لەم چەند رۆژە دا هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل بۆتە گرینگ‌ترین نووچەی دەزگاکانی راگەیاندنی جیهان و ئەوان بە گرنگییەوە باسی لەنگەرگرتنی كەشتی SCF Altai هەڵگری نەوتی كوردستان لە بەندەری ئاشكیلۆن ــ عەسقەلانی ئیسرائیل دەكەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسی لە ترسی بەرپرسانی ئیسرائیل لە نزیكبوونەوەی ئێران و ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووه، بۆیە ئیسرائیلییەكان گوتوویانە كە بە پەرۆشەوە هەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن، بۆئەوەی هەم بازنەی تەسكی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیانی پێ فراوان بكەن، هەم سەرچاوەیەكی دیكەی وزەش بۆ خۆیان دابین بكەن.
رۆژنامەی هائارێتز، كە کۆنترین رۆژنامەی ئیسرائیلە و لە باری كاریگەرییەوە لەسەر ئەو وڵاتە بە نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بەراورد دەكرێت بە مانشێتێكی گەورە نووسیویەتی "كورد جارێكی دی هاوپەیمانەكەی خۆیان دۆزییەوە" كە مەبەستی ئیسرائیلە. هائارێتز دەڵێت هەرچەندە ئەمریكا پێی خۆش نییە كورد بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت بفرۆشن، بەڵام بە سەرنجدان لە هەڵسوكەوتەكانی ئەم دواییەی مالیكی ،پێناچێت رێگریی بكات لەوەی كورد نەوتەكەیان بە ئیسرائیل بفرۆشن. رۆژنامەكە ترسی هەیە ئێران فشار بخاتە سەر كورد تاوەكو خۆیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئیسرائیل بەدووربگرن.
ماڵپەری ئارتوز شیڤا (ئیسرائیل ناشناڵ نیوز)یش دەڵێت: لەنگەرگرتنی نەوتی كوردستان لە كەناری ئیسرائیل‌دا نیشانەی پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و كوردستانە.
چەند رۆژ لەمەوبەر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له نووسراوێکدا به فه‌رمی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه " که هه‌رێمی کوردستانی عێراق شانازی ده‌کات به‌م ده‌سکه‌وته مێژووییه‌وه که له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ترساندن و ده‌ستوه‌ردانه بێ بنه‌مایانه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه به‌رامبه‌ر خاوه‌نی کهشتییکه و کڕیاران و بازرگانان ده‌کرا هاته‌دی".
ئەو هەواڵانە لە كاتێكدایە، كە دوێنێ بە فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زاری سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیكردەوە ئەوان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ نەوتیان بە ئیسرائیل فرۆشتبێت. سەفین دزەیی گوتی "ئێمە نەوت بە كۆمپانیا دەفرۆشین نەك بە وڵات، كۆمپانیاكانیش ئازادن لەوەی دواتر نەوتەكە دەدەنە كێ".
وێنه‌ی ئه‌و كه‌شتیه‌ی نه‌وتی كوردستانی بۆ ئیسرائیل برد
زۆریەک لە خاوەن رایان پێیان وایە ئینکار کردنی پێوەندی نێوان کوردستان و ئیسرائیل لە لایان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، رەنگە بە هۆی رەوشی ئاڵۆزی ئێستای وڵاتی عێراق وئەگەری سەربەخۆیی کوردستان و هەڵوێستی ئێران لەو پێوەندییەداو بەرپەرچ دانەوە و توند و تیژی لە لایان ئەو وڵاتەوە بێ.
ماوەیەک لەمەوبەر وەڤدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرستی نیچێروان بارزانی سەردانی ئێرانیان کرد و دەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتە دا چاوپێکەتنیان پێکهێنا. دەگووترێ بۆ رێگری کردن لە سەربەخۆبوونی کوردستان، مالیکی لە رێگای ئێرانەوە لەو دیدارانە پیشنیاری کردووە هەرچی ئەو داوایانەی چەند ساڵە کورد لە عێراقی ویستووە، بە زیادەوە جێبەجێی دەکەين.
ماڵپەڕی قورەیشی لوبنانی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئێرانی رایگەیاندووە کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لەسەر داوایەکی خێرای دەسەڵاتدارانی ئێرانی بووە و ھەر لەماوەی یەک رۆژدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتەنگ داواکەوە ھاتووە. لەسەردانەکەدا ئێران نامەیەکی ئیمزاکراوی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگەیەننە دەست نێچیرڤان بارزانی کە زیاتر لە رێکەوتننامە دەچێت و مالیکی ویستویەتی لەرێی ئێرانەوە بە کوردی بگەیەنێت، بۆ ئەوەی ئەمجارەش متمانەی کورد وەربگرێتەوە و لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ئەو رەوشەی ئێستا حکومەتی هەرێم پێی دا دەڕوا بە تایبەت فڕۆشتنی نەوت بە وڵاتی ئیسرائیل وێدەچێ زۆر لەمەوپێش ئامادە کاری بۆ کرابێ. لە لای خۆيه‌وه حكومه‌تى عێراق، چه‌ندين جار كۆمپانيا نه‌وتييه‌كان و وڵاتانى كڕيارى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى له مه‌ترسى كڕينى نه‌وتى هه‌رێم به شێوه‌ى "ناياسايى" ئاگادار كردووه‌ته‌وه و رايگه‌ياندووه، رێكارى ياسايى له دژيان ده‌گرێته به‌ر ئه‌گه‌ر به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا نه‌وتى هه‌رێم بكڕن.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت، "هه‌نارده‌كردنى نه‌وت بۆ ئيسرائيل" ، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕووى فشارى به‌غدا بكاته‌وه و ئاڵۆزى زياتر له نێوان هه‌ردوولا بێنێته‌ئاراوه.
ئه‌مه يه‌كه‌مجاره پرسى ناردنى نه‌وتى خاوى سوك و قورسى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئيسرائيل بێته ئاراوه. له ساڵى 1948ه‌وه و له ساته‌وه‌ختى راگه‌ياندنى ده‌وڵه‌تى ئيسرائيل له‌سه‌ر خاكى فه‌له‌ستين، ده‌وڵه‌تى عێراق ئاماده نه‌بووه، دان به بوونى ئيسرائيلدا بنێت و مامه‌ڵه‌ى ئابوورى و سياسى و ديبلۆماتى له‌گه‌ڵ بكات.
ئەوەی جێگای سەرەنجە و ئەو چەند رۆژە لە لایان دەزگاکانی راگەیاندنی هەر دووک وڵاتی ئیسرائیل و کوردستان دەرکەوتووە، خۆشحاڵی خەڵکی هەر دووک وڵاتە و جەماوەرەکە بە گەشبینییەوە دەڕواننە پێوەندی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە.

