پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی (وتاری 4)
بیستو پێنج ساڵ دوای تیرۆری دکتۆر قاسملووو هاورێیانی، ئەمرۆ لە هەمووکات زیاتر حیزبی دێموکرات پێویستی بە گفتگۆی دۆزینەوە، کۆنکرێت کردنو شی کردنەوەی بنە بەهاو بایەخەکانی خۆی هەیە.
مرۆڤ لە ناخی خۆیدا هەست بە گرنگی بایەخو بەهاکان دەکات. شیکردنەوەی وردی بایەخەکان کارێکی ئەستەمە. بایەخ بابەتێکە کە بە زەحمەت بتوانرێت بە شێوەی کۆکنرێتو دیاری کراو شرۆڤە بکرێت. مژاری وا کەرەسەی بیرکردنەوەن. کەوابوو بیری کراوە پێویستی بە روونکردنەوەی مژارەکان دەکات. بۆ ئەوەی نەتەوەیەک ساز بکرێت، پێویستمان بە پێکهێنانی بە مژارە هاوبەشەکانە.
بەهاکان، کۆدەکانی مانیفیستی ئەخڵاقی رێکخراوەن. بایەخەکان نیشان دەدەن کە رێکخراو باوەڕی بە چیە. دیاری کردنی بایەخەکان دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاواتو خۆزگەو چاوەڕوانیەکان. گەر پێشڤەچوونێک لە پێناو گەیشتن بە بایەخەکان نەبێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی رێکخراو سستی بکەنو خۆیان لە رێکخراوو ناوەندی بڕیاردان دوور بزانن. رێبەریی بایەخەکان لە بڵاوکردنەوەو وەشانی ناو رێکخراوەدا دەست پێ دەکات. رێبەر دەبێ بتوانێت بنەماکانی بەهاکان بناسێت، پێویستی ئەوان هەست بکاتو لە پێویستیو گرنگی بایەخو بەهاکان بگات. قاسملوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیە، لە هەوڵی پێکهێنانی ناسنامەو بەهاو کۆدەکانی هاوبەشی دێموکرات بوو، بۆ ئەوەی ئەندام بوون لە حیزبی دێموکرات دا هەڵگری پەیامێکی "ئەرزشی" بێتو هەمیش دێموکرات بوون ببێتە بەهایەکی گرنگ لە خەباتی نەتەوایەتیدا. وتەی قاسملوو کە دێموکرات شۆرشگێرەو پێشمەرگە شۆرشگیریکی دێموکراتە لەو روانگەیەوە دەشێ ببیندرێت.
رێبەر لە رێکخراودا دوو ئەرکی لە سەر شانە: یەکەم دەبێ هەلی پێشکەوتنو سەرکەوتن بۆ رێکخراو پێک بێنێت. دووەم ئەوەی کە دەبێ بەجۆرێک رێبەری رێکخراو بکات، کە بتوانێت لە هەلەکان کەڵک وەرگرێت بۆ بە ئامانج گەیشتن. بەشی یەکەم بە گشتی "ستراتێژی" ناو دەبردرێتو ئەرکی دووەم پێی دەوترێت "ئەرکەکانی ئۆپێراتیڤ".
بەرێوەبەری بایەخەکان بە واتای دیاری کردنی ناوەرۆکی ئەوانە واتە شی کردنەوەی ئاسۆی رێکخراو، بەرێوەبەری ئامانجە کولتووریەکانی رێکخراوە (ئاستی ستراتێژی)، وزە دان بە ئاستی ئۆپەراتیڤی رێکخراوەو جێگرکردنی بەهاکان لە ئاستی کردەوە داو هەروەها بەنۆرم کردنی بەهاکانە. بەهاکان هەروەها پرسێکی رێکخراوەییو رێکخستنین. بە هۆی ئەوەی کە بایەخەکان بۆ تاکی مرۆڤ گرنگن. واتاکان پێوەندیان بە هەستی تاکەکەسەکانەوە هەیە. بایەخەکان وەک ژێنی مرۆڤ ڤان کە زۆرجار دەبنە هۆی رێنوێنی مرۆڤ بەبێ ئەوەی کە کەسەکە هەست پێ بکات یان بە زانینەوە بڕیاریان لە سەربدات.
ئەو کەسەی کە رێبەری بەهاکان دەکات، ناچارە پێداچوونەوە بە کردارو شێوەی رێبەری خۆی بکات. بە پێچەوانەی رێبەرانی نەریتی رێبەری بەهاکان، شێوازی رێبەریەکەی شێوازی رێبەری بە کۆمەڵە. رێبەری بەهاکان، رێبەرێکی خۆ ناوەند بین نیەو رێبەری دەکاتە پردێک بۆ پێکهێنانی هەستو باوەڕی هاوبەش. لە میتینگی گەورەی مەهاباد، کە لەودا چالاکی ئاشکرای حدکا راگەیاندرا، دکتۆر قاسملوو لە میتینگەکەدا، لە وەڵامی "بژی قاسملوو"ی خەڵک دا داوا دەکات کە ناوی ئەو نەهێننو دروشمی "بژی دێموکرات بدەن". ئەو هەروەها بۆ ئەوەی تاکپەرەستی هەروەک لە پێرەوی ناوخۆی حدکادا هاتووە، بە مەحکووم دەزانێت، داوا دەکات کە وێنەکانی لە بنکەکانو نووسینگەکانی حیزبی نەدرێت. ئەم نەریتە ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت، لە ناو بنەماڵەی دێموکرات دا ـ هەرچەند بە لاوازیش بێت ـ بەرێوە دەچێتو کولتووری تاکپەرەستیو گەشە سەندنی دێکتاتۆری لە ناو حیزبی دێموکرات دا نەیتوانیوە جێگای خۆی بکاتەوەو دەسەڵاتو ئاڵوگۆری دەسەڵات ببێتە شتێکی بنەماڵەییو میراتی.
بەرێوەبەری بایەخەکان، شتێکی جیاواز لە بەرێوەبەری رێکخراوو دیاردەیەکی جیاواز لە خودی رێکخراو نیە. بەرێوەبەری بەهاکان پێوەندی هەیە بە هەموو رێکخراوەکەو شێوازی رێبەری، ژینگەی رێکخراوە، کولتووری هەڵسوکەوتی ناوخۆییو رووبەدەرەوەیی رێکخراوەو هەڵبژاردەکانی، ئامانجو تاکتیکەکانی رێکخراو لە خۆی دەگرێتەوە. بەرێوەبەری بایەخەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێبەران بە دڵو گیانەوە ئەرکی رێبەری جێبەجێ بکەنو کردارو وتەیان هاوساز بن. ئەو دەبێتە هۆی گرێدراوەیی ودەروەست بوون بە رێکخراوەو هەرگاڤ لە کاتی گۆرانکاریەکانی رێکخراوەییدا بەرەورووی لێگەرو چالش دەبێتەوە. رێبەری بایەخەاکن دەبێتە هۆی گۆڕانی کولتووری بەرێوەبەری، گەشەکردنی ئاستی رێبەرانو بەرپرسانو پێکهاتنی شێوازە نوێەکان.
کەمتر کەسێک هەیە لە دەیەی هەشتای زایینی دا، پێشمەرگەی دێموکرات بووبێتو دە سیمای دێموکراتی نەخوێندبێتەوە یا خود لە دیواری بنکەو مقەرەکان نەبینی بێت. ئەو دە تایبەتمەندیە کە بە سیمای دێموکرات ناسراون، کۆدی ئەخڵاقیو بایەخەکانی دێموکرات بوون، کە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بەهای گرنگو جێی سەرنجن. قاسملوو وەک داهێنەری ئەو بنەما ئەخڵاقیو تابلۆی ئێتیکیو ئەخڵاقی لە ناو دێموکراتو بزاڤی نەتەوایەتیەدا، ئەو بنەمایانە هاوکات لە گەل گەشەسەندنی رێبەری بەهاکان لە ولاتانی ژاپۆنو ئورووپا بەرەو کوردستان هێناو بەو شێوەیە دەیهەویست ئاسەواری چاکی بەجیهانی بوونو خۆ رێکخستن لە ناو بزاڤی کورد دا گەشە پێ بدات. ئەمرۆ بەداخەوە ئاسەوارێکی زۆر لە سیمای دێموکرات بە شێوەی چالاک دیار نیەو سەرەرای ئاڵوگۆری زۆری کۆمەڵایەتی، هاتنە کایەی نەوەیەکی نوێو گەشەکردنی گشتی کۆمەڵگا، دە سیمای دێموکرات تەنیا جاروبار ئاماژەی پێدەکرێتو هەوڵ بۆ دەوڵەمەندتر کردنو قووڵتر کردنی دەدرێت.
لێکۆلینەوەکانی زانستی رێبەری دەسەلمێنن کە زۆر لە تایبەتمەندیەکان لە هەموو بارودۆخێکدا بۆ رێبەرو رێبەری گرنگن. یەکەم ئەوە کە رێبەر دەبێ جێ بڕوابێت. دەبێ وەک قسەکانی خۆی بژیت. رێبەری تەنیا هەڵسوکەوتی فەرمیو فەرماندان نیە. رێبەری جۆری بوونی مرۆڤە. رێبەری راستگۆ تەنیا ئەو شتەی کە راستە دەدوێتو مرۆڤەکان کاتێک بڕوا بە رێبەر دەکەن کە وتەکانی بە وتەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی جێگری بەهەقی دکتۆر قاسملوو "شکڵێکی ماددیو دەستگر بە خۆیەوە بگرێت."
تایبەتمەندیەکی دیکە کە لێکۆلینەوەکان دەسەلمێننن دەبێ رێبەر هەیبێ ئەوە کە بزانێ هێزی ژێر رێبەری خۆی بەرەو کوێ رێبەری دەکات. ئەوەکە "واقع بین بین"، "چاوەرێ بین با بزانین چی دەبێت"، "هەڵوێستی خۆمان دوای رووداوەکان دەرببڕین"، "سەرمایەگوزاری لە سەر کەسانێک کە دڵنیا نیت، بۆ حیزب دەبنە مال (بخوێنە دەبنە دەروێشی خۆت) چاک نیە" ...و زاراوەگەلێکی دیکە کە بەداخەوە لە موددەعیانی جێنشینی دکتۆر قاسملوو دەبیسترێت، رێبەری نیە بەڵکوو دێماگۆژیو بەفێروودانی هێز وتوانای حیزبو گەلە. سێهەمین تایبەتمەندی دیکەی رێبەریی بایەخەکان ئەوەیە کە ئەو دەزانێت چی دەکات. بەرلەوەی کە بمانهەوێ سواری پاسێک بین، دەمانهەوێ دڵنیابین لەوەی کە شۆفێرەکە کەسێکی جێی بڕوا، شارەزا، تەندوروستەو مادەی هۆشبەر یان ئەلکۆهۆلی بەکار نەهێناوە. جیا لەوە دەمانهەوێ بزانیک پاسەکە بەرەو کوێ دەبات. داخوا شارەزای رێو شوێنی لێخورێن بەتایبەت لە جادە شاخاویەکانی کوردستاندایە یان نە. قاسملوو خاوەنی ئەو سێ تایبەتمەندیە گرنگە بووو بۆیەش گرنگی میراتی هزریو شێوازی رێبەری ئەو هەرچی لە مێژووی تیرۆری ئەو دوور دەکەوینەوە، زیاتر دەردەکەوێتو "بێ قاسملوویی" زیاتر هەست پێ دەکرێت.
رێبەرێک بیهەوێ رێکخراوەکەی بەرەو داهاتوو رێبەری بکات، دەبێ خۆی بۆ رێبەری کولتووریو چاندی ئامادە بکات. بۆ ئەوەی بتوانین بەو ئامانجە بگەین دەبێ زاراوەی "کولتوورو چاند" لە ناو رێکخراودا جێ بگرێتو لە مەیدانی کردەوەدا خۆی نیشان بدات. چاند یان کولتووری رێکخراوەیی چۆنیەتی هەڵسوکەوتە، شێوەی کارو چالاکی ئەندامانی رێکخراوەو ئەندامان لەو کولتوورەدا خۆیان لە ناو بنەماڵەی خۆیان هەست پێ دەکەن. لە سەردەمی رێبەری قاسملوودا بەشێکی زۆر لە باسەکانی پێوەندیدار بە کولتووری رێکخراوەیی رێنیشاندەرو ئایدیالی رێکخراوەییو کۆمەڵایەتی دەبیندران. ئەمرۆ کێشەی رێبەری لە ناو حدکادا لەوەدایە کە بنەماکانی بایەخەکانی جێی باوەڕی ئەندامانی بنەماڵەی دێموکراتو شێوەی هەڵسوکەوتی رێبەران لە دژایەتی لە گەڵ یەکتردانو حیزبی دێموکرات لە ناو قەیرانی کولتووری دا دەژیت. قەیران بەو واتایەیە کە زۆر شتی پێوەندیدار بە ژیانی رێکخراوەیی کۆن بوونو پێویستیان بە گۆران هەیە. ئامانج لە رێبەری ئەوە کە رێکخراو گۆرانکاری بەسەردابێت بەرلەوەی کە "ناچار" بە گۆرانکاری بکرێین.
بیستو پێنج ساڵ دوای تیرۆری دکتۆر قاسملووو هاورێیانی، ئەمرۆ لە هەمووکات زیاتر حیزبی دێموکرات پێویستی بە گفتگۆی دۆزینەوە، کۆنکرێت کردنو شی کردنەوەی بنە بەهاو بایەخەکانی خۆی هەیە. لە نەبوونی بەها هاوبەشەکان یان بە وتەیەکی روونتر لە قەیرانی بایەخەکاندایە کە حیزبی دێموکرات تووشی لێکدابڕان، پەراوێزخرانو پەراوێز کەوتنی ئەندامان، لایەنگرانو چالاکانی خۆی بووە. لە گفتگۆی پێوەنیدار بە بایەخەکاندا دەبێ بەردی بناغەی بەها هاوبەشەکان بە شێوەیەک دابرێژرێن کە زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگا خۆی تێیدا ببیننەوەو بە بەهای هاوبەشی خۆیان بزانن. کۆمەڵگا لە دەوری بەها هاوبەشەکاندا کۆ دەبێتەوە. بۆیە دەشێ جیا لە بەها تایبەتیەکان، بەها هاوبەشەکان بدۆزرێنەوەو بەهێز بکرێن. ئەمرۆ جێی خۆیەتی بزانین داخوا ئەو کەشەی بە سەر ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا حاکمە، پرسی بایەخو بەهاکانە یا خود نەریتێکی بەرژەوەندی خوازانەی کەسانێکە کە وشەی "گۆڕان" بۆیان ترسناکترین دیاردەیە؟
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)
قاسملوو بەرز کەرەوەی شیانی رێبەریی بە کۆمەڵ (وتارى 3)

