هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

قاسملوو، بیرمەند و رێبەری حیزبی دێموكرات

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ahamdi_-_qasmlu_3مێژووی حیزبی دێموكرات دەكرێ لە زۆر رۆانگەوە و بە زۆر مەبەستی جیاواز باس بكرێ. هەرچەند دوكتور قاسملوو لە كتێبی "چل ساڵ خەبات"دا لە بەر هەڵبژاردنی مێتودی مێژووناسی دەوری تاك لە مێژووی حیزبدا كەم رەنگ دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر مەبەست هەڵسەنگاندنی دەوری تاك بێ لە مێژووی ئەو رێكخراوەیەدا، دەكرێ چوار قۆناغ دەستنیشان بكەین. قۆناغی یەكەم پێكهاتنی حیزبی دێموكرات و دەوری قازی محەمەدە وەك یەكەم رێبەری ئەم حیزبە و دواتر سەركۆماری كوردستان كە ئێستاشی لەگەڵ بێ‌ باندۆری لەسەر گوتاری ناسیۆنالیستیی كوردی لە هەموو كوردستاندا هەیە.

قۆناغی دووهەم لەدەستدانی سەربەخۆیی حیزبی دێموكراتە لە سەردەمی رێبەری كردنی ئەحمەد تۆفێقدا. قۆناغی سێهەم نەك تەنیا وەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی سیاسییە بۆ حیزبی دێموكرات، بەڵكوو هەروها بریتییە لە بونیادنانەوە، بەدامەزراوەیكردن، بەجەماوەریكردن و هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی كە حیزبی دێموكرات ببێ‌ بە هێزێكی سەرەكیی كوردستان و تەنانەت بەرچاوی ناوچەی رۆژهەڵاتیش لە سەردەمی رێبەریكردنی دوكتور قاسملوودا. لەو رێگایەوەش و بە بەڕیوەبردنی شەڕێكی چەكدارانەی بەربڵاو و بەردەوام لەكاتی ژیانیدا و تا رادەیەك بە نێودەوڵەتیكردنی مەسەلەی كورد، بەرهەمی رێبەریكردنی دوكتور قاسملوو بوو. قۆناغی سێهەم و چوارەم لەگەڵ یەكتر تێكەڵن و قۆناغی ئەركە قورسەكانی رێكخستنی حیزبی دێموكراتە كە لە ئەستۆی رێبەری گەوەرە دوكتور شەرەفكەندی بوو. قۆناغی چوارەم هەروها قۆناغی راگرتنی حیزی دێموكرات بوو وەك هێزێكی شوێندانەر لە ژێئۆپولیتیكی رۆژهەڵاتی ناویندا پاش شەهیدكرانی دوكتور قاسملوو و كۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق.

 

ahamdi_-_qasmlu_2

 

لەوانەیە لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتدا ئاسایترین شت باس كردنی قۆناغی یەكەم بێ. هەڵبەت قۆناغی سێهەم ئەوەندە گرنگە كە زێدەڕوویی نییە باس لە رێنێسانی حیزبی دێموكرات بكرێ. بۆیە، لە جێی خۆیەتی لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتدا، هەردەم گرنگیی قۆناغی یەكەم و سێهەم پێكەوە باس بكرێ. لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغی سێهەم گرنگییەكی هەیە كە كەم سرنجی دراوەتێ: ئەویش بریتییە لە داڕشتنی ستراتیژی بۆ حیزبی دێموكرات لە لایەن دوكتور قاسملووەوە.

وشەی "ستراتیژی" زۆر بەكار دەبرێ، بەڵام كەمجار پێناسە دەكرێ. پێویستمان بە پێناسەیەكی پوختە بۆ درك كردنی ئەوەی كە دوكتور قاسملوو نەك تەنیا رێبەر بوو، بەڵكوو بیرمەندێكی ستراتیژیكیش بوو. بێگومان لە مێژوودا، ئەو جۆرە رێبەرانە بە دەگمەن هەڵدەكەون.

ستراتیژی بریتییە لە سێ ماك. بۆیە، هەر بیرمەندێكی ستراتیژیك لە داڕشتنی ستراتژیدا، سێ ئەركی لەسەرشانە. یەكەمیان بریتییە لە پێناسەكردنی پەرژەوەندیی نەتەوەیەك، وڵاتێك یان حیزبێك و هەر لەو پەیوەندییەدا دیاریكردنی ئەو ئامانجانەی كە دەبێ خەباتیان بۆ بكرێ. دووهەمیان دەستنیشانكردنی مەترسییە لە سەر ئەو بەرژەوەندییانە (جا چ مەترسیی ئێستایی بێ یان ئی چاوەڕوان نەكراو). سێهەمیان بڕیاردانە لەسەر گونجاوترین شێوەی بەكاربردنی ئیمكاناتی سیاسی، ئابووری و نیزامی بۆ داكۆكیكردن لەو پەرژەوەندییانە و گەیشتن بەو ئامانجانەی لە پێشدا دیاری كراون. داڕشتنی ستراتیژی بەكورتی تێكهەڵپێچێكە لە ئیمكان و ئامانج. زۆرجار كەسێك، حیزبێك یان گرووپێك دێ و كۆمەڵێك ئامانجی گەورە دیاری دەكا و لەوانەیە بە بێ ئەوەی بزانێ، كۆمەڵێك دوژمن بۆ خۆی داتاشێ‌. بەڵام چوونكە گرنگی بە ئەركی سێهەم نادەن، لە راستیدا سەر ناكەون لە داڕشتنی ستراتیژی، بەڵكوو زۆرتر خەریكی دەربڕینی ئاواتەكان دەبن. بۆیە، ئەركی سێهەم بڕیاردەرە لە پرۆسەی داڕشتنی ستراتیژیدا چوونكە ئەو ئیماكانانەی كە لەبەردەستی هەر ئەكتەرێكی سیاسیدا بن، سنوورداری دەكەن لە دیاریكردنی ئامانج و ئارمانەكانی.

دوكتور قاسملوو بیرمەندێكی ستراتیژیك بوو چوونكە ئەو سێ ئەركەی بە سەركەوتووانە بەجێ گەیاند. دەكرێ بڵێین دوكتور قاسملوو یەكەم رێبەری كوردە كە بە شێوەیەكی تۆكمە ستراتیژیەك دادەڕێژێ. دوكتور قاسملوو بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەی كوردی لە مافی دیاریكردنی چارەنووسدا پێناسە كرد. بەڵام بە هۆی دابەشبوونی كوردستان و بارودۆخی ژئۆپولیتیكی كوردستان، دوكتور قاسملوو داڕشتنی ستراتیژیی سنوورداركرد بۆ حیزبی دێموكرات و كوردستانی ئێران. بۆیە، مافی دیاریكردنی چارەنووسی لە بەر تیشكی بارودۆخی كوردستان ئێرانی ئەوكات لە شێوەی خودموختاری بۆ كوردستان و دێموكراسی بۆ ئێران دیاری كرد، كە دواجار لە ئامانجی حیزبی دێموكراتدا رەنگیان دایەوە.

كۆماری ئیسیلامی یان سیستمی حكومەتی ناوەندگەرایی وەكوو مەترسیی سەرەكی لەسەر بەرژوەندیی كوردی و خەبات بۆ دێموكراسی لە ئێراندا دەستنیشان كرد. لەگەڵ ئەوەی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا لەلایەن ژمارەیەكی بەرچاوی نەتەوەی فارس، عەرەب و تورك پشتیوانی دەكرێ، بەڵام دوكتور قاسملوو رای وابوو كە كورد نابێ ئەو نەتەوانە وەك دوژمن دەستنیشان بكا. بەڵكوو لە هەر چوار وڵاتدا، حكومەتی ناوەنديی ستەمكار و دژەكورد وەك مەترسی لەسەر بەرژوەندیی نەتەوەیی كورد دەستنیشان كرد. دواجار دەبێ كورد و ئەو نەتەوانەی دیكە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ یەكتر لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەرنەسەر، بۆیە نابێ وەك نەتەوە ببن بە دوژمنی یەكتر. دوژمنایەتیی نێوان نەتەوەكان لە زۆر شوێنی جیهاندا سڕینەوەی ئیتنیكی و جێنوسایدی لێ كەوتووەتەوە، دوكتور قاسملوو دەیویست بە دوژمنایەتیكردنی حكومەتی ناوەنديی ستەمكار وەكوو مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی كورد، نەتەوەی كورد لەو جۆرە دوژمنایەتییە بپارێزێ.

دوكتور قاسملوو بە دروستی پێی وابوو ئەو ئیمكانانەی لەبەردەست كورددان سنووردارن و رێگا نادەن ئامانجی بەرزتر لە وەدەستهێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووس لە چۆارچێوەی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، دیاری بكرێ. بۆ نموونە بارودۆخی ژێوپولیتیكی كوردستانی لەگەڵ بەنگلادێش بەروارد دەكرد و دەیوت بەنگلادێش دەیەویست لە یەك وڵات جیا بێتەوە و بە هۆی دەستڕاگەیشتنی بە دەریا خاوەنی قووڵایی ستراتیژیك بوو و پشتیوانیی وڵاتێكی گرنگی وەك هیندستانی هەبوو، لە كاتێكدا كورد لەگەڵ چوار دەوڵەت بەرەوڕووە و نە دۆستی هەیە و نە دەستی بە دەریا دەگا. كەوابوو، دوكتور قاسملوو هاوكات بیرمەندێكی ستراتیژیكی راستیبن بوو و ستراتیژيی حیزبی دێموكراتی لەسەر بنەمای پارسەنگی هێزدا داڕشت. (جێگای ئاماژەیە كە رێكخراوی كوردی هەن كە ئامانجیان سەربەخوییە بەڵام یان نەیانتوانیوە لە مەیدانی خەباتدا بن یان ئەوەی ناچاربوون وازی لێ بێنن و بە واتایەك زەرە لە بیری سەربەخۆیی كوردستان بدەن. ئەمەش نیشان دەدا كە خاوەن ستراتیژی نەبوون.) بەڵام دوكتور قاسملوو پێیوابوو كورد دەتوانێ لە فەزای كراوەی سیاسیدا، كەڵك لە هێزی جەماوەر بگرێ و خەڵك بە پشتیوانی ئامانجی وەدەستهێنانی مافی دیاری كردنی چارەنووس و دێموكراسی تەیار بكا. لە نەبوونی كەشی سیاسیی كراوە، قاسملوو بڕوای بە خەباتی چەكداری بوو و وەك دەیوت "ئێمە شەڕ دەكەین بۆ موزاكرە"، واتە، لە رێگای خەباتی چەكدارییەوە، كورد دەتوانێ حكومەتی ناوەندی ناچار بكا بە گفتوگۆكردن و دوجاریش دانووستاندن بۆ چارەسەری ئاشتیانە و عادڵانەی پرسی كوردستان. دوكتور قاسملوو هەروەها پێی وابوو كورد دەتوانێ كەڵك لە دیپلۆماسی وەرگرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. بۆیە لە سەردەمی دوكتور قاسملوودا هەوڵێكی بەربڵاو درا بۆ نێودەوڵەتیكردنی مەسەلەی كورد. هەروها بە دامەزراندنی رادیۆی دەنگی كوردستان، شێوەیەكی دیكەی لە دیپلۆماسی وەرگرت كە بە "دیپلۆماسیی گشتی" ناسراوە و ئامانجی كاریگەری دانانە لەسەر رای گشتی. رادیۆی دەنگی كوردستان و بڵاكراوەكانی دیكەی حیزی دێموكرات بە زمانی فارسی بە مەبستی ئاگاداركردنەوەی رای گشتيی فارس بوو لەسەر ستەمی نەتەوایەتی لە كوردستان و هەوڵدانی دروستكردنی دۆست و هاوپەیمان بۆ پرسی كوردستان و دێموكراسی لە ئێراندا لە نێو نەتەوەی فارس و نەتەوەكانی دیكەی ئێراندا. تێرۆریزم ئامرازێكی دیكەیە كە كورد دەتوانێ كەڵكی لێ وەرگرێ، بەڵام دوكتور قاسملوو، كە خۆی بوو بە قوربانی تێرۆریزم، ئەو مێتودەی وەك پرنسیپ رەد دەكردەوە و بە زیانبەخشی دەزانی.

بە هۆی ئەوەوە كە قاسملوو هەم رێبەر و هەم بیرمەندێكی گەورەی ستراتیژیكیش بوو، هەر چۆن لەكاتی ژیانیدا باندۆری لەسەر كوردستان، ئێران و بگرە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین هەبوو، پاش شەهیدبوونیشی وەك لە یەكێك لە دروشمەكانی ئەندامانی حیزبدا بە دروستی هاتووە: "قاسملوو لە رێبازدا زیندووە."

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 1035
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy