پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی
وتاری 3
بەرێوەبەرو مودیری هەڵبژاردەی سەدەی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان جەک وێلش (Jack Welch) دەڵێت: "رێبەرێکم دەوێت کە بتوانێت بە هێزی سەرنج راکێشی خۆی، خەڵکانی دیکە وەجۆش بێنێت. بتوانێت بۆچوونەکانی خۆی شی بکاتەوە. کەسێک کە لە گۆڕانکاری نەترسێتو لە بەرامبەر گۆڕانکاری دا دەستەوژنۆ نەبێت." لە سەردەمانێک کە قاسملوو وەک رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەلبژێردرا، بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە دەست دوو جەمسەری نەریتگەراییو لایەنگری لە نەریتەکانی بەجێ ماو لە رێبەرانی پێشووو گرێدراوەییان بە شۆرشی باشووری کوردستان نەمازە پارتی دێموکراتی کوردستانی ئەو کاتو هەروەها لایەنگریو فەرهەنگی زاڵی توودەئیزم قەوارەی لایەکانی (Layer) ئەمنیەتی ناو حیزبێکی چەپی نەریتیدا دەناڵاند. لە لایەکی دیکەوە دروشمەکانو بەرنامەو پرۆگرامی حیزبی دێموکرات، بەرهەمی بیری سەردەمی کۆماری کوردستانو کۆمەڵگای فیودالی بوو. پرسی گۆڕانی حیزبو سەربەخۆیی تەشکیلاتی لە حیزبی توودەو هەروەها پێکهێنانی ناسنامەیەکی نوێو سەردەمیانە بۆ حیزبی دێموکرات، ئەرکێک بوو کە قاسملوو وەک یەکەم هەنگاوەکانی رێبەری خۆی هەڵگرتو نیشانی دا ئەو رێبەرێکە کە "گۆڕانی نامومکینەکان بۆ ئەو موممکینە"و ئەو نەتەنیا بەرێوەبەر بەڵکوو "رێبەر"ێک بوو بە واتای تەواوی وشە.
جیاوازی نێوان رێبەرو بەرێوەبەر دەتوانرێ لەو وتەیەی جەک وێلش دا ببیندرێت کە دەڵێت: " بەرێوەبەران (مدیر) لە گۆڕانکاری دەترسن -و پارێزەری وەزعی مەوجوودنو راگرتنی وەزعی مەوجوود بە گەورەترین سەرکەوتن دەزانن – بەڵام رێبەران هێزی گۆڕانکاریان هەیەو بۆ رێنوێنی کەسانی ژێر رێبەریانو نیشاندانی رێگای نوێ هەمیشە ئامادەن."
مرۆڤێک کە بیهەوێ رێبەری کۆمەڵگا یان حیزبێک بکات دەشێ لە چوار بواردا خۆی پێبگەیەنێت: پێوەندیەکان، تەداروکات، جۆری روانینو رێبەری.
قاسملوو لەو چوار بوارەدا خۆی پێی گەیاند، کاری کردو لە هەرکام لەو بوارانەدا کارنامەی ئەو بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی خەباتو کەرەسەکانی خەباتی نەتەوەی کورد هەتا ئەمرۆشی لە گەل بێت، زێرینەو کەسێکی دەگمەنە لە ناو جڤاکی کورد دا. قاسملوو لە پێوەندیەکانی خۆیدا چ، پێوەندی مرۆڤانە لە گەڵ هاوسەنگەرانو هاورێیانی، چ لە گەڵ خەڵکی ئاساییو ناوەندە ئاکادێمیو زانستیو دیپلۆماسیەکاندا یەکێک لەوان بووو دەیتوانی خۆی بە پێی هەلومەرجو شوێنی هەڵکەوتی بگونجێنێتو لە ناو کۆمەڵگایەک دا کە دەژی رێبەریان بکات.
ئەوانەی کە پێشمەرگەی سەردەمی شەڕی چەکداری بوون، لەوانەیە چاک لەبیریان بێت، کاتێک بنکەکانی رێبەری حدکا بۆ قەندیل دەگوێزرانەوەو بنکەکانی دەفتەری سیاسی، زانکۆی حدکاو فێرگەی سیاسی نیزامیو هەروەها شوێنی ژیانو حەوانەوەی بنەماڵەکانی حیزبی دادەمەزران، قاسملووی رێبەر، چەندە ئاگای لەوەبوو کە هەر شتێک لە شوێنی خۆی بێتو بە شێوەیەکی هاوگونج لە گەڵ ژیانی سەردەمو وێنەیەک لە ژیانی تەناهی (مرفە) بۆ بنەماڵەکانو خەباتکارانی حیزب پێک بێنێتو هەروەها هەموو لایەنەکانی ئەمنیەتی، ئاسایشی کارو خۆشگوزەرانی ژیانی پێشمەرگەکان وەدی بهێندرێت. ئەوکات زۆر لە توندرەوەکانی چەپی کۆنباوی سەردەم، قاسملووو حیزبەکەیان بە بورژوازیو "ویلا نشین" تاوانبار دەکرد، بە بێ ئەوەی بزانن قاسملوو ئەو ژیانە دەژیت، کە ئاواتی بۆ دەخوازێتو گوندو بنکەکانی حیزبی بە شێوەیەکی دامەزراندووە کە لانی کەمی ژیانی تەناهی تێدا بۆ خەلک پێک بێتو کۆمەڵگایەکی وێنەیی دامەزرێت.
لە سەردەمێک کە کۆمەڵگا قوربانی شەری ئادیۆلۆژیەکانی چەپو راستو ئیسلامی توندرەوە، دۆزینەوەی هێلێکی ناوەراست کە لەلایەک بتوانێت نرخو بەهای هاوبەشی ئامانجە نەتەوایەتیەکان بێتو لەلایەکی دیکەوە وەڵامی پرسیارەکانی پێوەندیە چینایەتیو ئابووریەکان، چۆنیەتی دابەشکردنی سەرمایەکانی نەتەوەییو کۆمەڵایەتی بێتو هەروەها ئامانجی یەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهێنەرانی کۆمەڵگا بێت، پێویستی بە ژیریەکی سیاسی تایبەت هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر رێبەری قاسملوودا بوو کە توانی بە شی کردنەوەیەکی پێشکەوتوانەو خەڵک پەسەندی روانینی سیاسی خۆی، ببێتە مەکۆی یەکگرتووی زۆربەی هەرە زۆری ویستی خەلکی کوردو لە ناو حیزبی دێموکرات دا سێکۆلار، ئایینی، خواپەرەستو کەسانێک کە بڕوایان بە هیچ ئایینێکی ئاسمانیشەوە نیە پێکەوە لە پێناو ئامانجێکی گەورەتر خەبات بکەن.
گرینگتر لە هەموو ئەوانەی سەرەوە ئاماژە پێکران، هونەری رێبەری قاسملوو بوو، کە توانی سێ تایبەتمەندی پێشوو پێکەوە گرێ بداتو تەواویەتێکی هاوگونج ساز بکات. هونەری قاسملوو لەوەدا بوو کە ویستی گەورەی خەڵک لە چوارچێوەی ئەدەبیاتێکی سادەو ساکاری سەردەم بە شێوەیەک کە جووتیارێکی نەخوێندەوار، بازاریەکی شار نشینو کەسێکی ئاکادێمی وشەکانی بە ئاواتەکانی خۆی بزانێتو بە حەزو ویستەوە گوێی لێ بگریت.
هەرکام لە ئێمە مرۆڤەکان، لە درێژەی ژیانی خۆماندا شوێندانەرین بە سەر هەزاران کەسی دیکە. گرنگ ئەوە نیە کە ئێمە لە سەر کەسانی دیکە شوێندانەرین یا نە، گرنگ چۆنیەتی شوێندانانە. یەکێک لە ئامانجەکانی قاسملوو لە بەهێز کردنی توانایی رێبەریو هەوڵدان بۆ گەشە سەندنی ریبەری بەکۆمەڵ، توانا بەخشین بە ئاستی رێبەری گشتیو تواناییەکانی رێبەرایەتی حدکا بوو. ئەو پێی وابوو گەر بمانهەوێ جۆڵانەوەیەکی بە هیزمان هەبێت، گەر بمانهەوێت لە خەباتی خۆماندا سەرکەوتوو بینو گەر بمانهەوێت ببینە هێزی گۆڕان لە کۆمەلگادا دەبێ ئاستی رێبەری خۆمان بەرز بکەینەوەو لەو پێناوەدا لە ماوەی کورتی رێبەری خۆیدا، هەوڵێکی بێ وەستانی دا بۆ پەروەردەی رێبەرانی داهاتوو. بۆ ئەوەی کە "ئەگەر رۆژێک ئەندام یان چەند ئەندامی رێبەری حیزبیش نەمێنن، حیزبی دێموکرات هەروا بتوانێت رێبەری جۆڵانەوەی میللی – دێموکراتیک بمێنێتەوە".
توانایی رێبەری وەک سەرپۆشێکە کە ئاستی شوێندانەری هەرکەسێک دیاری دەکات. هەرچی توانایی رێبەریک کەمتر بێت، سەرپۆشێک کە لە سەر شیان (ظرفیت)ی ئەوهەیە نزمترەو هەچی توانایی رێبەرێک بەرز بێت، کاراییو شوێندانەری زیاترو قووڵترە. شیانی رێبەر چ بمانهەوێ چ نەمانهەوێ ئاستی کارایی ئێمەو کارکردی لە سەر توانایی گشتی رێکخراو شوێندانەرە. سەرکەوتنو پێشکەوتن هەلێکن کە هەمووکەس بۆی هەیە دەستی پێڕابگات. بەڵام بازنەی سەرکەوتن لە ژیانی رێکخراوەییدا بە بێ رێبەرێکی تواناو شیاو سنووردارە. لە نەبوونی رێبەرێکی بەتوانادایە کە شوێندانەریو ئاستی نفووزی ئێمە کەم دەبێتەوە. قاسملوو رێبەرێک بوو کە ئاگادار بەو پرسە بووو دەیزانی گەر بمانهەوێ لە ژیانی سیاسی خۆماندا سەرکەوتوو بین، دەشێ لە کاری رێبەری دا بەتوانا بین، گەر بمانەوێ شوێندانەرو ئاستی نفووزی سیاسیمان بەرینتر بێت، دەبێ نفووزی خۆمان زیاتر بکەینو ئەنجامی هەر کارێک گرێدراوە بە هەبوونی توانایی رێبەری خەڵکانی دیکە. لەو رووەشە بوو لە ماوەی ژیانی خۆیدا هەولێکی بە پەلەی دەدا لە پەروەردەی رێبەرانی تازە بۆ جۆلانەوە سازکردنی گەڕی رێبەری لە ناو نوخبەکانی سەردەمی خۆیدا.
شیانی رێبەری هەرگاڤ شوێنی سەرپۆشی کارایی رێکخراوو تاکەکەس دیاری دەکات. گەر ئاستی توانایی رێبەر بەرز بێت، سەرپۆشی رێکخراویش بەرزەو گەر رێبەر یان رێبەری توانایی نەبێت، دەستو پێی رێکخراوەکەش دەبەستێتەوە. بۆیە رێکخراوەکان لە کاتی سەرهەڵدانی تەنگەژەو قەیراندا بە شێوەیەکی سروشتی دوای رێبەرانی نوێ دەگەرێن. کاتێک حیزبێک تووشێ هەڵبەزو دابەزی زۆر دەبێت، گۆڕینی رێبەرایەتی ویستێکی سروشتیو نووژەنکردنی ئەو پێویستیەکی بنگەهینە. هەرچۆنێک کە گەر لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا سەرۆک کۆمارێک نەتوانێت وڵاتێک لە قەیران دەرباز بکات، سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێتو لە وڵاتانی تۆتالیتەر دا شۆرش پێک دێت بۆ گۆرانی بنەڕەتی سیستەمی بەرێوەبەری حاکم.
بەرزکردنەوەی ئاستی سەرپۆشی رێبەری تەنیا رێگای پێشکەوتنی حیزبو رێکخراوەکان نیە. بە بێ بەرزکردنی ئاستی گشتی رێکخراوو هێزی بڕوا بەخۆو توانایی گشتی رێکخراو لەهەموو ئاستەکانی خۆیدا، رێبەریەکی بەهیز دەبێتە دوڕگەیەکی تەنیا لە ناو دەریایەک لە شەپۆڵی بەرامبەر بەیەک. بۆیە قاسملوو وێرای هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رێبەری حیزبو پەروەردەی کادیرو رێبەرانی داهاتوو بنیاتی پەروەردەی گشتیو سەرانسەری لە ناو حدکادا دامەزراند، کە ئەمرۆش بەداخەوە بە گۆڕانێکی زۆر کەم درێژەی هەیە.
رێبەرانی راستی ئەو کەسانەن کە بتوانن هێزێکی گشتی جووڵانو دینامیکی پێشکەوتن لە ناو رێکخراوەکانیانو خەلك پێک بێنن. ئەمرۆ یەکێک لە گرنگترین لێگەرو چالشەکانی بەردەم رێبەرایەتی حدکا دا ئەوەیە کە:
- ئاستی توانایی، پەروەردەو چۆنیەتیو کوالیتەی (کیفیت) کادرەکانی خۆی لە هەموو ئاستەکانی ژیانی حیزبی دا بەرز بکەنەوەو
- خۆیان لە رێبەری مرەخەس بکەن. بەو واتایە کە نەوەیەک پەروەردە بکەن کە بتوانن بە بێ ئەوانیش رێبەری میراتەکانیان بکەن.
جێبەجێ کردنی ئەو پێویستیانە بە ئاستی مشووری رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکراتو ویستی ئەوەی کە ئەوانیش وەک رێبوارانی قاسملوو دەیانهەوێ چ میراتێک دوای خۆیان بەجێ بێڵن گرێدراوە.
بابهتی پێوهندیدار:
قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی (وتاری یهكهم)
قاسملووو رێبەریی ستراتێژی (وتارى 2)

