هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

قه‌یرانی‌ شوناس له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

palani_-_jnan_3به‌ وته‌ی‌ ئه‌ریكسۆن یه‌كێك له‌ گرنگترین قه‌یرانه‌كانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌ كه‌ مرۆڤ تووشی‌ ده‌بێت بریتییه‌ له‌ قه‌یرانی‌ شوناس، چونكه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێشكه‌وتنی‌ جیهان و ده‌ركه‌وتنی‌ به‌ جیهانیبوون. ئیتر زۆربه‌ی‌ دیارده‌ و فۆڕم و شێوازه‌كانی‌ ژیان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. له‌دوای‌ ئه‌وه‌ جیهانێك دروستبوو كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ جیهانه‌كه‌ی‌ پێشوو، به‌ به‌رده‌وامی‌ پێشكه‌وتنی‌ جیهان و گۆڕانكارییه‌ جیاوازه‌كان وه‌ك تۆفله‌ر له‌ ساڵه‌كانی‌ نه‌وه‌ده‌كاندا ده‌یوت جیهان هه‌موو حه‌وت ساڵ‌ جارێك ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئێستا دوای‌ ئه‌و شۆڕشه‌ گه‌رموگوڕه‌ی‌ زیانیاری‌ و ته‌كنۆلۆژیا جیهان هه‌موو ساڵێك و هه‌موو مانگێك ده‌گۆڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ لای‌ مرۆڤ نه‌گۆڕ بوون ده‌كه‌ونه‌ ژێر فشار و جۆرێك له‌كاردانه‌وه‌ یان ته‌سلیمبوون دروستده‌كه‌ن، دیارده‌ی‌ به‌جیهانیبوون. ده‌چێته‌ ناو هه‌موو كایه‌كانی‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌وه‌. ده‌ست ده‌خاته‌ شێوازی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو تاكێك ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری‌ دروستده‌كات بۆ دید و تێڕوانینی‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان و لێره‌شه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ نوێ‌ بۆ مێژوو ئابووری‌ و ئایین و ڕۆشنبیری‌ و.. هتد سه‌ر هه‌ڵده‌دات، نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م واقیعێكی‌ نوێ‌ كه‌ ئایا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م دیارده‌ نوێیه‌دا بكات كه‌ پێیده‌وترێت به‌جیهانیبوون. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ پلان و ستراتیجییه‌تێكی‌ خۆیانن و له‌ناو گۆڕانكارییه‌كاندا ده‌ژین و خۆیان به‌شێكن له‌و جیهانه‌ نوێیه‌، زۆر ناكه‌ونه‌ ژێر فشار و شڵه‌ژانیان پێوه‌ دیار نییه‌. نموونه‌ی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ش یابانی‌ و چینییه‌، ئه‌م دوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی‌ شوناسه‌وه‌ جیاوازن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ و ئه‌وروپی‌.

 

palani_-_shonas_kurd_2


له‌كاتێكدا كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ دیارده‌ی‌ به‌جیهانیبوون ده‌كه‌ن. نایه‌ن بیر له‌ په‌راوێزخستنی‌ شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و كولتووری‌ و ئایینیان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌كنۆلۆژیا و زانیارییه‌كان وه‌رده‌گرن و جارێكی‌ تر به‌ ڕۆحێكی‌ یابانی‌ و چینیه‌وه‌ ده‌یخه‌نه‌ڕوو به‌مه‌ش ده‌بینین ئه‌و دوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پێشكه‌وتنیان له‌بواری‌ شۆڕشی‌ زانیاری‌ و ژماره‌ییدا، به‌ڵام توانیویانه‌ پارێزگاری‌ له‌ شوناسی‌ خۆیان بكه‌ن و له‌هه‌مانكاتدا وێنه‌ی‌ ته‌كنۆلۆژیاكه‌ش جۆرێك له‌ شوناسی‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ پێ‌ بده‌ن، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ری‌ بوه‌ستین كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان و نه‌ته‌وه‌ مسوڵمانه‌كانن، چونكه‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ژیان له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌داو دواكه‌وتوویی‌ له‌ڕووی‌ ئابووری‌ و سیاسیی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، وای‌ كردووه‌ مرۆڤی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ به‌رده‌وام كه‌سایه‌تییه‌كی‌ شكستخواردووی‌ بۆ دروست ببێت. له‌به‌رئه‌وه‌ تاكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ تاكێكه‌ هه‌ست به‌ بوون و ئیراده‌ و گه‌وره‌یی‌ خۆی‌ ناكات. به‌رده‌وام خۆی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ بێ‌ توانا و دواكه‌وتوو دێته‌ پێشچاو و ئه‌وانی‌ تریش به‌ پێشكه‌وتوو شارستانی‌ و مه‌ده‌نی‌، ژینگه‌ی‌ دواكه‌وتووی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ و دووریان له‌ڕووی‌ شارستانی‌ و به‌شداری‌ نه‌كردنیان له‌ گۆڕانكارییه‌ جیهانییه‌كاندا وای‌ لێ‌ كردوون كه‌ گومان له‌ خۆیان و له‌ شوناس و ئایین و شارستانیه‌ته‌كه‌یان بۆ دروست ببێت.

فرانس فانون له‌ وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت ڕه‌ش پێسته‌كان به‌رده‌وام خه‌و به‌وه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ ڕۆژێك پێستیان سپی‌ بووایه‌. ئێستا له‌ژێر ڕۆشنایی‌ ئه‌و بۆچوونه‌دا قژ ڕه‌شه‌كان و چاوه‌ ڕه‌شه‌كانیش هه‌مان هه‌ستیان بۆ دروستبووه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م چاوی‌ شین و قژی‌ زه‌رددا خۆیان به‌ كه‌متر ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بووه‌ ده‌یانه‌وێت ڕه‌نگی‌ چاو و قژیان بگۆڕن و وه‌ك ئه‌وانی‌ لێ‌ بكه‌ن.

بارودۆخی‌ دواكه‌وتووی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ وایكردووه‌ كه‌ تاكی‌ كورد هه‌ست نه‌كات شوناسێكی‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ر ئاستێكی‌ گشتی‌ حكومه‌ت و ڕۆشنبیرانیش پڕۆژه‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیر هه‌ن كه‌ كار له‌سه‌ر لاوازكردنی‌ شوناس ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌ له‌ پێگه‌ به‌ هێزه‌كان ده‌گرن و ناتوانن بۆ ئاینده‌ش پێشنیاری‌ شوناسێكی‌ باشتر بكه‌ن. قه‌یرانی‌ شوناس له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا ده‌توانێ‌ له‌ڕێگه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ گه‌نجان به‌رامبه‌ر ئایین و نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ ببینی‌. كه‌ زۆربه‌یان به‌ ڕه‌شبینیه‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌م بواره‌ ده‌كه‌ن و دڵخۆشییه‌كیان بۆ ئایینده‌ تیادا نابینێ‌. ڕاسته‌ ئه‌مه‌ به‌شێكی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و واقیعه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌ ئارادایه‌.

به‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ك فارابی‌ ده‌ڵێت ئه‌و به‌شداریه‌كی‌ له‌ نیشتماندا نییه‌ هه‌تا خۆشی‌ بوێت، چونكه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌موومان نیشتمانمان خۆش بوێت. ده‌بێت موڵكی‌ هه‌موومان بێت، نه‌ك له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگیرێت و زۆرینه‌ لێی‌ بێبه‌ش بن.

شوناس به‌رده‌وام پێویستی‌ به‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ڕیفۆرم و تازه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌. بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م شوناسه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ واقیعی‌ ئێستای‌ جیهان بێت و هه‌موولایه‌ك پارێزگاری‌ له‌ كولتوور و ڕه‌سه‌نایه‌تی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یی‌ بكه‌ن. له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ پێشكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كه‌ دوانه‌كه‌ون و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ زیندووبن له‌ بواری‌ گه‌شه‌پێداندا.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 958
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy