ئەگەر چاوێك بە جیهانی راگەیاندنی كورديدا بخشێنین دەبینین كە زۆرترین بیروڕا لە ماڵپەڕو ڤێبلاگە كوردییەكاندا ئاڵوگۆڕو بڵاو دەكرێتەوەو سەدانو بگرە هەزاران ماڵپەڕو ڤێبلاگی كوردی هەن كە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام بە داخەوە دوژمنانی نەتەوەی كورد ـ كە هەمان دوژمنانی ئازادین ـ لەم هەلە كەڵكیان وەرگرتووەو دوژمنایەتی خۆیانیان بە شێوەی جوراوجۆر كێشاوەتە مەیدانی ئینتێرنێتو لەژێر هێندێك ناوی بریقەداردا بە شێوەیەكی نەرم خەریكن سیاسەتەكانی خۆیان بڵاو دەكەنەوە. ئەگەرچی ئاستی وشیاریی كۆمەڵگاكەمان زۆر لەوە سەرترە كە دوژمنانمان بتوانن لەم پیلانەیاندا سەركەون، بەڵام كەسانێكیش هەن كە نەتەنیا باوەڕ بە وتەی دوژمنەكەیان دەكەن بەڵكوو راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆو هێندێك جاریش لەڕووی ئاگاییەوە لە چوارچێوەی بیری دوژمنانی ئازادییدا قەڵەمەكەیان دەخەنە گەڕو بەناوی ئازادیی رۆژنامەنووسییەوە زەربە لە پەیكەری ئازادی دەدەن.
گەلێك ماڵپەڕو وێبلاگ هەن كە بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانو بەڕێوەبەرانی ئەو بزووتنەویە دەردەبڕن، كە ئەم ماڵپەڕانە ناسراونو خەڵك بە نووسراوەكانیان باوەڕ ناكەن، بەڵام بەداخەوە چەندین ماڵپەڕی دیكە هەن كە بەشێوەیەكی زۆر نەرمو لەڕووی بەرنامەیەكی لەپێش دارێژڕاوەوە زانیاریو بابەت بڵاو دەكەنەوە كە هەموو كارەكانیان لە ئاكامدا بە قازانجی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەشكێتەوە. جاروبارەش هێندێك بابەت بە قازانجی بزووتنەوەی كورد بڵاو دەكەنەوە كە ببێتە سەرپۆشێك بۆ پیلانەكانیانو هەر ئەم كارەیان بۆتە ئەوەی خەڵك سەرنجی بۆ لای پیلانە ئەسڵییەكەیان رانەكێشرێ.
هەر لە چوارچێوەی سیاسەتی رێژیم كە ئاژاوەنانەوەو دووبەرەكی سازكردنو بەلاڕێدابردنی وزەی ئازادیخوازانو قەڵەم بەدەستانە، لە رێگای هێندێک ماڵپەرەوە پشتگیری لە لایەنێک دەکاو سەرەنجی لایەنەکانی تر بۆ لای خۆی رادەکێشێو لەم نێوەدا وزەی ئازادیخوازانو قەڵەم بەدەستان لەباتی ئەوەی لەراستای دژایەتی كردنی دوژمندا بەكار بهێنرێ، بەداخەوە لە دژایەتی یەكتر بەكار دەبرێو لەم نێوەدا تەنیا رێژیمی كۆماری ئیسلامییە كە قازانج دەكاتو ئەو جۆرە ماڵپەڕانەش بوونەتە ئامرازی بڵاوكردنەوەی سیاسەتی دوژمنو بەلاڕێدا بردنی وزەی نووسەران كە هەموو ئەمانە زەربە لە پەیكەری ئازادیو بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كورستان دەدەن.
ماڵپەڕی "هەڵۆی كوردستان" كە زیاتر لە 2 ساڵ پێش بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری راست لە چوارچێوەی قازانجو بەررژەوەندیی نەتەوەی كوردا دامەزرا، بەڕادەی خۆی توانی كەلێنێك پڕ بكاتەوەو هەر بەم هۆیەوە بە پێچەوانەی ماڵپەڕەكانی دیكە چەندین جار لەلایەن رێژیمەوە هەكو هەروا فیلتێریش كرا.
بەداخەوە بەهۆی سەفەرەم بۆ وڵاتی نوروێژ ئەم ماڵپەڕە بۆ ماوەیەك كارەكانی راگیرا، بەڵام ئەمجارە بە دیزاینێكی نوێو سەردەمیانەو بە گوڕو تینێكی دیكەوە دەست بە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی دەكاتو بێگومان وەك هەمیشە بابەتەكانی ماڵپەڕی "هەڵۆی كوردستان" لە چوارچێوەی قازانجو بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كورددا دەبێت.
بێگومان لە سەرەتادا لەگەڵ كۆمەڵێك گیرگرفتو كەموكورتی بەرەوڕوویە كە هیوادارم بە یارمەتی ئێوە لە رەوتی بەرەوپێشچوونی ماڵپەڕەكەدا ئەو گیرگرفتو كەموكورتییانە كەم بكەینەوە.
هیوادارم ئەویندارانی ئازادیو لایەنگرانی زانیاریی راستو نووسەرانی دەروەست وەكوو هەمیشە پشتیوانی ئەم ماڵپەڕەی خۆیان بن.
هەڵۆی كوردستان
www.heloykurdistan.com
ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

