هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن ٩٢ ــ ٩٣

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

بەبۆنەی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن‌و کرانەوەی قوتابخانە‌و خوێندگاکان، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

 yakyati_pishaei_-_92_-_2


مامۆستایانی تێکۆشەر!

قوتابییان‌و خوێندکارانی رووناکبیر!

خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان!

هەروەک هەموومان ئاگادارین زانست‌و فێربوونی زانست لەو چەمک‌و بەها پیرۆزانەیە کە لەناو هەموو کولتوور‌و ئایین‌و بیر‌و بۆچوونێکدا رێزی لێگیراوە‌و بە حورمەتەوە سەیری کراوە. زانست‌و فێربوون‌و فێرکردن هەموو كات بەردەوام بووە‌و هەموو کات لەلایەن کۆمەڵگاوە رێز لە خوێندکاران‌و توێژی پێنووس بەدەست گیراوە، لەلایەکی ترەوە زانست‌و پەروەردەکردنی توێژی زانا بە‌هەموو پێوەرە زانستییەکانی سەردەم وەک هێما‌و بنەمای سەرەکی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا دێتە ئەژمار‌و هەموو کۆمەڵگایەک هەوڵ دەدات کە بە باشترین شێوە ئەم پرۆسەیە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگاکەی برەو پێ بدات تا لە هەموو بارێکەوە کۆمەڵگایەکی تێگەیشتوو‌و پێگەیشتوو پەروەردە بکات. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، دەسپێکی وەرزی پاییز هاوکاتە لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانە‌و زانستگا‌و ناوەندە فێرکارییەکان بەڕووی خوازیارانی فێربووندا‌، لە وڵاتی ئێمەشدا ئەم وەرزە هاوکاتە لەگەڵ چوونی بە میلیۆنان قوتابی‌و خوێندکار بۆسەر پۆلەکانی خوێندن‌و خۆتەیارکردن بە چەکی بەهێزی زانست‌و فێربوون.

لە گشت وڵاتانی جیهان بواری پەروەردە‌و بارهێنان وەک بەشێکی تایبەت چاوی لێ دەکرێت‌و دەسەڵاتداران ئیزنی تێکەڵاوکردنی ئەم بەشە گرینگە لەگەڵ کایە‌و مڵملانە سیاسییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتییان نییە، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتی ئێمەدا بواری خوێندنیش وەک باقی بەشەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ کۆمەڵێک ئایدئۆلۆژی‌و بیری تەسکی دەسەڵاتداران لێڵ کراوە‌و هەر لە قوتابییەوە بگرە تا مامۆستا‌و بەرپرسانی خوێندنگاکان بە پێی پێوەرە ئیدئۆلۆژیكەكانی رێژیم هەڵدەسەنگێندرێن‌و گۆڕەپانی پیرۆزی قوتابخانە‌و زانستگاکان ئاخندراوە لە کۆمەڵێک بیر‌و باوەڕی سەدە ناوەڕاستی‌و خوێندن‌و بارهێنانی ناو قوتابخانەکان بە پێچەوانەی ئامانجە پیرۆزەکانی کە پەروەردە کردنی مرۆڤی تێگەیشتوو‌و رووناکبیر‌و مرۆڤدۆسته،‌گۆڕانی بەسەردا هاتووە‌و رێژیم لەم ناوەندەانە بەدوای پەروەردە کردنی هزری ترس‌و تێرۆر‌و دوژمنایەتی لەناو گەل‌و مرۆڤەکان‌و پەرەپێدان بە بیری تەسک‌و نەگونجاوی لەگەڵ دنیای سەردەم دایە. مامۆستایانی تێکۆشەر لە وەها کەشوهەوایەکدا، باس کردنی رێژیم لە هەرچەشنە گۆڕان‌و پێش خستنی بواری پەروەردە‌و بارهێنان جگە لە پڕوپاگەندایەک بۆ پۆست‌و مەقامی خۆیان‌و چەواشە کردنی راستییەكان مەبەستێكی دیكەی لە پشتەوە نییە، لە لایەکی ترەوە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، رێژیم هەموو کات لەگەڵ چەمکی خوێندن‌و پەروەردەی نەتەوەکانی ئێران کێشەی بووە‌و هەردەم دژی سەرەتایی‌ترین مافی گەلانی ئێران بۆ خوێندن‌و نووسین بە زمانی زگماکیان بووە‌و تەنانەت لەگەڵ قسە کردنی ئەو گەلانە بە زمانی خۆیان لە پۆلەکانیشدا دژایەتیی نواندوە، لەم رەوشە ناڵەبارەدا ئێمە وەک یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە هەموو مامۆستایان‌و خوێندکاران‌و قوتابییان، دەستی ماندوویەتی هەموو ئێوە مامۆستایانی ئێران بەگشتی‌و کوردستان بەتایبەتی دەگووشین کە وێڕای هەموو ئەو تەنگ‌و چەڵەمە‌و نەبوونییانە پێشمەرگەئاسا لە سەنگەری دژایەتی لەگەڵ بیری تەسک‌و بناژۆخوازیی رێژیمدا وەستاون‌و ئیزن نادەن کە مێشکی نەوەی داهاتوو بە هزری داخراوی تاریکی پەرەستان بئاخندرێت‌و لە هەمان کاتدا رادەگەیەنین کە قورس‌و قایم لەسەر داواکار مافە رەواکانی گەڵەکەمان بۆ دەستەبەربوونی سەرەتایی‌ترین مافەکان کە خوێندن‌و نووسین بە زمانی دایكی یەكێك لەوانە راوەستاوین‌و جەخت دەکەینەوە کە بێ دابین بوونی ئەم مافە سەرەتایی‌یانەی گەلانی ئێران باس کردن لە هەرچەشنە بەرەو پێش چوونی بواری پەروەردە‌و ‌هەوڵدان بۆ ئەم مەبەستە سەرکەوتوو نابێت. لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای پیرۆزبایی گەرم بە بۆنەی دەسپێکی سەری ساڵی خوێندن لە هەموو ئەویندارانی خوێندن‌و زانست، ئاواتەخوازین کە ساڵێکی پڕدەسکەوت‌و بەرهەم بێت بۆ هەموو ئەویندارانی ئەو مەکۆیە پیرۆزە‌و هەرچی زووتر شنەبای ئازادیخوازی هەوری رەشی بێدادی‌و جەهل‌و نەزانی لە ئاسمانی وڵاتەکەمان راماڵێت.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1088
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy