ئامادەكاریی لەشكری ئەمریكا بۆ لێدانی گورزی سەربازی لە رێژیمی ئەسەد لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە و هەموو تیرەكان ئاماژە بە یەك نیشانە دەكەن، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئەرتشی پۆشتە و پەرداخی ئەمریكا و هاوپەیمانە هەرە نزیكەكانی لە گەڵ سوپای شەكەت و برینداری ئەسەدە. لێدانی گورزی سەربازی لە سوپای ئەسەد هەر چەند سنووردار و بە مەبەستی لەكارخستنی توانایی بە كارهێنانی جبەخانەی شیمیایی رێژیم بێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە پارسەنگی هێزەكان بە شێوەیەك دەگۆڕێ كە گڵۆڵەی بەشار ئەسەد دەخاتە لێژییەوە.
رووداوەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم چەند ساڵەی دواییدا نیشانیان داوە كە زۆرجار بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵكی ئاسایی وڵاتەكان لە گەڵ بەرژەوەندیی ئەو دیكتاتۆرانەی بە سەریاندا حوكمڕانی دەكەن جیاوازە. بۆیە لە كاتی قەیرانی نێوخۆییدا، بەشێكی زۆری خەڵكی وڵات بە هیوای رزگار بوون لە چنگی زۆردارانی خۆماڵی، پەنا دەبەنە بەر هێزێكی بەهێزتری بیانی تا بە هەر نرخێك دەبێ، بێ و رزگاریان بكا.
عێراق و لیبی نموونەی بەر چاوی ئەو رەوشەن و ئێستاش وادیارە نۆرە گەیشتۆتە سوورییە و خەڵكی ئەو وڵاتە هاوار دەبەنە بەر ئەمریكا تا دیكتاتۆرەكەیان بۆ تەمبێ بكا. بەڵام خۆڕاگریی درێژخایەنی رێژیمی ئەسەد لە بەرامبەر راپەڕینی نێوخۆییدا نیشانی داوە كە ئەسەد لە نێو ئاڵقەیەكی چڕی پارێزەرانی وەفاداریدا پارێزراوە كە بە توندی لە لایەن پشتیوانە ئایدیۆلۆژییەكانیانەوە لە ئاستی ناوچەییدا دەپارێزرێن.
بۆیەش بە پێچەوانەی سەدام و موعەممەر قەزافی كە تەنیا خاوەنی ئاڵقەی پارێزەرانی خۆماڵی بوون، لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا بێ كەس مابوون و لە ماوەیەكی كورتی پاش وێكەوتنی گورزی سەربازی شكستیان خوارد، پێدەچێ بە لێدانی گورزی سەربازی، رێژیمی ئەسەد تاكتیكی شەڕی بگۆڕێ و بە شێوەیەكی كاریگەرتر هاوپەیمانە ستراتیژیكەكانی، واتە ئێران و حیزبوڵڵا بۆ مەیدانەكانی شەڕ رابكێشێ.
حیزبوڵڵا و سوپای قودسی كۆماری ئیسلامی وەفادارترین پشتیوانانی رێژیمی ئەسەدن كە وێڕای سوپای پێكهاتوو لە عەلەوییەكانی سوورییە ئامادەن تا دوایین هەناسە رێژیمی بەعس بپارێزن. هەر دووی ئەو هێزانە تا ئێستا سەلماندوویانە كە ئەگەر كەوتنە ژێر زەختەوە، پەنا بۆ هەموو رێبازێك دەبەن، بۆیە لە كاتی بەگوڕ بوونی شەر لە دژی رێژیم، ئەگەری بەكارهێنانی چەكی شیمیایی لە لایەن ئەو هێزانەوە، هەم بە دژی خەڵكی ئاسایی سوورییە، هەم لە دژی شەرڤانە دژبەرەكانیان و هەم لە دژی ئیسرائیل لە گۆڕێدایە. سێناریۆی هەرە مەترسیداری ئەو گۆڕانكارییانەی كە خەریكە لە سووریە ڕوودەدەن، بە كار هێنانی بەربڵاوی چەكی شیمیایی لە لایەن رێژیمی ئەسەدەوە بە پشتیوانیی سوپای قودس و هێزەكانی حیزبوڵڵا لە لایەك و هێزە سەلەفیەكانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن لە لایەكی دیكەوەیە. لە وەزعێكی ئاوادا، دوور نیە پریشكی ئاگری شەڕ لە سوورییە ئەوەندە بۆ ئەملا و ئەولا بپڕژێ كە لە كۆتاییدا دا تەقینەوەیەكی وا بە سامی لێ بكەوێتەوە كە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهەژێنێ.

