانی خۆشیان دەکێشن. ددەروون ناسی ئەمریکی کتۆر ئاڵان فرۆم (Allan Fromme) لەو پێوەندیەدا دەڵێت: "مرۆڤەکان لە هاوکاری لە گەڵ خەڵکانی دیکە سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دێنن تا ئەوەی کە لەبەرامبەریان رابوەستن." ئەمە راستیەکە کە بەداخەوە لە ناو کورد بە گشتی‌و لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەتایبەتی نەناسراو ماوەتەوە‌و بەهای پێنەدراوە.

ئێمە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن‌و ئامانجەکانمان پێویستمان بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکان هەیە. تەنانەت کەسانێک کە خۆپەرەستن‌و تەنیا قازانجی خۆیان لە بەرچاوە، دەتوانن لە بەشداری گشتی‌و تواناییەکانی ناو کۆمەڵگا بەهرەمەندتر بن.

هیچ بەشێک لە حیزبی دێموکرات ناتوانێت بەتەنیا رۆڵی حیزبێک کە قاسملوو رێبەری دەکرد جێبەجێ بکات. ئێمە پێویستمان بە یەکتر هەیە. ئێمە دوڕگەی تەنیای ناو دەریاکان نین، بەڵکوو ئەندامانی کۆمەڵگایەکی لێکدابراو بەڵام خەباتگێرین. بۆ پێشکەوتن‌و گەشەسەندنی ئەوەی کە ئێمە پێی دەلێین حیزبی دێموکرات‌و خەباتی نەتەوایەتی دەبێ فێر بین‌و پشتیوانی یەکتر بین دەبێ شرۆڤە بکەین‌و وەڵامی هەڵەکانی خۆمان بدەینەوە. دەبێ دیالۆگ‌و دانوستاندن بکەین. بوێرانە دان بە هەڵەکانی خۆمان دابنێین دەستی یارمەتی بۆ لای هەموو تواناکان رابکێشین‌و سینگمان کراوە بێت بۆ وەرگرتنی پێشنیار‌و بۆچوونەکانی کەسانی دیکە. دەبێ بە کردەوەی خۆمان - نەک بە دروشم – هیوا بە خەڵکی کوردستان ببەخشین‌و هێزی ئەرێنی‌و بڕوا لە ناویاندا گەشە پێبدەین.

چونکە هیچکام لە ئەندامانی رێبەری حیزبی دێموکرات نە کامڵ‌و تەواوە‌و نە سەربەخۆ، نە بێنیازە‌و نە خاوەنی لێهاتوویی‌و شارەزایی لە رادەبەدەر‌و کاریزمای دکتۆر قاسملوو، با بێين‌و هەروەک دکتۆر سەعید لە بە بۆنەی شەهیدبوونی دکتۆر قاسملوو داوا دەکات: "هەرکەس بە پێی توانای خۆی" کار بکات. خەبات بە بێ کێشەکانی کوشەندە‌و بێ ئامانجی ریزەکانی دێموکراتیش سەخت‌و پڕ لە کەندوکۆسپە. کاتی کایە‌و دۆراندنی هێز‌و سەرمایەی گەل تەواو بووە. وەرن یەکگرین.


بابه‌تی‌ پێوه‌ندیدار:

قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری‌ یه‌كه‌م)

قاسملوو‌و رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)

قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)

هونەری رێبەریی بەها‌و بایەخەکان لە روانگەی کەسایەتی قاسملوویەوە (وتارى 4)

قاسملوو رێبەرێک بۆ پێگەیاندن (وتاری 5)

رێبەری راستی تواناکانی دەوروبەریان بە هێز دەکات (وتارى 6)

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1878
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy