بەبۆنەی رێزگرتن لە کەسایەتیی دێموکراتو هزری دوکتور قاسملوو، پاش نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەدەستپێشخەریو هاوکاریی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریسو دەفتەری نوێنەرایتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاریس لە سالۆنی ''ڤیکتۆر هۆگۆ''ی پارلمانی فەڕانسە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە کوردو ئێرانیو فەرانسەوییەکان بەڕێوەچوو.
لە بەرنامەی ئەو رێوڕەسمەداو پانێلەکانی بۆ باسکردن لە کەسایەتیو بیرو روانگەکانی دوکتور قاسملوو، پاش وتاری بەخێرهاتن لە لایەن سیرژیۆ کۆرونادۆ پارلەمانتار، ئەو کەسایەتییانە لە چەند پانێلو دانیشتندا وتارەکانیان پێشکەش کرد.
ــ خاتو جۆیز بڵۆ مامۆستای زانستگا
ــ هێلن کڕولیش (نەسرین خانم قاسملوو)
ــ دوکتور بیرنارد گرانژۆن سەرۆکی پێشووی میدسین دۆموند
ــ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ دوکتور فردریک تیسۆ کونسووڵی گشتیی پێشووی فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان
پاش ئەو پانێلەو بڵاوکردنەوەی دێکۆمنتارێک لەسەر دوکتور قاسملوو، پانێلی دووهەم بە بەشداریی ئەم کەسایەتییانە دەستی پێکردو ههر کام وتارهکانیان پێشکەش کرد.
ــ کەندال نەزان سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس
ــ بیرنارد کۆشنێر وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕانسە
ــ مارک کراویتس رۆژنامەنووس
ــ عەبدولکەریم لاهیجی وەکیلو سەرۆکی FDIH
ــ جاناتان رانداڵ رۆژنامەنووس
هەرکام لەم کەسایەتییانە لە وتارەکانیان دا کەسایەتیو بیرو هزری دوکتور قاسملوویان خستە بەرباسو تاوتوێ کردنو رێزیان لە دێموکرات بوونو بیری پێشکەوتنخوازانەی دوکتور قاسملوو گرت.
دەقی وتارەکەى مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لهو سێمینارهدا كه سەبارەت بە هرزی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو بەم چەشنەیە:
بەڕێزان!
وەکوو هەموتان ئاگادارن، ٢٥ ساڵ لەمەوپێش لە رۆژی ١٣ی ژوولای ١٩٨٩دا، هاوڕێو خۆشەویستمان رێبەری بەتوانای حیزبی دێموکرات، دێموکراتو ئازادیخوازی بەناوبانگ د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیو بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە دەرەوەی وڵاتو فازڵ ڕەسوڵ کوردێکی کوردستانی عێراق تیرۆر کران.
ئێمەش لێرە لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە هەتا لە لایەک یادی ئەو رۆژە تاڵو خەمهێنەرە بکەینەوەو بۆ جارێکی دیکەش بێزاریی خۆمان لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ئەو کردارە دژی مرۆڤانەیە دەرببڕینو شەرمەزاری بکەین، لە لایەکی دیکەوە یادی بیرو ئەندێشەی بەرزی د. قاسملوو وەک خەباتکارێکی ماندوویی نەناسی بواری دێموکراسی لە ئێرانو دابینکردنی مافی یەکسانی نەتەوایەتی بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەرز رابگرین. بەڵام بێجگە لەوانە، بۆ منو هاوخەباتەکانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، د. قاسملوو هاوڕێو رێبەرێکی کارامەو نوێخواز بوو کە بەرنامەو رێڕەوی حیزبی دێموکراتی خستە سەر رەوتێکی سەردەمییانەو لە لاڕێبوون پاراستی. ئایدیاو پرەنسیپەکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤو خەبات لە پێناو ئازادی نەتەوەکەیدا، بە هۆی د. قاسملووەوە بە شێوەیەکی سەردەمییانە لە حیزبی دێموکراتدا خوێندنەوەی بۆ کراو بوو بە رێنوێنی درێژەدانی خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێناو ئامانجەکانیداو هەتا ئێستاش ئەو خەباتە بەو رێچکەیەدا تێپەڕ دەبێ.
لە کاتێکدا کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی سەرۆکەکان داراییو سامانێکی زۆر بۆخۆیانو ژنو منداڵەکانیان کۆ دەکەنەوە، د. قاسملوو لە کاتی شەهیدبوونیدا خاوەنی هیچ سەرمایەیەکی مادی نەبووو هیچ سامانێکی بۆ ژن ومنداڵەکانی بەجێ نەهێشت، بەڵکوو هەرچی لەو بوارەدا کۆی کردبووەوە بە پێی وەسیەتێکی کردبووی، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کە لە نێو ئێمەدا بە نەسرین خانم ناسراوە، تەحویلی حیزب درایەوەو ئەوەی بۆ ئەوان مایەوە تەنیا ناوو ناوبانگی د. قاسملووو شانازی کردن بە باوکو هاوسەرێکی رەوشتبەرزو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
بەڵام بۆ حیزبی دێموکرات سەرمایەکی دیکەی گەورەی بەجێ هێشت، ئەویش بریتی بوو لە کۆمەڵە دۆستێکی وەفادارو مرۆڤدۆست کە بوون بە دۆستانی هەمیشەیی خەباتی کوردو حیزبی دێموکرات، لە نێو ئەو کۆمەڵە دۆستانەدا ناوی پزیشکانی بێ سنوور (مێدسین دێمۆند)و پزیشکانی جیهانیو یارمەتییە پزیشکییە نێونەتەوەییەکان زیاتر لە هەموان بۆ ئێمە ناسراوە. ئەو پزیشکانە لە رۆژە سەختەکانی خەباتدا کە کوردستان لە ژێر بۆمبارانو هێرشی هێزە چەکدارەکانی رێژیمدا بووو تەنانەت پزیشکە کوردەکانیش ئامادە نەبوون یارمەتیمان بدەن، دەیان کەس لەو پزیشکانە لە ژێر سەرماو بەفری زستانداو تەنانەت لە رێگا یاساغ کراوەکانەوە خۆیان دەگەیاندە نێو شۆڕشو پێ بە پێی کادرو پێشمەرگەکانمان فریای بریندارانی شەڕو نەخۆشو لێقەوماوانی کورد لە ئاوایییە دورەدەستەکانو ناوچە شاخاوییەکان دەکەوتنو بەو چەشنە نەک هەر گیانی سەدان پێشمەرگەی شەڕکەری کوردو ژنو منداڵی کوردەکانیان رزگار دەکرد، بەڵکوو بوونی ئەوان لە نێو ئێمەدا ورەی پێ دەبەخشین.
زۆرن ژمارەی ئەو مرۆڤانە کە لە لای ئێمە ناسراونو قەت خزمەتو زەحمەتەکانیان لەبیر ناکەین، ئێستاش لەو بۆنەیەدا من ژمارەیەک لە ناسراوترینی ئەوان لە تەنیشت خۆم دەبینمەوە، خۆشەویستانێک وەکوو د. کۆشنێر، د. گرانژۆن، د. فرێدریکو ...
من لەو بۆنەیەدا، بۆ جارێکی دیکەش لەلایەن حیزبەکەی د.قاسملووەوە رێز دادەنێم بۆ ئەو خۆشەویستانە کە بەشێک لە سەرمایەی مرۆڤی ئێمەنو یادگاری د. قاسملوونو زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە خۆم لە نێو ئەواندا دەبینمەوە بۆ رێزگرتن لە شەهیدی گەورەمان.
دۆستانی بەڕێز!
لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردووداو دوای تیرۆرکردنی د. قاسملوو، ئاڵوگۆڕێکی زۆر بەسەر کۆمەڵگای جیهانیدا هاتووە، لەو ماوەیەدا نەتەوە بندەستەکان لە گۆشەو کناری جیهانو بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست یەک لە ئەوان کوردەکان، کە وڵاتەکەیان لە لایەن ٤ دەوڵەتی بەهێزی ناوچەوە داگیرکراوە، وشیارییو زانیاریی زیاتریان بەدەست هێناوە، هەر بۆیەش خەباتی خۆیان بۆ رزگاری لە چنگ ستەمی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرانە چڕتر کردووەتەوە، لە وڵاتی عێراق بە نەمانی سەدام حوسێن نەتەوەی کورد حکوومەتی خۆجێیی خۆی پێکهێناوەو ئێستا خەریکە پرۆسەی دێموکراسی تاقی دەکاتەوەو بە بەشێک لە ویستو داخوازییەکانی نەتەوەی خۆی گەیشتووە. لە تورکیە کە کوردیان بە تورکی کێوی ناودەبرد پرۆسەیەکی ئاشتی لەگەڵ کورد لە ئارادایەو کورد نەک هەر بە تورکی کێوی ئەژمار ناکرێ، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئازادانە نوێنەرانی خۆی بۆ پەرلەمانو بەدەستەوەگرتنی بەڕێوەبەریی شارەوانییەکان هەڵدەبژێرێ.
سەرەڕای ئەوەی چارەنووسی خەڵکی سووریە بە کوردەکانیشەوە بە هۆی تراژیدیایەکی مرۆڤی کە لە ئێستادا لەو وڵاتە لە ئارادایە، وا چاوەڕوان دەکرێ دۆخی کوردەکانی ئەو بەشە لە داهاتوودا بە مانەوە، یان نەمانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بەسەردا بێت، بەڵام ئەوی لەو نێوانەدا کارەساتە، دۆخی نەتەوەکانی ئێرانو یەک لەوان نەتەوەی کوردە.
لە ئێراندا ئەگەر ئاڵوگۆڕێک پێش هاتبێ سەرکوتی زیاتری ئازادیخوازان بە تایبەتی چالاکانی مافی نەتەوایەتییە، رۆحانی کە نزیک بە ساڵێک لەمەوپێش بە بەڵێنو سیمایەکی نوێوە بە سەرکۆماری دیاری کرا، توانیی جارێکی دیکە خەڵکی ئێران فریو بداو رێژەیەکی بەرچاو بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام لە تێپەڕبوونی ئەو ماوەیەدا، دوو بەرنامەی دژ بەیەک لە ئێران چووەتە پێش:
١ ــ بە هۆی قەیرانی ئابووری کە بەشێکی لەژێر گوشاری گەمارۆکانی رۆژئاوا پێکهاتبووو ئابووریی ئێرانی گەیاندە لێواری داڕووخان، بە ناچاری رۆحانی بە فەرمانی وەلی فەقیهـ خامنەیی ملی بۆ مەرجەکانی رۆژئاوا لە بواری پیتاندنی ئۆرانیۆم راکێشا بۆ ئەوەی گەمارۆکان شل بکاتەوەو سەرئەنجام لایان بەرێت، هەتا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانو رووخان بپارێزێ، بە بێ ئەوەی باوەڕیان بەو سازانە هەبێ. لەو پێوەندیەدا قسەو راگەیاندنە بە رواڵەت نوێیەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەوادی زەریف بە داخەوە شوێندانەریی زۆری لەسەر رۆژئاوا هەبوو.
٢ ــ دۆخی ژیانی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، سەرکوتو فشار لەسەر تێکوشەرانی سیاسی، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، مافی ژنان، کرێکارانو بە تایبەت نەتەوەکانی ئێران یەک لەوان کوردەکان هەروەها جیابیرانی ئاینیو بە گشتی هەموو چینو توێژەکان سەختترو پڕمەترسیتر بووەتەوە.
لە ماوەی یەکساڵەی سەرکۆماریی رۆحانیدا تەنیا لە کوردستان ١٠ کەس لە چالاکانی سیاسی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوەو هەروەها ١٠ کۆڵبەر کوژراونو بریندار بوون، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان بە هۆی زەختو زۆری رێژیمەوە ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن، ٣٨ کەس ئێعدام کراون، ٤ کەسی دیکە حوکمی ئێعدامیان لەسەر دراوە، ٣٥ کەس بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی کەلە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان چێندراون کوژراونو بریندار بوون. تەنیا لە ٦ مانگی یەکەمی سەرکۆماریی رۆحانیدا، ٢٥٠ کەس ئێعدام کراون، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە باری ژمارەی ئیعدامەکان لە ئاستی جیهاندا، دوای وڵاتی چین پلەی دووهەمی هەیە، بەڵام بە بەراوردکردنی رادەی حەشیمەتی چینو ئێران، کۆماری ئیسلامی بە پلەی یەکەم هەژمار دەکرێ.
هەر وەک سەردەمی سەرکۆماریی ئەحمەدی نژاد لە حاڵێکدا بێکاری، گرانی، تووشبوون بە مادە سڕکەرەکانو باقی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرەی سەندو بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین زیاد بووە، ئیمکاناتو دارایی زۆری ئەو وڵاتە بۆ ماشینی شەڕی بەشار ئەسادو وێرانکردنی ئەو وڵاتە تەرخان دەکرێ، دەدرێ بە حیزبوڵڵای لوبنانو باقی گرووپە گەورەو بچووکە تیرۆریستییەکان، یان دەچێتە حیسابە بانکییەکانی دەسەڵات بەدەستەکانی حکوومەتی ئێران.
ئێمە لەو باوەڕەداین کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک لە بیرو باوەڕ، بەڵام لە رووی ناچارییەوە هەر وەک هەتا ئێستا نیشانی داوە، مل بۆ مەرجەکانی رۆژئاوا لە پێوەندی لەگەڵ پیتاندنی ئۆرانیۆم رادەکێشێو دەرگای بازرگانیی ئێران بە رووی رۆژئاوادا دەکردرێتەوە. لەم بڕگەیەدا هەتا لابردنی گەمارۆکان، ئێران بە پێی ئەو خاڵانە کە بۆی دیاری دەکرێ چالاکییە ئەتۆمییەکانی درێژە دەدا، بەڵام دوای ئەوە هەر کاتێک بۆی بگونجێ چالاکییەکانی خۆی بە نهێنی بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەست پێدەکاتەوە.
خەڵکی ئێران ئەو چاوەڕوانییەیان لە وڵاتانی رۆژئاوایی هەیە کە لەم دەورەیەدا بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، نەبنە هۆی پشتگوێ خستنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێراندا، هەر وەکوو چۆن زەختی گەمارۆکان کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە کردن لە پیتاندنی ئۆرانیۆم کرد، ئەو زەختە دەتوانێ لە پاشەکشە پێکردنی رێژیم سەبارەت بە لە بەرچاوگرتنی مافی مرۆڤیش شوێندانەر بێ.
لە کۆتاییدا دەمهەوێ سپاسی خۆم پێشکەش بکەم بە:
پارلمانی فەڕانسە، کە بۆ چەندەمین جار ئیزنیان داوە رێوڕەسمی رێزلێنانو بەرز راگرتنی یادی شەهید د. قاسملوو لە ساڵۆنی پارلمان پێک بێ، بە ئەنستیتۆی کورد بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزمان کەنداڵ نەزان لە دۆستانی د. قاسملوو بۆ پێکهێنانی ئەو رێوڕەسمەو، بە هەموو ئێوە خۆشەویستان بە بۆنەی بەشداری کردنتان لە یادی ٢٥ ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەرو فازڵ ڕەسوڵ.

