ئاخێزگه‌ی پارته سیاسیه مودێڕنه‌كان له رۆژئاوا، بێگومان مۆدێڕنیته‌یه و پارامێتره‌كانی ئۆمانیزم، سێكۆلاریزم، بنه‌ماكانی مه‌عریفه‌ناسی و پلۆرالیزمی سیاسی تۆخمه سه‌ره‌كیه‌كانی پێكهێنه‌ری پارته سیاسیه‌كان به ئه‌ژمار دێن.
به‌ڵام حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له سه‌رده‌مانێكدا پێی نایه نێو گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان و له دایك بوو كه فه‌زای سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له گه‌ڵ ئه‌و پارامیترانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێكرا بێگانه و نامۆ بوو. پرسیارێك كه ره‌نگه زۆر جار بێته ئاراوه و وه‌ڵامه‌كه‌شی زۆر گرنگ بێت ئه‌وه‌یه كه هۆكاره‌كان چین كه حیزبی دێموكرات پاش تێپه‌ڕبوونی 68 ساڵ هێشتا حیزبی پێشه‌نگ و ئاڵاهه‌ڵگری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیكی نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی ئێرانه؟
تیۆری داڕێژه‌ران و بیرمه‌ندانی سیاسی فاكته‌ر و پارامێترگهلی جۆراوجۆر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی سیاسی پارت و رێكخراوه سیاسه‌كان داده‌نێن. له‌م بابه‌ته‌دا ئێمه به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئه‌ندێشه و روانگهگانی بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ئامریكایی واته سامیۆل هانتیگتۆن له مه‌ڕ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی رێكخراوه سیاسه‌كان، ئاوڕێك له ئاستی پێكهاته‌یی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ده‌ده‌ینه‌وه و به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌شمان ده‌گه‌ین.
هانتیگتۆن چوار پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی رێكخراوێكی سیاسی دیاری ده‌كات:
1ـAdaptation خۆگونجاندن
2ـ Complexity ئاڵۆزی
3ـ Autonomy سه‌ربه‌خۆیی
4ـ coherence ئاستی رازی بوون و هاوئاهه‌نگی له نێوان ئه‌ندامان له نێو پێكهاته‌ی حیزب
پێوه‌ری یه‌كه‌م :Adaptation یان خۆگونجاندن
خۆگونجاندن واتا توانایی رێكخراوێكی سیاسی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی كه له ده‌وروبه‌ری واتا موحیت هاتۆته ئاراوه جا موحیت چ نێوخۆیی بێت یان ده‌ره‌كی.
مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستانیش سه‌لمێنه‌ری هاتنه ئارای ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌یه.
هانتیگتۆن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی توانایی خۆگونجاندنی حیزبێكی سیاسی سێ خاڵ ده‌ستنیشان ده‌كات:
یه‌كه‌م: chronological، واتا ماوه‌ی ته‌مه‌نی رێكخراو، له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌ر چه‌ند ماوه‌ی ته‌مه‌نی رێكخراوێكی سیاسی زۆر بێت، نیشانه‌ی توانایی به‌رزی خۆگونجاندنی ئه‌و رێكخراوه‌یه و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه پۆتانسیڵ و هێزی گۆڕان و گۆڕانكاری له‌و رێكخراوه‌یه‌دا زۆر به‌رزه و به پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته.
هه‌ر له ئاستی سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا ئێمه ده‌زانین كه زۆر حیزب،پێش له حیزبی دێموكرات یان هاوكات و یانیش دواتر دروست بوون به‌ڵام دوای گۆڕانكارییه‌ك وه‌كوو شۆڕشی گه‌لانی ئێران ئه‌و حیزبانه تووشی رووخان و هه‌ڵدێر و لاواز بوون هاتن به‌ڵام حیزبی دێموكرات به پێچه‌وانه گه‌وره‌تر و ئاستی كارتێكه‌ری به‌ربڵاوتر بووه‌وه.
خاڵی دووهه‌م: Gererotional باس له‌وه ده‌كات كه ئایا ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ئاستی رێبه‌ری ئه‌و حیزبه‌دا رووده‌دات، راپۆرت له گۆڕنگاریی نه‌سڵه‌كان ده‌كات. ئایا رێبه‌ری به شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه له نهسڵێكهوه بۆ نهسڵێكی دیكه ده‌ستاوده‌ست ده‌بێت. گۆڕانكارییه‌كان له نێوان ئه‌و نه‌سڵه‌دا ئه‌نجام ده‌گرێت و ئه‌و رێكخراوه سیاسیه كه گۆڕانكاریی رێبه‌رییه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی هێمن و به پێی یاسا و پرۆگرامێكی مودێرن روو ئه‌دات توانایی زۆرترێكی له خۆگونجاندنی خۆی له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر هه‌یه. له حیزبی دێموكرات‌دا به‌رزترین ئۆرگانی بڕیارده‌ر كۆنگره‌ی حیزبه كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك ده‌به‌سترێت و له كۆنگره‌دایه كه گۆڕانكاریی له ئاستی رێبهریدا روو ده‌دات و ئه‌وه‌ش به شێوازێكی دێموكراتیك و هێمن. كۆنگره‌ی 15ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و بێ گومان كۆنگره‌كانی دیكه‌ش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك له جه‌وانان و به‌ره‌ی نوێ به رێبه‌ری حیزب زیاد بوون و ده‌بن. پێكهاته‌یه‌كی بزۆز و به دیسپلین له نێوخۆی حیزب، یاسا و رێسای مودێڕن و روون و پێڕه‌وی نێوخۆیی و زاڵبووونی لێكدانه‌وه‌ی عه‌قڵانی به سه‌ر ئه‌نداماندا، رێگه‌ی له هه‌چه‌شنه هه‌وڵێكی نادێموكراتێك بۆ پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات و رێبه‌ری له حیزبی دێموكرات‌دا گرتووه كه نیشانه‌ی دیاری ئه‌وه‌ش رێگه‌نه‌دان به دیكتاتۆری و پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن كه‌س یان كۆمه‌ڵه كهسێكهوهیه.
خاڵی سێهه‌م گۆڕانكاریی ئه‌ركه‌كانه یان به واتایه‌كی دیكه گۆڕانكاری كاری ئه‌ندامان، گۆڕانكارییه‌كان پێوه‌ندییان به ئه‌ركه سهرهكیهكانهوه هه‌یه. چونكو رێكخراوێكی سیاسی كه ئه‌ركی ئه‌ندامه‌كانی گۆڕانكاریی به سه‌ردا دێت خاوه‌نی توانایی هاوئاهه‌نگی و خۆگونجانێی به‌رزتره به به‌راورد له گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه بێ به‌شن له‌م فاكته‌ره.
گۆڕینی ئه‌ركه‌كان به تایبه‌ت ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كان له دوای هه‌ر كۆنگره ده‌گۆڕدرێت و له نێوان كۆنگره‌كانیشدا گۆڕانی به سه‌ردا دێت.
پێوه‌ری دووهه‌م Complexity ئاڵۆزی. ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌یه كه رێكخراو زیاتر له یه‌ك ئه‌رك ئه‌نجام بدات و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ی جۆاروجۆر و تایبه‌تمه‌ندیگه‌لی دیاریكراوه. ئه‌م ئاڵۆزییه بۆ به‌رده‌وام بوونی رێكخراوێكی سیاسی زۆر پێویسته، چونكه ئه‌گه‌ر رێكخراوێك بیاڤی چالاكیهكهی زیاتر له یه‌ك ئه‌رك بێت و هه‌لومه‌رج حیزب ناچار بكات كه بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ست له ئه‌نجامدانی ئه‌ركێك هه‌ڵبگرێت و به ئه‌نجامدانی ئهركگهلێكی دیكه به‌رده‌وامبوون و مانه‌وه‌ی خۆی گه‌ره‌نتی ده‌كات.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كه ئاسۆی خه‌بات و تێكۆشانی خۆی له سه‌ر بنه‌مای دابینكردنی مافی گه‌لی كورد و جێگیركردنی دێموكراسی له ئێران‌دا داناوه و بۆ ئه‌م گرنگه‌ش پێی ناوه‌ته نێۆ گۆڕه‌پانی تێكۆشانی سیاسی، بێگومان بۆ دهستبهربوونی ئه‌م خواست و مه‌به‌سته‌ش شێوازگه‌لێكی جۆراوجۆری هه‌ڵبژاردووه.
كولتوورسازی و پێشگیری له ئاسیملهبوونی كولتووری گه‌له‌كه‌ی له لایه‌ن كولتووری نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست، هه‌وڵدان بۆ زیندوو را‌گرتن و پاراستنی زمانی دایكی، هه‌ڵبژاردنی رێكاری سه‌ربازی و به‌رگری ره‌وا له كاتی داسه‌پاندنی شه‌ڕ له سه‌ر حیزب، چالاكی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ناساندن و خستنه‌به‌رباسی مه‌سه‌له‌ی كورد له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و راكێشانی پشتیوانی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات و ... مێتۆدگهلێكن كه حیزبی دێموكرات بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی به‌رپرسایه‌تی مێژوویی خۆی كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه. ئه‌گه‌رچی وه‌كوو نموونه له هه‌نووكه‌دا حیزبی دێموكراتی شێوازی خه‌باتی چه‌كداری راگرتووه، حیزب رێكاری چالاكی سیاسی، خه‌باتی ته‌شكیلاتی و چالاكی سیاسی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕی راگه‌یاندنی بۆ ئاگاكردنه‌وه‌ی بیروڕای گشتی گه‌لی كورد و شێوازی خه‌باتی مه‌ده‌نی هه‌ڵبژاردووه.
سێهه‌مین پێوه‌ر Autonomy یان سه‌ربه‌خۆیی. سه‌ربه‌خۆیی له لای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به فاكته‌ری بنه‌ڕه‌تی ئه‌م حیزبه به ئه‌ژمار دێت تا شوێنێك كه رێبه‌ری گه‌وره‌مان شه‌هید دوكتۆر عهبدۆڕهحمانی قاسملوو ده‌ڵێت: دێموكرات له به‌ستراوه‌یی بێزاره و دێموكرات ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت و هه‌ره‌وه‌ها ده‌ڵێت حیزبێكی سیاسی ده‌بێت به گشتی له یاسا و رێسایه‌ك كه به لایه‌نگه‌لێك تایبه‌ت به‌ستراوه‌ی ده‌كات، ئازاد بێت. رێكخراوێكی سیاسی له ئه‌نجامی ئه‌ركه‌كانیدا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیه؟ ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به دوو فاكتهرهوهو هه‌یه،ئا) بووجه، بێ) پڕكڕدنهوهی پۆسته‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی حیزبی له نێوخۆی حیزب.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هه‌میشه به شانازییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستووه و له دژوارترین هه‌لومه‌رجه‌كاندا سه‌ربه‌خۆیی خۆی نه‌كردووه فیدای هیچ شتێك. حیزبی دێموكراتی كوردستان خاوه‌نی گرنگترین و گه‌وره‌ترین پشتیوانه. پشتیوان و پاڵپشتێك كه وه‌كوو شاخه‌كانی كوردستان هیچ كات پشتی حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆیان به‌رناده‌ن. ئه‌و پشتیوانه مه‌زنه‌ش خه‌ڵكی كوردستانه, چ له بواری ماددی و ئابووری و چ له بواری هێزی مرۆیی و تا هه‌نووكه‌ش بێ گومان هه‌ر ئه‌و پشتیوانه به هێزه بووه كه حیزبی دێموكراتی وه‌ها سه‌ربه‌رز راگرتووه.
پێوه‌ری چواره‌م coherence واتا ئاستی رازی بوون و هاوئاهه‌نگی له نێوان ئه‌ندامان له نێو پێكهاته‌ی حیزب
هانتیگتۆن بۆ ئه‌م پێوه‌ره‌ش 3 خاڵ باس ده‌كات:
یه‌كه‌م ئاستی به‌ستراوه‌یی ئه‌ندامه‌كانی رێكخراوێكی سیاسی به‌و رێكخراوه
دووهه‌م بوونی لایه‌نگه‌لی جۆراوجۆر له نێو رێكخراو به تایبه‌ت له كاتی گۆڕینی رێبه‌ری
سێهه‌م بوونی كێبه‌ركێ له نێوان ئه‌ندامه‌كانی حیزب، كه ئایا ئه‌م كێبهركێهیه پێوه‌ندی به پهرنسیبهكانی حیزبه‌وه هه‌یه یان به هۆكارگه‌لی لاوه‌كی.
بێگومان بنه‌مای دامه‌زراندنی حیزبی دێموكرات دابینكردنی مافی نه‌ته وه‌ی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات و هه‌وڵدان بۆ ئه‌م گرنگه بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه لاوانی كوردستان نه‌سڵ له دوای نه‌سڵ روو له حیزبی دێموكرات بكه‌ن و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن نه‌توانێت گه‌وره‌یی ئه‌و حیزبه خه‌وشدار بكات. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ستراوه‌یی و ده‌روه‌ست بوون به به‌رنامه، ئارمانج و رێبازی پرسهروهریی حیزب و گیانبازی و له خۆبردوویی ئه‌ندامانی حیزب ده‌رخه‌ری بوونی خاڵی یه‌كه‌م له حیزبی دێموكراتدایه.
حیزبی دێموكرات باوڕهمهنده به پلۆرالیزم و هه‌روه‌ها دێموكراسی ده‌روون حیزبی. ئه‌وه‌ش وایكردووه كه لایه‌نگه‌لی جۆراوجۆری فیكری هه‌میشه له نێو حیزب‌دا بن و هه‌ر بۆیه‌ش رێبه‌ری گه‌وره‌مان هه‌میشه دووپاتی ده‌كرده‌وه كه حیزبی دێموكرات حیزبی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌و له حیزبی دێموكرات‌دا جیاوازی بیروڕا هه‌یه.
پێڕه‌ویی نێوخۆیی حیزبی دێموكرات و باوه‌ڕمه‌ندی به دێموكراسی ده‌روون حیزبی نیشانه‌ی باوه‌ڕمه‌ندی ئه‌م حیزبه‌یه به بوونی كێبه‌ركێی ته‌ندرووست له نێو حیزب و له پێناو به‌رژوه‌ندییه گشتیه‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا.
به فاكت وه‌رگرتن له‌و ئیستدلالانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانێت به‌و به‌ره‌نجامه بگه‌ین كه حیزبی دێموكرات خاوه‌نی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و پۆتانسیڵه مودێڕن و پێشكه‌وتنانه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش دوای تێپه‌ڕبوونی 68 ساڵ، حیزبی دێموكراتی حیزبی خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و پێشه‌نگی خه‌بات له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه.

