هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

به‌یاننامه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

 masod_barzaiبه‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی کوردستان

هه‌روه‌ک ئاگادارن بارودۆخی ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنووریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت و رۆژانه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان ڕووبه‌ڕووی تۆپباران و هێرشی ئاسمانی هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئیران و کۆماری تورکیا ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و هێرشانه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی زیان گه‌یاندن به‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ دانیشتوانی ناوچه‌ سنووریه‌کان که‌ شه‌هید و برینداری لێکه‌وتۆته‌وه‌ . ئه‌مڕۆ ده‌بینین ئه‌و هێرشانه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ ناکرێ‌ چیتر له‌ به‌رامبه‌ریدا بێ‌‌ده‌نگ بین و هاوڵاتیانی سڤیل و بێدیفاعی هه‌رێم ببنه‌ قوربانی ئه‌و ململانێیه‌.

بوونی هێزی چه‌کداری پژاک و په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌ سنووریه‌ شاخاوییه‌کان به‌هانه‌یه‌کی به‌هێزه‌ له‌ ده‌ست هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ‌. به‌رده‌وام بوونی ئه‌م جۆره‌ کرده‌وانه‌ و په‌نابردنیان بۆ توندوتیژی و هه‌وڵدان بۆ به‌کارهێنانی سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته‌ مایه‌ی هێنانی توندوتیژی نه‌خوازراو بۆ گه‌له‌که‌مان و ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کورد ناکات و به‌داخه‌وه‌ له‌م رووه‌وه‌ هیچ حیسابێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی هه‌رێم ناکرێت.

هه‌روه‌ک له‌ رابردوو، ئێستاش جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان خوازیاری په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و دراوسێیه‌تی باشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ک و هیچ کاتێک به‌شێک نه‌بووه‌ له‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی ئه‌م دوو وڵاته‌ و قه‌تیش ده‌ست ناخاته‌ ناو کاروباری نێوخۆی هیچ وڵاتێک. به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانین بێده‌نگ بین به‌رامبه‌ر به‌ شه‌هیدکردنی هاوڵاتیانی بێتاوان له‌ هه‌رێمی کوردستان.

وه‌کو هه‌رێمی کوردستان ناخوازین خوێنی هیچ مرۆڤێکی بێتاوان بڕژێت . له‌ به‌رامبه‌ردا بڕوامان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆی به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ له‌ یه‌کترگه‌یشتن له‌ پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌و گیروگرفته‌کان.

ئێمه‌ پشتریش درێغیمان نه‌کردووه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکرێن و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ببێ‌ به‌ بژارده‌ی هه‌موو لایه‌ک ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ ره‌وشه‌که‌ جارێکی دیکه‌ ئاڵۆزی تێکه‌وتۆته‌وه‌.

له‌ قۆناغێکدا ئه‌و کاته‌ی که‌ پێویست بوو خه‌باتی چه‌کداریمان کرد له‌ پێناو به‌رگری کردن له‌ خاک و ماف و که‌رامه‌تی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌مان. به‌ توانای خۆمان و پشت ئه‌ستوور به‌هێزو ئیڕاده‌ی گه‌له‌که‌مان توانیمان بوونی خۆمان و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان بپارێزین. به‌ڵام سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ جیایه. له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا زمانی دیالۆگ زاڵه‌ به‌سه‌ر شه‌ڕ و کوشتار و کرده‌ی سه‌ربازی، له‌ پێناو گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه‌ش هه‌موو توانای خۆمان خسته‌ گه‌ڕ.

ئامانجی ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌خته‌وه‌ریی گه‌له‌که‌مان و سه‌قامگیریی هه‌رێم بووه، بۆیه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نامانه‌وێت ئه‌و به‌خته‌وه‌ری و سه‌قامگیریه‌ی هه‌رێم تێک بدرێت جا به‌ هه‌ر به‌هانه‌یه‌ک بێت، هه‌ر بۆیه‌ داوا ده‌که‌ین که‌ به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی هه‌رێم له‌ به‌رچاو بگیرێت. چونکه‌ ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی کوردستان به‌ری ره‌نج و خه‌بات و قوربانیدانێکی زۆره، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو کوردێک ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ هی خۆی بزانێت و بیپارێزێت.

ده‌بێ‌ له‌لای خه‌ڵکی کوردستان ئاشکرا بێت که‌ کرده‌وه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووره‌کان پاساوێک ده‌داته‌ هه‌ر دوو وڵات تا به‌ به‌رچاوی جیهان کرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌کانیان له‌ هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن. له‌نێو ئه‌و شه‌ڕه‌ نابه‌رامبه‌ر و له‌شکرکێشی و بۆردومانه‌ به‌رده‌وامانه‌دا به‌ پله‌ی یه‌که‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و دڵنیام به‌ شه‌ڕ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نابێت و له‌ کۆتاییدا هه‌ر ده‌بێت به‌ ئاشتی بێت. ئینجا رۆژێک زووتر ئه‌و شه‌ڕه‌ کۆتایی پێ‌ بهێنرێ‌ باشتره‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر خه‌یاری شه‌ڕیان هه‌ڵبژاردووه‌ ئه‌وا داوایان لێ‌ ده‌که‌م ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان دوور بخه‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌موو هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیه‌ک بکه‌ین له‌ رێگه‌ی دیالۆگی ئاشتییانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌ سنووریه‌کان بۆ دۆخی ئاسایی. هاوکات داوا له‌ حکومه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌که‌ین له‌ رێگه‌ی که‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌کانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو وڵاتی دراوسێ‌ هه‌وڵه‌کانی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ کۆتایی هێنان به‌م هێرشانه‌ و پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق.

به‌ ره‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخه‌ ناسک و هه‌ستیاره‌دا داوا له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌م به‌ وردی دیراسه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی هه‌رێم بکات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر دانانی سیاسه‌تێک که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ڕای یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان بێت."

 

مه‌سعود بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

23/8/2011

 

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 2283
بۆچوونه‌کان (1)Add Comment
...
نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن ashti, August 24, 2011
slaw le gsht kurdi ba sheref berez mesud barzani rast delet itr leme ziatr le destian nayet em feqirane bem deselate bchuke ebe chi bken. belam rjime dji geliyekan deswestan nabn herdem le kutani berjewendiyekani xelki kurde, ja dawaman le hemu layene siyasiyekan eweye ke yek girtu bn le penaw bedihatni amanjekani gel. ger eme yekgirtu bin hich hezeki dagir ker zeferman pe nabat..... legel rezmda.smilies/smiley.gif

ــ تێبینی "هه‌ڵۆی‌ كوردستان": هاوڕێی‌ به‌ڕێز، له‌گه‌ڵ‌ سپاس بۆ جه‌نابت، تكایه‌ به‌پێی‌ ئیمكان بۆچوونه‌كه‌ت ئه‌مجاره‌ به‌ پیتی‌ لاتین مه‌نووسه‌

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy