هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

جارێکی تریش تراویلکەی "دانوستان" بۆ "چارەسەرکردن"ی پرسی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

qadri_-_xebati_chekldari_2

زیاتر لە سی ساڵە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێرە و لەوێ باس لەوە دەکەن، کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئامادەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا "دانوستان" و "وتووێژ" بکەن. تا ئێستا چەندان "هەوڵ" دراون و ماوە بەماوەش هەندێک پەیام لە لایەن نزیکەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەییشتوو و، بێشک لە داهاتووشدا دەگات.

ئەزموونی سیاسەت و بزووتنەوەکان بە تایبەت لە باشووری کوردستانیش ئەوەی سەلماندووە، کاتێک "دانوستان" لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا دێتە ئاراوە، کە چەشنێک لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان بزووتنەوەی کورد و حکوومەتدا هەبێت، حاڵەتێکی تریش کە حکوومەتە ناوەندییەکان وەکو پیلان کەڵکیان لێوەرگرتووە، ئەوە بووە، بە ناوی "دانوستان" لەگەڵ کورددا، پەیوەندییان بە لایەنێکەوە کردووە و تا کێشە و هەرا لە ناو بزووتنەوەی کورددا زیاتر بکەن و دوو بەرەکی و چەند بەرەکی بنێنەوە. ئەم ئەزموونە تاڵە لە ناو بزووتنەوەی کورددا زۆرە و لە مێشکی مێژوودا تۆمار کراوە.

هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە بە هۆی ئەوەی کە ئاستی نزیکی و کاری هاوبەش لە ناو ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باش بوو، هەروەها حکوومەتی ئیسلامیش لە سەرەتاکانی خۆیدا بوو، دەرفەتی دانوستان و وتووێژ هەبوو و لە چەند خولدا بەڕێوەچوو.

گوزرەی زمان، خۆتەیارکردنی کۆماری ئیسلامی، کێشە و گرفتی ناو حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ دەرفەتێکی بۆ دانوستان و وتووێژ لە نێوان حزبەکان و کۆماری ئیسلامدا نەهێشتەوە.

بەڵام کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بە ڕێگەی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو بەمیلیتاریزەکردنی ئەو پارچەیەی کوردستان، ڕووی لە پیلانگێڕی کرد و تیرۆر بوو بە یەکێک لە کارەکانی.

 

qadri_-_bonbast_2


داڕشتنی پیلان و تیرۆری سەرکردەکانی (ح د ک ئێران) یەکێک لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بوو و، بۆ ئەوە کارەش چەمکی "دانوستان" و "وتووێژ"یان وەگەڕ خست. لە (١٩٨٩/٧/١٣)دا، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو (١٩٣٠-١٩٨٩)، سکرتێری پێشووتری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی "وتووێژ" بۆ "چارەسەرکردن"ی پرسی کورد لەگەل "نوێنەران"ی کۆماری ئیسلامی لە ئوتریش تیرۆر کرا. گرووپی بەناو دانوستانی ئێرانی کە بۆ "وتووێژ" چووبوون، دیپڵۆمات نەبوون، لە ڕاستیدا گشتیان تیرۆریست بوون. د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو، هەر لە ناو "وتووێژ"ەکاندا بەدەستی "دیپڵۆماتە ئیسلامییەکان" تیرۆر کرا. ئەگەر مەبەستی سکرتێری پێشووتری ح د ک ئێران "دۆزینەوەی چارەسەر" بووبێت، ئەوا مەبەستی کۆماری ئیسلامی تەنیا تیرۆری ئەو کەسایەتییە بوو.

ئەو تیرۆرە و تیرۆری د. سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووتری ح د ک ئێران لە ساڵی ١٩٩٢ و دەیان تیرۆری تر، ئەوەی بۆ دەیان جار سەلماندەوە، کە کۆماری ئیسلامی نە بڕوای بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد هەیە و نە حیسابێکیش بۆ حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. کۆماری ئیسلامی، ئێران بە "ئۆممەتی ئیسلامی" یان بە "نەتەوەی ئێران" ناو دەبات، کە وایە شتێک بە ناوی "نەتەوەی کورد" و "پرسەکەی" لە ئێران، بۆ کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێدا نییە. کە وایە، دەبێ ئەو ڕستەیە لە کوێوە سەرچاوەی گرتبێت کە: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی مافەکانی گەلی کورد بسەلمێنێت"، ئامادەن گفتوگۆ بکەن!

هاتنی ڕووحانی و تراویلەکەی دانوستان

هەر بە هاتنی حەسەنی ڕووحانی بۆ کۆشکی سەرکۆماری، جارێکی تر هەرای "دانوستان" لە ناو حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەستی پێ کردەوە. یەکەمیان، ڕووحانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، "بەڵێن"ی دابوو، کە "زمانی کورد" لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت، و هەندێک بەرپرسی کورد و سوننی بۆ "ناوچە کوردنشین"ەکان دابمەزرێنێت. بێشک یەکێک لە دروشمی حزبە سیاسییەکانی کورد ئەوەیە، کە کورد بە زمانی خۆی بخوێنێت.

لە بەندی ١٥ی دەستووری کۆماری ئیسلامیدا هاتووە: "زمان و نووسینی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئیران فارسییە. نووسین، بەڵگە و پەیوەندیی ڕەسمی و کتێبی وانەگوتنەوە دەبێ بەو زمانە و نووسینە بێت، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە خۆجێیی و قەومییەکان لە چاپەمەنی و ئامرازی راگەیاندنی گشتی و گوتنەوەی ئەدەبیاتی ئەوان لە خوێندنگەدا، لە پاڵ زمانی فارسی ئازادە."

ئەو خاڵە هاوتەمەنی کۆماری ئیسلامییە، کاتێک لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ ناخوازێت ئەو بەندە لە دەستووری گشتیی خۆیدا جێبەجێی بکات، "وتووێژ و دانوستانی ئاشتیانە" لە سەر پرسی کورد، چۆن بەڕێوە دەبات، ئایا کۆماری ئیسلامی بڕوای بەوە هەیە کە لە ئێراندا شتێک بە ناوی "پرسی کورد" هەیە؟

هێڵی سیاسیی ڕووحانی بۆ کۆماری ئیسلامی، بەچینیکردنی ئێرانە. هەر لەو پەیوەندییەدا، هەنگاوی سەرکۆماری ئێران ئەوەیە، کە دەستی "دۆستی" بۆ دەرەوە درێژ بکات، تا لانیکەم گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی لەسەر لاچێت و، شوێنێک لە بازاری دیپڵۆماسی و ئابووری لە جیهاندا بکاتەوە و، لە ناوەوەی ئێرانیش گوشار، زیندانیکردن و ئیعدام هەر وا بەڕێوە بەرێت. ئەو سیاسەتەی کە چین لە ژێر سەرکردایەتیی حزبی کۆمۆنیست لە بواری جیهانی و ناوخۆییدا بەڕێوەی دەبات، خەریکە کۆپییەکەی لە ئێراندا پیادە دەکەن. سازش و دانی ئیمتیاز لە دەرەوە و سەرکوت لە ناوەوە.

بەرنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا چۆن بتوانێت گوشارە دەرەکییەکان لەسەر خۆی سووک بکاتەوە، بەتایبەت کە ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسەر لێواری هەڵدێرە، ئەمەیان کۆماری ئیسلامیی تەنگەتاو کردووە.

دەبێ چ شتێک بە هاتنە سەرکاری ڕووحانی لە ئێراندا ڕوویدابێت، کە هەندێک حزب و لایەنی سیاسی لە ڕۆژهەڵات، وەپیش ڕووداوەکان بکەون و باس لە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکەن؟

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پەڕی لاوازی و پەرشوبڵاویدا دەژین. هەروەها هیچ چەشنە هاوسەنگییەکی هێزیش لە نێوان ئەوان و کۆماری ئیسلامیدا نییە. کە ئەمەیان مەرجی بنەڕەتییە بۆ هەر چەشنە دانوستانێک.

خاڵێکی تریش ئەوەیە، کە ئێران وڵاتێکی دوونەتەوە نییە، تا لە وتووێژ و دانوستانێکدا لانیکەمی مافەکانی کورد دابین بکات و کێشەی بۆ نەخوڵقێت. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەنیشتمانە، لە "ئەگەر"ی وادا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کورد پێک بێت، بێشک ڕووبەڕووی نەتەوەکانی تری ئێران دەبێتەوە. بۆیە لەو بوارەدا، هەم کۆماری ئیسلامی بە بنبەست گەییشتووە و هەمیش باس لە دانوستان بۆ چارەسەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تراویلکە دەچێت، کە ئەویشیان هەر بنبەستە.

بەهێزکردنی خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پاشەکشە بە ڕژێمی مەلاکان بکەن، یەکێکە لە شێوازە بەهێزەکان لە مەیدانی خەباتدا. ئەگەر نەتەوەی کورد لە گشت بوارەکانی ژیانی مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خۆی ڕێک بخات، هەر بەو پێیەش دەتوانێت لە پانتایییەکی بەرفراواندا، خۆی تۆکمە بکات. لە دۆخێکی وادا، تاران ڕووبەڕووی ئەرتەشێک (نەتەوە) دەبێتەوە، کە لە گشت بوارەکاندا ئامادەی خەباتە.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 933
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy