هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

وتووێژی‌ "رووداو" له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

 nechirvan_barzani_-_pkkنێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی هەوڵەكانیان دەكات لە چوارچێوەی “دیپلۆماسیەتێكی چڕ” دا لەگەڵ “هەموو لایەنەكان” بۆ جێگیركردنی هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆتایی هێنان بەكێشەی ناوچە سنوورییەكان. هەروەها باسی شەڕی PKK و توركیا و پێویستی دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەهێنێتە پێشەوە:

هەڤپەیڤین: ئاكۆ محەممەد

رووداو: ئێوە تازە لە سەردانی ئێران گەڕاونەتەوە، چیتان باسكرد سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان و لەسەر چی رێككەوتن؟

نێچیرڤان بارزانی: قسەو باسەكانی ئێمە لەوە زیاتربوون. سەردانی ئێمە بۆ ئێران، بە راسپاردەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئاگاداری سەرۆكی حكومەت بوو، خاڵی سەرەكی بەرنامەی سەردانەكەمان ئەو ئاڵۆزی و گرژییەبوو كە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە. لەوێ بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانمان بینین، لە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەكان. سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەم رۆژەوە ئەوەبووە نایەوێ ببێتە مایەی ئاڵۆزی و دەستوەردان لە كاروباری هیچ وڵاتێكی دراوسێ، بەڵكو دەیەوێ دراوسێیەكی باشبێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە. بەداخەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان چ لەگەڵ ئێران و چ لەگەڵ توركیا، كێشەی پژاك و PKK هەیە، بێگومان ئەو دوو لایەنە لەیەكتر جیاناكرێنەوە چونكە یەك سیستەمن و یەك هێزن، جیاوازنین. بوونی ئەوانە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تاڕادەیەكش لە گوندەكانی سەر سنوور، بووەتە هۆكار و بیانووی كێشە لەنێوان دراوسێیەكان و هەرێمی كوردستان. ئێستا كە باسی ئێران دەكەین، دەڵێم بەداخەوە پژاك و PKK بە شەڕەكانیان بەهیچ شێوەیەك رەچاوی بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ناكەن، هەمیشە بیانوو دەدەنە دەست ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هێرشبكەنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان. ئێمە حكومەتین ئێستا و هێزێك نین لە شاخ بین، ئێمە بەرپرسیاری پاراستنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانین، نابێ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بەو هێرشانەی پژاك و PKK بخرێنە بەر هێرشی ئێران و توركیا، هەروەها بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێ رێگەبدەی خاكەكەت لەلایەن هێزیكەوە بەكاربهێندرێت بۆ هێرشكردنە سەر خاكی دراوسێیەكەت و بگەڕێتەوە ناو خاكەكەت. ئەوەی ئێستا پژاك دەیكات بەوشێوەیەیە. پژاك لە بنكەكانییەوە لەناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە هێز دەنێرێ بۆ ناو خاكی ئێران و كەمین دادەنێن و پاسداری ئێرانی دەكوژن و دەگەڕێنەوە. ئەوە قابیلی قبول نییە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان، هەرێمی كوردستانیش ناكرێ ئەوە قبوڵ بكات. ئەمە ئێستا بووەتە كێشەیەك لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان. لەو سەفەرەماندا بۆ ئێران، ئێرانییەكان بە ئێمەیان گوت ئەوان دژی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان نین، بەڵام داوایەكی زۆر ئاشكرایان پێگوتین، گوتیان ئێمە دەمانەوێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سنوورەكان دەسەڵاتی هەبێ، دەمانەوێ تەرەف بین لەگەڵ حكومەت و هێزەكانی هەرێمی كوردستان، مەعقول نییە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان خەڵكانێك جێگیربن و كۆنترۆڵیان بەدەستبێ كە ماوە ماوە هێرشی چەكداری لەناو خاكی ئێمەدا دەكەن. پێشتر گوتوومە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە، پژاك پێویستە واز لە خەباتی چەكداری بێنێت، ئەوەی ئێستا پژاك دەیكات زیانمەندی ئەسڵی لێی بە پلەی یەكەم خەڵكی كوردستانی ئێرانە، دوای ئەوەش خەڵكی كوردستانی عێراق، چونكە هیچ لە هاوكێشەكان ناگۆڕێ، جگە لەدروستكردنی گوشار و ناخۆشی بۆ هەرێمی كوردستان. بۆنموونە زۆر حیزبی كوردستانی ئێران هەن لەوانە حیزبی دیموكرات، كۆمەڵە و لایەنەكانی دیكە كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، ئەوانە خەباتی چەكدارییان كردووەو ئێستاش دەتوانن بیكەن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان هێرشی چەكداری ئەنجامنادەن و چالاكی سیاسی دەكەن لێرە و لە ئێران. پێموایە دەبێ پژاكیش بڕیاری یەكلاییكەرەوەی خۆی بدات. بەڕای ئێمە پێویستە واز لە خەباتی چەكداری بێنێ و چەك دابنێت . ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان پێناسەیەكی هەیە بۆ ئەمنییەتی خۆی، ئەویش ئەوەیە ئەولەویەتی ئێمە هەرێمی كوردستانە.

رووداو: ئێوە هیچ گفتوگۆیەكتان كردووە و بڕیارێكتان داوە لەسەر جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا و هێزەكانی PKK لە ناوچە سنوورییەكان نەمێنن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئێستا خەریكی جوڵەیەكی دیپلۆماسی چڕ و دانیشتنین لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەو ئامانجە. ئێمە نامانەوێ كێشە هەبێ و كەس تووشی كێشە ببێ و هیچ شەڕێك دروستببێ. ئێمە ئێستا خەریكی ئەوەین بەشێوەیەكی هێمنانە و دیپلۆماسیانە هەوڵدەدەین هێزەكانی ئێمە لە سنووربن.

رووداو: لەماوەی رابردوودا لە رۆژنامەیەكی ئێران ئەوە بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە پژاك دەكات چونكە ناوچەیەكی لە هەرێمی كوردستان بۆ تەرخانكردوون. هیچ گلەییەكی بەوشێوەیە لە ئێوە كرا لەلایەن ئێرانەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەپێچەوانەوە ئەوان خۆیان زۆر بەڕوونی دانیان بەوەدانا كە چەند كەسێك نامەسئولانە لێدوانی لەوشێوەیان داوە، جەختیشیان لەسەر ئەوەكرد كە لەوبارەوە هیچ گلەییەكیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە، زۆر بەباشی لە بارودۆخی ئێستا تێدەگەن. داواكاری ئێران زۆر روونە، ئێران دەڵێ ناكرێ خاكی ئێوە بكرێتە ناوچەیەكی ئارام بۆ هێرشكردنە سەر ئێران. ئەوەش وەك دراوسێیەتی داواكارییەكی زۆر رەوایە. دووەم دەڵێن ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هێزەكانی ئێوە تەرەف بین لەسەر سنوورەكان نەك لەگەڵ پژاك و PKK.

رووداو: بەڵام پژاك دەڵێ یەك ساڵە ئێمە هیچ هێرشێكی چەكداریمان لەدژی ئێران ئەنجام نەداوە؟

نێچیرڤان بارزانی: باوەڕناكەم ئەوە هەموو راستییەكە بێت. ئەگەروابێ دەبێ رایبگەیێنن، بۆچی بەئاشكرا ناڵێن شەڕی چەكداریمان راگرتووە. بەڵام لە ئێران خەڵكیان لێ گیراون و ئێستا لە زیندانن، زۆر لەوانەی كە گیراویشن هاووڵاتی توركیان.

رووداو: پێكهاتەی شاندەكەتان بۆچی بەو پێكهاتەیە بوو. عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران دەڵێ، ئێران داوایكردبوو ئێوە لە شاندەكەدا بن، ئەوە چۆن بوو؟

نێچیرڤان بارزانی : شاندی ئێمە شاندێكی حیزبی نەبوو. یەكەم شت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت بۆیان هەیە هەركەسێك كە ئەوان بیانەوێ بەنوێنەرایەتی خۆیان بنێرنە دەرەوە. چوونی من لەچوارچێوەی شاندێك بوو بەسەرۆكایەتی نێردراوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران، بە ئاگاداری سەرۆك وەزیرانی كوردستان. پێكهاتەی شاندەكەش بەبڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت بەوشێوەیە دانرابوو. پێشتریش بەنوێنەرایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتانی دیكەم كردووە.

رووداو: ماوەیەكە كێشەی بڕینی ئاوی رووباری ئەڵوەند لەلایەن ئێرانەوە دروستبووە، كە ناوچەی خانەقین تاوەكو نێوەڕاستی عێراقی تووشی كێشەكردووە، باسی ئەو كێشەیەتان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كرد؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەو كێشەیەمان لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران باسكرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەش بە وردی باسمانكرد، دەتوانم بڵێم بەڵێنی ئەوەیانداوە بەزوویی هەوڵبدەن ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن. بەڵام ئەوان دەڵێن بەشێوەیەكی گشتی ئاوەكە لەلای ئەوانیش زۆر كەمبووە، نەك بە بڕیارێكی سیاسی ئاوی ئەڵوەندیان بڕیبێ. بەڵام ئێمە زۆر بەجیدی پێداگیریمان لەسەر ئەو مەسەلەیە كرد و پێشمانگوتن دەبێ ئەو كێشەیە چارەسەربكرێ، بەڵێنی ئەوەیاندا بەزووترین كات بەدواداچوونی بۆ بكەن.

رووداو: دوای ئەو سەردانەی ئێوە هاتووچۆی دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێ. سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێران دەكات و گەورە بەرپرسانی ئەوان دێن بۆ هەرێمی كوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی چەند مانگێكە ئێران داوەتنامەیەكی رەسمی ناردووە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سەردانی ئێران بكات، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش داوەتنامەكەی قبوڵكردووە، ئێستا قسە لەسەر كاتەكەی دەكرێ، بێگومان لەكاتێكی گونجاودا بۆ هەردوولا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو سەردانەی ئێران ئەنجامدەدات.

رووداو: لەوماوەیەدا هیچ گۆڕانیك بەسەر پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، بەتایبەتی هەندێجار باس لەوەدەكرا كە پەیوەندی ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو خراپی رۆیشتوون؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان پەیوەندی ئێران و هەرێمی كوردستان هەوراز و نشێوی تێدابووە لە هەندێك كاتدا، بەڵام سوبات و سەقامگیرییەكی بنەڕەتیش لەو پەیوەندییەدا هەبووە. ئێران دراوسێی ئێمەیە، سنوورێكی درێژمان پێكەوە هەیە، لەڕۆژانی سەختدا یارمەتی هەرێمی كوردستانی داوەو هەر لەسەرەتاوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە، هەروەها پێشتریش لەكاتی كارەساتی هەڵەبجە، وەرگرتنی هەزاران خەڵكی كوردستانی عێراق وەك پەنابەر، لەوبارەوە حكومەت و گەلی ئێران یارمەتی ئێمەیان داوە. ناڵێم هەموو شتەكان تەواون، بێگومان گرفتیشمان هەن، بەڵام كە سەیری وێستگە و قۆناغەكانی پەیوەندییەكانمان بكەین، دەبینین بەردەوام پەیوەندییەكانمان بەرەو پێشەوە رۆیشتوون. چەند ساڵ لەمەوبەر بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران لە 600 ملیۆن دۆلار تێنەدەپەڕی، ئێستا گەیشتووەتە نزیكەی 5 ملیار دۆلار، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە پەیوەندییەكە باشتربووە. هەروەها هەموو لایەكیش لە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە كۆكین كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێیەكانمان دەبێ پەیوەندییەكی دراوسێیانەی باشبێت لەسەر بنچینەی رێزگرتنی نێوان هەردوولا لەیەكتر. پەیوەندی پارتیش لەگەڵ ئێران خراپ نییە. راستە لە رۆژنامەكان هەندێ شت باسدەكرێن، یان وتارێك لە رۆژنامەیەكی لای ئێمە یان ئەوان دەنووسرێ، ئەوە شتی گەورە نین. ئەگەر سەیری ئەو شتە بچووكانە بكەین هەموو رۆژێك كێشە هەیە. ئەگەر بەشێوەیەكی گشتگیرتریش سەیری پەیوەندییەكان بكەین، دەبینین زۆر ئاسایی و دۆستانەیە.

رووداو: دوای هێرشی گەریلاكانی PKK لەناوچەی چەلێ لە 17ی ئەو مانگە، توركیا دەستی بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی كردووە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان. ئێوە چۆن لەو گرژی و ئاڵۆزییە دەڕوانن؟

نێچیرڤان بارزانی: من لەوبارەوە بەڕاستی دەمەوێ گلەیی لە PKK بكەم. ئەگەر تەماشای بارودۆخی پێش ئەو هێرشانەی PKK بكەین، دەبینین PKK لە بارودۆخێكدابوو دەیتوانی زۆر قازانجی لێ بكات، بەڵام بەداخەوە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ، PKK سیاسەتێكی هەڵەی پەیڕەو كرد. ئەگەر بەبیرتان بێت، دوو مانگ پێش ئێستا لە دیدارێكمدا لەگەڵ رۆژنامەی (میللیەت)ی توركی گوتم، ئێستا تۆپەكە لەساحەی توركیایە و دەبێ توركیا هەنگاوی دیكەی جیدیتر بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتیانەی كێشەی كورد بنێت. تەنانەت باسی ئەوەم كرد دەبێ بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان باشبكرێ و وەك لایەنێكی چارەسەركردنی كێشەی كورد گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ بكرێت. گفتوگۆیەكی فراوان لە ئاستێكی باڵادا لەگەڵ ئۆجەلان هەبوو، تەنانەت وەك كاراكتەرێكی سیاسی لە ناو كێشەكەدا دەردەكەوت. بەڵام هەڵەكانی PKK پرۆسەكەی تێكدا و هەوڵەكانی نێوان توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشی تێكدان. یەكەم هەڵە ئەوەبوو كە پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP بایكۆتی پەرلەمانی كرد، پەرلەمانتارەكانیان نەچوونە كۆبوونەكانی پەرلەمان و سوێندیان نەخوارد، ئەوە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو نەدەبووایە بیكەن، بەتایبەتیش لەو بارودۆخەدا كە مەسەلەی دانانی دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا لەپێشە. دەبووایە لەوێ وەك یەكێك لە گرنگترین دەزگاكانی توركیا قسەی خۆیان بكەن، وەك جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی دەبووایە لەوێ شەڕی خۆیان بكەن. ئەوان هیچ دەرفەتێكیان بە سەرۆك وەزیران ئەردۆغان نەدا كە بزانن چ دەكات و چ ناكات دوای هەڵبژاردن. هەڵەی دووەم ئەنجامدانی هێرشی چەكداری بوو، بەتایبەتی كوشتنی 8 سەربازەكە دۆخەكەی زۆر ئاڵۆزكرد، ئەگەر تەماشای شوێنی جوگرافی هێرشەكەش بكەین دەبینین لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان كردوویانە، ئەگەر لە قووڵایی خاكی توركیادا بووایە هێشتا جیاوازتربوو، بەڵام ئەنجامدانی لەو ناوچە سنوورییە دیسانەوە ئەوەی سەلماندەوە كە PKK بەو شەڕانەی هیچ رەچاوی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان ناكات. هەڵەی سێیەم ئەوەبوو، لەئەنجامی هێرشە چەكداریەكانی PKK گفتوگۆكان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان تێكچوون، بە هەڵەی خۆیان ئۆجەلانیان لەكەسێكەوە كە گفتوگۆی لەگەڵ دەكرا، كردە كەسێكی تەریككەوتوو. ئەگەر PKK سەیری ئەوانە بكات، ئایا ئەوانە سیاسەتی هەڵەنەبوون بۆ خودی PKKیش؟ ئەمانە ئەو سیاسەتە هەڵەیە نەبوون كە نەدەبووایە PKK بیانكات؟ بێگومان هەڵەی گەورەبوون. كوشتنی سەربازەكان هەڵەبوو، لەلایەكی دیكەوە ئێمە زۆر خەمگینین بە لەنێوچوونی یەك خێزانی بێ گوناحی هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، سەرەخۆشییان لێدەكەم و سێبوورییان بۆ دەخوازم لەبەرامبەر ئەو مەرگەساتە گەورەیەدا، هیوادارم خوا سەبر و تەحەمولیان پێببەخشێت. ئەوەی راستی حاشاهەڵنەگربێ كێشەی كورد لەو سەردەمەدا نە بەشەڕ چارەسەر دەكرێ و نە بەشەڕیش كۆتایی دێت.

رووداو: بەڵام لەلایەكەی دیكەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان كە چەندین جار بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كوردی دا، لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 12ی حوزەیران و دوای ئەوەش گوتی كێشەی كورد لە توركیا نییە و كێشەی تیرۆر هەیە و ئەویش لەنێودەبەین، ئەوە هەڵە و پاشگەزبوونەوە نەبوو لەچارەسەری ئاشتیانە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەر هەوڵێك هەبێ، تەنیا یەك رێگەی راست هەیە ئەویش چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كوردە. من وەك كەسێك كە بە وردی چاودێری بارودۆخی توركیا دەكەم، چونكە بارودۆخی توركیا زۆر گرنگە بەنیسبەت هەرێمی كوردستانەوە، باسی هەڵەكانی PKKم كرد. بێگومان و هیچ شكێك لەوەدانییە كە ئەردۆغان كۆمەڵێك كاری گەورەی كرد لە توركیا، لەوانەیە مەبەستەكە كورد نەبووبێ، بەڵام بە قازانجی كوردبوون، بۆنموونە گۆڕینی دەستوور كە پێش هاتنە سەركاری ئەردۆغان كەس بیری لەوە نەدەكردەوە ئەو هەموو مادەیەی دەستووری توركیا بگۆڕدرێن، كە زەمینەیەكی زۆرباشتر لەپێشوویان بۆ دیموكراسی و بۆ سیاسەتكردنی كوردیش هێنایە پێشەوە. هەروەها بەنیسبەت كوردەوە كەس بیری لەوە نەدەكردەوە دەوڵەت بەخۆی تەلەڤزیۆنێك بە زمانی كوردی دابمەزرێنێ، خەڵكانێك لەسەر تاوانە تاریكەكان بەو پلە گەورانەوە بدرێنە دادگا، ئەمانە هەموویان جێگەی رێزلێگرتنن كە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامیداون. بەڵام بەداخەوە ئەو لێدوانانەی دوایی ئەردۆغان كە گوتی كێشەی كورد لە توركیا نییە، ئەوە شتێكی راست نییە و هەڵەبوو، كار لە میسداقیەتی خۆیشی دەكات لەلای خەڵك، چونكە پێشتر باسیكردووە كە كێشەی كورد هەیە و كێشەیەكی سیاسی و كێشەی منە و من چارەسەریشی دەكەم. كێشەی كورد لە توركیا، كێشەی میللەتێكە، PKK هەبێ و نەبێ، ئەو میللەتە هەر دەبێ. پێموایە دەبێ زۆر واقعبینانەتر و بە مێشكێكی حەساوەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بكرێت. بەڕای من ئێستا واباشە بەڕێز ئەردۆغان داوابكات پەرلەمانتارانی BDP بچنە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، توركیا گفتوگۆیان لەگەڵ بكات بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك، چونكە شەڕ جگە لە ماڵوێرانی بۆ هەردوولا و ماڵوێرانی زیاتر، جگە لە تێكدانی ئەو زەمینەی كە بۆ بەڕێوەچوونی گفتوگۆ رەخسابوو، كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش رۆڵێكی زۆر كاریگەری تێدا بینی، هیچ ئەنجام و دەستكەوتێكی دیكەی نابێت.

رووداو: ئێستا باسی ئەوە دەكرێ كە توركیا دوای جەژنی رەمەزان ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدات،هەروەها لەنێوخۆی توركیاش 1400 بەرپرس و ئەندام و سەرۆك شارەوانی دیكەیBDP دەستگیردەكرێن. بەڕای تۆ پێویستە توركیا ئەوەبكات یان بیر لەرێگەی سیاسیانە بكاتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەت ئۆپەراسیۆنی سەربازیش بكەن، نەك 1400 زۆر زیاتریش لەوە دەستگیربكرێن، ئەو كێشەیە كۆتایی نایێت. چارەسەری ئەو كێشەیە بڕیارێكی دیكەی بوێرانەی پێویستە لەلایەن حكومەتی توركیاوە، پێموایە ئەمڕۆ دەرفەتێكە و بەڕێز ئەردۆغان دەتوانێ زۆر كار بكات، لە پەرلەمان خاوەنی زۆرینەیە، لە توركیا بەهێزە، لە جیهانی ئیسلامی و جیهان بەگشتی بەهێزە، دەرفەتێك بۆ خودی ئەردۆغان هاتووەتە پێشەوە كە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و توركیا لە كێشەیەك رزگار بكات كە زۆر لە قازانجی هەردوو گەلی تورك و كوردە و لە بەرژەوەندی پێشكەوتنێكی بەردەوامی توركیادایە. كێشەی كورد لە توركیا كێشەی میللەتێكە نەك PKK، پێویستە ئەو راستییەی لەبیربێت، كە ئەو كێشەیەش دەبێ لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەربكرێت، نەك بە تۆپ و فڕۆكە، نەك بە سەرباز و گەریلا.

رووداو: واتە ئێوە پێتانوایە دەبێ وەك پێشووتر پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان و BDP گفتوگۆ بكەن، نەك وەك ئەردۆغان پێش ماوەیەك گوتی چیتر قسەیان لەگەڵ ناكەین؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڕای من ئەوە راست نییە. زۆر پێویستە لەگەڵ BDP و لایەنەكانی دیكەش قسە بكات و گفتوگۆش بكات، چونكە ئەوە خێری توركیای تێدایە بەشێوەیەكی گشتی و خێری كوردیشی تێدایە. پێموایە بۆ دەرچوون لەو گرژییە بانگەوازی ئاشتی بكات. بێگومان دەبێ PKKیش چەك بێدەنگ بكات و كار بۆ دروستكردنەوەی زەمینەی چارەسەری و ئاشتی بكات.

رووداو: ئێستا مەسەلەی دانانی دەستوورێكی نوێ لە توركیا لەپێشەوەیە، كە دەڵێن چۆن دەستووری تازەی عێراق، عێراقی لەڕووی سیستەم و دەستوورییەوە گۆڕی، ئەو دەستوورەش توركیایەكی تازە دروستدەكات، بەڵام ئەو شەڕ و پێكدادانانەی دوایی دۆخێكی گونجاویان تێكدا كە رای گشتی توركیا و لەگەڵ ئەوانیشدا حیزبەكانی توركیا لەگەڵ ئەوەبن دەستوورێك دابنێن كە زۆر لە مافەكانی كوردی تێدا بچەسپێندرێن، رای ئێوە چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: PKK بە كردەوە سەربازییەكانی ئەو داواییەی ئەو هاوسۆزییەی لەلای گەلی توركیا دروستببوو، بەرامبەر مافەكانی كورد كوشتی، دەنگە شۆڤێنییەكانی بەهێز كرد. PKK بە هێرشەكانی رای گشتی توركی دژی كورد جوڵاند، هەروەها BDP بە نەچوونە پەرلەمان كێشەیەكی كەم بایەختر بەسەر مەسەلەی دەستوور دەخات، كە ئەوانەش هەردووكیان لەبەرژەوەندی ئەوەدانین توركیا ببێتە خاوەن دەستوورێك كە مافەكانی كوردی تێدا بچەسپێندرێن. دەبووایە ئێستا لەجیاتی ئەوەی ئەو كردەوە چەكداریانە ئەنجامبدرێن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكرێن و لەجیاتی هەڕەشە و هەڕەشەكاری، ئەمڕۆ كورد بەوەوە خەریكبێ چۆن ئەو دەستوورە بەشێوەیەك بنووسرێتەوە كە مافەكانی كورد دابین بكات و توركیا بەرەو پێش ببات، چۆن دەتوانێ زۆرترین مافەكانی خۆی تێدا بچەسپێنێ و پڕۆژە بۆ ئەوە پێشكەشی رای گشتی توركیا بكات، نەك PKK بە چەند كردەوەیەكی چەكداری رای گشتی تورك بەگژ كورددا بكات. دیسانەوە دەڵێم كورد پێویستە لە توركیا سیاسەتێكی ئاشتیانە پەیڕەو بكات و واز لە تووندوتیژی بێنێت، چونكە بارودۆخی توركیا، دیموكراسی ئێستای توركیا، پەیوەندی و ئیلتیزاماتی توركیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، پەیوەندی توركیا لەگەڵ ئەمریكا هەموویان پێكەوە خاڵی زۆر گرنگن كە زۆر بەباشی كورد دەتوانێ قازانجیان لێبكات و خەباتێكی بەهێزی سیاسی ئاشتیانە و مەدەنیانەی كاریگەر بكات. كردەوەی چەكداری تەنیا زیان بە كورد دەگەیێنێ و رای گشتی توركیا لەدژی كورد دەجوڵێنێ و سیاسەتی حكومەتی توركیا دەگۆڕێ، نێوبانگی كورد لەدەرەوە تێكدەدات. هەرچەند تەماشای بارودۆخی توركیا دەكەم، دەبینم لەگەڵ ئەوەدا كە نیەتێك هەیە بەڕاستی دەیەوێ بگاتە ئەنجام، بەڵام كە دێت دەگاتە ئەنجامێك دەستێكی تێكدەر هەیە یەكسەر دێتە پێشەوەو، ئەو هێزەشی هەیە، بە شتێكی زۆر بچووك پرۆسەیەكی زۆر گەورە پەكدەخات و تێكدەدات. ئەو دۆخە تازەیەی توركیا، دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی مەجال بدرێت، كە ئایا ئەردۆغان بارودۆخەكە و پرۆسەكە بەرەو كوێ دەبات، ئەوەندە ساڵ تەحەمول كرا دەبووایە ماوەیەكی دیكەش تەحەمول كرابا، دەبووا ماوەیەكی دیكەش BDP و ئەو هێزانە تەحەمولیان بكردبا. بۆ ئەوەی تۆ خەباتی چەكداری دەست پێبكەیەوەو كردەوەی چەكداری لە چەلێ (چوقورجە) بكەی، لە دەوروبەری چەلێ بكەی، هەمیشە ئەو دەرفەتە هەیە، بەڵام كە دەرفەتی سیاسی و ئاشتیانە تێكچوو و تێكدرا زۆر بە زەحمەت جارێكی دیكە دروستدەكرێتەوە. بەداخەوە ئەمجارەش تێكیاندا.

رووداو: ئێوە دەڵێن دەبێ PKK هێرش نەكات و چەك وەلاوەبنێت، ئۆجەلانیش مانگی رابردوو گوتی من لەماوەی هەفتەیەكدا هەموو گەریلا لە یەك شوێن كۆدەكەمەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە دوایین لێدوانیدا بۆ (رووداو) دەڵێ دەبێ PKK بەبێ مەرج چەك دابنێ، ئەو چەك دانانە هەروا بەبێ هیچ پرۆسەیەك و لەكەشی شەڕدا دەكرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە نابێ PKK بەشێوەیەكی مەغرورانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو رووداوانە بكات، بەڕای من چەكدانان لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسی چارەسەری ئەو كێشەیەدا دێت. دەبێ پرۆسەكە دەست پێبكاتەوە، دەبێ حكومەتی توركیا پرۆسەی كرانەوەی دیموكراتی گەرم بكاتەوە، دەبێ لە ئەنجامی ئەو پرۆسە سیاسیەش بگاتە ئەوەی كە چەك دابنرێ. دەبێ مرۆڤ هەندێك واقعیانە قسەبكات، هەروا بڵێی چەك دابنێ نابێ. دەبێ پرۆسەیەك دەست پێبكات. لە پرۆسەكەدا بگەیە ئەو قۆناغە. ئەمڕۆ دەكرێ خەباتی مەدەنی لە توركیا بكرێت، لەناو پەرلەمان و لەسەر شەقامەكان بەشێوەیەكی مەدەنیانە. كورد دەتوانێ زۆربەباشی سوود لەو بوارانە وەربگرێ. خەباتی كورد لە توركیا دەبێ بەهەموو شێوەیەك بە رێگەی ئاشتیانە بكرێت. لەساڵی 1996 لە سووریا عەبدوڵڵا ئۆجەلانم بینی، یەك پرسیاری لێكردم قەت لەبیرم ناچێ، گوتی: بەڕای ئێوە ئێمە چ بكەین؟ گوتم بەڕای من تۆ دەبێ لە بەیانی تاوەكو ئێوارە بڵێی ئاشتی و ئاشتی، قەت باسی شتی دیكە مەكە، بەوشێوەیە دەتوانی سۆز و پشتیوانی ئەوروپا و ئەمریكا بەدەستبێنی، بەڵام دەبێ بڕیارێك بێ لەسەری بڕۆی نەك هەموو رۆژێك بیگۆڕی، دەبێ ببێتە بڕیارێكی ستراتیژی ئێوە. PKKیش دەبێ ئەمڕۆ بڕیارێكی ستراتیژی بدات و خەباتی ئاشتیانە و سیاسی دەبێ ببێتە بژارە (خیار)ی ستراتیژی PKK.

رووداو: ئەمریكا جگە لەوە كە ئاسمانی عێراقیشی بەدەستەوەیە و هێرشی ئاسمانی توركیا بەئاگاداری ئەوان دەكرێن. بەڕای ئێوە ئەمریكا دەبێ چ رۆڵێك بگێڕێ بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخە و یارمەتیدانی چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا، لەوبارەوە چ بانگەوازێكت بۆ ئەمریكا هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە پێویستە ئەمریكا هەوڵبدات لەگەڵ توركیا بۆ چارەسەرێكی ئاشتیانە، هەوڵدانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد زۆر گرنگترە لەوەی رێگە بە فڕۆكەكانی توركیا بدات بێن ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان بكەن، ئەو بۆردومانانەش جگە لە زیانگەیاندن بە خەڵكی سڤیلی ناوچەكە، هیچ دەستكەوتێكی دیكەی نییە، بۆ هیچ لایەك بە توركیاشەوە.

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 3398
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy