هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

68 ساڵ بە سەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

palani_-_jnan_3٢٢ی کانونی دوەم،68 ساڵ بە سەر تاقانە کۆمارەکەی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد هاتە کایەوە و ماوەی ساڵێک حکومڕانی چەند ناوچەیەکی کوردستانی کرد و مەهابادی کردە پایتەختی خۆی.

چۆنێتی دروستبوونی کۆماری کوردستان

بە هۆی ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمەریکا سۆڤیەتدا هەبو کە دواتر جەنگی ساردی لێکەوتەوە، ساڵی ١٩٤١ راپەڕینێکی جەماوەری لە ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رویدا و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لە حکومەتی ناوەندی ئێران سەندەوە و گرتیانە دەست، دواتریش پارتێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچونی ناوچەکە بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ( ژێ کاف) دامەزرا، قازی محەممەدیش کە سەرۆکی بنەماڵەی قازییەکان بو پەیوەندی بەو پارتەوە کرد.

لە ئەیلولی ساڵی ١٩٤٥دا قازی محەممەد و چەند سەرکردەیەکی تری کورد سەردانی تەبرێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت کەوت بەو نیەتەی پشتگیری پێکهێنانی کۆمارێکی نوێی کوردی وەرگرن، دواتریش رەوانەی باکۆ کران و لەوێ ئاگاداری ئەوە بونەوە کە پارتێکی ئازرباینجانی هەیە بە ناوی پارتی دیموکراتی ئازرباینجان و دەیەوێت دەست بە سەر ئازرباینجانی ئێراندا بگرێت، دواتریش ئەنجامەکە بەو شێوەیە کەوتەوە و پارتی دیموکراتی ئازرباینجان لە ١٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥دا دەستی بە سەر ئازرباینجانی ئێراند گرت کە پێشتر بە دەست سوپای ئێرانەوە بو، پێشەوا قازی محەممەدیش بۆ دوبارەکردنەوەی ئەو ئەزمونە و دامەزراندنی کۆمارێکی کوردی، بە پەلە گەڕایەوە کوردستانی رۆژهەڵات و لە ١٥ی هەمان مانگدا کۆمارێکی کوردی دامەزراند، بەڵام هێشتا کۆمارە رەسمییەکەی مەهاباد نەبو.

 

palani_-_peshawa_qazi_2


راگەیاندن و ئامانجی کۆماری کوردستان

لە ٢٢ی کانونی دوەمی ساڵی ١٩٤٦ قازی محەممەد قازی عەلی لە بنەماڵەی قازییەکانی شاری مەهاباد و لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا، یەکەم کۆماری کوردی بە ناوی کۆماری کوردستان، لە سەر روبەری ٢٦٥ هەزار کیلۆمەتر دامەزراند و زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی کۆمار دیاری کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆمار دیاری کرا و دەزگای چاپ دامەزرا و گۆڤار و رۆژنامە بڵاوکرایەوە و شانۆی کوردی دامەزرا و سوپایەکی ١٥ هەزار سەربازی لە ژێر ناوی ( پێشمەرگە) دامەزرا.

لە بەیاننامەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیشدا ئامانجی کۆمار راگەیەندرا کە بریتی بون لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی هەمو ئێران و زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بە مەبەستی چاودێری دەوڵەت، هاوکات هەمو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە هەڵبژێردرێن و یاسایەک هەبێت بە یەک شێوە مامەڵە لە گەڵ کرێکار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.

پێکهێنانی کابینەی حکومەت

پاش ٢١ رۆژ لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و لە ١١ی شوباتی ساڵی ١٩٤٦ پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، یەکەم کابینەی حکومەتی کوردی بە سەرۆکایەتی حاجی بابا شێخ پێکهێنا کە چەند وەزارەتێکی لە خۆی گرتبو.

لە کابینەی حکومەتەکەی حاجی بابا شێخ، محەممەدی حسێنی خانی سەیفی قازی بە وەزیری پێشمەرگە و محەممەد ئەمینی مەعینی بە وەزیری دەوڵەت و ئەحمەدی ئیلاهی بە وەزیری دارایی و کەریمی ئەحمەدی بە وەزیری پۆستە و گەیاندن و مەنامی کەریمی بە وەزیری رۆشنبیری و سدیقی حەیدەری بە وەزیری راگەیاندن و خەلیلی خەسرەوی بە وەزیری کار و حاجی مستەفا داودی بە وەزیری بازرگانی و مەحمود وەلی زادە بە وەزیری کشتوکاڵ و ئیسماعیلی ئێلخانی زادە بە وەزیری رێگاوبان و سەید ئەحمەد ئەیوبییان بە وەزیری بەهرەداری و عەبدولڕەحمانی ئێلخانی زادە بە وەزیری موشاویر دیاریکران، هاوکات مەلا حسێنی مەجدی وەک سەرۆکی دادگای باڵا دانرا.

کۆتایی کۆماری مەهەباد

لە ٢٦ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ پاش ئەوەی سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێراندا لە باکوری ئەو وڵاتە بکشێتەوە، لە مانگی حوزەیراندا ئێران دەستی بە سەر ئازرباینجاندا گرتەوە، بەوەش کۆماری مەهاباد لە یەکێتی سۆڤیەت دابڕا، هاوکات ئەو خێڵانەی لە سەرەتاوە پشتگیری کۆمارەکەیان دەکرد لە روی ئابورییەوە لاواز بون، هەرچەندە لە پێنجی کانونی یەکەمدا ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەممەدیان راگەیاند رێگە لە هەر پەلامارێکی ئێران دەگرن بۆ سەر کۆمارەکە، بەڵام پاش ١٠ رۆژ و لە ١٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ سوپای ئێران هاتە ناوچەکە و دەستی بە سەر مەهابادا گرت، لە ٣١ی ئازاری هەمان ساڵیشدا پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، بە تۆمەتی خیانەت کردن لە ئێران لە سێدارە درا.

پێشەوا قازی محەممەد

قازی محەممەد قازی عەلی، بە پیشە قازی، لە ساڵی ١٩٠٠ لە مەهاباد لە دایکبوە، قازی عەلی باوکی لە ساڵی ١٩٣٠ رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزوتنەوەی محەممەد پێکدەهێنێت و قازی محەممەدیش لەو رێکخراوەدا دەبێت، پاش مردنی باوکیشی دەبێتە قازی مەهاباد و لە سەردەمی ئەودا یەکەم خوێندنگای کچان لە مەهاباد دەکرێتەوە، پاش ئەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردیش دادەمەزرێت قازی محەممەد پەیوەندییان پێوەدەکات و دواتر کۆمەڵەکە دەگۆڕێت بۆحیزبی دێموکراتی کوردستان و خۆی دەبێتە سەرۆکی پارتەکە، دواتریش هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە و کۆماری کوردستان لە ٢٢ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦ دادەمەزرێنێت، پاش کەمتر لە ساڵیکیش کۆتایی بە کۆمارەکەی دێت و لە سێدارە دەدرێت.

پرۆسەی لە سێدارەدانی سەرۆک کۆماری کوردستان

چەند تۆمەتێک کە بریتین لە گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران و راگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان و بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی و سازکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا و هێنانەناوەی بێگانە و دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە ئاڕمی چەکوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت و لێدانی سکەی پوڵ بۆ کوردستان بە وێنەی روپیەی روسی، لە ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ پێشەوا قازی محەممەد لە سێدارەدرا.

ئەوەی جێگای سەرنجە، قازی محەممەد لە هەمان مەیداندا کە مەیدانی چوارچرای مەهابادە و کۆماری کوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە گەڵ حەمە حسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزایی و ئەبولقاسم سەدری قازی برایدا لە سێدارەدران، وەک رۆژنامەنوسێکی سەردەمی شای ئێرانیش دەیگێڕێتەوە، پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆک کۆماری کوردستان داوایکردوە، تیربارانی بکەن چونکە لە سێدارەدان شەرعیی نیە، هاوکات رێگەیشی نەداوە چاوی ببەسترێت و وتویەتی: حەز دەکەم لە کۆتا چرکەی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.

رودەکاتە سەربازانی مەیدانەکەش و دەڵێت: ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنۆکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو رزگاریی کوردستاندا پەک نەخات.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2554
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy